حەوت پیتی کوردی، ئازادی بەرھەمھێنا

Wednesday, 18/05/2022, 7:00

5765 بینراوە


حەوت پیتی کوردی، ئازادی بەرھەمھێنا
کامی قادر

بۆ (سەردەشت)ی شەھیدی قەڵەم

ھاوڕێ، ھەڤاڵ و ھاوبیرە گیانەکانم
سەری بەرز و ڕۆحی گەشی  ھاوبیرە کوردستانییەکانمان، کە ھەموو ساتێک لە سەر ھەر بستە زەوییەکی نیشتمانی دابەش کراوماندا، دەکرێنە ئامانجی بیریی ڕەگەزپەرستی نەتەوە سەردەستەکان، بەبەکارھێنانی ئامێری وەحشیگەریی دەزگای سەربازییان و خیانەتمەندانی ناوخۆ:
داوای بەھێزکردنی یەکێتی نەتەوەیی و بەردەوامیی خەباتی کوردستانیمان لێ دەکەن.
با  ھاوکاریی  و پشتیوانی لەیەکتری، بەرینە ئاست ئازار و برینە ساڕێژ نەبووەکەی نەتەوە و نیشتمانمانەوە.
کارەساتەکان گەورەن و ھەر ڕۆژێک کە تێدەپەڕێ، سپا داگیرکارەکانی دوژمنی دێرینەی نەتەوەکەمان، بە چاوساغی سەرکردەیەتی خیانەتمەندی ناوخۆمان، کە بوونەتە کەواسووری بەر لەشکر بۆیان، ھەر ڕۆژ زیاتر و زیاتر بەرە و قووڵای باشووری نیشتمان دێن و سەربازگەی نوێ و ناوەند و تۆڕی ھەواڵگری فراوانتر دروست دەکەن.
* ئەرکی یەکەمینی (ئەکادیمیستەکانی کورد) بوو کە پێشڕەوایەتی گەلەکەیان بکەن و دەنگی کپکراوی نەتەوەکەیان بەرنە ھەموو ناوەندە ئەکادیمییەکان و لەسەر نەتەوەی خۆیان بێنە دەنگ، ئەوان باشووری کوردستانیان بە کۆمەڵێک سەرۆک خێڵ سپاردووە و گوێیان لە ئاسات ھاواریی گەلەکەیان داخستووە و چاویان لە ئاسات داگیرکردنی نیشتمانەکەیان نووقاندووە.
- ئایا نەدەبوو ئێستا خاوەنی ناوەندێکی گرنگی توێژینەوە و ڕێنمایی بانایە کە بزووتنەوەی نەتەوەکەیان ئاڕاستە کردبایە؟!
- ئایا نەدەبوو ئەوان یەکەم دەنگی ناڕازیی بانایە، کە سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب نیشتمان دەفرۆشێ و قووتی خەڵک دەدزێت؟!
- ئایا ئەوان لە سیاسەت دەترسن، یا بە بەھانەی ئەکادیمی بوون ھاوبەشی خۆیان لە بزووتنەوەی نەتەوەکەدا ڕەتدەکەنەوە؟!
- مەگەر بەرەنگاربوونەوەی قەدەغەکردنی زمانی دایکییان، ئەرکی سەرشانی یەکەمی ئەوان نەبوو؟!
- مەگەر بەرەنگاربوونەوەی ڕەشەکوژیی و برسیی کردنی نەتەوەیەک ئەرکی لە پێشینەی ئەوان نەبوو؟!
- مەگەر ڕێنمایکردن و ئاگاداریی خوێندکاران و کارووبارە کلتوورییەکانی کۆمەڵگای کوردی، ئەرکی کوردبوونی ئەوان نەبوو؟!  
- مەگەر بەرەنگاربوونەوەی کوشتی قەڵەمەکان و خنکاندنی وشە و لە سێدارەدانی دەنگی ئازادی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤی کورد، ئەرکێک نەبوو لە ئەستۆی ئەواندا؟!
- مەگەر لێکۆڵینەوە لەو گرێبەستانەی سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب نەتەوە و بەشێک لە نیشتمانی کوردی پێ ھەڕاج کردووە، کاری ئەکادیمیستەکان و ئەرکی نیشتمانی و کوردستانی ئەوان نەبوو؟! ئەگەر گرێبەستەکان بە قازانجی داھاتووی کوردە، کوا لێکۆڵینەوەکانی ئێوە تا تاکی کورد ڕۆشنتر بایە و فکر و زەینی لە پێناو بنیاتنانی نیشتمانەکەیدا بەکارخستبایە، نەک لە گێژاوێکی فیکریی و دڵەڕاوکەیەکی ڕۆژانەدا بژیابایە، کە ئاخۆ چارەنووسی خۆیی و منداڵەکانی چییان لێدێت بەھۆی ئەو گرێبەستانەی سەرکردەیەتی خێڵ- حیزبەوە؟!
- کوا لێکۆڵینەوەکانتان لەسەر ئاشبەتاڵ و ھەڵەبجە و ئەنفال؟! 
- چی ڕێگرە لەوەی ڕاستییەکان بە نەتەوەکەتان بڵێن؟!
- بەڕاستی ئێوە دەزانن چی ڕوویدا و چی چاوەڕوانی نەتەوەکە دەکات، کە بێدەنگن و نەتەوەکەتان وێڵ کردووە، سەرکردەیەتی نەزان و خیانەتمەندی باشوور یاری بە چارەنووسی بکات؟!
- ئایا ئێوە ڕێزی ئەو زانستە دەگرن کە فێری بوون، بۆ کەی ھەڵتان گرتووە؟!
- ئایە ئێوە، لە سیستەمی پەروەردە، فێرکردن، تەنسازیی و تەندروستی، بازرگانی، پەیوەندییە گشتییەکان، ڕێگاوبان و کشتوکاڵ، داد، سیاسەتی دەرەوە، دیبلۆماسی کوردی، مامەڵەی وزە، ھێزی بەرگریی و پلانەکانی سەرکردەیەتی خێڵ- حیزب، مافی مرۆڤ، ڕەوشی دیمۆکراسی، باری مەعنەوی نەتەوەکە، دڵنیا و خۆشحاڵن وا بێدەربەستانە، سەرکردەیەتی خێڵ-حیزب گەمە بە کەرامەتی مرۆڤی کورد دەکات و شکۆی ئینسانی مرۆڤی کورد دەشکێنێ؟!
بە دەیان پرسیار لەماوەی ئەم سی و یەک ساڵەی دەسەڵاتی خیانەتمەندی کوردیدا، لەوان کرا و وەڵامێکیان نەداینەوە.
ئایا بێدەنگییان، پشتیوانیکردنێکی شاردراوەی خۆ لێ نەبانکراوە و ئەوان کورسیی ئەکادیمی بوونی خۆیان، لە ڕێڕەوی ئەو ڕێگایەدا داناوە کە بەرە و لوتکەی ھەرەمی ستەمیان دەبات، بۆیە پشتییان لە گەلی خۆیان کردووە و ڕوویان لە ستەمەکار؟!
ئێمە وەک خەڵکە گشتەکەی کۆمەڵگاکەمان، کار بۆ ئازادیی نەتەوەکەمان  و بەرگریی لە بوونی نەتەوەکەمان دەکەین و قەڵەم و وشە و ئازادیی بیر و زمانەکەمان دەپارێزین، لەم پێناوەدا ئەگەر ھەڵەشمان کرد و گیانیشمان بەخشی، بەلامانەوە شەرافەتمەندانەترە لەوەی لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندی بچووکدا، چاومان دابخەین، گوێمان بئاخنین و زمانمان گرێ بدەین.
لەمێژووی کورددا، ئەو کەسانەی کە بەر لەھەرکەس ھاتنە دەنگ، ڕۆشنبیرانی سەردەمانی خۆیان بوون، بڕواننە پیاوانی ئاینی کوردستانپەروەر، شاعیران، ئەدیبان، مامۆستاکان، خوێندکاران. بڕواننە گیوی موکریانی، بەدرخانەکان، پیرمێرد، بێکەس، حاجی قادر، قانع، مامۆستا ڕەفیق حلمی، جەمال عیرفان، مەستوورەی کوردستانی، ماملێ، ھێمن، مامۆستا عولەما و بیرمەندی کورد مامۆستا مەسعوود و چیرۆکنووسە نیشتمانپەروەرەکان و تەنانەت کۆلکە خوێندەواری حوجرە و تەکییەکان، ئەوانەیان کە نامەکانیان بە: یا کوردستان یان نەمان دەستی پێدەکرد و زۆرینەیشیان گیانیان بەخشی بە ئازادیی نەتەوەکەیان. 
سەردەشت، کە ناوەکەی حەوت پیتی ئەو زمانە قەدەغەکراوەی ئێوەیە، بە ئەندازەی حەوت سەد ئەکادیمیستی کورد، ڕاچڵەکان و شڵەقاندنی ویژدانی کوردیی بەرھەم ھێنا، ئەو خوێندکارێکی ئەو زانکۆیانە بوو کە ئێوە وانەی تێدا دەڵێنەوە، بەڵام مەرگە گەورەکەیی و شەھیدبوونە سەربەرزانەکەی، ویژدان و ڕێزگرتنی ئێوەی لە ئازادیی قەڵەم و مافی ئینسانیی بۆ کورد، نەجوڵاند، بۆیە سەرکردەیەتی خێڵ- حیزب، پرکێشییەکانی تری خۆی فراوان کرد و سی و یەک ساڵە جەفەنگ، یەکەمجار بە ئێوە و پلەی زانستی ئێوە دەکات و پاشان ئەو  بەشە بندەستە لە باشووری داگیرکراوی ئێمەدا.
ھەزاران سڵاوی کوردستانی لە ڕۆحی بەرگریی و بیری ئازاد و قەڵەمی شەرافەتمەندت بێت (سەردەشت)ی ئێمە، ئازادیخوازیی نەتەوە.
——————————————
*ئەو ئەکادیمیستە کەمانەی کە شەرافەتمەندانە لە پیشەنگی بزووتنەوەی نەتەوەکەدان، ڕێزدار و شکۆدار و جێگای باوەڕ و متمانەی نەتەوەی کوردن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە