هێرشی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکەین

Thursday, 21/04/2022, 19:32

7139 بینراوە


دکترباقر پیری

چەند ڕۆژێکە سوپای داگیرکەری تورکیا بەبیانووی شەڕ لەگەڵ پ ک ک، هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان. ئەمە لە کاتێکدایە ژیانی بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچەکەی ئاڵۆز کردووە و زیانی زۆریشی بە باخ و مەڕ و ماڵاتی گوندنشینان گەیاندووە. تۆپباران و بۆردوومانی ناوچەکە گەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی خەڵکی ناچار بە چۆڵکردنی گوندەکانیان کردووە.
ئەمە یەکەم جار نییە #داگیرکەران بەبیانووی جۆراوجۆر، ماڵ و ژیانی خەڵکی کورد دەکەنە ئامانج. بێگومان لە دەرەوەی کوردستان، هێرشی سوپای تورکیا و هەر هێزێکی لەو جۆرە بە شەڕ لەگەڵ کورد دەزانرێت، نە شەڕ لەگەڵ لایەنێکی تایبەت.
دەوڵەتی تورکیا بەکەڵک وەرگرتن لە سەرقاڵیی میدیا جیهانییەکان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین و بەبیانووی شەڕ لەگەڵ پ ک ک، بووەتە هۆی ماڵوێرانی بەشێکی خەڵکی کوردستان. لەوە خراپتر پڕوپاگەندای چەواشەکارانەیە بۆ ئەوەی ببێتە مایەی دڕدۆنگی و دووبەرکی نێوماڵی کورد.
"بەرەی یەکگرتووی کورد" بەتوندی ئەم هێرشە ئیدانە دەکات و داوا لە هێز و لایەنەکانی کورد و بەتایبەت جەماوەری وڵاتپارێزی کوردستان دەکات، نەکەونە داوی ئەو چەواشەکارییانە و دڕدۆنگی و دووبەرەکی نەخەنە نێو #ماڵی_کورد.
داگیرکەران بەدرێژایی مێژوو سەلماندوویانە دژی نەتەوەی کوردن و تەنیا دەیانەوێت بە ئاژاوەنانەوەی نێو ماڵی کورد، پیلانە دژە مڕۆییەکانیان بەدەستی خۆمان وەدی بێنن.
جارێکیتر هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی شەهید و بریندار و خەسارلێکەوتووان دەردەبڕین و هیوادارین بەوشیاریی و دڵسۆزیی هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەم پیلانەش پووچەڵ بێتەوە و بەهیممەت و فیداکاریی نیشتمانپەروەران سوپای داگیرکەر بە سەرشۆڕی دەبێ بکشێتەوە.
بەرەی یەکگرتووی کورد
٢٧٢٢/٠١/٣١ی کوردی
١٤٠١/٠١/٣١ی هەتاوی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە