سەرکێشی سیاسی دەسەڵاتی کوردستان

Tuesday, 19/04/2022, 1:23

12283 بینراوە


کەس باوەرناکات لە پاش ئەو هەموو دەردەسەری و قوربانیدانە تاوەکو دەسەڵاتێکی بەو شێوەیە هاتۆتە ئاراوە و ئێستاش تۆ قومار و سەرکێشی بە چارەنوسی گەلێکەوە بکەیت و هەموو ئەو خوێن و نەهامەتیە لەبەرچاو نەگریت و بە شپرزەیی و پشێوی و بێ پلان هەنگاوەکانت بنێیت.
لە لایەکەوە، شەرٍی ئۆکراین و روسیا و لێکەوتەکانی لەسەر جیهان و تۆیەکی بچوک و تا ئێستا هیچ لەبارنەبوو  و نادیار لە نێوکارلێکە سیاسیەکان لە ناوچەکە و جیهان، لە لایەکی ترەوە دۆخی ئابووری ناجێگیر و قەیرانی بەردەوام و نارازیبونی خەڵک و ناپەیوەست بە حوکمی نەزان و رۆژ لە دوای رۆژ دورکەوتنەوەی زیاتر و باوەرنەمان بە پرسە سەرەکیەکە و دروستبونی هەزار و یەک کەلێن بۆ خۆخزاندنی دوژمنان لە کیانەکەت و لەناوبردنی ئەزمونە دەگمەنەکەت و لەولاشەوە پەڵپ و ناجۆریەکانی دەسەڵاتی ناوەند و زیانی هەلپەرستی شۆقینیەکانی بەغدا و وەستان بەرامبەرت و دەستوەردانی دەرەکیش لەولاوە بوسەتێت.
ئا لەم کاتەدا کە تۆیەکی بێ قەوارە لە ناوچوغزی ئەم هەموو قەیرانە قورسەدا بێیت و سەرکێشیش بە هەموو شتێکەوە بکەیت و بە هیچ شێوەیەک بیر لە نەهامەتی گەلەکەیت نەکەیتەوە و هەنگاوی نادروست و کوێرانە بهاوێژیت و دەرەئەنجامەکەی تەنانەت لای خۆت ساغ نەبێت و، بەڵکو ئەوەی زیاتر بەدبەختی بێت و روون بێت ئەوەیە کە تەنها سودەکەی بۆ دوژمنەکەت مسۆگەر بێت و هیچیتر.
تۆیەک کە سەرکێشیت بە نەوتەکەتەوە کردووە و دەرئەنجامی باش دەزانیت چی بووە و تەنها تورکیا قازانجی لێبینیوە و لە قەیرانی ئابووری تا رادەیەکی رزگاری بووە و تۆش ئەمە حاڵی موچەخۆر و خەڵکەکەت بێت، بەڵکو ئاسۆیەکی ئەوتۆش روون نەبێت نەزانیت کە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێیت، سەرباری ئەوەی بەردەوام ملت لەبەردەم چەقۆی دوژمنە سەرسەختەکەیە هەر کاتێک بیەوێت سەرت لێدەکاتەوە. ئابەو شێوەیە باش بۆت روون بۆتەوە کە پێشتر چی هەڵەیەکت کردووە و قەرەبوو ناکرێتەوە و ئێستاش  بەخۆت بێیت بە سەرکێشیەکی تر  دووبارەی بکەیتەوە .
سەرکێشی حکومەتی هەرێم و هەوڵی هەنوکەیی بۆ ناردنی غاز بە تایبەتی لەم کاتەدا کە بە زۆر شێوە لێکدەدرێتەوە و لە دەرئەنجامدا وادەکات کە خۆت لە تاکە جەمسەرێکدا خۆت ببینەتەوە کە قازانجێکی ئەوتۆی لێ ناکەیت ئەگەر زەرەر نەکەیت، بەڵێ سەرکێشیەکی گەورەیە و ئایندەی دیار نیە و ئەمەش نەک لەسەر خۆت بەڵکو بۆ سەرجەم پرسەکە و قوربانیەکانت بە خراپی دەکەوێت و دواتر پەشیمانی دادت نادات. لە لایەکەوە روسیا و ئێران و ئەو جەمسەرە وا بیخوێننەوە کە هەوڵێکە بۆ قەرەبوکردنەوەی کەمبونی غازەکەی روسیا لە ئۆرپا و جیهان و رێگە خۆش بکات بۆ هەرکارێک لەوبارەوە بەرامبەرت بکرێت، ئەم کارەت پاساوی نیە لەبەر ئەوەی تەنانەت ناتوانیت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەیتەوە کە بۆچی لەم کاتەدا پرۆسەی ناردنی غازەکە دەدرێت و لەگەلڕ نەوتەکەدا نەبووە.
بۆیە، ئەوەی چاوەرێی دەکەین چارەنوسێکی نادیارە و هەڵوێستی روسیا لەمەر کۆماری مەهابات و قازی محەمەد دەخاتەوە یادمان و دەشێت بە سەرکێشیەکی بێمنەت لە قوربانیەکان و قومارێکی گەورە لە هۆڵێکی تاریک بیبینین . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە