بانگەوازێک بۆ تێکۆشەرانی کوردی ئەوروپا

Saturday, 21/05/2022, 21:46

7207 بینراوە


هاونیشتمانیانی زێدەخۆشەویست .. سڵاوی شۆڕشگێڕی کوردانەتان لێبێت .
ئەگەرچی زۆربەی ئێوە ساڵانێکە لێمانەوە دوورن ، بەڵام هیچ گومانمان لەوەدانیە کە ئێوەش وەک هەر کوردێکی ژێردەستی حوکمڕانی دیکتاتۆریزمی هەرێمی کوردستان هەست بە ئێشوئازاری هاونیشتمانەکانتانەوە ئەکەن . لەگەڵ ئەوەی بە لوتفی خوای گەورە توانیوتانە ئەم وڵاتە وێرانەی ئێمە جێبێڵن وژیانێکی شەڕەفمەندانەو سەربەرزو ئازادانە بە ڕەنجی شانی خۆتان وخانەوادەکانتان دەستەبەر بکەن ، بەڵام دڵنیام پارچەیەک لەجەستەو هزرو مێشکتان ، لە هەستی کوردانەو سۆزو عاتیفەتان هەتا ئێستاش بەندە بە نیشتمانەکەتانەوە . لەوەشدا زۆر بەروونی ئەبینین ئێوەی تێکۆشەرو ئازاو دلێر لەزۆربەی بۆنەکاندا حزووری مەردانەتان هەبووە لەسەر ئاستی دەرەوەی وڵات بۆ داکۆکیکردن لەمافەڕەواکانی میللەتە بەشمەینەتەکان . ساڵانێک وەک خەباتی مەدەنی لەوڵاتە نێشتەجێیەکانتان تێکۆشانتان کردووە بۆ گەیاندنی مەزڵومیەتی میللەتەکەتان بەدونیای دەرەوە ، ئێستاش بەهەمان رۆحییەتی شۆڕشگێرانەی جارانەوە جارێکیتر هاتوونەتە مەیدانی کوردایەتی وخەباتی نەتەوەیی بۆ رسواکردنی ئەم دەسەڵاتە بەعس ئاساییەی رژێمەکەی مەسعود بارزانی و ، بەبەر چاوی میللەتانی دونیاوە چالاکی مەردانە ئەنوێنن کە ئەمەش مایەی شانازی هەموو تاکێکی بە شەڕەفی کوردە .
خوشکو برایانی ئازیز : چەند رۆژێک پێش ئێستا لەهەڵمەتێکی شێرانەدا بەشێک لەڕۆڵە بە ئەمەکەکانی کوردستانەکەتان لەلەندەنی پایتەختی بەریتانیادا گەورەترین شانازییان بۆ خۆیان تۆمار کرد بە هێلکەباران کردنی سەرۆکی حکومەتە فاشیزمەکەی پارتی بەبەرچاوی رۆژنامە جیهانییەکانەوە ، کە پێموایە ئەم چالاکییە مەزنە بارتەقای داستانە گەورەکانی پێشمەرگە دلێرەکانی سەردەمی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانە . کاریگەری ئەم هێرشە ئازایانەی رۆڵەکانمان بەسەر دەسەڵاتی فاشیزمی بارزانییەوە نەک سووتێنەر بەڵکو دارووخێنەر بوو بۆ بنەماڵەی بارزانی کە هەرگیز چاوەڕوانی رووداوێکی حەیاچوونی لەم چەشنەیان بە خەیاڵدا نەدەهات . ئەوان خۆیان لەهەموو میللەتو نەتەوەی کورد پێ گەورەتر بووە ، بە عەقلییەتی دواکەوتووی عەشایەرەکەیانەوە تەسەوڕی ئەوەیان نەئەکرد رۆژێک دابێت بەمشێوەیە لەبەرچاوی دونیاوە رسوا بکرێن ، بۆیە هیچ گومانم نیە کە ئەم هەڵمەتە ژیانی لێ تاڵکردوون و خەویان لێزڕاوە .
ئازیزانم : خۆتان باش ئەزانن میللەتی ئێمە لەهەرێمی کوردستان زۆر بێزارو نێگەرانە لەم دەسەڵاتە فاشستەو ، قەت تەسەوڕی ئەوەی نەدەکرد لەدوای ئەم هەموو قوربانی و بەرخۆدانو دواتر رزگاربوونی لەژێر دەسەڵاتی بەعسی دڕندەو کوردکوژ بەرهەمی خەباتو تێکۆشانی ئەم دەسەڵاتە قێزەون و دڕەندەتر لەبەعس بێت . بەڵام خۆشتان باش ئەزانن لەتەک یاریکردنی دەسەڵاتی پارتی بە موقەدرەراتی کوردستان و خیانەتی نیشتمانی و نەتەوەییدا ، کار گەیشتە سەر برسیکردن ونانبڕین و زوڵموزۆرداری ئەم دەسەڵاتە کە گەیشتۆتە ترۆپکەوە ، لێ لەترسی زەبروزەنگی دەسەڵاتە خوێنمژەکەی پارتییەوە خەڵک ناوێرێ بێتە سەر شەقامەکانی کوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبەرامبەر ئەم هەموو زوڵموزۆردارییەدا . دەسەڵاتی پارتی هەموو پەنجەرەکانی بەرووی میللەتدا داخستووە . بە حوکمی دەسەڵاتی ئەمنێ وموخابەراتی و جاش و کۆنە بەعسییەکان کەس ناوێرێ نەک بێتە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەرببڕی ، بەڵکو تەنانەت کەس ناوێری تەنها کۆمێنتیکیش لەفەیسبووکی خۆیدا دژی ئەم دەسەلاتە بنوسێ لەترسی گرتن وئەشکەنجەو وزیندانیکردنی . ترسی کوشتوبڕو هەڕەشەی زمانبڕین و نانبڕین ئەم میللەتەی ئێمەی تووشی شەلەل کردووە ، تەنها ئەوەندەی پێئەکرێ روو لەقاپی خوا بکات بەڵکو رەحمێکی پێبکات و لەدەست ئەم تاقمە خوێنڕێژە نەجاتی بدات . بۆیە ئەرکی ئێوەی رۆڵەکانی ئەم کوردستانەیە ئێستاو لەداهاتووشدا شۆڕشێکی نوێ لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکادا هەڵگیرسێنن دژ بەم دەسەڵاتە زۆردارە . لەلای ئێوە کەس لەسەر خۆپیشاندانو رادەربڕین حوکم نادرێ . هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێ خۆپیشاندانەکانتان قەدەغە بکات ، بۆیە پێویستە ئێوە لەجیاتی خەڵکی قوڕبەسەرو ژێردەستەی هەرێمی کوردستان هەرچیەکتان پێبکرێ بۆ رسواکردنی ئەم دەسەڵاتە درێغی نەکەن .
کاتێک ئەبیستن حکومەتی فاشیستی پارتی مووچەی خەڵکی وڵات ئەبڕی ، ئێوە وەرنە سەر شەقامەکان و لافیتە بەرز بکەنەوە لەدژی ئەم دەسەڵاتە . کاتێک ئەبینن گەڕەکەکانی هەولێر ئاو نیە بیخۆن ، وەرنە سەر شەقامەکانتان داکۆکی لەمیللەتی تینوو بکەن . کاتێک ئەبیستن خانەنشینانی سلێمانی لەبن پێیان گیان ئەبەخشێ ، وەرنە سەرشەقام داکۆکی لەم خەڵکە هەژارو غەدر لێکراوانە بکەن . کاتێک ئەبیستن رۆژنامەنووس و نووسەر دەستگییر ئەکرێن و زیندانی ئەکرێن و هەڕەشەیان لێ ئەکرێ ، ئێوە لەجیاتی ئێمە وەرنە سەر شەقام ناڕەزایی دەربڕن . بۆ هەر زوڵموزۆرداریەک خۆتان بجوڵێن ، بێدەنگ مەبن ، ئێمە لەزیندانێکی چواردەورەگیراوداین ، ئێوەش لەوڵاتی ئازاد . رێگە مەدەن ئەم دەسەڵاتە زۆردارە هەناسە بدات ، کونە مشکیان لێبکەنە قەیسەری ، لەهەر کوێیەک بوون بەدوایانەوە بن . 
ئێوە بەشێکن لەئێمە ، میللەت بە عام بڕواومتمانەی بەهیچ حزبێکی دەسەڵاتەوە نەماوە ، بێکەس کەوتووەو ناڵەناڵییەتی بەدەست زوڵموستەمی دەسەڵاتەوە ، بۆیە تاکە ئومێدێکمان مابێ بۆ گەیاندنی مەزلوومییەتی ئێمە بە دەرەوەو رسواکردنی ئەم دەسەڵاتەو ئێوەی بەڕیزن . ئێوە رۆڵەی ئەم وڵاتەن ، کوڕو نەوەی تێکۆشەرە دێرینەکانی کوردایەتین ، چاومان لەئێوەیە رزگارمان بکەن .
هەر کاتێک زانیتان سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی حکومەت یان هەر مەسئولێکی زاڵمی ئەم دەسەڵاتەی هەرێم هاتنە وڵاتەکانتان هێلکەباران وتەماتە بارانیان بکەن . خۆ هەمووتان ئەزانن سەفەری ئەم مەسئولانە کاتوسات وشوێنو مەکانی دیارە ، دە قۆڵتان هەڵماڵن لەهەر شوێنەک بینیتان هێلکەبارانیان بکەن ، باش بزانن بەمە دەسەڵاتی پارتی شێتوهار ئەبن و پەیامی مەزلوومیەتی میللەتەکەتان بە ڕای گشتی ئەگەیەنن .
خۆشەویستانم : باوباپیرانی ئێمەومانان خەباتێکی زۆر سەخت ودژواریان کرد تا گەیشتینە ئازادکردنی کوردستانەکەمان ، دە ئێستا رۆژ رۆژی ئێوەیە بێنە مەیدانی خەباتی مەدەنی ئەم دەسەڵاتە بەعسئاسایە بڕووخێنن . لەم وەزعە بێئومێدیەدا تەنها ئێوە ئەتوانن واقیعی تاڵی ئەم میللەتە  بگۆڕن . چاومان لەدەستو بازووی ئێوەیە ، فەرموون وەرنە بەرەی میللەتەکەتان  بۆ رزگاری یەکجارەکی لەدەست زوڵموزۆرداری .. هەر بژین رۆڵە مەردەکانی کوردایەتی ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە