سەرکردەیەتی ڕەفتار بۆرژوا و خێڵگەرای کورد

Wednesday, 13/04/2022, 1:09

4568 بینراوە


بۆ شەھیدی کوردستانی، کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی


سەبارەت بە بۆرژوا و ناسیونالیستی کوردت نووسی بوو، بەڵام سەرکردەیەتی پارتی، یەکێتی، کۆمەڵە و دیموکرات، بە ڕەفتار بورژوان و بە فکر خێڵگەران.
شارستانەتی ڕۆژئاوا بۆرژوازی دروستی کرد، مەگەر لینین نەی وت: بۆرژوا و سەرمایەدار ئەوروپایان درووستکرد، ئێمە سەد بەرانبەر لەوان باشتر دروستی دەکەینەوە؟!.
ئەڵبەتە ئەوسا خەڵک تێنەگەیشتن کە مەبەستی دروستکردنی زیندانی گەورەی شورەوی بوو.
خوشکە زۆر باشەکەم، ئەمانە وشەی ناو کتێبن، واقع شتێکی ترە، نە قاسملۆ نە مەسعوود بارزانی نە تاڵەبانی و نە موھتەدی نەیانتوانی لە ژێر دەواری خێڵ تێپەڕن. ئەوان وەک کۆمەڵێک مرۆڤگەل کە لە قۆناغەکە زۆر جێمابوون/جێماوون، کەوتن بە سەر خەزنەی فراوانی باشووری نیشتماندا و شێوەی دزین و ڕەفتاریان سەلماندی کە لەکام قۆناغەی بیر و هۆشی مرۆڤدا چەقیوون، دەنا ئەوە ڕەفتاری بۆرژوازیی سەدەی بیست و یەکە لەگەڵ مرۆڤ، ئەویش گەلی خۆت و کوردیش بێت؟! موژدەی ناخۆشی ئەوەت بدەمێ، لە ئێستاوە گەلەکەمان مەرجی قورس و گرانبەهای خۆی بەسەر کۆمەڵەکان و دیمۆکراتەکاندا نەسەپێنێ و خۆی نەبێتە دەمڕاستی مافەکانی خۆی، چی لە باشووریان قەوما، لە ڕۆژهەڵاتیان دەردەداتەوە، زۆر بە زیادەوە. بۆرژوازییەتی ئەوروپی فکر و تێڕوانین و گەشەی عەقڵ و هۆشی مرۆڤ بوون، نەک شڕەخۆریی و سیخوڕیکردن، نێشتمانی خۆیان دروستکرد، نەک نیشتمانی خۆیان فرۆشت و....هتد.
-  بورژوای سویدی بە ھەزاران داھێنانی زانستیانەیان تۆمارکردووە.
ئەو حیزبانەی بەڕێزت ناوت ھێناون، لەمپەر و ڕێگری ھەرە بەھێز بوون بۆ دروست بوونی، بزووتنەوەیەکی ناسیونالستی سەر بە نەتەوەکە و ئێستایش مەترسی هەرە گەورەن بۆسەر ئاسایشی تاک بەتاکی کورد و نیشتمانەکەی.
مرۆڤ دەتوانێ لە ئەمریکا و ئەوروپا بەتایبەت لە ئەمریکادا، جیاوازییە چینایەتییەکە تا ڕادەیەک هەست پێ بکات، بەڵام کورد نەک حیزبی بۆرژوا و نا بۆرژوای نەبووە، بەڵکو، حیزبی خێڵ و سەرکردەی خیڵگەرای هەبووە/هەیە کە  نەیان ھێشتووە/ ناهێڵن، کورد ببێت بە نەتەوە.
-  حیزبێکی ناسیونالستی نەتەوەیی پێویستییەکی مێژووی گرنگ بوو، کە سەرکردەیەتی ڕەفتار بۆرژوا، نەیھێشت گەشە بکات و نەتەوەکە لەو قۆناغە بپەڕێنێتەوە بۆ قۆناغی بەنەتەوە بوون.
بڕوانە، سەرکردایەتی حیزبە مارکسستی و چەپەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ھەموو کوڕە ئاغا و دەرەبەگ بوون وپێستی زەحمەتکێشانیان لەبەر کردووە.
-  دروستتر ئەوەیە، بتووتبا، سەرکردەیەتییەکان ڕەفتاری بۆرژوایان بووە/ هەیە، وەلێ پێشمەرگەکانیان، کە بوونە قوربانیی خواستی دەسەڵاتخوازیی ئەوان، منداڵانی زەحمتکێشانی کورد بوون.
کۆمپانیای حیزبی ھێندە ڕەواجدار بوو، فکری چەپیش، کە بە کورد بێگانە بوو، ھێندە بە باق و بریق بوو، کوڕە ئاغاو دەرەبەگ، پشتیان لە چینەکەی خۆیان کرد بۆی!
زۆر بەڕێزم پێم بڵێ: کام لە سەرکردەی ئەو حیزبانە، توانییان لێکۆڵینەوەیەکی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئاینی، سایکۆلۆجی بۆ کۆمەڵگای کورد بکەن ھیچ نەبێت ھەریەکەیان بۆ بەشە بندەستەکەی خۆیان؟!.*
ھێنانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی چەپ و گردکردنەوەیان لە کوردستانی داگیرکراودا کە ھەموویان لە نەتەوەی سەردەست بوون و کوردیان بە بچووکتر لە فارس دەبینی، بوویە ھۆی ئەوەی ھەموو ھێزی سەرکوتکەری نەتەوەی سەردەست، کە سپای پاسداران و دامودەزگا وەحشیگەریەکانی حکومەتی نوێنەری نەتەوەی سەردەست بوو، دەستی بەتاڵ بێت و ڕوو لە کوردستان بکات و وێرانی بکات، لە کاتێکدا، کە شارە فارسەکان ئارام و ئاوەداندەکرانەوە!!.
تا کاک فوئاد مابوو، کۆمەڵە بناغەی لەشکرێکی کوردستانیی زۆر مەزنی ھەبوو، بەرەو ئەوەش دەچوو، کە زانیان مەترسی ھەیە ئەویان شەھید کرد، مەنسووری حیکمەتیان نزیکتر کردەوە و چووە بنکڵێشەی کاکە عەبەوە و بەوەی کردیانە سکرتێری خەیاڵیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، شەقی لەھەموو شتێک ھەڵدا و کوڕان و کچانی کوردی ڕادەستی ئەو فکرە بۆگەنەکرد و ئەویش ئەو کارەی کرد کە کردی و لە ئەستۆی گرتبوو!!.
خوشکی شیرینم، مەسەلەی ئێمە مەسەلەی ئاین و بۆرژواو نا بۆرژوا نییە، ئێستایش عەقڵی زۆرینە خێڵەکییە، تۆدەبێت، لەگەڵ ئەو عەقڵانەدا کار بکەیت، نابێت و نابێت و نابێت، بۆ ھیچ مەبەستێ: 
ڕۆشنفکریی، بازرگانی، سیاسی، دیبلۆماسی، سەربازی، کۆمەڵایەتی، خێر و شەڕ : فارس و تورک و عەرەب تێکەڵ بە مەسەلەی نەتەوەکەی خۆت بکەیت.
مەسعوود ڕەجەوی، بە ئاخوندەکان دەڵێت: ئیتر نۆرەی منە.
 -  بەڵام، شەڕی ئێمە شەڕی دەسەڵات نییە لە تاران، بەڵکو وەدەرنانی دەسەڵات و کلتووری فارسە لە ڕۆژھەڵاتی 
    داگیرکرا وماندا. بۆ بەدەستھێنانی ئازادی و ئاشتییە بۆ ملیۆنان کورد.
   بۆچی فکری یەکپارچەیی زەوی ئێران، فکری ئاخوندەکان و کۆماری ئیسلامییە بە تەنیا؟!. 
 -  نا خوشکە گیانەکەم: 
-  فکری کیسرەوی، شەجەریان، شاملو، مامۆستا و زانای زمان، ئەفسەر و سەرباز، ئاخوند و ھونەکار و نووسەری پیاوی نەتەوەی فارسی سەردەستە.

ئەوان نووسەر و مامۆستای زانکۆ و ھونەرمەند و پێشنوێژ و ھەڵسووڕێنەری کلتووری فارسن، لە قەڵەمی ئەوانەوە، بیری ڕەگەزپەرستیی فارس، لە دڵی منداڵانی قوتابخانەکانی ھەر لە سەرەتاییەوە تا زانکۆکان دەچێنرێت.
بڕوانە فیلمی فارسی، لەو کاتەدا کە ساڵۆنی زیندانی موعتادەکان وێنە دەگرن، تا ناوقەدیان پیشان دەدەن وھەموویان شەڕواڵی کوردیان لەبەرکردوون.
بڕوانە سریاڵ و فیلمی تورکی، کابرا تا لە دیاربەکرە، جوێنفرۆش و ژن کوژ و جەردەیە، بەڵام کاتێ دەچێت بۆئەستەنبوڵ، دەبێتە دیمۆکراتی و پێشکەوتنخواز و بەرگریکاری مافی ژنان!!.
ئەم چیرۆک و داستانانە، جوتیارەکانی فارس و تورک سیناریێۆکانیان دەنووسن؟!.
ئێمەیان لە خۆمان بێگانە کردووە، بەھەزاران کتێبی بێکەڵکی پوچی نووسەرەکانیان، ڕژاندۆتە کوردستانەوە.
شاملۆ بۆ چیلی و ئەمریکای لاتین شیعری نووسی، بەڵام ئەو زوڵمەی نەبینی کەلە سنە لە کوردیان دەکرد!!.
سنە شەش سەد کیلۆمەتر لە تارانەوە دوورە، بەڵام چیلی دەیان ھەزار کیلۆمەتر!!.
-  کەس کوڕ و کچی خۆی نەکرد بە قوربانی ئێمە، بەڵام ئێمە بە ھەزاران کوڕ و کچی خۆمان کردە قوربانی فکری      نێردراوی دەزگا سیخوڕییەکانی ئەو نەتەوە سەردەستانە.
دەبێ لە ناو کتێب بێنە دەرەوە، لەواقعدا کار بکەین، ساڕێژبوونی ئەم برینە، کاری کوردستانی و دڵسۆزیی و لێزانی دەوێت!!.
ھیوادارم ژنانی باشوور و ڕۆژھەڵات، بە دۆزینەوەی ڕۆڵی خۆیان، ڕێبەرایەتی ئەو دوو بەشە داگیرکراوە بگرنە دەست،  وەک خوشکەکانمان لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا، بۆ بەرە و باڵابردنی ئینسانی کورد و بزووتنەوە کوردستانییەکەی.

سەرنج/

شەھید قاسملو نامەی دکتۆراکەی، کە لە دوایدا بە شێوەی کتێب لە باشووری کوردستان، بڵاو بوویەوە، لەسەر  کۆمەڵگای کوردە، لە ھەموو ئەوانی تر باشتر لە بارودۆخەکەی کۆمەڵگای کورد لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران تێگەیشتبوو، خەڵکی ئاگادارکردەوە لە ئەزموونی باشوور. نەک ھەر ئەو بەڵکو کاک ئەحمەدی موفتی زادە هەوڵی زۆریدا و واقعەکەی ڕوونکردەوە و شەھێدێکی کوردستانی وەک ( کاک عەلی شیعە)، ھاواری کرد شەڕی شار بە شار بە ئێمە ناکرێت، چوونکە دەیانزانی فەلسەفەیەکی سەر بە کورد، لە پشت بانگەشەی شەڕەوە نییە، بەڵام چەپەکان دەیانوویست، یاساکانی مارکسیزم لە کوردستانی وێران و چوارپارچەدا، تاقی- بکەنەوە، چوونکە کتێبەکان وایان وتووە، ئیستاش باسی زەحمەتکێشانی کورەخانەکانی بۆکان و بیجاڕ دەکەن، بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا مەسعوود دەڵێت: " داس و چەکوشیان کردە دروشمی خۆیان، کە خوێڕیترین ئامێری بەرھەم ھێنانن".
شەھید قاسملو، ئەوەی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و ئەو بارودۆخە شێواوەدا، دەیتوانی بۆ کوردی بەدەست بێنێ، چون خوێندنەوەی بۆ ئەوە ھەبوو، کە حوکومەت لاوازە و خۆی نەگرتووە و گەلیش لە ڕووی فکرییەوە ئامادە نییە. لە دوای ساڵانێکی زۆر، بێ ئەوەی ھیچیش بە دەست بێنێ، گیانی خۆی و چەندین کوردی، پێ بەخشی.
ئێستا ئەزموونی باکوور و ڕۆژئاوا، پێمان دەڵێت: تفەنگ کاتێ ناچاردەکرێین ھەڵیگرین و بەکاری بێنین، دەبێت 
( فکرێکی) ڕوونی کوردستانی ئاڕاستەی بکات، تا دلێرانی وەک خوشکەکانمان لە قەندیل و کۆبانێ، کە شەھیددەبن، گەلیان پاراستبێ و ھەنگاوێک مەسەلەی کوردییان، بۆ پێشەوە بردبێ، تفەنگی کوردی، دەبێت لە دەستی سپایەکی کوردستانی بە دسپلێنی، وەک کچان و کوڕانی قەندیل و کۆبانێدا بێت، تا خوێنیان داری ئازادیی نەتەوەکە ئاو بدات، خۆت بەرواردی بکە، لەگەڵ ئەو ڕووبارە خوێنەی لە باشوور و ڕۆژھەڵات، بیابانی فکری نەزۆکی ناکوردی ھەڵی مشتن.....!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە