ساوەرخۆر (1)

Sunday, 15/05/2022, 8:50

7332 بینراوە


ماڵی ئەکرەمی فەرەجە فەنی؛
بەخێربێن مامە گیان .
ماڵی قایەری برای؛ هەر بژی کوڕی خۆم ، ئاوا وەرە زۆرانیك لەگەڵ سەرکەوتی کوڕم بگرە بزانە برنج بەهێزە وەیان ساوەر.
ئەکرەم؛؛ من عەقڵم هەبێ و دونیایم بینیبێ وا بزانم برنج بەهێزترە.
قایەر؛؛ دە نەواڵا بزانە چۆن چۆنی ساوەر پشتی برنج لە زەوی ئەدا.
ئەم نەریتە زۆر جار لەهەندێ شوێن وەك خۆشی ئەبینرا ، هەروەك چۆن شەڕە کەڵەشێر و سەگ، بەهەمان شێوەش لەهەندێ ماڵاندا بە تایبەتی کاتێ باسی شار و گوند ئەکرا ، هەریەکەیان پێیان وابوە لایەنەکەی خۆی لەوی تر باشتر بوە.. هەر بۆیە ئەو زۆرانبازیەی هەردوو ئامۆزاش وەك شەڕە  کەڵەشێرەکەی لێ هاتبو.
قایەر بەو پەڕی متمانەوە چاوی لەتواناکانی کوڕە بێ دەنگەکەی ئەکرد و پێی وابوو ئەوەی ساوەر بخوا بەهێزترە وەیان لانی کەم ئەوەی ساوەر خۆر بێ ماسولکە و جەستەی بەهێزترە، ئەمە بێ ئەوەی بیری لە تەکنیك و فێڵ و شتی وا کردبێتەوە کە زۆر جار لەشەڕدا تەنها هێز و ماسولکە نابنە هۆکاری سەرکەوتن، بەڵکە پیلان و تەکتیك خۆی لەخۆیدا بەشێکە لە سەرکەوتن.
خەباتی کاك ئەکرەم و سەرکەوتی ئامۆزای هاو تەمەنن و تا ڕاددەیەکی زۆریش جەستە و باڵایان زۆر لەیەکتریەوە نزیك بوو، بۆیە ئەم یاری زۆرانبازیەیان پێ ئەکردن.. لەهەمووی سەیرو سەمەرەتر ئەوەبوو کەئەم زۆرانبازیە وەك خۆشیەك لەلایەن قایەر و تا ڕاددەیەکیش لای ئەکرەمیشەوە بە چێژەوە لێیان ئەڕوانی. هەرچی سەرکەوت و خەباتیش لەبەرئەوەی تەمەنیان 7 ساڵانی تێپەڕ نەکردبوو نەك هەر پێیان خۆش نەبوو، بەڵکە نەشیان ئەزانی بۆ ئەبێ یەکێکیان پشت و ملی ئەوی تریان بدا بە زەویدا. ئەم دوو منداڵە پێش ئەو زۆرانبازیە کاتێ یەکتریان ئەبینی یاری و ڕاکەکەیان بوو پێکەوە، هەردەم دەم بە پێکەنین و بزەوە وەك باڵندەکان ئەم چڵ و ئەو چڵیان ئەکرد، وەك ئەوەی بڵێی بێ یەکەتری دڵیان ئاوی نە ئەخواردوە.ئەمان وایان ئەزانی بران نەوەك ئامۆزا.
ئەکرەم ؛ قایەر هەر بەڕاستی ئەتەوێ ئەم دوو مناڵە زۆران بگرن؟
تۆ بەڕاست دڵنیایت لەوەی سەرکەوت ئەیباتەوە؟!
قایەر؛؛ کاکە دە تا نانەکە ئەخۆین با بزانین کامیان زرمە لەوی تریان هەڵئەسێنێ.. بڕوا بکە هەر پێش ئەوەی لە ئەم بایەنیە لە گوندەکە دەرچین بۆشار من هەر لەداڵغەی ئەم زۆران بازیەدا بووم.. لێت ناشارمەوە زۆر چێژی لێ ئەبینیم و سەرکەوت خەباتت بۆ تەختی زەوی ئەکا.
ئەکرەم؛؛ باشە باوکم ئەلحوکم للە ، دە باشە دەی خەبات ئەوە مامت ئەڵێ سەرکەوت لەو تۆ ئازاتر و بەهێزترە و ساوەر بەهێزتری کردوە و پشتت ئەدا لە زەوی ، با بزانین وایە وەیان نا!
ماویەتی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە