ڕەخنەیبوونی ڕۆشنبیران و نوسەران و ڕۆژنامەنووسان دەبێ ستراتیژ بێت و زانیاری ناسینی گروپ و دەستەو کۆمەڵەو ڕێکخراو حیزب و هەتا هەندەسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری لەپێناو ماف و ئەرک و ئازادی و کەرامەتی ئینسانەکاندا هەبێت ،واتە زانیاری خوێندنەوەی شوناسی جیاواز بۆ هیزی جیاواز، پێناسی جیاواز بۆ مەسەلەو کێشەو کایەی جیاواز لە پێناو ئاشتی کۆمەلایەتی و سیاسی دا بێت کە پشت ئەستور بێت بە ژێرخانی فیکری و ئەخلاقی سیاسی و هوشیارییەکی پتەو لە پێناو بەرگریکردن لە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی هەقیقەت وەک پێدراوێکی دیالۆگی کە دەرئەنجامی دیالۆگ دێتە کایەوە .
پارتی و یەکێتی لە خەباتی شاخ و شاردا هەریەكەیان بە ئاستێك ناپاكیان لە میللەت كردووەو دەستیان بە خوێنی رۆڵەكانی ئەم گەلە سوورە ورۆڵیان هەبووە لە خولقاندنی ژینگەیەکی پڕ لە ترس و لە تۆقاندن و هێرش و پەلاماردان بۆ سەر ڕۆشنبیران و ونوسەران و ڕۆژنامەنوسانی ئازادو خەڵکی کوردستان ،دیوی پشتەوەی هەموو کردەیەکی هێرش و پەلاماردان تیرۆرێکی سیاسی لێکەوتووەتەوەو لە پشتی هەر تیرۆرێکی سیاسیشەوە چاوساغی سوپای بێگانە بوون بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشە ناوخۆییەكانیان ، مرۆڤ ئەگەر کەمێک هوشیاری مێژوویی و سیاسی هەبێت ئەوا دەزانێت کە پارتی و یەکێتی چ عیلەتێکن و نابێتە مەسینەهەڵگری خێزانە سیاسییە نەخۆشەکانی ناو پارتی و یەکێتی كە هیچ دەربەستی میللەت و چارنووسی میللەت نین و نەوەی نوێی ناو ئەو خێزانە نەخۆشانەیش تابینەقاقایان لە تاوان و گەندەڵی و دزی و ناپاكیكردن لە میللەت نقووم بووە.
هەموو ئەو بەناو رۆشنبیرو نووسەرو هونەرمەندو رۆژنامەنووس و مامۆستای زانكۆیانەی کە گۆرانی بە باڵای پارتی و یەکێتی و خێزانە لە سیاسی کەوتووەکانی ناو پارتی ویەکێتی دەڵێن جگە لە مەسینە هەڵگرو ماستاوچی و داهۆڵ هیچیتر نین و کێشەی خەڵکی کوردستان ئەم گۆرانی گوتنە نییە بە باڵای پارتی و یەکێتی دا،بەڵكو كێشەی خەڵکی کوردستان دابینکردنی ژیانێكی باش و پاراستنی ئازادی و کەرامەت و شکۆی مرۆڤەکان و خزمەتگوزاری سەرەتایی و پێویستە بەبێ جیاوازی ئیتنی و ئاینی و ئینتیمای سیاسی ، کە دواجار ئەمە بە دیوێکدا بێ بەهاکردنی سیاسەتە لەپاڵ گۆرانی گوتن بۆ باڵای پارتی و یەکێتی و ڕۆڵی مەسینەهەڵگری و ماستاوچێتی دەستی بەكڵاوی خۆیەوە گرتووەو رۆڵێکی پاسیڤی وەرگرتوەو ترسنۆکانە رەخنە لە ئیرادەو قوللەی قاف دەگرێ . !