پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، لە نێو کوردانی تاراوگەدا

Thursday, 05.26.2022, 11:03

584 بینراوە


ئاشکرایە لە لای هەمووان کە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و حەز لە ژیانی پێکەوەیی ئەکات. هەر ئەمەشە کە بایەخی داوە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، لە لای مرۆڤ بە گشتی و لە لای مرۆڤی کوردیش بە تایبەتی. بایەخی ئەم پەیوەندییانەش بۆ کەسانێک کە لە تاراوگەدا و دوور لە وڵاتی خۆیان دەژین، سەددان هێندە بایەخدارترە. 
بۆ ئەوەی لە گرنگی پەیوەندی کۆمەڵاتی لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە بگەین، ئەگەڕێینەوە بۆ ڕیزبەندی پێداویستتیەکانی مرۆڤ.  ئەم پلەبەندییە، زانای گەورە، ئەبراهام ماسلۆ، لە ١٩٤٣ دا، بۆی دەستنیشان کردوین لە شێوەی هەڕەمێک. دەبینین پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانی لە پلەی سێیەم داناوە، له دوای پێداویستییە ژیانییەکانی، وەکو هەوا و ئاو و خۆراك و سێکس و پێداویستی ئاسایش و ئارامی، کە خۆیان لە ئاسایشی نیشتەجێبوون و تەندروستی و گواستنەوە و هەلی کار دەبیننەوە. لە دوای دابین کردنی ‌ئەمانە پێداویستی کۆمەڵایەتی بە پلەی سێیەم دێت لە ڕووی بایەخەوە بۆ مرۆڤ. ئاشکراشە کە پەیوەندی تاکەکان و خێزانەکان لە تاراوگەدا پێکەوە دەچنە خانەی ئەم پێداویستییانەی کە ماسلو دەستنیشانی کردوون.
لە دوای تێگەیشتن لەم چەمکە زۆرگرنگەدا، دەتوانین وەڵامی ئەو پرسیارەی خۆمان بدەینەوە کە ئاخۆ بۆچی بە گشتی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کوردانی تاراوگە، لەو پەڕی خراپیدایە، لە گەڵ ئەوەیش کە زۆر پێویستە کە توندوتۆڵتربن، لەو کاتانەی کە لە ناوەوەی وڵات بوون، وەکو لە تاراوگەدا!؟
ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێنیتەوە، هەوڵێکە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، یان هەر نەبێت ڕووناکی خستنە سەر کون و قوژبنەکانی ئەم کێشە کۆمەڵایەتییە، لە لای کوردانی تاراوگەدا. بە هیوای ئەوەی کەسێکی دیکەی پسپۆری سۆسیۆلۆجی، بتوانێ لە ڕووی زانستییەوە، شییان بکاتەوە. چونکە ئەم نووسینە کورتە نە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی سۆسیۆلۆژییە و نە بڕیارێکە کە بسەپێت بە سەر تاک بە تاکی کوردانی تاراوگەدا. هەر نەبێت ئەمە هەڵێنجراوی ساڵانێکی دوور و درێژی ژیانی نێو کۆمەڵگای کوردییە لە تاراوگەدا و هەوڵێکە بۆ خستنەڕووی، کەم و کوڕییەکانی ئەو بوارە. لە گەڵ ئەوەی کە بەندە نووسەری ئەم ڕاستییانەشە، دان بەوەشدا دەنێم کە خۆشم پشکێکم لەو کەموکوڕییە بەرئەکەوێت. 
گەر لە هۆکارەکانی کۆچی کوردانەوە دەست پێ بکەین بۆ تاراوگە، ئەوە دەبینین کە پێداویستییە ژیانییەکان، یان پێداویستییە ئەمنییەکان یاخود هەردووکیان پێکەوە، پاڵی بە زۆربەی مرۆڤەکانی کوردەوە ناوە بۆ دەستەبەرکردنیان لە تاراوەگەدا. واتا کێشە و هۆکارەکان یان ئابوریین یاخود پەیوەندییان بە ئاسایش و ئارامییەوە هەیە. هەر کوردێک بە گەیشتنە ئەوروپا کێشەی ژیان دابینکردنی نامێنێت. کاتێکیش مافی مانەوەی پێ دەدرێت ئیتر پێداویستی جێگیربوون و ئاسایش و ئارامیشی دابین دەبێت. بەڵام لە دوای ئەمانەوە وا چاوەڕوان ئەکرێت کە ئیتر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بەوانی دیکەی کوردەوە دەست پێبکات، ئەشێ لێرە بپرسین ئاخۆ بۆچی هەڵکشان و داکشانی زۆر لەو پەیوەنییانە هەست پێدەکرێت؟ 
 لە ڕێگەی دوو تێبینییەوە دەچمە نێو خودی کێشەکانی تایبەت بە خراپی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان کوردانی تاراوگە بە یەکەوە. هەردوو تێبینییەکەش، دوو هەڵوێستی دژ بە یەکیشن لە هەمان کاتدا:
١/ سەرنج بدەن هیچ کوردێک نیە، بە گەیشتنە ئەوروپا، گوێی لەم ئامۆژگارییە نەبووبێ، لەوی دیکەی دڵسۆز و هاوخەمییەوە، جا چ هاوڕێ یان دۆست یاخود خزم بووبێت (نەکەی بیر لە پەیوەندی بەستن بە کوردەکانەوە بکەیتەوە، چونکە هەموویان مایەی کێشە و سەرێشەن!) لەم ئامۆژگارییە نێگەتیڤەوە، چەند شتێک ئەخوێنینەوە. بەوەی کە کورد، لە هەموو شوێنێکی تاراوگەدا، بە ڕێژەیەکی بەرچاو هەن. هەروەها کەسی ئامۆژگاریکەر خۆی پێشتر‌ ئەزموونێکی تاڵی هەبووە لە گەڵ کورداندا. ئەبێت لێرەوە چاوەڕوانی ئەوەش بکرێ لە کەسی ئامۆژگاریکراو کە بەتەنها بۆ خۆی و خێزانەکەی بژین، لەو پاشماوەیەی ژیانی تاراوگەییدا کە ماوییەتی. 
٢/ تێبینی دووەمیش ئەوەیە کە کوردانی تاراوگە، کاتێک لەگەڵ هاوڕێ و کەس و کار لە ناوخۆی وڵات دەدوێن، هەمووان بە بێ جیاوازی گلەیی لە ژیانی تەنهایی تاراوگە ئەکەن، وەکو ئەوەی کوردێکی دیکە شک نەبەن تا پەیوەندی لە گەڵ ببەستن.  
هاوکێشەکە ئاوهایە، ژمارەیەکی پێویست لە کوردان هەیە لە تاراوگە و کوردان خۆیان پەیوەندییەکانیان ڕێکناخەن و هەر خۆشیان گلەیی لە تەنهایی ئەکەن. جا نازانم کوردانی تاراوگە ئەمەیان لەچی و ئەوەیان لەچی!؟ ئەوەی من لە ئەزموونکردنی بەشێکی ژیانم لە کوردستان و بەشکیشی لە تاراوگە کردبێ، ڕاستییەکم بۆ دەرکەوتووە کە، پەیوەندی بەستنی توند و تۆڵی تاک و خێزانەکان بە یەکترییەوە زۆر وابەستەیە بە گونجاندن لە خوڕەوشتدا، هەبوونی کاتی دەستبەتاڵی و گونجاوی دۆخی کارکردن، گیانی دۆستایەتی و خزمایەتی و هاوڕێیەتی هاوبەش، ئاستی ڕۆشنبیڕی و بیروباوەڕی سیاسی و ئایینی هاوبەش. جا ئەگەر کوردی باشوری کوردستان، هەر لە کەرکوک و گەرمیانەوە، تا دەگاتە دهۆک و بادینان، بە نموونە وەربگرین، دەبینین کە چەند جیاوازی و خەسڵەتێکیان هەیە:
خەڵکی شارێک بۆ شارێکی دیکە بە دیالێکت و شێوە دیالێکتی جیا قسە دەکەن. شێوەی ژیان و تایبەتمەندی کولتوری و تەنانەت جۆری بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەشیان جودایە. تەنانەت جل و بەرگی و شێوەی خواردن ئامادەکردن و بەڕێوەبردنی مەراسیم و تەقسە کولتورییەکانیشیان بە ڕادەیەک جیاوازی هەیە. جگە لەمانەش‌ ئاستی ڕۆشنبیری و بیرکردنەوە و دونیابینیشیان جودایە. سەرباری ئەوەش لە گەڵ ئەوەی موسوڵمانی سوننە مەزهەب زۆرینەن، بەڵام کوردی باشوری کوردستان‌ بەشێکیان کریستیان و ئێزیدی و شیعە و کاکەیی و زەردەشتی و تەنانەت ژمارەی بێباوەڕ و بێ دینیش زۆرن.
ڕەنگە هەبن بپرسن، جا ئەوانە چ کاریگەرییەکیان بە سەر پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە، لە کاتێکدا زۆربەی میللەتان هەمە دیالێکت و بیروباڕ و شێوە ژیانی جودان!؟ ئەوا دەتوانم بەوە وەڵام بدەمەوە کە ئەوە ئەرکی سیستمی سیاسی و پەروەردەیی و کولتوری و ڕۆشنبیرییە کە لە هەموو کونجێکی وڵات کار بۆ هەندێ ستانداری کولتوری و ڕۆشنبیری‌ و ڕەوشتی بکات. بە جۆرێک ڕێگە لەوە بگرێت، جیاوازییەکان وەها زەق ببنەوە لە جێی ئەوەی وەکو لە یەک نەتەوەی نێو پێنج شاری‌ وڵاتێک بچن، زیاتر بەرەو ئەوە بچن کە لە پێنج نەتەوەی نێو یەک وڵات بچن. بە داخەوە کە سیستمی سیاسی‌ و پەروەردەیی و ڕۆشنبیری لە کوردستان نەک هەر سەرکەوتوو نەبووە لە تێکەڵ کردنی ئەو خوێنانە، بگرە هەندێک جار حزبە سیاسییەکان قازانجیان لەوە بینیوە و کە تا ئەمڕۆش هەست پێ دەکرێت کە هەڵەبجە و سلێمانی و کەرکوک و هەولێر و دهۆک بکەن بە گژ یەکدا و لە یەکیان دابڕن. جا بە زاڵگە و دێگەڵەکانی سەر زەوی بێت یاخود نێو بیرکردنەوە و دڵ و دەروونی خەڵک. 
لێرەدا بە پێویستی ئەزانم، هەر بۆ سەلماندنی ڕۆڵی دەسەڵات، لە دروستکردنی هاوبەشییەکان، بۆ بەستنەوە ڕۆڵەکانی کۆمەڵگا پێکەوە، کورتەیەک لە سەر نەرویجییەکان بە نموونە بهێنمەوە.  نەرویجییەکان نەتەوەیەکن، نزیکن لە ژمارەی کوردانی باشور‌ی کوردستانەوە بەڵام دابەش‌بوون بە سەر جوگرافییایەکی درێژکۆلە، کە لە دوا خاڵی باکوریەوە بۆ دوا خاڵی باشوری هەزاران کیلۆمەتر‌ دوورن لە یەکەوە. جگە لەمەش بە سەددان هەزار چیا و دۆڵ و دەریا و دەریاچە جیاکراونەتەوە لە یەک. چەند مانگێکی کەمی ساڵ نەبێت زۆربەی مانگەکان بەفر وڵاتی پۆشیوە و خەڵکی لە سایەی کەش و هەوایەکی دڵڕەق ژیاون و ئەژین. چەند دەیەیەک بۆ دواوە بچین، دەردەکەوێ تەنانەت کەسانێکی دگمەن نەبێت، هەموو خەڵکی ئەم وڵاتە نەیانتووانیوە، بە هەموو وڵاتدا بگەڕێن. دەبوو هەموو ئەم هۆکارانە وایان لە خەڵکی نەرویج بکردایە کە ناوچەکان و خەڵکەکان زۆر جیاواز لە یەکتر بژیابان، بە وێنەی ئەوەی لە باشوری کوردستان ئەگووزەرێ. بەڵام فەلسەفەی حوکمڕانی ڕاست و سیستمی سیاسی مرۆڤ دۆستانە و پەروەردەیی ساغلەم و ڕۆشنبیری گشتی و وەک یەکی لای تاکەکانیان، لە سەدد ساڵی کۆتایی لە باری پەروەردە و هەڵسوکەوت و خوڕەوشتدا  هیچ جیاوازییەکی لە نێوان تاکەکانی ئەم وڵاتە نەهێشتووە. ستاندارێک لە نێوانیان دروست بووە، کە زۆر بە ئاسانی هەژار لە گەڵ دەوڵەمەند، خاوەن بڕوانامە و ڕۆشنبیر لە گەڵ بێ بڕوانامەیەکدا، باکوری لە گەڵ باشورییەکدا، ...هتد، هەڵبکەن و پەیوەندی ببەستن پێکەوە. چونکە هەمووان بە نزیکی لە ئاستی‌ خوڕەوشت  و هەڵسوکەوت و پەروەردەدا، نزیکن لە یەکەوە و وەکو یەک بیر ئەکەنەوە، یەک جۆر گۆش کراون.
لەمەوە ئەگەینە ئەو ئەنجامەی ئەگەر کوردانی نێوخۆی وڵات خاوەن هەڵبژاردن بن، لەوەی پەیوەندی لە گەڵ کێ دەبەستن یان نا، ئەوا ئەو کوردانەی تاراوگە کەمتر شانسی هەڵبژاردنیان هەیە و دەبێت هەوڵ بدەن ئەو جیاوازییانە تێپەڕێنن کە خۆیان دەستییان نیە تێیدا. هەر بە وێنەی نەرویجییەکان ستاندارێک لە هاوبەشی لە نێوان خۆیاندا بدۆزنەوە و جیاوازییە سەپاو و دەستکرد و جوگرافی و سروشتییەکان وەلا بنێن. ئەمەش لە پێناو ئەوەی کە بتوانن پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان پەرە پێبدەن، کە دواجار ڕەنگدانەوەی دەبێت لە پیوەندییەکانی  نێوان ئەو نەوە نوێیانەی‌ کە لە تاراوگەدا لە دایک ئەبن. لێرەوە گەر بمەوێ بە هەندێک نموونەی زیندوو سەرجەمی ئەو بیروڕایانە بسەلمێنم دەبێت هەندێکیان ناوبێنم بە ناچاری. گرنگە ئەوەشتان بیر بخەمەوە کە ئەمانە بابەتی گشتین و ناسەپێنرێن بە سەر هەموو کوردانی تاراوگە، بەڵام زۆرینەیان تەنیا و تەریک ئەژین، ئەمەش ڕاستییەکی تاڵە.
لە تاراوگەدا بە گشتی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە نێو کوردانی موسوڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و یان هەر نیە یان لەو پەڕی خراپیدایە. بە گشتی پەیوەندی نێوان کوردانی سەر بە شارە جیاوازەکان و قسەکەران بە دیالێکتە جیاوازەکان یان هەر نیە یان زۆر خراپە. بە گشتی پەیوەندی نێوان باوەڕداران و بێباوەڕەکان یان هەر نین یان لەو پەڕی خراپیدا. بە گشتی پەیوەندی نێوان خێزانە داخراو و کراوەکان لە تاراوگەدا لەو پەڕی خراپیدایە. بە گشتی ئەو لەمپەرانەی بەردەم پیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە نێو کوردانی نێوخۆی وڵات کە هەن لە تاراوگەدا زیاتر ‌کاریان لە سەر ‌ئەکرێت و زەق ئەکرێنەوە.  یەکێ لەو چیرۆکە کاریگەرییانەی کە بیستوومە ئەوەیە کە خێزانێکی کورد لە تاراوگە پەیوەندی لە گەڵ  ماڵە عەربێک دروست ئەکەن و یەکەم جار بووە سەردانی خێزانی بکەن بۆ ماڵیان، دراوسێیەکی کوردیان ئەبێت، کە هەمیشە سەردانی یەکیان کردووە، لە گەڵ ماڵە عەرەبەکە. بەڵام لە ماوەی چەندین ساڵ هاتوچۆ، ئێستاش نەیانتوانی پەیوەندی لە گەڵ ئەو خێزانە کوردە ببەستین بەڵام هەر دوو خێزانە کوردەکە ، پەیوەندییان باش‌ بووە بە خێزانە عەرەبەکەوە، تا جارێکیان عەرەبەکە وتبووی ئستا ئەزانم کوردەکان دەردیان چیە؟
چەند سەدد کوردێک لە شارێکی بچووکدا ئەژی، کە دانیشتووانی تەنها ١٨٠٠٠ کەسێکە بەڵام زیاتر لە ١٥٠ خێزانی کوردی لێ دەژی، بەڵام مەگەر لە بازاڕ و سوپەرمارکێتەکاندا یەکتر ببینن، بە دەگمەن دوو خێزانیان پێکەوە پەیوەندی خێزانییان هەیە. 
گەر گوێ بۆ چیرۆکەکانی تاراوگە هەڵبخەی دەبینی سەددان خێزان پەیوەندییان پێکەوە بەبەستووە و  دوای ماوەیەک بە هیچ تەنگەژەیەکی بچووۆ یان بە هۆی هەڵچوونێکی ئاسایی، کۆتاییان بە پەیوەندییان هێناوە کە دواجار هۆکارەکەش هۆکارێکی بێنرخ بووە و نەدەبووایە ببووایە بە هۆی  بچڕانی پەیوەندییەک. چونکە هۆکارەکە جیاوازی بیروڕای سیاسی، فیکری، ئایینی، هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی کەسی، جۆری پۆشین، جۆری خۆراک، مەودای جیاواز‌ لە حەڵاڵ و حەرامەکان، ڕادەی توانەوە لە کۆمەڵگای نەرویجیدا و ...هتد. ئەمانە ئەشێ شتانێکی زۆر‌ کەسی بن و زەرەریان بۆ ئەوی دی هەر نەبێت. 
زۆرن چیرۆکەکانی هاوبەشی کار و بەرژەوەندی مادی و هاوبەشی لە بزنسدا لە نێوان کوردانی تاراوگەدا کە  بە ناکۆکی و تۆمەت بەخشینەوە و هەندێ جار بە شەڕی خوێناوی کۆتایی هاتووە و بوون بە کەیسی بەردەم پۆلیس و سەر مێزی دادگاکان. 
کوردەکان تا ئەمڕۆ و لە نێو یەکەم نەوەی کوردی تاراوگەدا، نەیانتووانیوە لە هەڵچنینی بناغەیەکی پتەو، بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان، لە گڕێی شار و شارۆچکە و لادێی لێوەهاتووی  جیاواز و بیروباوەڕی ئایینی و سیاسی و فکری جیاواز و جیاوازی ڕادەی کرانەوە و داخران بەرووی کۆمەڵگای وڵاتی خانەخوێی نوێدا و ...هتد تێپەڕێنن. کورد لە تاراوگەدا هەتا ئەمڕۆش بەربەستی بەردەم پەیوەندییەکانی لانەبردووە و لەم وردەکارییە بێبایەخانە ئەکۆڵێتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا دەبوو کەسێتی‌ باش و به ڕەوشت و بەڕێز ببوونایە بە پێوەر و بناغەی پەیوەندییەکان، نەک کەسەکە چی ئەکات و چی ئەخوات و چۆن بیرئەکاتەوە. کوردانی تاراوگە زۆر شتی هاوبەشی گەورەیان هەیە دەکرێ لە پێناویدا، ئەو وردە جیاوازییانەی خۆیان لە بیر بکەن، ئەوەیش بە تەنها بەڕێزگرتن لە بۆچوون و بیرکردنەوە و باوەڕ و شێوەی ژیان ...هتدی یەکتری دەکرێت. 
کوردانی تاراوگە لە نێو جۆرە کۆمەڵگایەک دەژین کە تا ئەو پەڕی کرانەوە، بە ڕووی زۆر شتی نامۆ بە کولتوری کوردی دەژین. بۆ نموونە ئەشێ دراوسێ ئەوروپییەکەت هاوڕەگەزباز، بێ باوەڕ، کریستیان، ئاڵودە، یان بە زۆری کەسانی ئاسایی بن وەکو من و تۆ. ئەشێ هەموو ئەو دراوسێیانەی هیچ باوەڕێکیان، بە سەر لە بەری کولتوری تۆ، بیرکردنەوەی تۆ، ژیان و پۆشاکی تۆ، ئایین و باوەڕی تۆ...نەبێت. بەڵام تۆ هەمیشە چاوەڕوانی لە هەرچ شتێکی تۆ، بۆ هەر شتێکی تۆ بڵێت ڕێزمان هەیە، تۆ ئازادیت چۆن بیربکەیتەوە، بەڵام ئێمە وەکو تۆ بیرناکەینەوە. شایەنی باسە بە ملیمەتریش لەمە کەمتر بڵێن، قیامەت هەڵئەسێ ئەڵێی ئەوروپییەکان ڕەگەزپەرست و جیاخوازی ئەکەن. بەڵام ئامادە نیت بەرانبەر بە کوردی خوشک و برای خۆت، هاو زمان و هاو مێژوو و هاو وڵاتی خۆت، دۆست بیت و تەجاوزی بیروباوەڕی ئاینی و ئایدۆلۆژی وشێوەی ژیان و پۆشینی بکەی.