ڕاکردن لە نیشتیمان

Sunday, 24/04/2022, 22:42

7018 بینراوە


مەحەمەد ماغوت بیرمەندی سوریایی دەڵێت، تەنها شتێک من بە نیشتیمانەکەمەوە بمبەستێتەوە ئەوا پێڵاوەکانمن. لەم چەند ساڵەی ڕابردوشدا، لەناو گەنجانی کورددا قسەیەک زۆر باو بووە، کە دەڵین. بەجێهێشتنی نیشتیمان ئەوپەڕی نیشتیمان پەروەرییە. 
بەڕای من ئەم دوو وتەیە لە ناوەڕۆکدا نامەنتیق و نادروستن. بەڵام بۆ وڵاتی ئێمەو سوریا ئەوا لەجێگای خۆیانن و حەقیقەتێکی تاڵن. بۆچی ؟ چونکە وڵاتی ئێمە شتێکی تێدا نەماوە کە لەبەرژەوەندی و لەخزمەتی هاوڵاتیانی ئاساییدابێ. وە شتێکی تێدا نەماوە کە والەهاوڵاتیانی بکات وڵاتیان خۆشبوێت و وابەستە بن بە نیشتیمانەوە. دیارە کۆمەڵێک هۆکارگەلی زۆر ئەم حەقیقەتە تاڵەی خوڵقاندووە. بێگومان وڵاتانی نەیاری کوردیش دەورو دەستپێوەردانیان هەبووە لەم ڕووەوە. بۆ نمونە تورکیاو ئێران سیاسەت و پیلانی دورمەودایان هەیە بۆ ئەوەی کەلەنێکی گەورە دروست بکەن لەنێوان گەنجانی کورد و وابەستەبونیان بە نیشتیمانەوە. هەروەها بە دەرەجە یەک بەرپرسی سەرەکی لەمەدا یەکێتی و پارتین. وە پێموایە تورکیاو ئێران  بەشێکی پیلانەکانیان لەڕێگەی یەکێتی و پارتیەوە جێبەجێ دەکەن. وە بەشێکیش بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە دەسەڵاتدارانی کوردستان هیچ ئینتیماو دڵسۆزیەکیان نییە بۆ وڵاتەکەیان و تەنها ئامانجیان ئەوەیە لەنێوخۆیاندا ململانێ بکەن لەوەی کامیان زوترو زیاتر پێگەی دەسەڵاتی خۆی قایمترو جێگیرتر بکات و زۆرترین ڕێگەی پارەو نەوت بدزێت. 
ئیتر لە ڕووی کشتوکاڵییەوە وڵات هیچ بەرەوپێشچونێکی نییەو توانای زانستی و ئاستی زانکۆکانیش زۆر خراپەو جگە لەمرۆڤێکی بەکاربەرو بێبەرهەم هیچیتری لێوەدەست نایەت. هەروەها سنورەکانیش هیچ کوالێتی کۆنتڕۆڵیان نییەو تورکیاو ئێران ڕۆژانە هەزاران تۆن خۆراکی ماوە بەسەرچوو و ژەهراویکراو بە ماددەی مەترسیدار هەناردەی کوردستان دەکەن. لەلایەکیترە لەڕوی ئەمان و ئاسایشەوە ژیانی هیچ هاوڵاتیەک پارێزراو نییەو هیچ هێزێکی نیزامی بوونی نییە کە لەچوارچێوەی یاسادا بجوڵێتەوە. بەڵکو هەر بەرپرسەی خاوەنی هێزی میلیشیایی خۆیەتی و بە ئارەزوی خۆی دەتوانێت ئەو هێزە چەکدارانە بەکار بێنێت بۆ  ململانێ و یەکلایی کردنەوەی کێشە شەخسیەکانی خۆی. تەنانەت ئەم هێزانەش کە هی حیزب و حکومەتن و لەناو جلوبەرگی پۆلیس و ئاسایشن، لە ناوەڕۆکدا پارێزەری ئاسایشی جەللاد و مافیاکانی یەکێتی و پارتین و گەورەترین مەترسین بۆسەر ژیانی هاوڵاتیانی ئاسایی و بزنزمانان. بە یەقینەوە دەیلێم هیچ هاوڵاتیەک ژیان و کەڕامەتی پارێزراو نییە، مەگەر خۆی لەژێر سێبەرو پەناگای بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانیدا حەشاربدات. بۆیە ئەمانە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانن بۆ جێهێشتنی وڵات لەلایەن گەنجانەوە. ئەگینا ئەگەر بەهۆی گەندەڵی یەکێتی و پارتییەوە ئەم بێکارییە زۆر نەبوبایەو عەداڵەتی و یەکسانی و ئازادی و دادپەروەری و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان هەبونایە دڵنیام گەنجانی کورد وڵاتیان جێنەدەهێشت. بۆیە ئەمانە هۆکاری سەرەکین و دەشکرێت هۆکارگەلیتریش هەبن. بەڵام لەڕای من ڕێگای دروست ئەوەیە کە گەنجان لەجیاتی ڕۆیشتن بۆ ئەوروپا، واباشترە شۆڕش بکەن لەپێناو گۆڕینی وڵاتەکەیان نەک جێهێشتنی. گەنجان هەق وایە شۆڕش بکەن لەپێناو بەدەست هێنانی ئازادی و مافە سەرەتاییەکانیان و نەهێشتنی گەندەڵی.   
یەعکێتی و پارتی لە بەعس خەراپتریان هێنا بەسەر کوردستان. ئەگەر ئەم ٣١ ساڵە سەددام حوکمی بکردایە ئێستا نیو هێندە گەنجان نەڕۆیشتبوون بۆ هەندەران. ئێستا کوردستان بەم ڕادەیە وێران نەکرابوو، ئێستا کوردستان بەم ڕادەیە نغرۆ نەببوو لە گەندەڵی و ناقانونی و مافیاگەردانی. بۆیە یەکێتی و پارتی بە مەبەست و بە پیلان هەوڵیانداوەو دەیدەن لەپێناو ئەوەی گەنجانی ناڕازی وڵات بەجێبێڵن و خێرو بێری کوردستان بۆخۆیان بەجێبێڵن. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە