ئێمە لەسەر خاکی خۆمان بەرگری لە خۆمان دەکەین و قسەکەمان قەبوڵکراو بوو، چوونکە ئەنفالیان کردبووین، ئێستا پاش سی ساڵ بە ھۆی فەرمانڕانیی دەستەکانی سەرکردەیەتی جەلالی و مەلایی و دوکانە بچووکەکانی ترەوە، لەو داخوازییە حەقە و لەو بەڵگە حاشا ھەڵنەگرە بێبەری کراین و بە ئیمزانی سەرانی ئەو تاقمە ستەمکارانە بەشێکی گەورە لە نیشتمانی ئێمەیان بەوان فرۆشت و ئێمەیان لەسەر خاکی خۆمان کردە گرێگرتەی دوژمنانی دێرینەمان.
ڕوونتر پێتان بڵێم: جەلالی و مەلای و تاقمەکانی باشوور، داگیرکردن و زوڵم و ستەم و بە سووتماکردنی باشووری کوردستانیان، کردە مافێکی ڕەوا بۆ دوژمنانی کورد بەڕەسمی و بەبەڵگەوە.
خۆرئاوا و نەتەوەیەکگرتووەکان و ھێزەجیھانییەکان لەم کەین و بەینەی حوکومەتەکەی مەلایی و جەلالی کە سی ساڵە خۆیان بە پشتی ماندووی ئێوەدا داوە، ئاگادارن.
بۆیە، ھەڵوێستی شەرافەتمەندانەی خەڵکی چەمچەماڵ سەرەڕای مانا مەعنەویی و ئازادیخوازیی وھەڵوێستی کوردایەتی ڕاستەقینەی خەڵک، بزووتنەوەیەکی یاساییە و ھەڵوەشاندنەوەی تەقڵی یەکەمی ئەوگرێبەست و کڕین و فرۆشتنانەی کۆمپانییەکەی جەلالی و مەلاییە و گرنگە لە ھەڵوێستەکانی داھاتووی نەتەوەکەدا، ئەم دروشم و بێبەریی بوونانەی خەڵک بە ئاشکرا بدرێت بە گوێی ھێزە جیھانییەکاندا، بەر لەوەی دوژمنانی کورد و دۆستی سەرکردەیەتی کورد، دەست لە خاک و نیشتمانمان بووەشێنن و بەڵگەکان بکەنەقەواڵەیەکی نێونەتەوەیی.
ئەگەر تا ئێستا ئەم کارەیان نەکردووە، بارودۆخی سیاسەتی جیھانی لە بار نییە، بەڵام لە دابەشکردنەوەی جیھاندا، ئەم بەڵگانە دەکرێنە پاشکۆی قەواڵە کۆنەکان و پەیمانە بەستراوەکانی وەک لۆزان و سەعدئاباد.
شکۆدار و بەردەوام و پڕ بەرەکەت بێت، وشەی" نا" ی دەڤەری چەمچەماڵ بۆ ستەمکارانی جلخواریی خۆماڵی.