گێژاوە سیاسییەکان لەیەک دووربینەوە

Saturday, 05.21.2022, 22:00

23215 بینراوە


کاتێک هەر مرۆڤێک لەدایک دەبێت، لەگەڵ لەحزەی هاتنی بۆ ئەم ژیانە پڕ لەجەنجاڵی و سەختگیرییەدا، گەورەترین بەڵاو ڕەشترین چارەنوس کە سروشت بەسەریدا دەسەپێنێت، ئەوەیە: لە چ نیشتیمانێکدا، لە ژینگەی چ کۆمەڵگایەکدا، لەژێر سایەی خۆشگوزەرانی چ دەوڵەتێکداو وە لە چ خێزانێکدا چاوی بەدونیا هەڵدێنێت. چونکە هەموو ئەمانە زۆر گرنگن بۆ بونیادنانی کەسایەتی مرۆڤ. بەدەست ئێمە نییە، قبوڵ یان ڕەفزی بکەین ئەوا ئەم ژینگانە کاریگەری لەسەر کەسێتی، کەسایەتی و بیرکردنەوەمان دروست دەکەن. من پێشتریش لەزۆر کۆڕوکۆمەڵ وتومەو لێرەش ئەیڵێمەوە کە، ئەگەر من لەجیاتی کوردبوونم، تورک، فارس، چینی یان چاو سەوزو قژ زەردێکی ئەوروپی یان هەر قەومێکیتر بومایە، ئەوا ژیانم زۆر لە ئێستا خۆشترو سەلامەتترو جێگیربوتر دەبوو. یانی هەر قەومێکیتر بومایە ژیانم باشتر دەبوو جگە لە کوردبوون. چونکە ئەوەی کورد بوون پێیبەخشیوم، بریتی بووە لەوەی، لەوەتای لەدایک بووم، دەربەدەرو هەڵاتووی ئەمشارو ئەموڵاتین. هەستمان بەهیچ ئاساییشێک نەکردووە. هیچ خۆشگوزەرانیمان نەبینیوە. وڵات و دەسەڵاتێکی دادپەروەرمان نەبووە. لەهەمووشی قێزەونتر ئەوەیە کۆمەڵگای کوردی، کە زۆر جار من بە (کۆمەڵە+گا)ی کوردی ناوم هێناوەو زۆر جار هەڕەشەی ججدیشم لێکراوە، لەسەر ئەم ڕەخنانەم لە کوردبوون و لە ئاستی نزمی ڕۆشنبیری کۆمەڵەگای کوردی.
 من مرۆڤێکی ڕاشکاووم ئیمانم بە موجامەلە نییە، وە مرۆڤێکی ئازادم و پیویستە بەئازادانە بدوێم. بۆیە دوبارەی دەکمەوە ناتوانم شانازی بە کوردبوونمەوە بکەم. وە زۆر هەستێکی ناخۆشە بۆم، کە بیر دەکەمەوە ئەندامێکم لە جاهیلترین و دواکەوتوترین کۆمەڵگاکانی دونیادا. شانازی هەستێکە کە خۆڕسکانە تەنها بۆ ئەم شتانە دروست دەبێت کە، جوان و باش و ئیجابی و پڕ بەرهەم و دەستی پڕ لەدەستکەوتن. بەڵام کورد خاوەنی هیچ جوانی، ئیجابیات و باشییەک نییە. ئاخر بەرهەمی کورد جگە لە شەڕی براکوژی، خیانەتی گەورەی نیشتیمانی، دزینی سامانی گشتی و شکاندنی پەنجەکانی یەکتر چیتری هەبووە؟ هەروەها عێڕاق پێکهاتووە لە سێ پێکهاتەی سەرەکی، وەکو کورد، سوننە و شیعە. لەڕاستیدا ئەگەر قسە لەسەر ئاستی نزمی سەقافی و جەهالەت و نەخوێندەواری تاکی سوننەو شیعە بکەم ئەوا زۆر لەکورد دواکەوتوترن. بەتایبەتی شیعە. کە ئایدۆلۆژیایەکی قێزەون و پڕ لە چەمکی توندئاژۆ دەرخواردی مێشکی شوێنکەوتووانیان دەدەن و بەڕادەیەک مێشکیان دەشۆنەوە کە، تەنها مەزهەبە لەسەر ئاستی جیهان کە وا لەشوێنکەوتووانی دەکات، تەنانەت جەستەی خۆیان ئازاربدەنو بە نوکی شمشێری تیژ ئەدەن لە سەریان و سێ تەبەقەی پێستی سەریان دەبڕن و بەڕای ئەوانیش هەرچەند خوێنیان لێبچۆڕێتەوە هێندە پاداشت و سەدەقە کۆدەکەنەوە. زۆر جار دەبینین مناڵەکانیشیان فێری لەخۆدان دەکەن. بەڤیدیۆ لەیوتوب هەیە، کە تەنانەت پیاوێکی شیعەی گەمژە فیشەک ئەنێت بە سکی خۆیەوەو لەپشتی دەردەچێت، پێش ڕوداوەکەش دروشمی مەزهەبیی دەڵێتەوەو پێیوایە کە فیشەکەکە لەپشتی دەردەچێت و خوێنی لێنایەت و یەکسەر چاک دەبێتەوە. بەڵام کاتێک فیشەک ئەنێت بەخۆیەوە، یەکسەر دەکەوێت و بە ئەمبوڵانس دەگەیەندرێتە مستەشفەو دەمرێت. دەی ئاخر من چۆن شانازی بەوە بکەم کە لەکۆمەڵگایەکدا لەدایک بووم کە ئەمە بیروباوەڕی تاکەکانی بێت؟ ئاخر ئەگەر بەر لە لەدایکبوون پرس بەخۆم کرابوایە، هەرگیز نە عێڕاقیبوون، نەکوردبوون، نە ژینگەی کۆمەڵەگای کوردی و عێڕاقیم هەڵدەبژارد. ئاخر من چۆن هەستی شەرمەزاری نەمکوژێت کاتێک، دەبینم خەڵکی وڵاتێکم، کە کورد لەناوخۆیدا بەڕادەیەک ناکۆکن و گێژاوە سیاسییەکان بەڕادەیەک هاوڵاتیانی لوول داوە، کە یەکێتی خوێنی پارتییەکانی حەڵاڵ کردووە. لەولاوە پارتییەکان خەڵاتی گرانبەهایان دیاری کردووە بۆهەر کەسێک کە سەری گەڕیلایەکی پەکەکە بێنێتەوە. ئیسلامییەکان یەکێتی و پارتی بە کافر دەزانن و پێیانوایە بەکوشتنیان بەهەشتی نەبڕاوە بەدەست دێت. یەکێتی و پارتیش ئیسلامییەکان بە تیرۆریست و قومبەلەیەکی مەترسیداری ناو کۆمەڵگا وەسف دەکەن. لەولاوە پەکەکە هەموویان ڕەفز دەکات و دەڵێت یەکێتی و پارتی جاشی وڵاتانی دوژمنن و ئیسلامییەکانیش کوڕی شەرعی ئیخوان موسلیمینی نێودەوڵەتین و کوردایەتی بەس لایەقی ئێمەیەو تەنها ئێمە خاوەنی کوردستانین. کە شۆڕبینەوە بۆخواروی عێڕاقیش دەبینین. کە بەینی سوننەو شیعە بەڕادەیەک قێزەونە هەر نازانین لەکوێ و چۆن دەستپێبکەین. بەڕای من بەگشتی سوننەی میانڕەو سەلامەتو ئاشتیخوازە، لەوێنەی دایکو باوکانی ئێمە کە فریشتەئاسا خواپەرستی دەکەن و دین و سیاسەت تێکەڵ ناکەن. بەڵام گروپە توندئاژۆکانی وەکو قاعیدەو داعش و تاڵیبان ئەمانە کە بەقسەی خۆیان نوێنەرایەتی مەزهەبی سوننە دەکەن. تابڵێی توندڕەوو خوێنڕێژن. وە ئەوانە بازرگانانی دینن، وە هیچ خاڵی هاوبەشیان نییە لەگەڵ ناوەڕۆکی ئیسلام. بەڵام ئیتر گروپگەلێکی سیاسیین. لەم سەردەمەشدا سیاسییەکان دەبێت کەرەستەیەکیان هەبێت بۆ برەودان و وزەبەخشین بە جوڵانەوەکەیان. ئەوانیش لە ئیسلام باشتریان دەست نەکەوتووە کە بزنزی پێوە بکەن و بەپاساوی جیهادی قیتال و جێبەجێ کردنی شەریعەتی ئیسلام و فتوحاتی دینی، ئەوا هیچ کردەوەیەکی قێزەون و دژە مرۆڤایەتی نەما نەیکەن. تەنانەت ناکۆکی و شەڕی تولانی بەینی سوننەو شیعە لەبەرژەوەندی ڕێبەرانی هەردوکلایەو سەرکردەو مەرجەعەکانی هەردولا بەردەوام بەنزین بەم ئاگرەدا دەکەن و ڕێگە نادەن ئاشتی بچەسپێت. چونکە ئاشتەوایی بەینی ئەم دوو مەزهەبە بەواتای مەرگی ئەوان دێت و بەردەوامی ناکۆکیش لەبەینی مەزهەبەکان، ئەو بوتڵەیە کە هەناسەی دەستکرد دەرخواردی سینگی ڕێبەران دەدات. من ڕام وایە وەکچۆن سەرکردەکانی یەکێتی و پارتی شەوانە پێکە شەڕاب بەیەکەوە دەخۆنەوەو لەگەڵ سۆزانییەکانی چێژ لەژیان وەردەگرن و بەڕۆژیش هوتافی سیاسیی و ئاگرین لەدژی یەکتر دەدەن بۆئەوەی هەردولایان زۆرترین هاوڵاتی گەمژە بکەن و لایەنگرانیان زیاد بکەن و ئیتر لەسەر حیسابی ئەوان ژیانێکی ڕەفاحەت و خۆشیان بۆخۆیان بونیاد ناوە. بەهەمان شێوەش سەرکردەو مەرجەعە باڵاکانی سوننەو شیعە لەپشتی پەردە بەیەکەوە کۆدەبنەوەو مەڕی برژاو دەخۆن و لەسەر شاشەی تی ڤیش شوێنکەوتووانیان لەدژی یەکتر هان دەدەن. جا من ڕام وایە ئەمە لانیکەم هەتا سەدەیەکیتر بەردەوام دەبێت. چونکە ئەم سەرکردانە لە کۆمەڵگای کوردی و سوننەو شیعە گەمژەترو نەخوێندەوارتر نادۆزنەوە هەتاکو بەو جۆرە وەکو تۆپی ناو یاریگا یاری بە مێشکی ئەم خەڵکە بکەن و هەتا خەڵکی عەوامیش گەمژەتربێ ئەوا پاروی دەستی ڕێبەرانیان چەورترو سکیان تێرتر دەبێت. 
ئەمەی لەسەرەوە باسم کردن، زیاتر گێژاوە کۆمەڵایەتی و مەزهەبییەکان بوون. ئینجا با تۆزێک بچمە سەر باسی گێژاوە سیاسیی و شەڕە خوێناوییە ناوخۆییەکان. لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە کەم کەم کورد شەڕی پارتیزانی هەبووە لەگەڵ حکومەتی عێڕاق. بەڵام لەسەرەتای ١٩٦٠ بەدواوە شەڕەکان فراوان بوون بۆ شۆڕشێکی گشتگیرتر. یانی لەوساوە کە ٥٢ ساڵە کورد بەس لە گێژاوە سیاسیی و سەربازییەکاندا دەخولێتەوە. شەڕو شۆڕش بەردەوام بوو هەتا ڕێککەوتنی ٧٤ و دواتر هەرەسی شۆڕشی کوردی و دواتر لەساڵی ١٩٨٢ هەڵگیرسانی شەڕی عێراق و ئێران هەتا ١٩٨٨ لەوماوەیەشدا شەڕی کوردو حکومەتی عێڕاقیش بەردەوامی هەبوو. دواترلەکۆتایی هەشتاکاندا کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالی کوردەکان ڕوویداو بەتێکڕایی نزیکەی ٢٠٠ هەزار هاوڵاتی کورد قەتڵوعام کران. دواتر هەڵگیرسانی شەڕی عێڕاق و کوەیت و ئینجا جەنگی ڕێوی بیابان و هاوپەیمانان لەدژی سەددام حوسەین لە ١٩٩١ و دواتر دوای ماوەیەک ڕاپەڕینی کوردو ئازادکردنی ناوچە کوردییەکان. دواتر هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لە بەینی یەکێتی و پارتی. دواتر پەکەکەو پارتی و پەکەکە و یەکێتی. ئینجا لە ٢٠٠٣و داگیرکردنی عێڕاق لەلایەن ئەمریکاو دوای ئەمەش ماڵوێرانی زۆر یەخەی عێڕاقییەکانی گرت. کە کاریگەرترینییان هاتنی داعشی تیرۆریست و خوێنڕێژبوو. بەڵام لەداعشیش مەترسیدارتر دامەزراندنی هێزی مەزهەبیی میلیشیایی حەشدی شەعبی شیعیی بوو. چونکە ئەم هێزە تەواو هێزێکی نانیزامییە. لەدەرەوەی دامەزراوەی دەوڵەت و وەزاڕەتی بەرگرییە. هێزێکی میلیشیایی سڕف مەزهەبییە، کە تەنها شت بۆی گرنگ بێت ئەوەیە کێ شعەیە فریشتەیەو ئەوەی کوردو سوننەش بێت شەیتانەو خوێنی حەڵاڵە. 
مەترسی ئەم هێزە ئەوەیە کە یەکێکیترە لەو مەقاشە سیاسیی و سەربازیانەی کە بەدەستی ئێرانەوەیەو هەر جارەو گوێچکەی یەکێکی پێدەگرێت. بینیمان کاتێک داعش پەرەی سەندو لەسنورەکانی ئێران نزیک بویەوە. ئەوا بە دوو لچی مەقاشی حەشدی شەعبی زمانی داعشی چوزاندو گێرایەوە دواوە. دواتر کاتێک سوننەکان لە ٢٠١٨ لەهەڵبژاردن بردیانەوە. دیسان ئێران مەقاشەکەی حەسدی شەعبی خستە ناو سندوقەکانی هەڵبژاردن و دەنگی شیعەی سەرخست بەسەر دەنگی سوننەدا. دواترو لە٢٠١٧ کاتێک کوردەکان ڕیفراندۆمیان کرد بۆسەربەخۆیی و ترسی ئێران لەدروستبوونی دەوڵەتێکی دۆستی ئێسڕائیل لەسەر سنورەکانی خۆی. ئەوا دیسان مەقاشی حەشدی شەعبی بەکارهێناو هەموو ئەم پەنجانەی بۆڕیفراندۆم مۆرکرابوون چزاندنی و تەواوی هەرێمی کەرکوک و دووزخورماتوو و دەوروبەری داگیرکرد. لەم داگیرکاریەدا هێزە میلیشیاکانی شیعیی تیرۆریست و توندئاژۆ، هەزاران تاوانی جەنگیان ئەنجامدا، سەدان پیاوی سڤیلی کوردیان کوشت و تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی دەستدرێژی سێکسیشیان کردە سەر دەیان کچ و ژنی کورد. کە تراژیدیاترین کەیس ئەوەبوو کاتێک باوکێک لە دووزخورماتوو خۆیکوشت لەداخی ئەوەی بەبەرچاوی خۆیەوە هێزە تیرۆریستییەکانی شیعیی دەستدرێژی سێکسییان کردبوویە سەر کچە ١٨ ساڵیەکەی. 
لەلایەکیترەوە داعشیش زیانی ماددی و گیانی زۆری لە کورددا. بەتایبەتی لە شەنگال کە بەیەکجار ٦٠٠٠ ژنی ئێزیدییان ڕفاندو کردنیان بەسەبایەو ئەمەش گەورەترین دەستدرێژی سێکسی بەکۆمەڵە لەمێژووی دوو سەد ساڵی ڕابردوودا. هەروەها زیاتر لە ٤٠٠٠ پیاوی ئێزیدی سڤیل و بێگوناهیان کوشت. 
لەسەر باسکردنی گێژاوە سیاسییەکان بەردەوام دەبین و دێینە سەر ئەم خەنجەرانەی کورد لە کوردی داوە. ئەوەی لەسەرەوە باسمکرد حەشد و داعش عەڕەبی دوژمن بوون. هەموو کارێکی قێزەونیش لەدوژمن چاوەڕێ دەکرێت. چونکە کورد کێشەی مەزهەبی لەگەڵ شیعە هەیە. وە کێشەی خاکی لەگەڵ سوننە هەیە. وە کێشەی دەوڵەتداری و دیموکڕاسی لەگەڵ هەردوکیان هەیە. بۆیە پشتی کورد شوێنەواری سەدان خەنجەری دەستی عەڕەبی پێوەیە. بەڵام لەهەموویان ئازاربەخشتر خەنجەری دەستی کوردە لە پشتی کورد. بنەماڵەی خێڵەکی حوکمداری کوردی وەک تاڵەبانیەکان و بارزانییەکان، دوو هێندەی دوژمنانی کورد کوردیان کوشتووە. لە شەڕی ناوخۆی ساڵانی ١٩٩٤بۆ ١٩٩٨ بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان ٣٣٠٠٠ گەنجی کوردیان کوشتووە. دەیان خیانەتی گەورەیان لەیەکتر کردووە. پارتی دیموکڕاتی کوردستان گەورەترین خیانەتی مێژوویی ئەنجامدا لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦و بەهۆیەوە تانک و هێلیکۆپتەری حکومەتی عێڕاقی هێنایە سەر پایتەختی کوردستان و پەڕلەمانی کوردستانی ڕازاندەوە بە ئاڵای ئەوکاتی عێڕاق. لەم ئۆپەڕاسیۆنەشدا هەزاران چالاکوانی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی عێڕاقی لە هەولیر بەدیلی گیران و گوللە باران کران. مەسعود بارزانیش چەند جار وتویەتی خۆزگە ئەمتوانی ئەم مێژووە بسڕمەوە. بەڵام ئیتر ئەم رووداوانە لەمێژوودا تۆمارکراون و ناسڕێنەوە. بەڵام ئەوەی مایەی شەرمەزارییە بۆ مەسعود بارزانی خائین و خۆفرۆشی جاشی سەددام، ئەوەیە کە لەجیاتی داوایلێبوردن بکات لە گەلی کورد، کەچی هێندە بێ ئابڕووە دەڵێت ئەوکات ئێمە نەبوینە جاشی بەعس بەڵکو بەعس بوو بە جاشی ئێمەو. ئێمە ئەوانمان بەکرێگرتبوو بۆ داگیرکردنی هەولێرو وەدەرنانی تاقمەکەی جەلال تاڵەبانی. 
لەلایەکیترەوە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧و لە دوای ٢١ ساڵ لەخیانەتە گەورەکەی ٣١ی ئاب. تاقمیکی ناپاک و خائین و داردەستی وڵاتانی دوژمنی کورد. لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەڵسان بە فرۆشتنی تەواوی کەرکوک بە ئێران و شیعەی توندڕەو. لەوڕۆژە ڕەشەدا کە پیاو تف لە کوردبوونی خۆی دەکات. تاقمێکی پاشەڵ پیس لەسەرکردایەتی یەکێتی وەک بافڵ تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی، ئاسۆ مامەند، ئاراس جەنگی و وەستا ڕەسو. ئەمانەو چەندانیتر ڕێککەوتنێکی ژێربەژێریان لەگەڵ ئێران و حەشدی شەعبی کردو لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی شیعەکان، پاشەڵ پیسەکانی قوتابخانەی جەلالیزمی ناپاک و گۆڕبەگۆڕ کشانەوەو لەماوەی شەوو ڕۆژێکدا کەرکوک و دەوروبەری داگیرکران و بەمەش تۆڵەی ٣١ی ئابی لەپارتی کردەوەو شکستی بەئەنجامەکانی ڕیفراندۆم هێناو لەپاداشتیشدا تەنها پۆستی سەرۆککۆمارو بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتو بۆهەمیشەش ڕووی خۆیان ڕەش کرد. تەنانەت ڕووی مناڵەکانیشیان ڕەش کرد. لەداهاتودا ڕۆژێک دێت مناڵەکانی ئێمەومانان تف لە ڕووی مناڵەکانی ئەو ناپاکانە دەکەن. 
شتێکیتری زۆر نهێنی هەیە کە کەم کەس درکی پێکردووە. ئەویش ئەوەیە کە لەدوای ٢٠١٧ شکست هێنانی ڕیفراندۆم. جار جار هێرشی موشەکی دەکرێتە سەر هەولێرو مەتاڕەکەی و دەیانەوێت نیشانی جیهانی بدەن کە هەولێر ئارام نییە، بۆئەوەی هەولێر داببڕن لەتۆڕی پەیوەندی دیبلۆماسی نێودەوڵەتی و پاشەکشەی قونسوڵەکانی وڵاتان لەم شارەدا. دیارە نکوڵی لەوە ناکرێت کە هێزە چەکدارەکانی شیعە لەپستی ئەم هێرشانەوەن. بەڵام ئەوەی جێگەی مەترسییە ئەوەیە، کە لاهوری شێخ جەنگی کە بە دژە پارتییەکی سەرسەخت ناسراوە، لەژێرەوە هاوکاری حەشدی شەعبی کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەم هێرشانەو لەهەولێرەوە لەڕێگەی جیهازاتی ئیستیخباڕاتی بەهێزەوە ئامانجە ستراتیژیەکانی لەناو جەرگەی هەولێر بۆ حەشدی شەعبی دیاری کردووەو ئەوانیش موشەکبارانیان کردووە. 
شتیکیتر هەیە، سەبارەت بە داگیرکارییەکانی سوپای تورکیا. هێزە دەسەڵاتدارەکانی عێڕاق گشتیان دژی یەکترن، بەس هیچیان جورئەتی ئەوە ناکەن بۆچی هێزەکانی تورکیا بەتانک و تۆپ و چەکی قورسەوە هاتونەتە ناو بەشێکی زۆری خاکی عێڕاق و بەپاساوی بوونی پەکەکە ڕۆژ دوای ڕۆژ گوندو دۆڵ و چیاکانی عێڕاق زیاتر داگیردەکەن. لەلایەکیترەوە ئێران دەیان کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی عێراق و تەنانەت سنورەکانی عێڕاق هەر پاسەوانیشی لێنییە. بەڵام هیچ هێزێکی کوردی و عێڕاقی نقەیان لێوەنایەت. کەچی وزەیەکی زۆر خەرج دەکەن بۆ دژایەتی و شکاندنی پەنجەی یەکتر. تەبعەن لەناو هەموویاندا ئەوانەی زۆر مەترسیدارن و خاوەنی تاوانی جەنگن و تاوانبارن بە کوشتنی هەزاران عێڕاقی و دزینی سەدان و هەزاران ملیارد دۆلار ئەوا یەکێتی و پارتی کوردی و، هەروەها داعشی سوننیی و حەشدی شەعبی شیعیین. سەرچاوەی تەواوی گێژاوە سیاسییەکانی عێڕاق ئەم چوار هێزەیە بەدەرەجە یەک. وە ئەوان بەرپرسن لەوەی ژیانی ٤٠ ملیۆن عێڕاقی وێران بووەو بەردەوام سەدان گێژاوی سیاسیی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و مەزهەبیی یەخەی ئەم میللەتەی گرتووەو دەگرێت....! 
تێبینی: لەم نوسینەدا باسی چەند بابەتێکی جیاوازم کردووە. بۆیە نوسینەکەم بەدیاریکراوی لەسەر یەک مەوزوع نییە، چونکە ویستم باسی تەواوی گێژاوە سیاسییەکانی عێڕاق بکەم. بۆ ئەمەش کتێبێکی هەزار لاپەڕەییمان پێویستە، بەڵام من بە کورتی کێشەکانی عێڕاقم باسکرد. 

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر