لە ئاڵای شۆڕشەوە بۆ ئاڵای بارزانی

Tuesday, 12/04/2022, 22:38

5922 بینراوە


سەنگەر گۆڕین و ئەم بەر و ئەوبەر کردن دەمێکە لە ناو کوردا باوە و بەردەوامیشە ، هەرچەندە زۆربەی سەنگەرەکان کە ئەگۆردرێن باک گراوەندەکانی پارە و پۆست و شەخسیە، لە کەم حاڵەتدا ئایدۆلۆجی و فیکرین ، بەڵام سەنگەر گۆڕین لە ناو خودی حیزب یان گرۆپێکی سیاسییەوە بۆ کار کردن لەسەر ئەجیندا و بەرنامەکانی حیزبی نەیار تا ڕادەیەک تازەیە و زیاتر وەک بوونی" خەت مائیلێکی ئاشکرایە" و لە داهێنانی بە ناو سیاسییەکانی کوردە..
مەلا بەختیار کە چەپ بوو هێندە توندڕەو بوو کەسی لەخۆی بە چەپ تر نەئەزانی و ئامادە نەبوو بە شاگردیش ڕایانگرێ... هەر لە دوای ئازادکردنی و گەیشتنی بە "سوید" بە هاوڕێکانی خۆی کە ئاڵای شۆڕش بوون وتبوو کە ئەو زیندانی سیاسی بوە و تا مام جالال نەدا بە دادگایەکی نێو دەوڵەتی دانانیشێ و پەیوەندیشی کرد بە پۆلیس و موخابەرات"سێپۆ"ی سویدەوە بەڵام ئەوان پێکەنینیان بە کەیسەکەی کردبوو بە تایبەتی لەسەی ئەو خاڵەی کە چۆن ئازاد ئازد کرا؟ دیارە ئەو نەی وتبوو کە ئیعترافی کردوە بۆیە ئازاد کراوە ، بەڵام لەپڕ وەک نە بای دی بێ نە باران بە هەڵەداوان گەڕایەوە کوردستان ( بەتایبەتی دوای دروست کردنی کۆمەڵەی کەسکی کوردستان و دواتر چوونی بۆ ناو حیزبی زەحمەتکێشان) و لە سیناریۆیەکدا بەشێک لە هاوڕێیانی لەگەڵ خۆی بەناوی یەکگرتنەوە خۆی کردەوە بە ناو"ی.ن.ک" دا و لەبەردەم ئەو مام جەلالەی ئەیویست بیدا بە دادگ بوو بە باڵندەیەکی باڵ کراو ، ئیتر لەوێوە یاریکرنەکانی دەست پێکرد تا  بە بڕیاری مام جلال گەیشت بە پلەی" ب.دەستەی کارگێڕی م.س "کە بە خەویش بیری لێ نەکردوە...دوای وەفاتی مام جەلال خواستەکانی مەلا بەختیار بۆ دژایەتی یەکێتیی لەناو خودی یەکێتییەوە بە پارتی کردنی قسە و بۆچوونەکانی  کەوتنە ڕوو و بە     هەڵکەندنی سەنگەرێکی نوێ کەوتە بەرگری کردن لە ئەجیندا و سیاسەتەکانی پارتی و بە دیاری کراویش بنەماڵەی بارزانی  خۆی وەک نیچیروان لە زوونی سەوزدا ئەبینی و خودی نێچیریش درێغی نەکرد و ناکات لە هاوکاری ماددی بۆی بە تایبەتی هاوکارییەکانی چاودێر و گەلاوێژ و و دابڕان و ڕۆشەنگەرایەتییەکەی و کارگەریی ئەو نەرجیسیەتەی تووشی بوە دووچاری دەیان"تناقض"و سەرلێشێواوی کردوە هەر وەک نموونەیەکی بچووک نەک ژماردن ئەو خۆی بە ڕۆشنگەر ئەزانێ کەچی ئەڵێ خودا و ئیسلام و قورئان خەتی سوورن.!!ئەوەش وەک ئەوە  وایە کە مارکسیزم بۆ مەلایەک خەتی سوور بێ..
مەلا بەختیار بۆ ڕاگرتنی بەڵانس لە قسەکانیدا جار و بار ڕەخنە لە حکومەت ئەگرێ ،بەڵام بەیەک ڕستەش بەلای پارتی و بنەماڵەی بارزانیدا ناچێ، چونکە ئەزانێ حکومەت هەر تەنها پارتی ناگرێتەوە ، بەڵام بەشان و باڵی نێچییردا هەڵئەدا کە پاش سیناریۆی دەرمان خواردنەکەی بە تەیارەی تایبەت  لەسەر حیسابی نێچیروان گەڕاوەتەوە کوردستان بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە خەڵک ئەپرسێ ئەی نێچیر لە کوێ ی بوو؟ خانە نشینیەکەی باوکی ؟ پاشەکەوتی خۆی؟ دەنگی خۆشە و داهاتی بەرهەمەکانی؟ نووسەرە و داهاتی فرۆشتنی ڕۆمانەکانی؟ مەلا بەختیار باش ئەزانێ فلس بە فلسی بنەماڵەی بارزانی دزییە لە قووت و داهاتی خەڵک ، دەنا مەلا پێش هەموو کەس لە یادێتی ئەو بنەماڵەیە خاوەنی چی بوون کاتێ خەڵکی کوردستان ڕاپەڕی و  ئەوانیش لە کەرەجەوە گەڕانەوە و وەک سفرەیەکی حازر کەوتن بەسە ناز و نیعمەتدا.. مەلا بەختیار چاک ئەزانێ بنەماڵەی بارزانی لە نەهامەتتیەکانی کوردستان بەشی شێری لە بەرپرستارێتی بەردەکەوێ ، بەڵام بۆ ئەو" ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە"، تۆ بڵێ ی مەلا بەختیار کە لە شاخ بوو دەیزانی ماڵی بارزانی چین و بە بەڵگەی مارکسیستانەوە شی ئەکردنەوە تەنانەت پێ ی وابوو ماڵی بارزانی بەشێکن لە"تناقض"ی سەرەکەی و لەبەرەی ئیمپریالیستن ، ئاخۆ ئێستا بۆچوونەکانی گۆڕاون یان گیرفانەکانی.؟ بۆ پاڵپشتی قسەکانی ،مەلا زوو زوو ئەڵێ: مام جەلالیش ڕای وابوە، خۆزگە بۆ یەک جار  شایەتەکەی کە لە ژیاندا بوایە..
بۆ تێپەڕاندنی قسە و بۆچوونە عەنتیکەکانیشی مەلا جەگە لە کەناڵی ڕوداوو کە لای خەڵک بە"نەوتاو" ناسراوە بایکۆتی کەناڵەکانی تری کردوە بەوانەی حیزبەکەی خویشی کردوە کە ئەمەش زیاتر وەک ڕیکلام کردنێکە بۆ کەناڵەکەی نێچیر ، بەڵام نازانرێت بەرامبەر بە چەند؟
دوا تەققەی مەلا بەختیار لە سەنگەرەکەی پارتی لە گردی علی ناجی ئەڵێ: مسعود بارزانی گەورەی خەڵکی کوردستانە، ئەو نەبێ قوڕ ئەکرێ بەسەرمانا و کێشە قورسەکانی وەزنی کاک مسعود هەر بە خۆی چارەسەر ئەکرێ.!! بۆ وەڵام دانەوەی ئەم خڵەفانەی مەلا بەختیار لێ ی ئەپرسین بیری ماوە لە 31/ی ئاب لە قاسمە ڕەش بەرامبەر بە چرایەک دانیشتبوو و ئەیووت پارتی بەم جاشایەتیە گۆڕی بۆ خۆی هەڵکەند، بەڵام بەداخەوە پارتی تا ئێستاش نەچۆتە گۆڕەکەوە ، ئەوا مەلا بەختیارە گۆڕی بۆ ڕابردووی خۆی هەڵکاندوە و فاتیحاش دادی نادات ،گەر ڕۆژگارێک هات و بنەماڵەی بارزانی شاربەدەر کرا ، مەلا ئامادەیە بەرگری لەم قسانەی ئەمڕۆی خۆی بکا؟يان هەر وەک بەرگرییەکەی لە ئاڵای شۆڕش کاتی زیندان بوونی لێ دێ؟
شەمەندەفەری ژیانی سیاسی مەلا بەختیار لە وێستگەی کۆمەڵەوە کەوتە ڕێ ، پاشان ئاڵای شۆڕش ، دواتر کۆمەڵەی سەوز ، لەوێوە بۆ وێستگەی زەحمەتکێشان ، دوای ئەمە بەگێک و گەڕانەوە بۆ وێستگەی (ی.ن.ک) ، لەوێشەوە بەرەو بانکێک بەناوی"ماڵی بارزانی".........

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە