کردمان بە خۆڕایی

Tuesday, 12/04/2022, 0:18

7910 بینراوە


هەندێ کەس کاری خۆبەخشانە ئەکەن و هەندێکی تر ئەو پیشەیەی گوزەرانی خۆیانی پێ بەڕێوە ئەبەن بۆ خزمەتی کۆمەڵگاکەیان هەندێ کەمتر لە جاران هەق دەست و پارە،وەرئەگرن. زۆر لەمانە بۆنە ئایینیەکان هەڵئەبژێرن و نرخی شت و مەك تا ڕددەیەك دائەبەزێنن، ئەمانە هەمووی کاری چاکن و ئەشێ کۆمەڵی خەڵك دەست خۆشی و قازانجی لێ بکەن، وەیان هەندێکی تر بۆ خۆ دەرخستن و زەلیل کردنی بەرانبەر ئەم کارانە بکەن کە ئەمەش شتێکی باش نیە .
کورد ئەڵێ؛ گەر چاکەیەکت کرد مەیەڵە ئەم دەستە بزانێ ئەو دەستەی تر چیت پێکردوە. بەڕاستی پێوستە کاری چاکە و هاریکاریکردنی هەژاران و لێقەوماوان بەو شێوەیەبێ تا ئەوان هەست نەکەن لەبەردەمی کامێرادا شکۆیان لە زەوی بدرێ. ئێمە هەموان ڕۆژێك دێت پێویستیمان بە یارمەتی چواردەورەکەمانە و پێچەوانەکەشی ڕاستە.. لەبەرئەوە پێوستە (چاکە بکەیت و بیدەی بە دەم ئاوەوە).
لەم مانگی ڕەمەزانەدا فەیسبووك تەنیوە بە هەواڵی کاری خۆبەخش و هاوکاری کردنی هەژاران و داشکاندنی نرخ و بێ بەرانبەر. ئەمانە چەندە بەکەڵکن و ڕەنگە سەد ئەوەندە زیاتر بەسوود تر ئەبوو گەر ئەو کارانە لە جیاتی بۆنە ئایینیەکان لە بۆنە نەتەوەییەکاندا بکرانایە. زۆربەمان ئاگاداری ئەوەیەن کە بەناو پیاوە ئایینی و پارتە ئیسلامیەکان کاتێ دەستی یارمەتی بۆ کەسێ وەیان خیزانێ درێژ ئەکەن مەرجی سەرەکیان ئەوەیە وەك خۆیان بیربکەنەوە و هەڵگری هەمان ئایدیا و بێرو باوەڕی خۆیان بن، بۆیە ئەگەڕێن تا بزانن ئەو لایەنەی هاریکاریان ئەکەن مەرجیان لەسەر دابنێن.
ئەی ئەگەر لایەنێك وەیان کەسێك بیەوێ کاری باش و خۆبەخشانە بکەن لەیەکێ لەو بۆنە نەتەوەییانە وەیان لە ڕۆژی لەدایك بوونی چەند کەسایەتیەکی ناودار و خاوەن هەڵوێست و نیشتمان پەروەر، ئاخۆ ئەمە نابێتە نمونەیەکی جوان و پێزانین بۆ ئەو کەڵە پیاو و قارەمانانەی کورد کە خزمەتی کورد و کەلتوور و فەرهەنگی ئێمەیان کردوە! ئای چەندە خۆشە لەجیاتی ڕەمەزان کابرایەکی سەوزە فرۆش ڕۆژی لە دایك بوونی (نالی،پیرەمێرد وەیان مامە ڕیشە) و سەدان و هەزارانی وەك ئەوان بکاتە ڕۆژی پیاوەتی و کەم کردنەوەی نرخی بەرهەمەکەی بۆ گشت لایەك و بەبێ جیاوازی؟ ئای چەندە بەبەهاتر و بەنرختر ئەبوو گە (نەورۆز و ڕزگارکردنی کۆبانی وەك نمونە هەڵببژێردرێ بۆ ئەوەی کارە چاکەکان و خۆبەخشەکان بە ئەنجام بگەیەنن.
هیوادارین گەلەکەمان زیاتر بۆنە نەتەوەیی و سیما و کەسایەتی و نمونە جوانەکانی کورد و ڕووداوە مێژوویی و فەرهەنگیەکان بکاتە دەست کەلای خۆی بۆ هەر کارێکی باش کە دواتر ببێتە ژیانەوەی هەست و نەستی کوردایەتی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە