وریا بە "وریا"

Monday, 23/05/2022, 17:51

9748 بینراوە


زۆر دەمێکە لەم هەرێم و وڵاتەی کە من و هەزارانی وەک بەڕێز "وریا غەففووری" تێدا دەژین،بە قەدەر پوولێک بایەخ بۆ زمان و چاندی کوردی دانانرێت و بگرە سامانی فەرهەنگیی کوردان وەبەر ناڕەواترین هێرشی ئەم ناوەند و ئەو کەسایەتی بەناو زانستیی و ئەدەبیی فارس دەکەوێت و مخابن یان کەس ناوێرێت وردە داکۆکییەک لە فەرهەنگ و کولتوورە دێرین و دەوڵەمەندەکەی خۆی بکات یانژی لەبەر داکۆکیکردن و پاراستنی زمان و فەرهەنگی خۆت، وەبەر توندترین هەڕەشە و گوڕەشە دەکەویت کە بەڵێ جاڕی جوداییخوازیی و چی و چی لێ دەدات و سەدان ناو و ناتۆرەی بۆ ساز دەکرێت. لە لای مرۆی گۆشکراو بە ئەقڵییەتی سەردەستەوە،منی کورد تا کاتێک بە دڵسۆز و پاڵەوان و پیاوچاک دادەنرێم کە هەموو ژیانم بخەمە خزمەت بەرگری لە زمان و فەرهەنگی نەتەوەی باڵادەست و پارێزەری سنوورەکەیان بم ئەگینا گەر بە موو لەم پرسە لا بدەم و خۆیان گوتەنی،هێڵە سوورەکانیان ببەزێنم ،ئیدی دەبمە جوداییخواز،نۆکەری بێگانە و سەدان خەسڵەتی دژە مرۆییت دەدرێتە پاڵ. ئەم پرسە هیچ لە لای مرۆی وڵاتی سەردەست ،چ ئەورووپانشین و چ ناوخۆیی، تۆسقاڵێک تۆفیر ناکات و ئەودیوی هزر و زەینییەتی هەمووان هەر یەکە و لە دەوری هەمان پرس دەسووڕێتەوە. گەر بمهەوێت نموونە بخەمە بەرچاو خوێنەری ئەم چەند دێڕە،نموونەکان یەک و دوو نین و ئەوەی ئەورووپانشین و ناوخۆیی دوو دیوی یەک دراو دێنە ئەژمار. هەر لە ماوەی ئەم ساڵە دواییانەدا هەڵوێست و ڕوانگە و بۆچوونی چەندان ناوەند و کەسایەتی ناسراوی نەتەوەی باڵادەست هەر وەک فەرهەنگستانی زمانی فارسی،محەممەدڕەزا شەفیعی کەدکەنی،مەحموود دەوڵەتئابادی،شیرین عیبادی،ئەمیر تاهیری،ڕەسووڵ نەفیسی و هتد،ڕاستیی ئەم پرسەمان لە لا ڕوون دەکاتەوە. هەر بۆیە کەسایەتییەکی ناوداری وەرزشیی و یاریزانێکی ژیر و چاوکراوەی وەک "وریا غەففووری"کە کەس گومان لە گەلپەروەربوونی ناکات و لە ناو ماڵباتێکی نیشتمانپەروەردا بار هاتووە، پێویستە گەلێک ژیرانە هەلەکان بقۆزێتەوە و هەرگیز نەبێتە کوتەک و دارەدەستی ئەم لایەن و ئەو ئالی ناکورد و بۆ مرازی گڵاو و پۆخڵی خۆ دەکاری نەهێنن. بەداخەوە ئەمە نەریتێکی هەرە کۆنی وڵاتە سەردەستەکانە کە لە قۆناخە هەرە هەستیارەکانی دیرۆکدا ئێمەی کورد وەک بەناو پاڵەوان و ڕزگاریدەر دەکار دێنن بەڵام کاتێک کارەکەیان بۆ چووە سەر ئیدی دەستبەردارمان دەبن و بگرە شار بەدەر و وڵات بەدەریش دەکرێن. گەر ئێمە لە پێناو پاراستن و ڕاژە و خزمەتی زمان و فەرهەنگەکەی خۆماندا خەبات بکەین و لەو پێناوەیشدا گیانمان بەخت بکەین و ببینە قوربانی،بۆ هەمیشە ناومان لە نێو ڕووپەڕی مێژووی گەلەکەماندا دەمێنێتەوە و لە یادگە و مێشک و هزری نەوە لە دوای نەوەدا ناومان وەک خۆر دەدرەوشێتەوە. دوا وتەم ئەوەیە پاڵەوانبوون لە لای نەتەوە و گەلەکەی خۆت، هەزار هێندەی نەتەوەی دی، سەنگ و بایەخی دەبێت بۆیە با لە ڕێی پاراستن و خزمەت بە زمان و فەرهەنگەکەی خۆمانەوە،ببینە پاڵەوانی گەلەکەی خۆ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە