خەساندن و بە کۆیلەکردنى کۆمەڵگا

Monday, 23/05/2022, 17:46

12892 بینراوە


هەر وەکو چۆن لە چاخە کۆنەکاندا سوڵتان و پێاوە دەست ڕویشتوەکان خزمەتکارو دەست و پێوەندەکانى ناو قەسرەکانیان خەساندوە و لە پیاوەتیان خستون و کردویانن بە کۆیلەى خۆیان و چۆنیان ویستوە ئاوا مامەلەیان لەگەڵ کردون و بۆ بەرژەوەندى خۆیان بەکاریان هێناون  ، لە ئێستادا یەکێتى و پارتى لە ڕێگاى جۆراو جۆر و بە شیوازى تایبەت کۆى کۆمەڵگاى کوردیان خەساندوە ، واتە بیدەنگیان کردون . 
حیزبى کوردى لە برى ئەوەى کۆمەڵگاى کوردى بەرەو پێشەوە بەرێت و ناوماڵى کورد ڕێک بخات لەپێناوى پێشخستنى هەرێمى کوردستان و بەدەستهێنانى مافەکانى ، بۆتە هۆکارى تێکدانى ناوماڵى کوردو پەرتەوازەکردنى . جگە لەوەش تا ئێستاش حیزبە دەسەڵاتدارە کوردیەکان لە لایەن بنەماڵەکانەوە سەرپەرشتى و ئیدارە دەدرێن . 
واتە حیزبەکان  حیزبى بنەماڵەن . کەواتە  ئەو حکومەتەى لە سەر دەستى ئەو حیزبانەش پێک دەهێنرێت  دەبنە حکومەتى بنەماڵە نەک حکومەتێک کە نوێنەرایەتى گەل بکات  .  کە واتە  لێرەدا حیزب  دەبێتە شاگردى بنەماڵەو بنەماڵەش بە ویستى خۆى فەرمانبەرەکان  دەست نیشان دەکات و بەرپرسیاریەتیان پێ دەسپێرێت و ئەوانیش بە ویستى ئاغاکانیان هەڵس و کەوت دەکەن  .  ئێستا لە ڕێگاى ئەم ڕونکردنەوانەى  لە خوارەوە باسیان دەکەم  باشتر تێ دەگەن چۆن یەکێتى و پارتى کۆمەڵگاى کوردیان خەساندوەو کردویانە  بە کۆیلەو مریدى خۆیان. 
1-بۆ ئەوەى دام ودەزگاکانى حکومەت بە باشترین شێوە ڕێک بخرێن و کاروبارى هاوڵاتیان بە شێوەیەکى ئاسان  بەڕێوەبەرن و وڵات بەرەو پێشەوە بەرن دەبێ پرەنسیپى کەسى شیاو بۆ شوێنى شیاو پەێرەو بکرێت . واتە کەسێکى خاوەن بڕوانامە و شارەزاو لێزان و پسپۆڕو دڵسۆز و دەست پاک و نیشتمان پەروەرو خاوەن کەسایەتى  بدۆزرێتەوە بۆ بەڕیوەبردنى وەزارەتێک ، فەرمانگەیەک ، دادگایەک ، زانکۆیەک ، قوتابخانەیەک ، کارگەیەک .....هتد. نەک شوێن بدۆزرێتەوە بۆ کەسانى هیچ لە بارا نەبوى حیزبى و کاسەلێس و  سەر بە بنەماڵەکان  . 
بەڵام بە پێچەوانەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان هەر لە یەکەم ڕۆژى دامەزراندنیەوە ، حکومەتێکى یەکگرتو نەبوەو ئێستاشى پێوە بێت دوو ئیدارەى  سەر بە دوو بنەماڵەن و  حکومەت هەر ناوەو هیچیتر . بۆیە هەموو بەرپرسى فەرمانگەکان و سەرۆک و ڕاگرى زانکۆ و کۆلیجەکان و بەڕیوەبەرى قوتابخانەکان و پەیمانگاکان و دادگاکان و وەزیرەکان و بەڕیوبەرە گشتییەکان و ڕاوێژکارە کان و هەموو بەرپرسەکانى ترى دام ودەزگاکانى حکومەت  کەسانى سەربە دوو بەماڵەو دوو حیزبى فەرمانڕوان و شوێنیان بۆ دۆزراوەتەوە . 
بەرپرسى فەرمانگەو دام ودەزگاکانى حکومەت لە برى ئەوەى  لەسەر بنەماى شارەزایی و لێهاتوى  دانرێن ، لەسەر بنەماى حیزبى بون و لە ڕێگاى لق و ناوچەو مەڵبەندو کۆمیتەکانى حیزبیەوە بۆ پۆستەکان دەپاڵێورێن .  ئەوانە بۆیە دانراون کە وەلایان بۆ حیزب و بنەماڵە  هەبێت و فەرمانى ئەوان جێ بەجێ بکەن . بەو هۆیەوە هیچ کاروباریک وەکوخۆى جێ بەجێ ناکرێت و دیاردەى گەندەڵى و  بەهەدەردانى سامانى گشتى و خۆ دەوڵەمەند کردن بۆتە سیما و کەلتورێکى ناشیرینى ئەم هەرێمەو  هۆکارى وێرانبونى  . کەسێک دەکرێتە سەرۆکى دادگا یان دەبێتە حاکم شایانى ئەو پۆستە نییەو موچەیەکى زۆرى هەیە . کەسێک دەبێتە سەرۆکى زانکۆ یان دەبێتە ڕاگرى کۆلیجێک کە بە قبوڵ خاس لە زانکۆ وەرگیراوە .بۆیە ئەمانە ناتوانن سەربەخۆبن لە کارەکانیاندا .  کەسێکى وەکو توانا کەمال  دەکرێتە سەرۆکى شارەوانى سلێمانى  کە بەنوکە قەڵەمێک و ئیمزایەک لە ماوەى یەک دەقیقەدا بە بڕیارى سەروى خۆى  کەسێک دەکاتە ملیۆنێر . بڕیاردەدات شوێنى باخچە و شوێنى یاریگاو شوێنى قوتابخانەکان بکاتە شوێنى  نیشتەجێبون . حاکمێک لەسەر بڕیارى حیزب حوکمى ناحەق بەسەر هاوڵاتیاندا دەدات و بەلایەوە ئاساییە .
 فەرمانگەى داواکارى گشتى  بێدەنگە لە ئاستى بەهەدەردان و دزینى سامانى هەوڵاتیانى و داگیر کردنى موڵک و ماڵى گشتى  کە بە ئاشکرا بە بەرچاویانەوە دەکرێ  . خۆ ئەگەر نوسراویشیان بۆ بنوسى و ئاگاداریشان بکەیتەوە ، ئەوان هەر بێدەنگ دەبن چونکە  پێیان وتراوە قسەنەکەن و ئەوە کارى ئێوە نییە . 
کەسێک دەکرێتە سەرۆکى زانکۆ  گومان  لە بڕوانامەکەى دەکرێت بۆیە ئاستى زانکۆکانى کوردستان لە خوارى خوارەوەیە . کەسێک دەکرێتە وەزیر گرَێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک  ئێمزا دەکات  تەنها بۆ مەبەستى دزیکردن و خۆ دەوڵەمەنکردنى خۆى .  کەواتە هەنگاوى یەکەم لەڕێگاى پێدانى پلەو پۆستەوە خەڵکیان خەساندوەو کردویانن بە کۆیلەى خۆیان .
2-  لەهەرێمى کوردستان  حیزب حکومەتى ڕاستە قینەیە و حکومەت شاگردى حیزبە . بەدیوێکى تردا حیزب حکومەتە لەناو حکومەتدا  . بۆیە دەبینى  ژمارەى ئەندامانى حیزب  کە لە سەرکردایەتى و بنکردایەتى و لق و ناوچەى پارتى و مەڵبەندو کۆمیتەکانى یەکێتى و  ڕێکخراوە بەناو دێموکراتیەکان و کاروبارى کۆمەڵایەتى و سوڵح و سەڵاحەت  کار دەکەن ئەگەر زیاتر نەبن لە فەرمانبەرانى حکومەت کەمتر نین و ئەمانە هەمویان بونە بارێکى قورس بەسەر بودجەى گشتى خەڵکەوە چونکە هیچ کارێک بۆ میللەت ناکەن و ئەمانە کەسانى خەسێنراون و کراون بە کۆیلەى حیزب . کەواتە ئەو پارەیەى لەبەردەستدایە بەشى موچەى ئەو لەشکرە بێکارەى حیزبیش ناکات ، نەک ئەنجامدانى خزمەتگوزارى . 
3- یەکێتى و پارتى دوو حکومەتى جیاوازن لەناو یەک حکومەتى درۆینەدا . هەر یەکەیان هێزى پێشمەرگەى تایبەت و ئاسایش و پۆلیس و دژە تیرۆرو  دەزگاکانى زانیارى و پاراستنى  خۆى هەیەو تەنانەت ناوەکانیشیان جیاوازە . هیچ لایەنێکیان  ژمارەى تەواوى ئەوهێزانە نادەنە وەزارەتى درۆینەى بەناو پێشمەرگەو  وەزارەتى دارایی . بۆیە بە ئارەزوى خۆیان چۆن و چەندیان  بوێت دەیکەنە  لیست و پارە وەردەگرن .
 ئەگەر بەدواداچونێکى وەرد بکەى  لانى کەم  لەناو هێزى پێشمەرگەدا  بەقەدەر ژمارەى یەک لیوا بندیوار هەیە . فەرماندەى سەربازى نییە دەیان بندیوارى نەبێت . ئەگەر  بچیتە خواروە بۆ یەکەکانى پێشمەرگەو بەدواداچونى ورد بکەى  ئەو کات تێ دەگەى  چەند کەس ناوى لە لیستدا هەیەو چەند کەسیش  بە ڕاستى ئەرکى بینیوە . ئەوەتا پارتى بە ئارەزوى خۆی  بێ ئەوەى پێویستبن هاتوە 6 هەزار ئاوارەى  سوورى کردۆتە پێشمەرگەو  بۆ ئەوەى دژى کورد خۆى بەکاریان بهێنێـەوە و ئەوانە بونە ئەرکى قورس بەسەر بودجەى گشتییەوە .
 پارتى ناوە ناوە فەوجێک بۆ کەسێک دەکاتەوە بۆ بەکار هێنانیان دژى یەکێتى و . ماوەى 10 ساڵە بەئاشکرا 500 دەرچوى زانکۆ دانەمزراون . بزانن چەند پێشمەرگەش شەهید بوەو چەند کەسیش ساڵانە خانە نشین دەبن و موچەکەیان دەبێتە نیوە . لە برى ئەوەى خەرجى موچە کەم ببێتەوە ساڵانە  دەیان ملیار دینار خەرجى زیاد دەکات ئەمە بۆچى ؟. 
لەبەر ئەوەى بەدزیەوە لەناو هێزى چەکداردا بەردەوام خەڵک دادەمەزرێنن بۆ ئەوەى بیانکەنە کۆیلەى خۆیان و بەکاریان بهێنن دژى هاوڵاتیان . ئەو هێزە چەکدارەى  یەکێتى و پارتى هەیانە بە ژمارە زۆر زیاترە لە ژمارەى سوپایەکى وەکو ئیسڕائیل کە شەر ِلەگەڵ هەموو عەرەب دەکات . ئەمە لە کاتێکدایە ئەم ژمارە زۆرەى چەکدارە تەنها ئەرکیان بەرگریکردنە لە هەردوو بنەماڵەو ڕوبەڕوبونەوەى هاوڵاتیان .  
4-  بەشێکى هاوڵاتیانیان  کردۆتە کۆیلەى خۆیان  لە ڕێگاى پێدانى زەوى . دامەزراندنى کەس و کاریان . بڕینەوەى دیوەخانانە بۆ کەسایەتییە دیارەکان . ناردنى ئوتومبێلى ئاخر مۆدێل بۆ هەندێک کەسى دیارى ناوکۆمەڵگا  لە کاتى هەلڕَبژاردنەکاندا .  ڕێگا پێدان و کار ئاسانیکردن بۆ هێنانى کەل و پەلى ماوە بەسەرچوو لەمەرزەکانە . 
لەم ڕێگایانەو بە شێوازى جۆراو جۆرى ترەوە بەردەوام خەرێکى خەساندن و بە کۆیلەکردنى جەماوەرن واتە بیدەنگ کردنیان بەرامبەر بە تاوانەکانى خۆیان . جارى واهەیە کەسێکى هیچ نەبوى سواڵکەر  لە ناکاو وەکو قارچک هەلڕَ دەتۆقى و دەبێتە کەسایاتییەکى دیارو دەوڵەمەند بە هۆى نزیکى لە کەسانى حیزبیەوە .  گومانى تێدا نییە ئەویش بەدل َو بەگیان دەبێتە خزمەتکارى حیزب . 
5- تا پێش ڕاپەڕین هەموو هێزى پێشمەرگەى کوردستانى هەموو لایەنەکان زیاتر نەبوە لە 7-8 هەزار پێشمەرگە  ئێستا بچن ببینن چەند کەس بەناوى پێشمەرگەوە خانە نشینکراوە . .. خەڵکک هەیە لەحیم چى بوەو بەو هۆیەوە چاوێکى لەدەست داوە ، ئێستا بە پلەیەکى بەرز بەناوى پێشمەرگەو کەم ئەندام خانە نشینکراوە . کەسێکى تر لە تراکتۆر کەوتۆتە خوارەوە ، ئێستا عەمیدى کەم ئەندامە  .  بەهەزاران کەس کراوە بە شەهید کە هەر پێشمەرگە نەبوە . خەڵک  هەیە بە ئاسایی مردوەو خراوەتە  سەر لیستى شەهیدان  . 
جگە لە هەموو ئەمانە ژمارەیەکى یەکجار زۆر هاوڵاتى هەیە کە بۆ یەک  ڕۆژیش پێشمەرگە نەبوەو یەکێتى و پارتى  هاتون موچەیان بۆ بڕیونەوە  تەنها بۆ ئەوەى دەنگیان بۆ بدەن . خەڵک هەیە جاش بوەو بەرزترین موچەى هەیە .  ئەگەر دەتانەوێت   بزانن ئەم هەرێمە لە سایەى یەکێتى  و پارتیەوە توشى چ کارەساتێک بوە ، بەیانیانى زوو  پێش دەست پێکردنى  دەوام بچن بۆ بەردەم فەرمانگەکانى حکومەت بەچاوى خۆتان دەبینن چەند ئافرەتى بە تەمەنى بەساڵاچو بە شەلە شەل و لارە لار دەچن  بۆ پاک کردنەوەى فەرمانگەکان چونکە هەموو کەسێک بیزى نایەت ئەوکارە بکات . 
هەرئەم کەسە لە سەرى مانگدا و لە کاتى خۆیدا موچە وەرناگرێـت و کە خانە نشینیش کرا دەبێ  لە سەرەى موچە وەرگرتندا گیان لە دەست بدات . بەڵام لەولاوە  سمێل بابرێک  کە کاتى خۆى جاش بوەو لە لایەن ئەم دوو حیزبە فەرمانڕەوایە  تاڵانچیانەوە  موچەى باشى بۆ بڕاوەتەوەو گاڵتە بەخەڵک دەکەن .
  هەرچى سیفەتى حوکمڕانى هەیە لەم وڵاتەدا نییە . قوتابخانەى وا هەبوە 25 مامۆستاى تێدا بوە  15 کاتیبەى هەبوە  بەڵام  دوو پێرەژنى  داماوى بەسالاچوو  هەبوە   وەکو خزمەت گوزار  ئاخر چۆن حوکمرانى بەمانە دەکرێت ؟. 
6 –ئەو پارەیەى کە دراوە بە ئوتومبێل بۆ ئەندامانى سەرکردایەتى و  بنکردایەتى و کادیرو ئەندامانى  هەردوو حیزب و  کەسایەتیەکان  و  لەگەڵ  حسابى مەسەرەفى بەنزین و خەرجى چاکردنەوەیان و لەگەلڕَ زۆرینەى ئەو ئوتومبیلانەى بۆ دام و دەزگاکانى حکومەت کڕاون کە زۆرینەیان هەر زیادەن و پێویست نین و بۆ ڕازیکردنى خەڵک کڕاون ،ئەگەر هەموو ئەو پارەیە  حساب بکرێت بەلانى کەمەوە 20 کارگەى گەورەى پی َدادەمەزرێنرا  ، کە هەر یەکەیان 500 کەس کارى تێدا دەکات . بەڵام هەموو ئەم بە هەدەر دانە بۆ ئەوەیە خەڵک   بخەسێنن ، واتە بێدەنگیان بکەن و بیانکەنە کۆیلەو خزمەتکارى خۆیان . 
7- بەڵام  ئەوەى زۆر مایەى نیگەرانیە . ئەوەى زۆر مەترسیدارە .  ئەوەیە کە لە ئێستادا نوخبەى ڕۆشنبیریش  خەریکە بە تەواوى بخەسێَنرێت و بێدەنگ بکرێن . سەردەمانێک لە شارى سلێمانى نوخبەى ڕۆشنبیر  ببو بە مەترسى گەورە لەسەر دەسەڵات . کەسانێک هەبون وەکو ئەستێرەى  گەشاوە  وابون لە ئاسمانى سلێمانیدا . قسەکانیان نوسینەکانیان لێدوانەکانیان ، نرخ و بایەخى خۆى هەبوو .  خەڵک گوێی بۆ دەگرتن . بەڵام بەداخەوە ئەو دەنگانە نەمان و کپ کران .ئەم دەسەڵاتە لە ڕێگاى پێدانى پلەو پۆست و موچەى باشەوە ، زۆرێک  لەوانەى کڕێن و کردنى بە کۆیلەو گوێڕایەڵى خۆى . 
 ئەوانە ژمارەیان زۆرەو بە باشیشى نازانم ناوى کەس بهێنم .  هەرچى پەیج وسایتى ئینتەرنێتى هەیە تەنها ئەوانە نەبێت کە بەقەدەر پەنجەکانى دەستن ، هەمویان لە لایەن دەسەڵاتەوە کڕاون و خاوەنەکانیان بونە کۆیلە . دەسەڵات خۆى بە سەدان پەیجو سایتى کردۆتەوەو خەڵکى تایبەتى داناوە  بۆ چەواشەکردنى  کۆمەڵگا  .
 کارەساتى گەورە ئەوەیە کە رۆِشنبیرێک ، خاوەن بڕوانامەیەکى بەرز ، خاوەن پۆَستێکى باڵا، خاوەن کەسایەتییەکى ناو شار  بێدەنگ بێت و خۆى بە بەرپرسیار نەزانێت  بەرامبەر بەو هەموو پێشێلکاریانەى  بەرامبەر بە پیرۆِزیەکانى  شار دەکرێت . ئێرە ئەوروپا نییە کەسێک شتێک لەسەر حکومەت بنوسێت و خێرا حکومەت وەڵام نەداتەوە یان ئیجرائات نەکات . 
ئێرە  کوردستانە بەرپرسانى ئێرە نە گوێیان هەیە نە زمان نابێ هەر بەوە ڕازى بێت شت بنوسێت ، دەبێ  ڕوى دەمیان تی َبکەیت و بڵێى ئەوەى نوسیومە لەگەَل تۆمە . جارى واهەیە هەر قسە ناکات و خۆى گیل دەکات . دەبێ ئەو کات  دەست و یەخەى بگرێت و ڕاى وەشێنێت و پێی بڵێی ئەوە لەگەڵ تۆمەو ئاگادار بەو خۆت گیل مەکە .
 باشە دەپرسم سەرۆکى پێشوى شارەوانى سلێمانى توانا کەمال کە بڕیارى دەرکرد  شوینى مەسڵەحەى کۆن کە بۆ باخچە دانرابوو ، 140 دۆنم زەوى کە بۆ یاریگاى نێو دەوڵەتى دانرابوو ، بەشێکى ئەو زەویە بەتاڵانەى پشتى خەستەخانەى ئەنوەر شێخە کە ئێستا پەیمانگاى وەرزشى پەروەردەی و  کۆلیجى سەڵاحەدینى ئەهلى تێدایە  بکرێنە شوێنى نیشتەجێبون و  بازرگانى ، چەند کەس هاتە دەنگ وو چەند کەس شتێکى لەسەر ئەو تاوانە گەورانە نوسى کە ئەوە دەست درێژى کردنە بۆسەر پیرۆزیەکانى شار لە لایەن کۆیلەکى حیزبەوە . ئەو تاوانە لە هەر وڵاتێکى ترى دنیا بکرایا ، شارێک دەخرۆشا . لەوڵاتان  لەسەر بڕینەوەى درەختێک خەڵک خۆپیشاندان دەکات ، لەم وڵاتەى ئێمە لەسەر بڕینەوەى شارێک کەس نقەى لێوە نایەت  بۆیە تاماوین دەبی َهەر کۆیلەبین ، کۆیلەى دەستى بیگانە بین  یان کۆیلەى دەستى دەسەڵاتدارانى خۆمان ، جیاوازى نییەو کۆیلە هەر کۆیلەیە . 
باشە کەسێک  بۆ جارێک باسى ئەوەى نەکرد بۆچى لە پردى کۆبانیەوە بەرەو هەوارى شار بایی 60 ملیۆن دۆلار داگیر کراوە لە لایەن سەرانى حیزب و بنەماڵەوە  بەڵام لەناو کارێزە وشکەوە تا دەگاتە پارکى ئازادى  لە کیلۆمەترێک کەمترەو  لە زەمانى سەدام حوسەینەوە  بڕیار درابوو بکرێتە جوت سایدو قەرەبوى هەموو ئەو ماڵ و دوکانانەش کراوە کە بەر شەقامەکە دەکەون .لە  ماوەى 31 ساڵى حوکمڕانى کوردو یەکێتى نیشتمانى کورستانە ئەم کیلۆمەترە نەکرا بە جوت ساید بۆ ئەوەى سیماى ئەم شارە کەمێک جوان ببێت و هاتوچۆش ئاسانتر بێت .  
بەڕێزان : ئەوانەى ئەم شارە بەڕێوە دەبەن خەڵکى ئەم شارەە نین و تەنها بۆتاڵانکردنى  لێرەن . بۆیە دەبێ هەر خەڵکى ئەم شارە خەمى شارەکەى خۆیان بخۆن و لەسەر داگیرکردنى بێنەدەنگ  و بە ئاشکرا هاوار بکەن . باشە ئەگەر  حاکمێکى ئەم شارە مامۆستایەکى زانکۆى ئەم شارە، ڕۆشنبیرانى ئەم شارە ، کەسایەتییەکى ئەم شارە ، خەمخۆرەکانى ئەم شارە نەیەنە دەنگ  ئەى چاوڕوانى کێ دەکەن  لە برى ئێمە بێتـە دەنگ و بەرگرى لە پیرۆزیەکانى شارەکە بکات ؟. 
 بەڕاستى سەیرە شارى هەڵمەت و قوربانیش ئاوا بە ئاسانى خەسێنراو بێدەنگ کراو بو بە شارى کۆیلە خەسێنراوەکان و هەرگیزچاوەڕوانى ئەو سوگایەتییە لە دانیشتوانى شارى هەڵمەت و قوربانى نەدەکرا   . لە هەر وڵاتێکى ترى دنیادابوایە لەسەر  داگیرکردنى شوێنى یاریگاکەو شوێنى  باخچەو  هەموو شار بەیەکەوە  دەڕژانە سەر شەقامەکان . لانى کەم وەرزشە وانەکان . ئەى باشە ئەم هەموو یانە وەرزشیانە چین و چ کارەن ؟. بەڵام داماوانە نازانن کە بە ناوى یانەى وەرزشى و وەرزشەوانەکانەوە  نێوەى زەوى ئەم شارە بەتاڵان براوە و فرۆشراوە ،  .  کاتى ئەوەیە هەمومان بەیەکەوە بێینە دەنگ .
 ڕۆشنبیر بەرپرسیاریەتێکى قورس و گەورەى دەکەوێتە ئەستۆ و زۆر شتى گەورەشى پێدەکرێت ئەگەر ئیرادە هەبێت . خۆ ئەگەر وریاش نەبێت دەکەوێتە بەر ڕەخنەى زۆر قورسەوە . لە بیرتان نەچێت  ڤلادێمیر لینین دەڵێت : ڕۆشنبیران بەتواناترین خەڵکن بۆ خیانەت، چونکە بەتواناترن لە خەڵکى تر بۆپاساو هێنانەوە .
 کۆتا قسەشم ئەم چەند قسە جوانەیە کە لە فەیسبوکەوە وەرم گرتون و   بەڕاستى زۆر جوان و پڕبایەخ و  پڕ بە پێستى خۆیەتى کە بەم دەسەڵاتەى ئێستا بوترێت . حکومەتەکەى  بنەماڵەى بارزانى و تاڵەبانى لە ژێر دوو ناوى پارتى و یەکێتیدا لەسەر ئەم بنەمایانەى خوارەوە پێک هێنراوە  : پەڕلەمان شاگردى حکومەتە . حکومەت شاگردى حیزبە . حیزب شاگردى بنەماڵەیە . بنەماڵە غولامى بێگانەیە . خۆشم ئەمەم بۆ زیاد کرد  ، میللەتیش قوربانى و ڕەنجەڕوى  دەستى ئەمانەیە . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە