ئایا دەزانیت گشت وێنەکانی زەوی و تەنەکانی گەردوون کە ناسا بڵاویان دەکاتەوە ڕاستەقینە نین؟

Sunday, 05.15.2022, 9:00

3477 بینراوە


کاتێک لەگووگل بگەڕێت بەدوای وێنەی زەوی و بنووسیت (Planet Earth)، ئەوا کۆمەڵێک وێنەی یەکجار جوانت دەست دەکەوێت. هەرچەندە لەوانەیە زۆریش دڵت پێیان خۆش بێت، بەڵام بەداخەوە تێکڕای وێنەکان ڕاستەقینە نین و کۆکراوە و ئاوێتەکراون.
پێش ئەوەی دژکارانی ناسا و لایەنگرانی بیردۆزی پیلانگێڕان و زەوی تەخت شاگەشکە ببن، پێویستە هەندێ ڕوونکردنەوەیان پێ بدەین.

وێنەکانی زەوی

ناسا (NASA)، خۆی هەمیشە دەڵێت وێنەکانمان دەستکاری کراون، هەتا ئەگەر بچیتە سەر سایتی خودی ناسا (nasa.gov)، دەبینیت لەژێر وێنەکانی زەوی و تەنە (ئاسمان)ییەکاندا نووسراوە: ئەم وێنەیە ئاوێتەکراو، یاخۆ چاککراوە (This composite images).
هەر لە سەرەتاوە دەبێژین، خۆشبەختانە تەنیا یەک وێنەی ڕاستەقینەی زەوی هەیە، بەناوی مەڕمەڕی شین (The Blue Marble)، ئەمەیان تەواوە و ناسا گرتوویەتی لە دوا گەشتیدا (ئەپۆڵۆ 17) بۆ مانگ.
کەواتە ناسا لەوەتەی دامەزراوە و بەو هەموو مانگە دەستکردەی کە بەدەوری زەوی دەسووڕێنەوە، بە تێکڕای گەشتەکانی بۆ سەر مانگ و ناردنی گالیسکەکانی بۆ هەسارەکانی کۆمەڵە خۆرەکەمان، هەتا ئەوانەشی چوونە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر، تەنیا خاوەنی یەک تاکە وێنەی زەوییە؟ کەچی بانگەشەی ئەوە دەکات توانیوویەتی وێنەی ژمارەیەکی زۆر لە ئەستێرە و هەسارەکان بگرێت کە ملیۆنان ساڵ لێمانەوە دوورن.

ئێستەش با بزانین بابەتەکە چۆنە و هۆکارەکانی چین؟

تەلسکۆپ و مانگە دەستکردەکان دوو کێشەی وێنەگرتنیان هەیە:
- یەکەم، ئەوانەی خوولگەکەیان نێزیکە لە زەوی، ناتوانن وێنەیەکی تەواوی سەرلەبەری زەوی بگرن.
- دووەم، کاتێک خوولگەکەیان دوور بێت، ئەوا وێنەکانیان ڕوون و بەوردەکاریی پێویست دەرناچن.
دەبا بپرسین، ئەو دەمەی بمانەوێت وێنەیەکی تەواو و ڕوونی زەوی بگرین، دەبێ دووری، یاخۆ بەرزیمان چەند بێت؟
لەبەرئەوەی زەوی گۆییە، ئەگەر بەرزیمان دوو مەتر بێت، دەکارین ڕووبەرێکی دیارکراو (نێزیکەی 5 کیلۆمەتر) لە دیمەنی دەوروبەری خۆمان ببینین، بە بەرزبوونەوەی پتر ڕووبەری بینینمان فرەوانتر دەبێ، چەندەی بەرزتر، واتە دوورتر بکەوینەوە لە زەوی، دەتوانین بەشێکی گەورەتری ئاستی ڕووی زەوی وێنە بگرین. بە ژمێرەکردنێکی ماتماتیکی لایەکانی سێگۆشەیەک بۆ دووریمان لەچەقی زەوی و خاڵی ئاسۆی بەردەممان و نیوەتیرەی زەوی، دەگەینە دۆزینەوەی ئەو دوورییەی کە پێمان بکرێ تەواوی ڕووی زەوی ببینین، بە شیکاری هاوکێشەکەمان، بۆمان بەدەر دەکەوێ ئەو دوورییە بەلایەنی کەمەوە خۆی لە 15.000 کیلۆمەتر دەدات. 
دوا گەشتی ئەپۆڵۆ، لە 7 دیسێمبەری ساڵی 1972دا بوو، بۆ تۆژینەوە لە مانگ (384.400 کلم لە زەوی دوورە)، لە گەڕانەوەیدا ئاسمانگەڕەکان لە بەرزایی نێزیکەی 29.000 کیلۆمەتر، هەڵدەستن بە گرتنی ژمارەیەک وێنەی زەوی، جوانترین و ناسراوترینیان ئەو وێنەیە بوو ناونرا بە مەڕمەڕی شین.
ئەوەی شایەنی ئاماژە پێکردنە، کاتێک ئەو ڕۆژە بەرانبەر بە ساڵی مانگیی دەکەینەوە، ئەوا دەکەوێتە بەرەبەری کۆتایی ڕۆژی مانگیی و سەرەتای مانگێکی نوێ، واتە خۆر لەو دەمەدا کەوتبووە دوای مانگەوە و بەتەواوی زەوی ڕوناک کردبووەوە، ئەمەش زۆر گونجاو بوو بۆ گرتنی وێنەیەکی تەواوی چێوەی زەوی. هۆکاری بەناوبانگبوونی ئەو وێنەیە پتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وێنەیەکی ڕاستەقینە و دەستکاری نەکراوە، بەکامێرایەکی ئاسایی (HASSELBLAD 80-millimeter) گیراوە، ڕێکەوتیش بووە و بە هیچ شێوەیەک پلان و نەخشەی بۆ دانەنراوە، وەک ئەوەیە تۆ لە گەشتێکدا بۆ شوێنێک بچی و دیمەنێکی سەرنجڕاکیش بکەوێتە بەرچاوت، کامێراکەت دەربکەی و وێنەی بگریت. ئەم وێنەیەی زەوی تا ئێستە یەکێکە لەو وێنانەی کە ژمارەی پێوانەیی لە مێژوودا تۆمار کردووە، لە زۆرترین لەبەرگرتنەوە و بڵاوبوونەوەی.
لەپاڵ تەلسکۆپەکان بەشێکی گەلەک کەم لە مانگە دەستکردەکان بۆ خاڵی دوور نێردراون، بۆ تۆژینەوە لە گەلەستێرە و ئەستێرە و هەسارەکان. مانگە دەستکردەکان زۆربەیان نێزیکن لە زەوییەوە، ئەوانەن کە بە مەبەستی زانستی و سەربازی و خزمەتگوزاری بۆ زەوی لە خوولگەکانیان دانراون. نێزیکەکان وەک پێشتر ڕوونمان کردەوە، ناتوانن وێنەی تەواوی زەوی بگرن، بۆ نموونە وێستگەی ئاسمانی نێودەوڵەتی چوار وڵات تێیدا بەشدارە و شەو و رۆژ وێنەی ڕاستەوخۆ دەنێریت بۆمان، تەنیا 400 کلم لە زەوییەوە دوورە. ئەمەش وەک ئەوەیە زەوی هێندەی تۆپی پێ (فوتبۆڵ) بێت، وێستگەکەش دوو میلیمەتر لێیەوە دوور بێت، بەمە لە ڕووبەرێکی بچووک بەولاوە کە خۆی لە 2200 کلم دەدات، پێ ناکرێ وێنەی بگرێت. تاکە یەک شتی مانگە دەستکردە نێزیکەکان دەکارن ئەنجامی بدەن، وێنەگرتنی ژمارەیەکی زۆرە لە بەشی جیاجیای زەوی، پاشان ناسا وێنەکان ئاوێتە دەکات و دەیکاتە یەک وێنەی جوان، هاوشێوەی ئەوانەی لە ئەنتەرنێتدا دەیان بینین.

وێنەی تەنەکانی گەردوون

بۆ بابەتی وێنەکانی دیکەی گەلەستێرە و ئەستێرە و هەسارە و شتگەلە گەردوونییەکان، ناسا و ئاژانسە ئاسمانییەکانی دی، بەرنامەی فۆتۆشۆپ بەکار دەهێنن بۆ چاککردنەوە و ئاوێتەکردنی ئەو وێنانەی بەدەستیان دەهێنن. لە بنچینەدا ئەو وێنانە ساختە نین، چونکە دەستکاری کردنەکان و گۆڕینی ڕەنگەکانیان هۆکار و مەبەستی زانستی ڕاستەقینەیان لەپشتە، گشتی بۆ یارمەتیدانی کاری زاناکانە لە تۆژینەوە و پشکنینە زانستییەکانیان.
کاتێک گوتمان، تەلسکۆپ و مانگە دەستکردە دوورەکان ناتوانن وێنەی ڕوون و بەوردەکارییەوەی زەوی بگرن، ئەو واتەیەمان پێ دەدات کە تێکڕای تەنە دوورەکانی گەردوون، وێنەکانیان ڕاستەقینە نین و دەستکاری دەکرێن.
بەڵام لێرەدا بۆ ڕوون کردنەوەی ئەمەیان، پێویستە تا ڕادەیەک لە سروشتی تیشک تێبگەین.
هەر ماددەیەک گەرمییەکەی بەرزتر بێت لە سفڕی ڕەها (-273 C)، ئەوا تیشک دەداتەوە، چونکە ئەلیکترۆنەکانیان خاوەنی بڕێک لە وزەن بۆ ئەوەی پێیان بکرێ لە ئاستەکانیاندا (خوولگەکان)، هەڵبەز و دابەز بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی دانەوەی تیشک بەشێوەی شەپۆلی کارۆموگناتیسی، تاکە یەک جیاوازی نێوان تیشکەکان درێژی شەپۆل، یاخۆ لەرەکانیانە. چاوی مرۆڤ تەنیا چەند تیشکێکی یەکجار کەمی بە شەپۆلی دیارکراو دەبینێت کە پێیان دەگوترێت، تیشکە بینراوەکان (  درێژییان لە 390 - 700 نانۆمەتر)، ئەمەش بەشێکی لەڕادەبەدەر کەمی ئەو تیشکانەن لە گەردووندا هەن، هاوکات تیشکە بینراوەکان ناگەنە شوێنی دوور و بەئاسانی پەرتوبڵاو دەبنەوە.
ئاماژەمان پێی دا کە هەموو تەنێک ئەگەر گەرمی هەبێت تیشک دەداتەوە، چۆن خۆر و چرا و گڵۆپەکان تیشک دەبەخشن، بەهەمان شێوە لەشی ئێمە و دار و دیوار ڕووناکییان هەیە، هەتا ئاسمان بە تاریکەشەوەوەش ڕووناکە، بەڵام چاوی ئێمەیە کە هیچ نابینێت. کاتێک تۆ لە ژوورێکی تاریک بیت لەگەڵ کەسانی دی، دەتوانیت بە کامێرایەکی سادەی هەستیار بۆ تیشکی ژێرسوور بیان بینیت، هەر ئەم جۆرە کامێرایەیە بە شەو بەکار دەهێندرێت بۆ بینینی شتەکان، لە نموونەی ژیان و ڕەفتاری ئاژەڵان لە شەواندا لە سروشت و ژینگەکانیان. ئەو دەمەشی کامێرایەکی زۆر پێشکەوتوومان هەبێ لە شەودا سەیری ئاسمان بکەین، بۆ بینینی تیشکەکانی ژێرسوور و سەرووی وەنەوشەیی، هەروەها تیشکەکانی ئەلفا و بێتا و گاما و هی دیکە، ئەوا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە سەرلەبەری ئاسمان ڕووناکە.
لەبەرئەوەی توخمەکان هەریەکەیان دابەشبوونی ئەلیکترۆنەکانیان جیاوازە، بۆیە تیشکەکانیشیان جیان، بەگەرمکردنی سۆدیۆم و ئاسن و مس و ... و تیشکی جیاجیا دەبەخشنەوە. ئێمە هەست بەو جیاوازییانە دەکەین و هەندێکیان دەبینین، بەڵام زۆربەیان خاوەن تیشکی نەبینراون. ئەم تیشکانە تایبەتن بە توخمەکان و هاوشێوەی پەنجەمۆرن، نەبینراوەکان دەکارن ماوەیەکی یەکجار دوور ببڕن و بە چەندان بەربەست تێپەڕن.
ناسا و ئەوانەی دیکە، تەلسکۆپی هەستیار بۆ گەلەک جۆرە تیشک، ئاراستەی تەنەکانی گەردوون دەکەن و تیشکەکانیان وەردەگرن و شییان دەکەنەوە. لێرەدا ئەگەر تەلسکۆپێک مۆری تیشکی هایدرۆجینی هەسارەیەکی بینی، دەزانێت ئەو هەسارەیە هایدرۆجینی تێدایە، یاخۆ مۆری ئاوی پێ گەیشت، کەواتە هەسارەکە ئاوی لەخۆ گرتووە، بەو شێوەیە بۆ توخمەکانی دی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کە لە تەلسکۆپەکانەوە دێن، ناسا چەند پسپۆڕێکی لە گڕافیک هەیە، هەڵدەستن بە گۆڕینی زانیارییەکان بۆ وێنەی ڕەنگاوڕەنگی جوان و قەشەنگ، بەمەش تا شێوەی هەسارە و ئەستێرە دوورەکان بهێنینە بەرچاومان. زانینی تایبەتمەندی پتر دەربارەی تەنەکانی گەردوون لە دووری و قەبارە و چڕییان، بەدەستمان دەکەون لەڕێی تۆژینەوە لە تایبەتمەندییەکانی وەک، چاودێریکردنی شەبەنگ و تووندی تریسکە، خێرایی خوولانەوەیان ...هتد.
دواجار ئەوەش دەڵێین، بەگوێرەی زانست هیچ ڕەنگێک لە سروشتدا بوونی نییە، سەرلەبەری شتەکانی گەردوون بێڕەنگن. بەبێ تیشک هیچ شتێک نابیندرێت، ڕەنگ پێک دێت لە دانەوەی شەپۆلی تیشکە جۆراوجۆرەکانی ئەو شتانەی کە هەن، مێشکی مرۆڤیش درێژی لەرە و شەپۆلەکان وەردەگێڕێت بۆ ڕەنگی جیاجیا. ئاشکرایە وێنە تاک ڕەنگییەکان هاوشێوەی وێنە ڕەنگاوڕەگەکان چێژبەخش نین، لەهەمان کاتدا کارێکی سەختە زانیاری تەواو و وردەکاری بابەتەکان لە وێنە ڕەش و سپییەکاندا بەدەست بهێندرێن. زاناکان پەنادەبەنە بەر زێدەکردنی ڕەنگەکان بۆ وێنەی تایبەتمەندییەکانی پێکهاتەی شتگەلەکانی گەردوون، واتە کاتێک وێنەی گەلەستێرەیەک دەبینین، ئەوا هەمان ئەو دیمەنە ڕاستەقینەیە نییە ئەگەر بە چاو بیبینین، لەبەرئەوەی ڕەنگکردنەکان بۆ ئەوە ئەنجام دراون، تا شوێنی بەش و توخمی هەسارە و ئەستێرەکانی تێدا دیار بکرێن.
گەلەستێرە و ئەستێرە و هەسارەکان بە هەزاران و ملیۆنان ساڵی تیشک لێمانەوە دوورن، بەمەش نەکارین بە بەهێزترین مانگی دەستکرد و تەلسکۆپ وێنەیان بگرین، بۆیە لە هیچ بارێکدا توانای ئەوەمان نییە بە شێوەی ڕاستەقینەی خۆیان بیان بینین. 
........................

سەرچاوەکان؛