بە یەکجاری دەمانکەن بە فلیمی هیندی

Saturday, 04.30.2022, 19:39

1838 بینراوە


لە تەمەنی منداڵی و هەرزەکاری دا زۆر تەماشای فلیمی هیندیم ئەکرد وای لێ هاتبوو لە دەستپێکی فلیمەکاندا دەمزانی سەرەنجامەکەی بەچی دەگات. من واهەست ئەکەم ئەمجارەش وەك ڕیفراندۆمە دۆڕاوەکە تورکیا و بەریتانیا تووشی ماڵوێرانیمان دەکەن.
 بە فەرمانی تورکیا بارزانی ڕیفراندۆمی ئەنجام دا وادیار بوو ئیسرائیل و ڕوسیاش هاوکاربوون هەڵبەتە هەریەکەی بۆ مەرامێك، کەچی تورکەکان لەلایەك بەڵێنیان بە بارزانی دا ڕفراندۆم ئەنجام بدات و هاوکاری بکەن، لە سەرێکی تر بە پەلە تورکەکان پەیوەندیان بە ئینگلیزەکان کرد و داوایان کرد شکست بە ڕیفراندۆم بهێنن نەبادا هەموو کێلگە نەوتیەکانی کوردستان بکەوێتە ژێر دەستی ڕوسەکان  بە کەرکوکیشەوە ئەوە بوو هەر زوو ئینگلیزەکان بەڕێگای ئێران و حکومەتی عەبادی هێزی پێشمەرگەیان لە زۆر ناوچەکانی کوردستان بە دەرنا.
باشە لەبەرچی ئینگلیزەکان؟ هەرچەندە وا هەست ئەکرێت عێراق لە لایەن ئەمریکا بەڕێوەدەبرێت بەڵام لەڕاستی دا ئینگلیزەکان برا گەورەن، لە عێراق  بڕیاری سەرەکی لە دەست ئینگلیزەکان دایە.
پلانی تورکیا لەشکست پێهێنانی ڕیفڕاندۆم ئەوەبوو تاوەکوو بە ڕەزامەندی  ئینگلیزەکان هەردوو ووڵات تورکیا و ئێران  بکەونە ناو خاکی باشووری کوردستان و بەیەکجاری باشوری کوردستان داگیر بکەن بەڵام ئێران ئەو کارەی نەکرد چونکە لە بەرژەوەندی ئێران دا نەبوو ئەو کارەیە بکرێت.
هەر لە سەرەتای دروست بوونی تورکیای نوێ  هەتاوەکوو ئەمڕۆ ئینگلیزەکان یارمەتی تورکەکان دەدەن هۆکاری سەرەکیش دژ بە ڕوسەکانە لە کۆنەوە دژ بە سۆڤیەت ئێستاش دژ بە ڕوسیایی فیدڕاڵ.
بە بۆچوونی من بەریتانیە هەر لە زووەوە خەریکی ئەوەیە بە ڕێگای ئەو دەوڵەمەندە ڕوسانەی کە لە لەندەن دەژین گۆڕانکاری بەسەر حوکمی ڕوسیادا بهێنی و ئینگلیزەکان لە ڕوسیای فیدڕاڵ دەست ڕۆیشتووبن هەر بۆیە ئەم شەڕەی ڕوسیا و ئۆکرانیا لە ڕاستی دا شەڕی بەریتانیا و ڕوسیایە بەڵام  ئێستا بە ناچاری زۆرینەی ووڵاتانی ئەوروپی و ناتۆ تووشی ئەم شەڕەیە هاتوون و کڵاویان خراوەتە سەر.
ئێستا بەریتانیا و ئەمریکا  پێویستیان بە یارمەتی ئیسلامیەکان و تورکیا هەیە دژ بە  ڕوسیا و چین، یارمەتیەکە ڕاستەوخۆبێت یان ناڕاستەوخۆ یارمەتیەکە بە ئاشکرای بێت یان بە نهێنی.کاتێ ئەمریکا ئەفغانستان و عێراقی داگیرکرد وایزانی ئۆتۆماتیكی ڕژێمی ئێرانیش دەڕووخی بەڵام وا دەرنەچوو. ئەو کاتەی کە ئەمریکا لە ئەفغانیستان بوو بزوتنەوەی تاڵیبان لە لایەن روسیا و چین و ئێران و پاکستان یارمەتی ئەدران بۆیە ئەمریکا زانی ئەمە سەرناگرێت و دەرچونیان بە باش زانی و لەگەڵ جوڵانەوەی تاڵیبان  ئاشت بوونەوە. ئێستاش ئەم دوو وولاتە زلهێزە ئەمریکاو بەریتانیە ئەیانەوێت لەگەڵ هەموو مەزهەب و گرووپە ئیسلامیەکان ئاشتەوانی بکەن بە دوور مەزانە هەر لەمزوانە لە بەریتانیاو ئەمریکا ڕێگا بە موسوڵمانەکان بدرێت شەریعتی ئیسلامی پەیڕەوبکرێت. لەوانەیە داعشیش لە لیستی تیرۆریست وە دەرخەن. 
هەرچی  لە بڕی ئەو یارمەتیەی تورکیایە  پێویستە تورکیا پاداشت بکرێت بۆیە من واهەست دەکەم ئینگلیزەکان  لە هەوڵی ئەوە دان ئەمریکا  ڕێگا بە  تورکیا بدات بە تەواوی ڕۆژئاوای کوردستان داگیربکات پرسیار ئەوەیە ئایا داگیرکردنی بەشێکی زۆری سوریا لە بەرژەوەندی ئیسرائیل دایە؟ یاخود ڕێگا بە سوپای سوریا بدرێت ناوچە کوردیەکان کۆنتڕۆل بکاتەوە. 
هەروەها ئینگلیزەکان دەیانەوێت  سەڕەڕای نەوتی کوردستانی باشور تورکیا دەستی بە گازیش بگات، تەنانەت ئینگلیزەکان لاریان لەمەدانیە تورکیا هەموو باشوری کوردستانیش داگیربکات. 
ئایا ئینگلیزەکان دەتوانن فشار بخەنە سەر حکومەتی ناوەندی بۆ ئەوەی ڕێگا بە تورکیا بدرێت سەڕەڕای نەوتی کوردستان دەست بەسەر گازیش دابگرێت؟ وابزانم ئینگلیزەکان لەم سات و ئانەیەدا سەر کەوتوو نابن وەڵام نەخێرە.
ئایا حکومەتی ناوەند هەقی ئەوەی هەیە هێز بنێرێت و دەست بەسەر کێڵگە نەوتیەکان دابگرێت؟ بەڵێ هەقی خۆیەتی. خۆشی بێت یان تاڵی کوردستانی باشور بە ڕەسمی بەشێکە لە خاکی عێراق ئیتر چۆن دەبێت تۆ بەشێ بیت لە ووڵات کەچی بە بێ ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندی ژێر خان و سەرخانی باشوری کوردستان بدزی و پەرش و بڵاوەی پێ بکەیت و کەسیش مافی ئەوەی نەبێت قسەت لەگەڵ بکات، لە هیچ شوێنێکی ئەو دونیایە شتی وانیە و نەبووە. هەندێ کەس دەڵێ لە باشوری عێراقیش ملیشیاکان قاچاغ بە نەوت دەکەن، ڕاستە عەرەبەکانیش وەك ئێمە گەندەڵ و دزن بەڵام وەك ئەمەی ئێمە نیە، تەنکەری نەوت لەملاو ئەولا دەدزرێت، بۆڕی نەوت کون دەکرێت بەڵام وەك ئەمەی ئێمە نیە تۆ دزی بکەیت و بڵێت من پەیڕەوی یاسا دەکەم و پەیڕەوی دەستوری عێراقی دەکەم  کەسیش لێپرسینەوەت لەگەڵ نەکات، درۆیە لە دەستوری عێراق نەهاتوو تۆ پەنجا ساڵ ڕێگا بە تورکیا بدیت نەوتی کوردستان بدزێت کەسیش ئاگای لە ناوەرۆك و داهاتەکەی نەبێت، ئێستاش دەیانەویت گازیش بە دەردی نەوت بەرن.
تەنانەت ئەو شاندەیەی دوایی کە سەردانی ئوردوگانی کرد تەنها مەسرور و سەفین دزەیی دیاربوون ئایا حکومەتی ناوەندی مافی ئەوەی نیە ناوەرۆکی ئەم سەردانە بزانێت؟
لە هەندێ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ووتیان بێڕێزی بە مەسرور کراوە وەك فەرمانبەرێکی تورك تەماشا کراوە، من ئەڵێم مەسرور دەبێت شەو ڕۆژ  سوپاسی خوا بکات ئوردوگان مەسینەی لە تەنیشتیەوە دانەنا هەروەك چۆن پێشتر لە تەنیشت مسعودی باوكی دانرا، مەسرور دەبێ سوپاسی خوا بکات جامانەی لەسەر نەبوو نەوەك هەروەك چۆن کاتی خۆی ئوردوگان گاڵتەی بە مەسعود کردوو دەستی خستە سەرجامانەکەی، لە هەمووی ناشیرینتر ئەوەبوو  مسعود بارزانی سەری خۆی شۆڕکردوو زەردەخەنەی هات . سەدام چەند مرۆڤێکی دڕندە بوو بەردەوام لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن لەگەڵ سەرۆك جاشەکان بەدەردەکەوت بەڵام ڕۆژگارێ نەمبینی گاڵتە بە جامانەکەیان بکات کەچی مەسعود بەو بێڕێزیەی کە پێی کرا خۆشی هات.
وابزانم ئێستا تەنها ڕێگا چارە ئەوەیە بە نەرمی کێشەکان چارە سەر بکرێن ڕاستە  وا ئاسان نیە بەڵام باشترە لەوەی تورکیا و بەریتانیا بەیەکجاری ماڵمان وێران بکەن.
هەموو کات شەڕکردن چارە نیە، با زۆر نەگەڕێنەوە دواوە با لە رووخانی مەلەکیەت دەست پێ بکەین، کاتێ کە عەبدولکەریم حوکمی گرتە دەست  ئەوەندەی نەخایەند شەڕی کورد و عەرەب دەستی پێ کرد، عەبدولکریم چ خراپی بۆ کورد هەبوو؟ هەق وایە ڕۆژگارێ ئاودەستێ لەسەر کەلەی سەری ئەو سێ خۆفرۆشانە مەلا مستەفا و ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی دروست بکرێت، هەر ئەم خۆفرۆشانەش بوون هاوکاری قەومیەکان و بەعسیەکانیان کرد بۆ ڕووخاندنی عەبدولکریم قاسم.
بەر لە شەڕی ساڵی ١٩٧٤ چاکتر نەبوو مەلا مستەفا گوێی لە کاربەدەستانی سۆڤیەت بگرتبا و  شەڕی حکومەتی عێراقی نەکردبا، ڕاستە سەدام لە زۆر لە بەڵێنەکانی پەشیمان بووەوە بەڵام سەرانی کورد دەبوایە هەوڵی زۆریان بدایە شەڕنەکرێت، کەچی لە ساڵی ١٩٧٣ بەر لە ساڵێك کە شەڕ دەست پێبکاتەوە مەلا مستەفا باسی ئەوەی کردبوو ئەمریکا و ئیسرائیل دەوڵەتمان بۆ دروست دەکەن من نازانم ئەم قسەیە تا چەند ڕاستە، مەلا مستەفا بیری لەمە نەکردبووەوە ئەمریکا چۆن کارێ  ئەکات کە دژ بە بەرژەوەندی تورکیا و ئێران بێت. ڕاستە کە کاربەدەستانی سۆڤیەت بە مەلا مستەفا دەڵێن شەڕ مەکە لە بەرژەوەندی ئەوان بووە بەڵام باوەڕبکە لە هەمان کاتدا بەرژەوەندی کوردیشیان وویستووە چونکە ئەوان باش زانیویانە ئیسرائیل و ئێران و ئەمریکا کورد بەکاردەهێنن ڕاستیەکەشی هەروابوو. جێگای داخە بۆ دانوستنەکان لەگەڵ سەرانی بەغدا مەلا مستەفا تەنها ئیدریس و مەسعودی ڕەوانە ئەکرد ئەمانە تەمەنیان بچوك بوو کەم ئەزموون بوون دەبوایە کەسانی لێهاتوویان ڕەوانە بکردایە ئیتر نازانم کەسانی لێهاتوویان هەبوو یان نەء.
هیوادارم سەرانی کورد هەوڵی ئەوە نەدەن دەست بۆ شەڕ ببەن لەگەڵ حکومەتی ناوەندی  چونکە دەرئەنجام ئێمە دۆڕاوەیەن.