یەکەم دەلاقەی " دادگای گەل"

Tuesday, 19/04/2022, 1:40

6090 بینراوە


ھەزاران سڵاوی کوردستانی، بۆ خەڵکی ڕاپەڕیوی دەڤەری چەمچەماڵ، بۆ بیری کوردستانی و گیانی بەرەنگاربوونەوەتان.چەمچەماڵ بوویە یەکەم دەلاقەی کراوە بۆسەر ھۆڵی "دادگای گەل "بۆ لێپرسینەوە، لە فەرمانڕانانی ستەمکردن - گومڕاکردن- و درۆکردن لەگەڵ نەتەوەکەدا.
ئەو درم و نەخۆشییە پیسەی سەرکردەیەتییەکی حەفتا ساڵەیی کە باشترین و دڵسۆزترین ڕۆڵەکانی چەمچەماڵ وباشووری کوردستانیان کردە قوربانی بیرکردنەوەیەکی خیڵگەرای دواکەوتوو کە ھەرگیز نەیانتوانی ھەنگاوێ دوورتر لە دەواری بنەماڵە ببینن و بەرژەوەندی گەورەی نەتەوەکەیان لە بەرژەوەندی و خواستی قڕێژی بنەماڵەی سەرکردەکاندا کۆکردەوە، بۆیە ھەر چەند ساڵ جارێک بە ئاشبەتاڵێک، شەڕێکی ناوخۆ، ھەڵبەجەیەک و ئەنفالێک، نەتەوەکەیان بە مەرگەسات و مردنی بەکۆمەڵ سپاردووە، گیانی کوردبوون و شکۆی مرۆڤ بوونیان وردکردووە و کوڕەکانیان تیرۆر کردوون و کچەکانیشیان کردونەتە کۆیلەی لەزەتە پیسەکانی خۆیان. مێژووی نەتەوەکەیان ئاوەژوو کردۆتەوە و پاڵەوانی کاغەزین و داستانی خەیاڵی پەلاماردانی پەروانەی ھێلیکۆپتەرەکانی دوژمنی کوردیان ڕستووە.
ئایا ھەموو شەرافەتمەندی و شکۆی مرۆڤبوونی ئێووە ئەوە نەبوو کە کە لەسەر لوتکەی کێوێکی نیشتمانی کورددا، گەمارۆی کچەکوردێکی شەڕڤانی دلێری وەک ( شەھید بێریتان) تان د،ا تا بە زیندوویی وەک دیاری ئابڕووی تکاو و غیرەتی بابردو و دەھۆڵی دڕاو و سەری شۆڕ و دڵسۆزیتان بۆ دوژمنانی کورد، تەسلیم بە گورگەکانی فاشیزمی تورکی بکەنەوە؟!.
لەکام بستەخاکەی ئەم نیشتمانە داگیرکراوەدا جێ پێی خیانەتی ئێوە لە نەتەوەکە، شایەتی زیندووی دادگای گەلی ئێمە نییە/ نابێت؟!.
کام بەشە لە نەتەوەی کورد لە باشوور، باکوور، ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوایدا، لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانی بندەستی پڕاوپڕ لە ڕەتکردنەوە و خەباتی بەرەنگاریی خۆیدا، لەپێش لەشکری داگیرکرانەوە ڕووبەڕووی تفەنگ وخیانەت و بوونە کەواسووریی بەلشکری دوژمنانی ئێوەی نەبینی و زامەکانی ئەو ڕەفتارە قیزوونانەی ئێووە تاسەر ئێسکەکانی ڕۆ نەچوون؟!.
جارێک گوتم: 
ھەر کوردێک گوێ لە فازیل مەتنی و سەعدی پیرە بگرێت وەک دوو فیشاڵی کوردایەتییەکی قێزەوون  و ھەست بەشەرمەزاری نەکات، دەبێت لە ئاوەز و ساغیی دەروونی گومان بکات و تا دەرفەت ماوە ھەوڵی چاککردنەوەی تەندروستی خۆی بدات.
ئەمڕۆ بزیسکی ئەو ئاگر و ڕاپەڕینە شارستانەتییە لە چەمچەماڵ داگیرسا و بە دڵنیاییەوە دەبێتە ڕوشناییەک سەرتاسەری باشووری نیشتمان ڕووناک دەکاتەوە.
خەباتی کوردستانی خەڵکی ئازادیخواز و شەرافەتمەندیی چەمچەماڵ پیرۆز و شکۆدارە.
ھاوبیرانم، جێماوەکانی کوردقڕانی دۆزەخی ئەنفال، ئێوە خۆتان شایان بەوەن شیوەنی شەھیدەکانتان بگێڕن، نەک وەزیر و گزیری دەسکاریی دوژمنانتان.
خاکەکەتان شایان بەوەیە، مامە ڕیشەکانی کورد، خەباتی تێدا بکەن، نەک قافڵەی ئۆتۆمۆبیلەکانی سەرکردەیەتی ترسا و لەگەل، پیسی بکەن.
ئەنفالەکان کوڕان و کچانی ئێوە بوون، کاتێ ئەوان بەدەم لوتی ئاسنینی شۆڤڵەکانەوە، زیندەبەچاڵ دەکران، کوڕان و کچانی سەرکردەیەتی حیزبەکان، لە باڕ و جەژنی لەدایکبوون و سەمای شەوانەی ھۆڵە بریقەدارەکانداشەکەت و مەست، پارەی دزراوی شۆڕشەکانی ئێوە و خوێنی ڕژاوی نەوەکانی ئێوەیان، دەکردە شاباشی سوزانییە ڕۆژئاواییەکان.
ئەوان کە دەستیان بە کورسی دەسەڵات گەیشت، لە جیاتی ئەوەی خوێنی بەناحەق ڕژاوی منداڵانی کورد، ببەنەدادگا نێو دەوڵەتییەکان: خاکی نیشتمانی ئێوەیان، بە ڕەسمی فرۆشت بە دژمنی دێرینەی کورد.



ئەگەر دوێنی دەمانتوانی بە دنیا بڵێین:
ئێمە لەسەر خاکی خۆمان بەرگری لە خۆمان دەکەین و قسەکەمان قەبوڵکراو بوو، چوونکە ئەنفالیان کردبووین، ئێستا پاش سی ساڵ بە ھۆی فەرمانڕانیی دەستەکانی سەرکردەیەتی جەلالی و مەلایی و دوکانە بچووکەکانی ترەوە، لەو داخوازییە حەقە و لەو بەڵگە حاشا ھەڵنەگرە بێبەری کراین و بە ئیمزانی سەرانی ئەو تاقمە ستەمکارانە بەشێکی گەورە لە نیشتمانی ئێمەیان بەوان فرۆشت و ئێمەیان لەسەر خاکی خۆمان کردە گرێگرتەی دوژمنانی دێرینەمان.
ڕوونتر پێتان بڵێم: جەلالی و مەلای و تاقمەکانی باشوور، داگیرکردن و زوڵم و ستەم و بە سووتماکردنی باشووری کوردستانیان، کردە مافێکی ڕەوا بۆ دوژمنانی کورد بەڕەسمی و بەبەڵگەوە.
خۆرئاوا و نەتەوەیەکگرتووەکان و ھێزەجیھانییەکان لەم کەین و بەینەی  حوکومەتەکەی مەلایی و جەلالی کە سی ساڵە خۆیان بە پشتی ماندووی ئێوەدا داوە، ئاگادارن. 
بۆیە، ھەڵوێستی شەرافەتمەندانەی خەڵکی چەمچەماڵ سەرەڕای مانا مەعنەویی و ئازادیخوازیی وھەڵوێستی کوردایەتی ڕاستەقینەی خەڵک، بزووتنەوەیەکی یاساییە و ھەڵوەشاندنەوەی تەقڵی یەکەمی ئەوگرێبەست و کڕین و فرۆشتنانەی کۆمپانییەکەی جەلالی و مەلاییە و گرنگە لە ھەڵوێستەکانی داھاتووی نەتەوەکەدا، ئەم دروشم و بێبەریی بوونانەی خەڵک بە ئاشکرا بدرێت بە گوێی ھێزە جیھانییەکاندا، بەر لەوەی دوژمنانی کورد و دۆستی سەرکردەیەتی کورد، دەست لە خاک و نیشتمانمان بووەشێنن و بەڵگەکان بکەنەقەواڵەیەکی نێونەتەوەیی.
ئەگەر تا ئێستا ئەم کارەیان نەکردووە، بارودۆخی سیاسەتی جیھانی لە بار نییە، بەڵام لە دابەشکردنەوەی جیھاندا، ئەم بەڵگانە دەکرێنە پاشکۆی قەواڵە کۆنەکان و پەیمانە بەستراوەکانی وەک لۆزان و سەعدئاباد.
شکۆدار و بەردەوام و پڕ بەرەکەت بێت، وشەی" نا" ی دەڤەری چەمچەماڵ بۆ ستەمکارانی جلخواریی خۆماڵی.
خەباتێکی کوردستانی:
 پیرۆز و 
حەق و 
ڕەوا و
دروستە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە