هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


تورکیا و قەندیل

Friday, 29/04/2022, 20:33

9758 بینراوە


جەنگی یۆکرانیا تەنیا جەنگێک نییە کە لەنێوان ئەو وڵاتە و ڕوسیادا بێت، بەڵکو جەنگی ئەمریکا و هاوپیمانەکانیەتی لەگەڵ ڕوسیادا، بۆیە دەبینین زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە لە بەرەی ئەمریکان، هەنووکە بە چەک و تەقەمەنی و ماددی یارمەتی  یۆکرانیا دەدەن، جگە لەوەش لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا بەنێوی ئەوەی خەڵکی خۆبەخش لە ئەوروپا و ئەمریکا و چەند وڵاتیکی دی  ڕوو لە یۆکرانیا دەکەن، بۆ ئەوەی سەرمایەی مرۆی لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕوسیادا بەهێز بکرێت. 
ئەمریکا ڕوسیای لە جەنگی یۆکرانیادا گلاند، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا هەوڵدەدات لە جەنگێکی دی بگلێنێت، بە تایبەتی لە سوریا و عیراق. ئەمریکا دەرک بەوە دەکات کە جەنگی ڕوسیا و ئیران لە سوریا بە هێزی بچووک و کیانی ساوای تازە پێگەیشتوو ناکرێت، یان بەلای کەمی ئەو جۆرە هێزانە ناتوانن ئامانجە سەربازیی و ئابووریەکانی ئەمریکا سەداسەد لەو ناوچەیدا بپێکن، بۆیە باشترین داش لەو ساتەدا بۆ ئەمریکا، بەکارهێنانی تورکیایە لە سوریا دژ بە ڕژێمی ئەسەد و ڕوسیا. تورکیا دەرکی بەوە کردوە و ڕازییە ئەمە بۆ ئەمریکا بکات، بەڵام بە مەرجی ئەوەی کورد لە سوریا نەبێت بەهیچ و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی چاوبپۆشن لە هێرشەکانی تورکیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و داگیرکردنی. 
 لە عیراق هەمان ئەزموون خۆی دووبارە دەکاتەوە، ئێران خۆی بە خاوەنی پلە یەکی ئەو وڵاتە دەزانێت، لە لایەکی دی تورکیا بەتەمای کەرکوک و هەولێر و موسڵە، کە هەرگیز تاران بەوە ڕازی نابێت و پێشبینی گرفتی مەزن لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا دەکرێت، بۆیە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئیرانیش لە عیراق ئەمریکا پێویستی بە تورکیایە نەک هێز و میلیشیا بچووکەکان، واتە تورکیا حاڵیە لەوەی کە ئەمریکا خەریکە ئەو ئەرکە ڕووبەڕووی ئەو دەکاتەوە، بۆیە یەکەم مەرجی خۆی دەیەوێت بسەپێنێت، کە ڕوونە ئەویش نەبوونی کوردە بەهیچ لە ناوچەکەدا، چاوپۆشینی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە هێڕشە سەربازییەکانی ئەو بۆ سەر باشووری کوردستان و داگیرکردنی شارەکانی. واتە لەشکرکێشی تورکیا تەنیا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە نییە لە باشووری کوردستان، نەخشەی تورکیا زۆر لەوە گەورەترە.
ئەزموون سەلەماندویەتی کە پەکەکە کۆنتڕۆڵ و حوکمڕانی هیچ ناوچەیەکی دیاریکراو ناکات، دەسەڵاتێکی سیاسیی وەک حکومەتێک نییە تا بتوانرێت بە کودەتا یان بە هێرشی سەربازیی لەنێو ببردرێت. واتە تا ئێستاش پارتی کرێکارانی کوردستان، لە قۆناغی شۆڕشی چەکداریی و شەڕی پارتیزانییە، واتە بەگرتنی قەندیل یان هەر لووتکەیەکی دی شاخەکانی کوردستان لەلایەن تورکیاوە، پەکەکە کۆتایی ناێت، با دواتر قەندیل نەبێت، لووتکەیەکی دی شاخەکانی کوردستان ببێت بە بنکە، هیچ لە ئەهمیەتی سەربازیی و سیاسی بۆ پەکەکە ناگۆڕێت، ئەو بیروباوەڕەی کە ئەوان لە مێشکی کوردانی باکوور و ناوچەکانی دی کوردستان چەسپاندویانە، بە هێڕش کردنی تورکیا بۆ سەر قەندیل هیچ ناگۆڕێت و کۆتایی نایەت، تورکیا ئەو ڕاستییە دەزانێت بەڵام تەنیا بۆ میدیاکان دەیەوێت بڵێت ئەو تەنیا مەبەستی لێدانی پەکەکەیە، ئەو خۆی لەوە دەدزێتەوە کە پەکەکە ئەمڕۆ نوێنەرایەتی کورد لە تورکیا دەکات، کە لە ٢٠%ی پێکهاتەی کۆمەڵگەی تورکیاییە و دەبێت ڕۆژێک لە ڕۆژان ملکەچی ئەوە بێت لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵیان دابنێشێت بۆ دیاری کردنی چارەنووسی ٢٠ میلیۆن کورد. 
بە دڵنیاییەوە ئەو هەڵویستەی ئەمڕۆی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەرامبەر بە تورکیا، هەڵوێستێکی کاتییە، لەبەرئەوەی ستراتیژیەتی ئەمریکاش لە ناوچەکەدا زۆر لەوە مەزنترە، کە ڕێگە بە تورکیا یان ئێران بدات، ئیمپراتۆریەتی فارس و عوسمانی زیندوو بکەنەوە، واتە ئەو هێز و پارت و کیانە ساوایانەی وەک حکومەتی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان تەنیا بە فیکەیەکی تورکیا، ئەمریکا و هاوپەیمانانی پشتگوێیان ناخەن، چونکە ئەمڕۆ ڕۆژێکی دی لەدواوە دێت، کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی وەک هێڵی تەریب دەبێت لەگەڵ خواست، ئارەزوو، مەرام و بەرژەوەندییەکانی تورکیا، بۆ نمونە تا دوێنی بوو ڕوسیا و ئەمریکا لە سوریا لە دژی جەنگی داعش لە سەنگرێکدا بوون، ئەمڕۆ لە هەموو سوچێکی دنیادا تەقە لە سێبەری یەکتر دەکەن.   
لەم کەینوبەینەدا، زۆربەی هێز و پارتە سیاسییەکان و سەربازییە کوردییەکان لەنێوان تورکیا و ئێراندا دابەش بوون، هەندێکیان هەر بەوە نەوەستاون بەڵکو بوون بە جاش و چاوساغی بۆ سوپای جەندرمە دەکەن.  سەرانی ئەو هێزانە هەریەکە سەرکەوتنی خۆی لە سەرکەوتنی تورکیا یان ئێران دەبێنێت، ڕەنگە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی سەرانی ئەو حزبانە ئەم هەڵویستە کارا بێت، بەڵام هەرگیز ئەمە لە بەرژەوەندیی بزوتنەوەیی ڕزگاریی نیشتمانیی گەلەکەمان نییە، ئەمە بیرکردنەوەیەکی هەڵە و  کێشەیەکی مەزنە و کۆسپێکی گەوریە، لەبەردەم تەکاندان بە بزاڤێی ڕزگاریی نیشتمانیی میللەتی کورد و یەکگرتن، لەبەرئەوەی سەرکەوتنی تورکیا یان  ئێران، یەک هاوکێشەی سیاسی و سەربازیی بۆ کورد بەرهەم دێنێت، کە ئەویش کۆتایی هەموو ئەو هێزو لایەنە سیاسیی و سەربازییە کوردییانەیە کە خۆیان لەم دوو سەنگەرەدا ساغ کردۆتەوە، لێدانێکی مەزنە لە ڕێڕەوەی ڕاستی بزوتنەوەیی ڕزگاریی نیشتمانیی و نەتەوەیی میللەتی کورد لە ناوچەکەدا. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە