بەڵێ رۆژنامەی كوردستان بووە سەرەتایەك بۆ كاری رۆژنامەوانی كوردی، هەرچەندە دەركەوتنی ئەو رۆژنامەیە لەدژی ئەو زۆڵم و ستەم و ناعەدالەتیەی دەوڵەتی عۆسمانی ئەو كاتە بوو، و لەسەر ئەم بنەمایەش دەستی بەخەبات لەدژی داگیركەری و ناعەدالەت بەرامبەر بەگەلی كورد و گەلانی نێو دەوڵەتی عۆسمانی كرد، كەچی هەر ئەمڕۆش ئەو دەسەڵاتە، لەفۆرمێكی تر و بەناوێكی تر، بەناوی دەسەڵاتی كوردی و حكومەتی هەرێمی باشوری كوردستان، بەرۆژی رووناك رۆژنامەنوسان لەسەر بیروڕای ئازاد تیرۆر دەكات و دامەزراوە راگەیاندنەكان دادەخات.
لەكاتێكدا وەكو كورد ئێمە ئەم یادە بەرز و پیرۆز دەنرخێنین، كەچی خۆی لەخۆیدا دەسەڵاتی ملهۆری كوردی بەبێ گۆێدانە هیچ بەها و نرخێكی نەتەوەیی و ئەخلاقی و مرۆیی و نیشتیمانی پەلاماری رۆژنامەنوسانی كورد دەدات. ئەم نزیكبوون و هەڵوێستانەی دەسەڵاتی كوردی بەراشكاوانە نیشانیدەدات، كە دەسەڵات و دەسەڵاتداریەتی چەندە ترسناكە و چەندەش مەترسیە بۆ سەر نرخ و بەها كۆمەڵایەتی و نەتەوەییەكان. لەكاتێكدا رۆژنامەی كوردستان ئاڵا هەڵگری بەرنگاری بێ مافی و ناعەدالەتی لەدژی گەلی كوردستان و بەها باڵاكانی بوو، كەچی ئێستا هەر بەشێك لەو نەتەوە خۆی بووەتە مۆتەكە و بەهەموو شێوەكانی چەوساندنەوە و گرتن و بەرتەسككردنەوە و ئەشكەنجە و زیندان هەوڵی دەنگی جیاواز لەخۆی تاكی كورد دەدات، ئەمەش نیشانی دەدات كە سەرچاوە و بیركردنەوە و لۆژیكی دەسەڵاتداریەتی یەكە و لەیەك كانیاو تێرئاو بوونە.
عەقڵیەتی داگیركەری وای لەتاكی كورد كردووە كە ئەویش هاوشێوەی ئەو بیر بكاتەوە و هەڵسوكەوت بكات، بەڵام ئەو بیركردنەوە و نزیكبوونەوانەشی تەنیا لایەنە نەرێنی و سلبییەكانی بەخۆیەوە گرتووە. ئەوە دەسەڵات هەموو ئامرازەكانی چەوساندنەوە لەبەرامبەر بەگەلەكەی خۆی بەكاردێنێ، هەر لەبرەودان بەبێ كاری، چۆڵكردنی گوند و خاپووركردنیان، تاڵانكردنی سەرخان و ژێرخانی كۆمەڵگە، بێ نرخ كردنی پرەنسیپە كۆمەڵایەتی و نەتەوەییەكان، دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان و داخستنی دەزگاكانی راگەیاندن، بێ مووچە هێشتنەوەی كارمەند و كرێكار و بێ دەرەتان و بەساڵاچووان.
كەچی كاتێك دەبێت بە بیست و دووی نیسان دەسەڵات مەراسیمێك بۆ هەندێ كاسەلێس و بندیواری بەناو رۆژنامەنووس و قەڵەم فرۆش و بەرپرس رێكدەخەن و بەسەدان بەڵێین و سۆز دەدەن. ئەمەش ئەو دیفاكتۆیەی دەسەڵاتداریەتی كوردیی.
تەنیا لەماوەی ئەم سی ساڵەی دەسەڵاتداریەتی كوردیدا بەدەیان رۆژنامەنووس تیرۆر كراون، هەر لەزەردەشت عۆسمانەوە بگرە، تا دەگاتە كاوە گەرمیانی، سۆرانی مامە حەمە، عەبدوستار تاهیر شەریف و وەدادت حسێن، ئەوە سەرەڕای گرتنی بەسەدان رۆژنامەنووس و چاوسووركردنەوە و تۆقاندن و ئەشكەنجە و زیندانیكردن. ئەوەتا ماوەی دوو ساڵە بەدەیان رۆژنامەنووسیان لەهەرێمی بادینان دەستبەسەر و راگوێز زیندانەكانی دەسەڵاتی كوردی كراون. تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو رۆژنامەنووسانە وەكو ئەوان بیرناكەنەوە، وەكو ئەوان درۆ ناكەن و خەڵكی هەڵناخەڵەتێنن.