پەروەردەی بانکی و خەساندنی ئەقڵ و بیرکردنەوە

Tuesday, 19/04/2022, 1:36

11091 بینراوە


چەمکی پەروەردەی "بانک"ی لای پاول فرێری چەمکێکە بۆ جۆرێک لە پەروەردەو فێرکردن کەتێیدا مرۆڤ لەمرۆڤ دەخرێت و دەکرێت بەکاڵا یان میمۆرییەک .کە قوتابی تێیدا تەنها ڕۆڵی ئامێری خەزنکردن  دەبینێت.ئەم جۆرە لەپەروەردە پەیوەندییەکی ناکۆک دروستدەکان لەنێوان مامۆستاو قوتابیدا،مامۆستا ڕۆڵی فەرماندە رو ڕێنماییکەر دەبینێت، لەم جۆرە پەروەردەو فێرکردنە ستونیەدا قوتابی وەک ئامێر مامەڵەی لەگەڵدەکرێت،لەهەمانکاتدا ئەم جۆرە پەروەردەیە خزمەتی سیستەمی ستەمکاری و ئەقڵیەتی مێگەلی دەکات،مرۆڤی دەستوپێ سپی و بیرنەکرەوەو دۆگما و دواجار دەمارگیر دروستدەکات.مامۆستاش خزمەتی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو وچینێکی بەهەژمون دەکات لەکۆمەڵگەدا،کەدواجار بەرهەمی ئەو مامۆستایانە تەنها خزمەتی داهاتوی ئەوچینە دەکات نەک داهاتوی قوتابیان. 
لەپەروەردەی بانکیدا ،چ لەقوتابخانەو چ لەدەرەوەی قوتابخانە،پەیوەندی مامۆستاو قوتابی پەیوەندیەکە لەسەر بنەمای ناکۆکی و دژیەکی . واتا لەوسیستەمە فێرکاریەدا مامۆستا هەموشتزانە ،قوتابی نەزانێکی ڕەها،مامۆستا ئەوەی خۆی فێریبووە،دەیگوازێتەوە بۆقوتابی بێ گفتوگۆ و دیالۆگ وگومان و پرسیار ،مامۆستا قسەکەرەو قوتابی گوێگر،مامۆستا بیردەکاتەوەو قوتابی بیری پێدەکرێتەوە ،وە مامۆستا دەسەڵاتی پیشەیی و مەعریفی تێکەڵدەکات. لەبەرامبەردا پەروەردەکردنی ئاسۆیی بابەتەکان دەخاتە بەردەست بۆ بیرکردنەوەو تێڕامان و پرسیار کردن و گفتوگۆکردن واتا لەفێرکردنی ئاسۆیدا مامۆستاو قوتابی دوجەمسەری ناکۆک نین هەردوکیان هەم مامۆستاو هەم فێرخوازن .
لە پەروەردەی بانکیدا مامۆستا سوبێکتە،و قوتابی ئوبێکت،واتا مامۆستابکه رەو قوتابی کارتێکراو ،مامۆستا حیکایەت خوانەو قوتابی گوێگر ، ناوەڕۆکی وانە چیرۆک ئاسایە و مامۆستا توشی نەخۆشی گێڕانەوە دەبێت.لەلایەکیتر مامۆستا "لەقوتابخانەو دەرەوەی"دا، وا مامەڵە دەکات لەگەڵ واقیع وەک ئەوەی نەگۆڕو بێجوڵە و یەکپارچەیە ،دەربارەی هەرشتێک بێت،ئەگەربەهایەک بێت،یان بابەتێکی مێژوویی مامۆستا وانیشانی ئەدات کە جێگیرو نەگۆڕە بەشێوەی چیرۆکی مرودو بێ ڕۆح،لەدەرەوەی ویستی مرۆڤ وێنای دەکات،وەک ئەوەی مرۆڤ بونیادنەری واقیع نەبێت.مامۆستا واباسی بارودۆخ دەکات وەک شتێک لەدەرەوەی ژینگەی قوتابی و شتێکی نامۆ،دواجار مرۆڤ و واقیع لەیەکتر نامۆ دەبن.لەم شێوازە دا قوتابی زانیاری وەردەگرێت و لەبارودۆخیتردا توتی ئاسا دەیڵێتەوە ،یان لە ئیمتیحاندا نمرەی پێ بەدەست دێنێ،بەبڕواوی فرێری چەندە قوتابی دەرخ بکات و مێشکی پڕبکات ،زیاتر  ناهۆشیار و بێ ئاگا دەبێت.بەگوێرەی سیستەمی فێرکردنی بانکی قوتابی دەفرێکە چەندە مامۆستا شتی زیاتری تێ بئاخنێ باشترە،قوتابیش چەندە وەرگرێکی باشبێت زیرەکترە.بەڵام لەڕاستیدا ئەمپڕۆسەیە لەمرۆڤ خستن و خەساندنی ئەقڵەو دواجار تاکی بیرنەکەرەوە ،دۆگما و دەمارگیر و دەستو پێ سپی دەخاتە کۆمەڵگاوە.بەڕای فرێری هۆکاری  دەست وپێسپیبونی تاکەکان و وەستانی پڕۆژەی بیرکردنەوەیان سەرچاوەکەی ڕەشبینی و نائومێدیە لە ڕوبەڕوبونەوەی جیهانەکەیاندا بۆ گۆڕانکاری. 
ئەم میتۆدە لەسەرەتاوە جیاوازی دەکات لەنێوان ئەوانەی زانیاریبەخشن لەگەڵ ئەوانەی زانیارییا ن نییە،واتا کۆمەڵگە دابەش دەکات بۆئەوانەی دەزانن و ئەوانەی نازانن،قسەکەرو گوێگر.ئەمەی ئەمڕۆ دەیبینین هەمانشتە لەکۆمەڵگەدا زۆرینە هەموو لەشی بۆتە گوێ،توێژێکیش بەردەوام قسەدەکەن ،واتا لێرەدا بیرکردنەوە بۆ توێژێکە،گوێگرتن بۆ زۆرینە ئەمەش خزمەتی ستەمکاری و ئایدیۆلۆژیای ستەمکاری دەکات،کۆمەڵگە پەکی دەکەوێت و خەڵکی وەک توتی ئەوە دەڵێنەوە کە گوێیان لێبووە،بێ ئەوەی بوێرن، لەحەقیقەتی شتەکان و پێویستیان بکۆڵنەوە،نەک هەر ئەو ە بەڵکو پرسیارو گومان بە تاوان ولادان دەزانن!ئەمەیە خەساندنی ئەقڵ و بیرکردنەوە. لەم شێوازە بانکیەدا متمانە بەمامۆستا ناکرێت،مامۆستا بێ ئەوەی بەخۆی بزانێ دەبێتە خزمەتکاری کۆنەپەرستی و ئایدیۆلۆژیا ستەمکارەکە.بەبڕوای پاولۆ فرێری ئەم شێوازە ی فێرکردن و حیکایەت خوانی جگە لە زۆربڵێی شتێکیتر نییەو توانای داهێنان دەکوژێت . بەشی هەرە گەورەی کۆمەڵگا دەبێ بەگوێگر بۆچی؟هۆکارەکەی ئەم پەروەردە بانکیەیە کە مامۆستاکان،دایک و باوک مەلاکان لەمناڵیەوە ئەم میتۆدە بەکار دەهێنن،دواجار لەگەورەیشدا سیستەمی بیرکردنەوەی خەڵکەکە بەم شێوەیە دەبێت کە زانیاری ئەداتەوە،نەک بیربکاتەوە! کاتێک ڕوبەڕوی واقیعێک دەبنەوە وەک ئەوەوایە دەست لە دوگمەی تەسجیلێک بدەیت،ڕاستەوخۆ کۆمەڵێک قسە دەبیستی کە خەزنکراوە!مەجالی دیالۆگ و گفتوگۆ نییە. ئەم سیستەمە دواجار مرۆڤەکان بێ توانا دەکات لەڕوبەڕوبونەوەی واقیع دا دەستو پێ سپی قەدەرگەرا دەبن،چونکە پڕۆژەی بیرکردنەوەیان نییە توانای بەرهەم هێنانی مەعریفەی نوێیان نییە. ئەم ڕێککەوتنە ی "تەخت و میتراب"نهێنیەکەی لەوەدایە،کە فێرکاری چ لەقوتابخانەو چ لەدەروەدا مرۆڤی دۆگماو دەست وپێ سپی بەرهەم دێنێت کە دواجار هەردولا واتا ئەوانەی دەبنە واعیز و دەسەڵاتداران بێخەم دادەنیشن،چونکە زۆرینە هەست بەبێ توانایی دەکات لەبەرامبەر سوڵتە و واسەیری مرۆڤ دەکەن کە ئەوە قەدەریەتی،واقیع شتێکی نەگۆڕە وەستاوە ،لەلایەکیتر چونکە مرۆڤەکان دەزگای بیرکردنەوەیان لەکاردەخرێت بۆ واعیزەکان ئاسانە ببنە حیکایەتخوان،وەک بڵێی ئەقڵی تاکەکان سیستەمی بەرگری نەماوەو نەخۆشە زو بڕوا دەکات و تەسلیم دەبێت،وە باوەڕیشی بەوجیاوازیە هەیە کە ئەو نەزانەو ئەویتر زانا،بەڵام لە پەروەردەی ئاسۆیدا واقیع شتێک نیە پێشبینی بکرێ ،وەستاوبێ ،بەڵکو واقیع دەخرێتە بەردەست و توێژینەوەی بۆدەکرێت،هەردولا،مامۆستاو قوتابی پێکەوە لەڕێگەی ڕامان و گفتوگۆ وپرسیارو دیالۆگ دەگەنە حەقیقەت. واقیع بەرهەمی مرۆڤە نەوەستاوە نەپیرۆز،نەتێکستەکان ئەزەلین،هەموشتێک شایانی لێکۆڵینەوە و شیکاریە. مێژوو بەرهەمی مرۆڤە،مرۆڤیش بەرهەمی مێژوو نییە،بەڵکو مرۆڤ مێژو دروستدەکات.دەکرا ڕوداوەکان بەشێوەیەکی دیکە ڕویاندابایە.....لەسیستەمی بانکیدا مامۆستا جارێک زانایە لەڕێگەی خوێندن،خوێندنەوە و ...فێردەبێت لەقۆناغیدوەمدا فێردەکات ئەوەی فێریبوە دەیگوازێتەوە و ،لایەنی بەرامبەر وەریدەگرێت بەڕەهایی.
ئەم شێوازە جگە لەوەی خزمەتی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو دەکات،یان واقیع و بیرکردنەوەی باو دەسەپێنێت،بەردەوام دژی ئەو تاکانەیە کەدژی دەوەستنەوە،وەک حاڵەتی تاکەکەسی سەیری دەکەن،مەلا دەڵێت:ئەم یان ئەو لادەرە،دەبێت تێبگەیەندرێت،هەمو ئایدیۆلۆژیا ستەمکارەکان وا مامەڵە دەکەن کەمرۆڤ خاوەنی هۆش نییە،هۆشی بۆدروستدەکرێت،بۆیە بیرکردنەوەی جیاواز ڕەتدەکرێتەوە .چونکە لەسەرەتاوە واوێنای واقیع دەکرێت کەنەگۆڕە نابێ بگۆڕێت.
هەرکەس ئەگەربایی ئەوه ش زیرە ک نەبێت،دەزانێت ئەەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت لە پەروەردەدا لەهەرێمی کوردستان فێرکردنی بانکییە و سیستەمێکە لەخزمەت واقیعدایە نەک گۆڕانکاری،بگرە مەیلی کۆنەپەرستی لەهەڵکشاندایە،گەڕانەوە بۆ خوڕافیاتو حیکایەت خوانی ئارەزوکراوە. دەمارگیری لەهەڵکشاندایە دۆخێک کە هەمومان وەستاوی بیرکردنەوەو و لەمرۆڤخستن دەبینین. پەروەردەی بانکی هەوڵێکە بۆ لەمرۆڤ خستن و نەزانکردنی تاکەکان،کە خۆاراکدەری سیستەمی ستەمکاریە.ئەم سیستەمە وادەکات دواجار خەڵکی نەتوانن بیربکەنەوە بۆ گۆڕینی واقیع،ئەگەرچی ددانی پێدا نانێن،بەڵام لەبنەڕەتدا کەمتوانان لە چاکردنی بارودۆخی خۆیان و پەیوەندیا ن بەجیهانەوە کۆیلانەو پاسیڤە.لەچاوەڕوانی فریادڕەسدان.چاوەڕوانن کەسانی دیکە لەچەشنی سەرۆکی کاریزما دەرکەون و واقیعیان بۆ بگڕێت،کەدواجار ئەو فریادڕەسەش دەبێتەوە ستەمکار.پەروەردەی بانکی مرۆڤی خۆگونجێنەر و ملکەچ وخەوشدار بەرهەم دێنێت،کە بونی خۆی دەداتە دەست کەسانی دیکە،توانای خۆ سەلماندنی نییە لەبیرکردنەوەدا کڵۆڵە و دەگەڕێتەوە بۆ یادگە ،واتا بیرناکاتەوە،بیری دێتەوە. واقیعی ئەمڕۆ جودایە لەدوێنێ،سبەیش جیاوازە،پەروەردە دەبێت مرۆڤێک دروستبکات لە کارکردن لەجیهان و بارودۆخی خۆیدا کارابێت، مەعریفەی نوێ بەرهەم بێنێت. بەڵام پەروەردەو فێرکردنی بانکی  شتێکی پێچەوانەیە. ئێمە چ دەزانین؟ ئەوە کەسی خۆی هەیە؟ هیچ ناکرێت؟ ئەم دەربڕینانە وێردی سەرزاری ئەو کەسانەن کە قوربانی فێرکردنی بانکین،لەڕاستیدا وەک میمۆری وان ،ناتوانن بیری نوێ بەرهام بێنن،کەلەئاستی گرفتو پێویستی ئەمڕۆدابن. لەبنەڕەتدا ئەو مرۆڤانە قەدەرگەران ،وا سەیری خۆیان ناکەن کە تەرازوی مرۆڤبونیان لاسەنگەو هاوسەنگیان لەدەستداوە.خاوەنی بیری ڕەسەننین واتا بیرێک کە لەئەنجامی پرسیارو وگومان و شیکردنەوە هاتبێت،بەڵکو بیرۆکەکان کۆنن وەرگیراون گواستراونەوە لەمێشکێکەوە بۆمێشکێکیتر...بەبۆچونی فرێری مرۆڤبون تەنها لەگەڵ توێژینەوەو پراکتیکی بەردەوامدا هەیە.بەڵام فێرکردنی بانکی بەردەوام لە مرۆڤخستن پێشدەخات،مرۆڤی پاسیڤ و بێتواناو خەون و مەرگ دۆست بەرهم دێنێت.کە مەرۆڤی مەرگدۆست ئارەزودەکات شتەکان نەگۆڕێن ، تەنها لەمیانەی کاڵا و خاوەنداریەتیدا پەیوەندی بەجیهانەوە دەبێت وەک ئەریک فرۆم دەڵێت:مرۆڤی مەرگدۆست کاتێک خاوەنی جیهان نەبێت  پەیوەندی بەجیهانەوە دەپچڕێت دەسەڵات خوازە،ژیانی خۆش ناوێت لەچوارچێوەی بون بەخاوەنی شتەکاندا نەبێت،واتا پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤیشدا وەک کاڵا یە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە