پەیمانی سیڤەر سەدساڵ دواتر

Saturday, 07/05/2022, 19:40

8929 بینراوە


" ٢٣.٤. ٢٠٢٢  کۆڕێکیان بۆ کاک "بورهان یاسین " ئامادەکرد بوو ABFکۆمەڵەی ئەکادیمی کوردستان بەهاوکاری" 
 کۆڕەکە دەربارەی کوردستان لەپەیمانی سیڤەردا .  گەرچی ئەم دنیای دیگیتاڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتیە بەرفراوانە  تەنگی بەهەموو چالاکیەک هەڵچنیوە ، بەتایبەتی لەسەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا و دواتریش کەمتر  کۆڕ و کۆبونەوەی  زیندوو ئەنجام دەدرێت.
بەندە قەت حەزم  بە کۆبوونەوە یەک نەکردوە لەپشتی کۆمپیوتەرێکەوە"ئۆنلاین"  تەنانەت گەر نابیناش بومایە   هەوڵم نەدەدا گوێ لە کتێبی دەنگی بگرم ، هەست دەکەم  کتێبی دەنگی  دەستی ناوەتە بیناقاقای کتێب .
 گەرچی زیاتر لە ٨٠کتێبم گوێ لێگرتوە بەڵام وەک ڕێکردن بووە بەبیابانێکدا  ، دواجار بایەک جوڵەیەک  چەند بچکۆلەش بێت، شوێن پێت  دەسڕێتەوە  شوێن پێکەت  نامێنێ، لای منیش وابووە هیچیم لەهزردا نەماوە دوایی گوێ گرتن لەو هەموو کتێبە .  
 کۆڕەکە  وەک هەمووجارێک  و پێشتریش گەرم و گوڕی خۆی لەدەست نەدابوو ، میوانەکان پیرتر و تارمایی چاوەکانیان لێڵتر دەیڕوانی  و زۆریان  بەمۆبایلی دەستیان  وێنەی  خاڵبەندەکان و  نەخشەو وێنەکانیان دەگرت کە دەهاتە سەر شاشەگەورەکەی  سەر دیوارەکە .
 من ووتم  : ڕەنگە ئەمانە هەموویان لەسەر سیڤەر  لە کاک بورهان یاسین زیاتر قسەمان بۆ بکەن کە چونە ماڵەوەیاندا ..!
 مێژووی نیشتمانەکەم  هەمیشە بۆمن جێگەی  تێرامان و بیرکردنەوەم بووە ، بەردەوام  بیر لەوەدەکەمەوە کە بۆچی ئێمە  هیچ ڕووداوێکی مێژوو نەبۆتە وانەیەک بۆمان... !؟
ڕاستر بڵێم کە وەک بەکاک بورهان یشم ووت: مێژوو بۆ گەلی ئێمە حیکایەتێکە  لەگوێی ئاگردان و  کە خەومان لێکەوت ئیتر بیرمان دەچێتەوە .  کاک بورهان یاسین لەگەڵ خۆیدا  کتێبێکی بۆ هێنابووم  . 
 لەبەر ئەوەی کارکردن نەی هێشت   دانیشم و گفتوگۆبکەم  لەسەر سمینارەکەی  ، کتێبەکەش  لەناو دەستمابوو بەماوەیەکی کەم  کتێبەکەم خوێندەوە   چونکە کتێبەکە تەنها ١٣٣ پەڕەیە  ، پێشکەش بە گیانی  جەنەراڵ شەریف پاشا ی خەندان  کردووە .
 سیڤەر  کورد دایرشتوە  ووشەکە خۆی ناوی "سێڤر"ە  بەڵام کاتێک سیڤەر وەک ڕووداوێکی مێژووی ڕۆشتوە کاک بورهانیش هیچ گۆڕانێک یان ڕاستکردنەوەیەکی بۆ نەکردوە تەنها ئاماژەی پێداوە  کە ئەسڵی ووشەکە چیە . ئەمە بۆ منیش تازەبوو لەهیچ جێگەیەکی تر ئەمەم بەرچاو نەکەوتبوو .
 سەرەتا نوسەر  وەک  پۆستێکی فەیسبووک   بۆ یادی سەدساڵەی سیڤەر شتێک دەنوسێت  ، دوایی  بریار دەدات کە بیکاتە کتێب چونکە تەنها چەند کەسێک  بەئاماژەیەکی کەم  باسی گەورەیی سیڤەریان کردبوو ، پرۆژەکەی  دەداتە بەرپرسێکی باڵا  و داوادەکات کە پارتە کوردێکان  کاری لەسەر بکەن ، ئەوان بەئەرێنی وەڵامی دەدەنەوە ، بەڵام کاتێک سیڤەر  بەروارەکەی دێت و دەبێتە سەدساڵ مێدیاو حیزبەکان بێدەنگی هەڵدەبژێرن  .
 ڵێرەوەیە کەمن لە ڕۆشبیران و ئەکادیمستە کوردەکان ناگەم  ، کە تاکەی  ئەوان خۆیان   فریودەدەن و  دەڕۆن و پڕۆژەکانیان دەدەنە دەسەڵاتێک کە هیچ بڕوایەکیان  بەسەرکەوتن و  هیچ پلانێکیان  نییە  بۆ گەیاندنی کورد بەکەنارەکانی ئارامی . 
 هەر لە ماوەی ئەم ٣٠ساڵەی حاکمێتی کورد لەو هەرێمەدا  ،هەزاران خائین کرانە پاڵەوان و سەدان تاوانباری داگیرکەرانیش لەڕێگەی دەسەڵاتی کوردێوە ئاودیو کران یان لەخەستەخانەکاندا بەڕێزەوە تادووا دڵۆپ هەناسەیان بۆ دەگەڕانەوە و لەدادگاکانی جیهانیشدا بەرگریان لێدەکرن  و دەیان نموونەشمان لەم  شێوە دانوشتانەوەو گەورەکردنی داگیرکەرانە هەیە . کاتێکیش باس یەتەسەر مەسعود بارزانی  و دەڵێت : ئەوان شیمانەی ئەوەیان کردوە کە دۆسیەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لەدەستی ئەودایە  ، واتە ڕیفراندۆمەکەی  زەمینەیە بۆ دروستکردنی دەوڵەت ، بەڵام بەتاکەووشەیەک چیییە  باسیان لەسیڤەر نەکردوە چونکە تورکیای فاشی و دۆستیان دڵگران دەبن . بێنەوە بۆ لای  پەیمانی سیڤەر و ڕۆشتنی  سەدساڵ بەسەریدا و وەرنەگرتنی تاکە وانەیەک لێوەی و بەهەند وەرنەگرتنی  ئەو مێژووە پرشنگدارە کە  خەریک بوو لەڕێگەیەوە نیشتمانی کوردستان درووست بکرێت.
  لەکتێبەکەدا زۆر بەووردی باسی ڕەوتی ناسیۆنالیستی تورکەکەمالیستێکان دەکات و دوایی سەد سالێش بەسەر سیڤەردا ناسیۆنالیستە تورکەکان بەردەوامن لە کێشە ناناوە بەرامبەر  بەکوردو دۆسیەکەی .   زۆر خاڵی سەرنج ڕاکێشی تێدایە  بۆ نموونە تورکەکان هەستان بواری پەروەردەکردنیان هەمووی خزانە خزمەت ڕەوتی ناسیونالیستی تورکەوە . ئێمە چاک دەیبینین لەتورکیاو یان لەزۆر جێگە تورکەکان  خۆیان بەنەتەوەی سەر دەست دەزانن ، کتێبێکی مەحمود باسکیم بیرکەوتەوە کەدەڵێت:  کە لەتورکیاوە  هاتم بۆ ئەورپا وا چوبۆ هزرمەوە کە جیهان هەموو لەزمانی تورکی دەگات . ببینن ئەمە کوردێکی بەئاگا  وای زانیوە..!؟
داخۆ تورکێک چۆن بیربکاتەوە ؟ 
 کاک بورهان لای وایە گەلێکی بێدەوڵەت لەسەر نەخشەی شارستانیی مۆدێرندا جێگەی شایستەی بەخۆی نییە ، لای وایە گەلی بێدەوڵەت  توانای خۆ پاراستنی نییە  و هەمیشە مەترسی سڕینەووەی لەسەرە . 
لێرەدایە  مرۆڤ دەڵێت: باشە بەڕێزم تۆ ئێمە ئاگادار دەکەیتەوە لەو ڕاستیە ، بەڵام  سەدان لێدوانی زیندووی سەرانی کورد هەیە و ماوە لەتۆڕەکۆمەڵایەتێکاندا کەچەنێک  لەخەمی مەرکەزو  خۆگونجاندندان لەگەڵ ئێران و عێراق و تورکیاو سوریادا تەنها  داخوازیان ئەوەیە کە بەبرایەکی خنجیلانەو گوێڕایەڵ وەربگیرێن .   ئێوەش دەچن پڕۆژەی سیڤەر دەبەنەبەردەستیان تا  کەیسێکی وامەزن  وەک هەردوو ڕیفراندۆمەکە  بەرن و مامەڵەی پێوە بکەن . 
لای کاک بورهان خەباتکردن بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ نەبۆتە بەشێکی بێ ڕۆح لەمێژووی گەلی کوردا ، نوسەر پێی وایە ئەم خەباتە تائێستاش ئامەدەیی هەیە . دوایش  زۆر غەمگینانە  لەکۆڕەکەیدا ووتی: گەورەترین هەڵەی پارتی کرێکاران ئەوەبوو وازیان لەخەبات بۆ دروستکردنی دەوڵەت هێنا .
   ١٠.٨.١٩٢٠دا کۆمفرانسی سیڤەر کۆتایی هات  و تا لۆزان  جێگەی گرتەوە  و دوایش سایکس پیکۆ  هەموو خەونی کوردو دەوڵەتی کوردی تێک و پێکدا ، خاڵێکی سەرنج ڕاکێش  کۆماری کوردستان بوو یان لای ئێمە زیاتر بەکۆماری مهاباد  ناوبانگی هەبووە  هەمان خەون و خاڵە بنەڕەتێکانی  پەیمانی سیڤەری لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتوە لەجوگرافیایەکی تەسکدا . 
بەستنەوەی دەوڵەتەکەی داعش لەسوریاو عێراقدا  هەمان حاڵەتێکی جوگرافیایی سیاسی و ئاگایی مرۆڤەکان  بونێکی ئەوتۆی گرنگیان هەیە یان نا؟   بەلای منەوە  تا ئێمە   خائینەکانی ناو خۆمان  تەفروتونا نەکەین بونیان هەیەو ، چونکە ئێمەشاهیدین   لەووڵاتێکی وەک عێراقدا کە ئەمەریکێکان داگیریان کرد  ، پۆلیسێکی هاتوچۆش نەمابوو  ، هەمووجیهان هاوسۆزمان بوو  ، سەرانی کورد بێگەڕانەوە  بۆ لای خەڵک و  بێگوێدانە  هەموو بەهایەکی نیشتمانی ڕایان کردە بەغدادی تاوان و دەستیان کردە دزی و  فزی و ماستاو کردن و دروستکردنەوەی دەوڵەتە شەق وشرەکەی عێراق و لەعەرەبە شۆڤێنێکان دڵسۆزتر قۆڵیان لێهەڵماڵی و تورکە فاشیەکان و ئیرانێکان  ئەو هەموولەشکر کێشیەدەکەن  سەرەک کۆمارو ئەو هەموووەزیرو مرۆڤە قەزمانەکە کوردن و لەبەغددی تاواندان قسەیەک ناکەن و هەڵوێستێکی  مەردانەیان نییە و ناشبێت و  بەردەوامیش دەپاڕێنەوە  بۆ موچەو بەرات و خەڵات  . 
 لەم کتێبەدا  هەست بەخاڵێک دەکەیت کە تورکە فاشیەکان بەسەرکردایەتی  ئەتاتورک هەمیشە  لەڕێگەی سیڤەرەوە دەیان دەسکەوت بۆ گەلەکەیان  دەچنەوە ، کورد  تەنها ڕۆڵی قوربانی دیوە  تورکەکان بۆڕۆژئاوای ئەنەدۆڵ پێشڕەویان کردو داگیریان دەکرد ، کورد سەرگەرمی  زکرو دینداری بووە ، هێندەی لەقیامەت ترساوە بەئێستاشەوە کە تۆ نیشتمانت نەبێت لەقیامەتدایت ، کە تۆ بەمرۆڤی دووهەم سێهەمی وولاتێک سەرژمێر بکرێتب، کەتۆ لەژیانتا  ئازاد نەبیت  قیامەت لەوێوەیە.
 کەمێژوودەخوێنیتەوە   هەست دەکەین وەک  مەسعود محەمەد فەرمووی لەچاوپێکەوتنێکدا "کورد لەدەرەوەی مێژووە" هەر بەڕاستی دوای سەدساڵ چاکترە بڵێم سەد و دووساڵ کورد هەمان تەشی دەڕێسێتەوە کە باو باپیرانیان ڕێساویانە .، ئەوەتانێ ٣١ساڵە لکەهەرێمێکدا   کورد خۆی دەخواتەوە  ، تاکە شتێک کە بۆتە   نەرید بۆی  کڕوزانەوەیە . لەم ڕۆژانەدا  بۆکار دەچووم لەڕادیۆکەوە  گوێم لەهەواڵەکانی جەنگ دەگرت  لەیەکێک لە شارەکانی ئۆکرانیادا  ، مرۆڤەکانی ئەوێ چۆن لەماوەی دوومانگدا  باس لەجەنگ دەکەن و چۆن باس لەئازارەکانیان دەکەن و دەڵێن جەنگ هێندە ترسناک نییە ،  ژیان بەسەر شۆڕی  و کڕوزانەوە  بەسەربردن ترسناکە .
 ئێمە سەدان ساڵە  لەشەڕداین کەچی نازانین باسی جەنگ وشەڕ بکەین.  هەرچی  دێتە لامان  دەتوانێت بەعەلاگەیەک ساوەر و خەیار فریومان بدات .  ئەم کتێبەی کاک بورهان یاسین گەرچی ژمارەی لاپەڕەکانی زۆر نییە بەڵام مرۆڤ ڕادەکێشێتە باسێکی قوڵەوە  و دەپرسێت بەڕاستی ئێمە نەتەوەین، یان خێڵێکی داماوین!؟ 
هەربۆیە سەدان دکتۆرو پڕۆفیسۆرمان هەیە   بەناوی گوندەکانیانەوە  پاشناویان دانەوە لەوێ زیاتر هەست بەئارامی دەکەن .  دوا سەرنج ئەوەویە نامەیەکی  دیکۆمێنتاریە بەزمانی ئنگلیزی  لەسمینارەکەدا پیشان داین  کەلەوێدا  ناڵێن  گەلی کورد بەڵکو دەڵێن هۆزەکوردەکان .  لێرەوەیە جەنەراڵ شەریف پاشای خەندان  دەرک بەوەدەکات  کە ئەم خێڵ و هۆزە ڕێگردەبێت لەبەردەم  دروستکردنی دەوڵەت بۆنیشتمانی کورد . ئیتر  پێشنیار دەکات کە ئەو دانێن چونکە شەش زمان دەزانێت  و ئاگاداری  هەموو  سەرۆک هۆزو عەشرەتەکانی کوردە ،خۆشی پەیوەندیەکی  بەهێز لەگەڵ شێخ مەحمود و سمکۆی شکاو ئەوانی تردا  دادەمەزرێنێت .
 پەیمانی سیڤەر وەک هەموو مێژووی کورد  سەرئەنجام بەرهەمێکی بۆ گوندێکی کوردیش نەبوو .  ئەم  کتێبە دەبوو ببوایە بەکەرەسەی سەدان مێزگرو لەکەناڵەکاندا گفتوگۆی لەسەر بکرایە و لەو زانکۆی گوندانەدا  ببوایەتەوانە و ئەکادیمیستی کورد ، کەمەن گومانم هەیە کەهەمان بێت  زیاتر تیشکیان بخستایەتەسەر ، بەڵام بەداخەوە وەک زۆربەی بەرهەمەبەپێزەکان ئەمیش لەکتێبخانەدا تۆز تەنگی پێهەڵدەچنێت . سوپاسی برای ئازیزم  کاک بورهان دەکەم کە بێبەشی نەکردم لەم کتێبەبەنرخە ، هیوادارم  ئیتر نوسەرەکانمان فێربن  نەپرس بەدەسەلات بکەن نە لەگەڵ پڕۆژە وەهمێکانیاندا ڕێگە بکەن چونکە  تەنها شکست و گومان دەچنەوەو خۆشەویستی خەڵک و بڕوای خەڵک لەدەست دەدەن .
وەسێتەکەی جەنەراڵ شەریف پاشا زۆر ماناداربووە بەرلەمردنی ، ووتوێتی لاشەکەم بسوتێنن و خۆڵەمێشيکەم هەڵدەنەدەریاوە ، دووخوێنەوەو یەکەم نەیتوانی نیشتمانی کورد دروستکات  یان نەی دی نیشتمانی هەبێت ، دوهەمین  نایەوێت لەخاکێکدا بێت کە داگیرکراوە بەمردوویش .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە