ئه‌فریکا... داگیرکردن و تاڵانکردن و به‌ کۆیله‌کردن...!

Thursday, 26/05/2022, 11:26

5029 بینراوە


 له‌ سویدیه‌وه‌ کراوە بە کوردی...!‌ 

کاتێک پێشبڕکێی کۆلۆنیالیزم سه‌ریهه‌ڵدا، کۆمه‌ڵێک له‌ ولآتانی ئاوروپا، بۆ داگیرکردنی کیشوه‌ری ئه‌فریکا  خۆیان کشان، هه‌ریه‌ک له‌و ولآته‌ ئاوروپیانه‌، له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوون، تا بۆیان بکرێت کۆمه‌ڵێک له‌ ولآتانی ئافریکا داگیربکه‌ن. له‌سه‌ر داگیرکردن و چاونۆکی ولآتانی ئافریکا‌، هێنده‌ی نه‌مابوو، وڵاته‌ کۆلۆنیاله‌کانی ئاوروپایی له‌ نێو خۆیاندا جه‌نگیک به‌رپا بکه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ که‌س به‌سه‌ر که‌سه‌وه‌ نه‌بوو، هه‌ر ده‌وڵه‌ته‌ خۆی به‌ خاوه‌ن ماف ده‌زانی.!
بۆ ئه‌وه‌ی خۆ له‌ جه‌نگیکی ئاوا رزگار بکه‌ن، ساڵی 1884 (بیسمارک) –ی ئاڵمانی پێشنیازی کۆنفرانسی به‌رلینی کرد. له‌و کۆنفرانسه‌دا، به‌ریتانیای مه‌زن، فرانسا، ئاڵمان و نه‌مسا به‌شدار بوون. ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌، نه‌خشه‌یه‌کی ئافریکایان هینا و له‌سه‌ر مێزێک کردیانه‌وه‌، به‌ راسته‌ و پێنوس، به‌ بێویژدانانه‌ له‌ نێو خۆیاندا کیشوه‌ری ئافریکایان به‌شکرد. ئه‌و دابه‌شکردنه‌ بووه‌ هۆی په‌رتەوازە بوونی گه‌لانی ئافریکا، که‌ به‌سه‌دان ساڵ بوو پێکه‌وه‌ ده‌ژیان. به‌م جۆره‌ کیشوه‌ری ئافریکا له‌ به‌رلینی زۆر دوور له‌ ئه‌فریکاوه‌ له‌ نێوان ده‌وڵه‌تانی کۆلۆنیالدا دابه‌شکرا.
پاش ئه‌م رێکه‌وتنه‌، خاوه‌نشکۆ سپیپێسته‌کان به‌ خۆیان و له‌شکری سه‌ربازی و چه‌ک و که‌ره‌سه‌ی جه‌نگ و کارمه‌نده‌کانیانه‌وه‌، به‌ره‌و ئافریکا به‌ڕێکه‌وتن، تا بزانن ئه‌و شوێنانه‌ی که‌ له‌ کۆنفرانسی به‌رلیندا به‌ریان که‌وتووه‌ کامانه‌ن.! هه‌ر به‌ گه‌یشتنی سوپای کۆلۆنیالیزمان بۆ ئافریکا و شوێنه‌ دابه‌شکراوه‌کان، ئه‌م هێزه‌ کؤلۆنیالیزمانه‌، ئالآی خۆیان له‌ ولآتی پیاوه‌ ره‌شه‌کاندا، هه‌ڵدا. ئاوروپیه‌ داگیرکاره‌کان به‌ سه‌رکرده‌ی ره‌شه‌کانیان ده‌گوت:- 'ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ئارامبن و بڕوا به‌ ئێمه‌ بکه‌ن، له‌ پاداشتی ئه‌وه‌ خه‌لآتان ده‌که‌ین و زه‌ویتان ده‌ده‌ێنی' به‌م جۆره‌ ئاوروپاییه‌کان ره‌شه‌کانیان هه‌ڵخه‌ڵه‌تان و فریویاندان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌نجه‌مۆری ئه‌و کۆنتراکت و رەشنوسانەیان پێ واژۆ ده‌کردن، که‌ له‌لایه‌ن پیاوه‌ سپییه‌کانه‌وه‌ نوسرا بوو، که‌ له‌ راستیدا، ئافریکاییەکان هه‌ر نه‌شیان ده‌زانی ناوه‌رۆکی کۆنتراکته‌کان چییه‌ و چی نوسراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ره‌شه‌کان نه‌یانده‌زانی ئه‌و کۆنتراکتانه‌ بخوێننه‌وه‌.
ناوه‌ رۆکی کۆنتراکته‌کان ئه‌م نوسراوه‌ بوو، (ئافریکاییه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان که‌ هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانیان بۆ پیاوه‌ سپییه‌کان بێت.)

کۆلۆنیالیزم له‌ 1700 بۆ ساڵی 1800 سه‌ریهه‌ڵدا.

پاش جه‌نگی دووه‌می جیهانی زۆربه‌ی ولآتانی به‌ کۆڵۆنیکراو سه‌ربه‌خۆیی خۆیان راگه‌یاند. ده‌وڵه‌ته‌ كۆلۆنیاله‌کانی وه‌ک به‌ریتانیا و فرانسا، پاش کۆتایی جه‌نگی دووه‌می جیهانی لاواز و توانای ئابوریشیان لاواز ببوو، له‌به‌ر ئه‌م هۆکارانه‌ نه‌یانده‌توانی فه‌رمانبه‌ر و سوپاکانیان له‌ناو ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ کۆلۆنیکراوانه‌دا بهێڵنه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ کۆلۆنی کراوانه‌ش له‌ کاتی جه‌نگدا ببوونه‌ هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تانی کۆلۆنیالیزم. به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی کاتێک جه‌نگ کۆتایی هات، ئه‌مانیش واتا (ده‌وڵه‌تانی ئافریکا) به‌ ئازادی خۆیان شادبن.
ساڵێ 1945 کاتێک کۆتایی به‌ جه‌نگ هات و ئاشتی سه‌ریهه‌ڵدا، به‌ره‌ی رزگاریخوازی ئه‌و گه‌لانه‌ش داوای سه‌ربه‌خۆیی خۆیان راگه‌یاند. یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌کانیش پاڵپشتی له‌ داخوازی ئه‌م گه‌له‌ کۆڵۆنی کراوانه‌ کرد. به‌لآم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ سالآنێکی دوور و درێژ ئه‌م گه‌ل و ولآته‌ ئافریکاییانه‌ له‌ باری ئابوری و په‌یوه‌ندیه‌کانی تره‌وه‌، به‌م داگیرکارانه‌وه‌ گرێدراو و وابه‌سته‌ بوون، سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه‌یان له‌و ولآته‌ داگیرکارانه‌ی ئاوروپا پرۆسیسیکی ئاسان نه‌بوو. ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیای مه‌زن خۆی بۆ سه‌رده‌میکی نوێ ئاماده‌ کردبوو، ئه‌وه‌یان ره‌چاوکردبوو، که‌ ده‌توانن و له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆشیاندایه‌، که‌ له‌و گۆرانکاریانه‌دا، یارمه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ کۆنه‌ کۆلۆنیالانه‌یان بده‌ن. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و کاره‌یان جێبه‌جێکرد. 
به‌لآم ره‌وشه‌که‌ بۆ ده‌وڵه‌تی فرانسای کۆلۆنیال له‌بار نه‌بوو، پۆله‌تیکوان و سه‌رکرده‌ سه‌ربازیه‌کانی ده‌وڵه‌تی فرانسا، داخوازی و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و ده‌ڵه‌ته‌ کۆلۆنیالانه‌ی بنده‌ستی خۆیان به‌جێنه‌هێنا، سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و ولآت و گه‌له‌ بنده‌ستانه‌یان به‌ له‌ده‌ستچوونی پله‌وپایه‌کانی خۆیان ده‌زانی، به‌م جۆره‌ بیر و بۆچوونانه‌ له‌ نێوانی ده‌وڵه‌تی داگیرکاری فرانس و ئه‌و گه‌له‌ داگیرکراونه‌دا، گه‌لێک چه‌نگ و پیکدادانی خوێناوی روویاندا،
ساڵی 1960 سه‌رخۆبوونی ولآتان و گه‌لانی داگیرکراو گوڕیکی مه‌زنی به‌ خۆیه‌وه‌ بینی، مرۆڤ ده‌کارێت بێژێت:-"نزیکه‌ی هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌ بنده‌سته‌کانی‌ ئافریکا، رزگار بوون."
پاش کۆتایی جه‌نگ ژماره‌ی ئه‌ندامانی UN له‌ سه‌روو سه‌ته‌وه بوو. ساڵه‌کانی شه‌ست، له‌ گۆڤار، TVو رۆژنامه‌کاندا ئه‌و وێنانه‌مان ده‌بینی که‌ چۆن گه‌لانی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد، به‌ شانازی و به‌خته‌وه‌رییه‌وه‌، پێشه‌رۆژیکی به‌خته‌وه‌ر له‌ چاوانیاندا ده‌بینرا و خه‌ریکی هه‌ڵدانی ئالآی نه‌ته‌وه‌ییان بوون. به‌لآم پاش ئه‌و ئاهه‌نگ و خۆشیانه‌، ئه‌و گه‌لانه‌ رووبه‌رووی گه‌لێک پرسیاری گران بوونه‌وه‌.

چۆن ئه‌و ولآتانه‌ به‌م رێژه‌ فره‌ مه‌زنه‌ نه‌خوێنده‌وانانه‌ به‌رێوه‌ ده‌چێت..؟

چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ک خاک و سه‌رچاوه‌ ئاویه‌کان به‌شکرێ..؟
چۆن ئه‌و په‌شێوی و دووبه‌ره‌کیانه‌ی ناوخۆی هه‌ر ولآتێک، یان کێشه‌ی سنووریان له‌گه‌ڵ ولآتانی هه‌ریه‌ک له‌ هاوسێکانی یه‌کدی چاره‌سه‌ر بکرێت..؟
گومانی تێدا نه‌بوو، که‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ نوێیانه‌، خودی خۆیان نه‌یان ده‌کاری چاره‌سه‌ری گرفته‌کانیان بکه‌ن، له‌ هه‌مانکاتدا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ ببوژێنه‌وه‌ و نه‌شونما بکه‌ن، پێویست بوو، که‌ ولآته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان، واتا ولآتانی پیشه‌سازی کۆمه‌کیان بکه‌ن،
هه‌ندێک له‌م ده‌وڵه‌ته‌ تازه‌ سه‌ربه‌خۆیانه‌ بوون به‌ ولآتی سێیه‌م.

بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی ئافریکا...

له‌ ده‌مه‌ده‌می کۆتایی جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا، له‌ هه‌موو کیشوه‌ری ئافریکادا ته‌نیا چوار ده‌وڵه‌تی میسر، ئه‌توپیا، لیبریا و ئافریکای خواروو هه‌بوون، به‌شه‌که‌ی تری ئافریکا، له‌ نێوانی به‌ریتانیا، فرانسا، نه‌مسا و پرتوگالدا به‌شکرابوون.
له‌ ساڵانی 60 ته‌وه‌ تا 70 کان نزیکه‌ی هه‌موو ئه‌و ولآتانه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن وڵاته‌ داگیرکاره‌کانی ئاوروپاوه‌ داگیرکرابوون، ئازاد ببوون، UN و ولآته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئامریکا و یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت، بۆ فشار خستنه‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی کۆلۆنیالیزم، له‌ نێو خۆیاند رێککه‌وتن. ئه‌و دوو زلهێزه‌ ئه‌و شانسه‌یان ده‌بینی که‌ ده‌توانن له‌ ناو گه‌لان و ده‌وڵه‌تانی ئافریکادا بره‌و به‌ پۆله‌تک و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان بده‌ن، له‌ هه‌مانکادا کاریگه‌ری خۆیان بۆ مسۆگه‌رکردنی بازاڕی ئه‌و ولآتانه‌ و ساخکردنه‌وه‌ی که‌لوپه‌ل و به‌رهه‌مه‌کانیان به‌کاربهێنن.
پرۆسه‌ی سه‌رخۆبوونی ئه‌و گه‌لانه‌ تاده‌هات خێرا و خێرا تر ده‌بوو، کاتێک که‌ نوێنه‌ران و کارمه‌ندانی ده‌وڵه‌تانی داگیرکاری ئاوروپی، ئه‌و گه‌ل و ولآته‌ سه‌ربه‌خۆ ئافریکایانه‌یان جێده‌هیشت و به‌ره‌و ولآتانی خۆیان ده‌کشانه‌وه‌، سه‌ره‌نجام ئه‌م ولآته‌ تازه‌ ئازادانه‌ به‌بێ به‌ریوه‌به‌ری ده‌مانه‌وه‌، کی ولآت به‌رێوه‌ به‌رێت،.؟ کێ باج کۆبکاته‌وه‌ و وه‌ربگرێت..؟ 
له‌ پێشدا ده‌وڵه‌تی کۆلۆنیال ئه‌م کارانه‌ی ده‌کرد و له‌ جێبه‌جێکردنی یاسا و ریسادا به‌رپرسیار بوون. به‌لآم ئێستا ئاگر و رکوکینه‌ی کۆن له‌ نێو خێڵه‌کاندا که‌وتۆته‌وه‌، له‌ هه‌ندێک ولآت لێره‌وله‌وێ، سه‌رکرده‌ ده‌رکه‌وتوون، که‌م، یان زۆر ده‌سه‌لآتیان گرته‌ده‌ست، ئه‌م سه‌رکردانه‌ زۆربه‌ی جار له‌ ریگای کۆده‌تای سه‌ربازیه‌وه‌ ئه‌م کاره‌یان ده‌کرد و به‌ یارمه‌تی سه‌ربازی فه‌رمانڕه‌واییان ده‌کرد. ئه‌مه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئاوا بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ته‌نیا یه‌ک سازی هه‌بوو، ئه‌ویش ریکخراوه‌ سه‌ربازیه‌کان بوو.
سسیتێمی هێزی کۆلۆنیال چیدی له‌ ئه‌فریکادا گه‌ڕی نه‌ده‌خوارد، ئه‌و مۆدیلی دیمۆکراتییه‌ی که‌ ئاورووپیه‌کان هه‌یان بوو، له‌ ناو کۆمه‌ڵگایه‌که‌ی زۆر جوداتر له‌ کۆمه‌ڵگای ئافریکا کە سه‌ریهه‌ڵدابوو  گەڕی نە ئەخوارد.
سنووری ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ئافریکاییانه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی داگیرکاره‌وه‌ کێشرابوون، به‌لآم پێش داگیرکردنی کیشوه‌ری ئافریکا ئه‌و گه‌لانه‌ یه‌کبوون و به‌سه‌دان ساڵ پیکه‌وه‌ ده‌ژیان، به‌لآم ئیستا پاش سه‌رخۆبوونیان گه‌لێک ده‌وڵه‌تی جودایان لێدروستبووه‌. ئه‌مه‌ش به‌مانای به‌رپابوونی کیشه ‌و نائارامی له‌ نێوانی خودی ئه‌و گه‌ل و ولآتانه‌ دێت.
به‌م جۆره‌ زۆربه‌ی جار له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، ئه‌و گه‌لانه‌، ده‌نگیان به‌سه‌ره‌ک خێڵه‌کان ده‌دا، نه‌ک دەنگدان بە رێکخراویکی ئایدۆلۆژی. هه‌ر ئه‌م هۆکاره‌ش بوو که‌ له ‌زۆربه‌ی ولآتانی ئافریکادا ده‌سه‌لآتی یه‌ک پارتی فه‌رمانره‌وایی ده‌کرد، ده‌نگده‌ران ته‌نیا یه‌ک پارتیان هه‌بوو که‌ ده‌نگی بۆ بده‌ن، به‌م جۆره‌ سه‌رۆکی ئه‌و پارته‌ به‌ پراکتیک ده‌بوو به‌ دیکتاتۆر.
له‌ ئا‌وروپادا دیمۆکراتی سه‌دان ساڵی خواست تاکو ئا‌وروپیه‌کان خۆیان راهینا و خۆیان فیرکرد. که‌س ناکارێت ئه‌وه‌ بخوازێت که‌ به‌و ده‌ستوبرده‌ ئافریکاییه‌کان له‌سه‌ر دیمۆکراتی رابێن. پاش ئه‌وه‌ی که‌ به‌سه‌دان ساڵ چه‌ندان نه‌وه‌ی ئافریکایی له‌ ژیر چنگی داگیرکاران و سسیتێمی دیکتاتۆری پیاوه‌سپییه‌کاندا بوون.
له‌ ساڵانی 60 وه‌ بۆ 70 کان گه‌لێک بێنه‌وبه‌ره‌ و پێکدادانی خوێناوی شه‌ڕی ناوخۆیی له‌ نێوانی گه‌لان و ولآتانی ئه‌و کیشوه‌ره‌دا روویاندا،‌ بۆ نمونه‌ له‌ کۆنگۆ (زایر) –ی ئیستا، نیگریا و ئه‌توپیادا.
له‌ ساڵانی 90 کاندا، پێکدادان و نائارامی له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌کانی یه‌ک ولآتی وه‌ک سۆماڵیا، راوه‌ندا و بروندی په‌یدا بوو، ئه‌م شه‌ڕ و پێکدادانانه‌ بووه‌ هۆی کوشتنی به‌ سه‌دان هه‌زار مرۆڤی ره‌گه‌زه‌ جوداکان. یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌کان UN هه‌وڵی ئه‌وه‌یاندا که‌ پێش به‌م کاره‌ساتانه‌ بگرن، له‌ هه‌مانکاتدا یارمه‌تی په‌نابه‌ر و هه‌ڵهاتوی ئه‌م جه‌نگ و کاره‌ساتانه‌ بده‌ن و جێگای ئارام و خوارده‌مه‌نیان بۆ دابین بکه‌ن.

باشوری ئافریکا و سپیپێسته‌ جه‌وسێنه‌ره‌کان...

سپیپێسته‌کان له‌ باشوری ئافریکا، درێژه‌یان به‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا. 1965 چینی سه‌رده‌سته‌ی به‌ریتانی له‌ (رۆدسیا) په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیای مه‌زن پساند و ده‌وڵه‌تی دیکتاتۆریی سپیپێستیان راگه‌یاند. ئه‌وانه‌ی که‌ به‌رهه‌ڵستکاری ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ بوون، فڕیدرانه‌ کونجی زیندانه‌وه‌، یان به‌ ناچاری هه‌ڵهاتن.
یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌کان UN ئامبارگۆی خسته‌ سه‌ر ولآتی سپیپێسته‌کان و په‌یوه‌ندیه‌کانیشی له‌ ته‌کیاندا پچڕاند. که‌مینه‌ سپیپێسته‌کان که‌ ریژه‌ی 4% -ی هه‌موو  سه‌رجه‌می دانیشتوان بوون، چیدی نه‌یانتوانی به‌رامبه‌ر به‌ به‌ره‌ی رزگاریخوازانه‌ خۆرابگرن. هه‌ر بۆیه‌ له‌ ساڵی 1980 هه‌ڵبژاردنێکی سه‌رتاسه‌ری ئه‌نجامدرا، له‌ رۆدیسیا رژێمیکی هه‌ڵبژیردراوی گه‌لیی دامه‌زریندرا، ناوی ولآتیش بۆ ناوه‌ دیرینه‌که‌ی که‌ له‌ سه‌ده‌ی 14 دا که‌ مه‌زنترین ده‌سه‌لآتی ئافریکا بوو، گه‌رایه‌وه‌ که‌ زیمبابۆی ناو بوو.
باشووری ئافریکا ولآتێکه‌ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ترین ولآتان، به‌ ئاو و هه‌وای سازگار و دارستانی زه‌به‌ند و خاکی به‌ پیت به‌ نیوبانگه‌.‌ 

ساڵی 1800 زێر و ئه‌ڵماسێکی زۆریان له‌و ولآته‌ دۆزئه‌وه‌.

کاتی خۆی به‌ریتانییه‌کان ئه‌و ولآته‌یان له‌ چنگی (بۆێررنه‌کا) ده‌رهانی که‌ وه‌چه‌ی هۆڵندیه‌ کۆلۆنیاله‌کان بوون. 
له‌ساڵی 1909 ئه‌و ولآته‌ بوو به‌ ئۆتۆنۆم و به‌شێک له‌ ئیمپراتۆری به‌ریتانی، ئه‌م گۆرانکاریانه‌ هیچ شتێکی ده‌رباره‌ی ره‌شپێسته‌کان نه‌گۆڕی. ئه‌و کارانه‌ی که‌ مرۆڤه‌ ره‌شپێسته‌کان له‌ ناو کان و کارگه‌‌ و کێڵگه‌کاندا، که‌ ده‌یانکرد، کاره‌کانیان کاری نیوه‌ کۆیله‌ بوو، سه‌ره‌نجام هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌م کۆلۆنیالیستانه‌، به‌ پرۆتێست دژی ئه‌و چه‌وسانه‌وه‌ و نابه‌رابه‌رییه‌ په‌ره‌ی سه‌ند. کۆنگره‌ی نه‌ته‌ویی ئافریکا Africka National Congres ANC بانگه‌وازی خۆنیشاندان و مانگرتتنی ئاشتیانه‌ی کرد، له‌ ئه‌نجامدا خۆنیشاندانێکی مه‌زنی ئاشتیانه‌ دژی ره‌گه‌زپه‌رستی رێکخرا. به‌ر په‌چی ئه‌و خۆنیشاندانه‌ ئاشتیانه‌یه‌، له‌لایه‌ن رژیمی سپیپێسته‌کان به‌ شیوه‌یه‌کی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ و جه‌وسینه‌ره‌وانه‌ وه‌لآم درایه‌وه‌. 
ساڵی 1976 ANC یاساخکرا. چه‌ندان ساڵ دووای ئه‌وه، نیلسۆن مه‌ندێلا و یاریده‌ره‌کانی زیندانیکران،
ساڵی 1976 له‌ سه‌رهه‌ڵدانی (سۆویتۆ)دا پۆلیس ده‌ستڕێژیان له‌ خۆنیشانده‌ران و خوێنده‌وانانی فیرگه‌کان کرد و چه‌ندانیان لێکوشتن. دووابه‌دووای ئه‌م روداوه‌، ده‌زگا نیونه‌ته‌وه‌یی و رێکخراوه‌کانی تر ئه‌م رووداوه‌یان به‌ مه‌ترسیدار وه‌رگرت، زۆر له‌ ولآته‌ دیمۆکراته‌کان ئه‌و کاره‌یان شه‌رمه‌زار و سه‌رکۆنه‌ کرد، له‌هه‌مانکاتدا په‌یوه‌ندیه‌کانیان له‌گه‌ڵ رژێمی باشووری ئافریکا پساند.
له‌ ئه‌نجامی ئه‌م هه‌موو ساڵی چه‌وسانه‌وه‌ و نکوڵیکردنه‌ له‌ گه‌لی باشووری ئه‌فریکا، ساڵی 1990 سپیپێسته‌کان، گه‌یشتنه‌ ئه‌و راستیه‌، که‌ ده‌بێت ده‌سبه‌رداری بیری ره‌گه‌زپه‌رستی ببن و ده‌سه‌لآت و زه‌وی ده‌بێت بۆ هه‌موان بیت.
مه‌ندیلای سه‌رکرده‌ پاش 28 ساڵ زیندانی ئازادکرا. له‌ یادی ANC دا به‌ وره‌یه‌کی به‌رزه‌وه‌ خۆی نیشانی گه‌ل و لایه‌نگرانیدا‌.
له‌ یه‌که‌م هه‌ڵبژادنی دیرۆکی و ئازادانه‌ له‌ باشووری ئه‌فریکا  ANCزۆرینه‌ی کورسیه‌کانی په‌رله‌مانی مسۆگه‌ر و به‌ده‌ستهانی.
مه‌ندیلا بۆ ماه‌ی 5 ساڵ له‌ ساڵی 1994 وه‌ بۆ 1999 به‌سه‌رکۆمار هه‌ڵبژیردرا.
فاکته‌...
له‌ سه‌ده‌ی 15 دا سپیپێسته‌کان ده‌ستیان به‌ داگیرکردن و تالآنی ئافریکا کرد.
له‌ سه‌ده‌ی 17 سپیپێسته‌کان که‌وتنه‌ رواکرنی گه‌لانی یافریکا و به‌ کۆیله‌ کردن و فرۆشتنیان به‌ کۆلۆنیالیزمه‌ به‌ریتانیه‌کان که‌ دانیشتوی ئامریکا بوون.
له‌ سه‌ده‌ی 18 دا سپیپێسته‌کان هه‌موو کیشوه‌ری ئافریکایان داگیر کرد.
ولآته‌ پیشه‌سازیه‌کان بۆ گه‌رخستنی کارگه‌کانیان پێویستیان به‌ که‌ره‌سه‌ی خاو هه‌بوو، له‌ هه‌مانکاتدا، شاره‌کانیان رؤژ دوای رۆژ له‌ گه‌وره‌ بوون و دانیشتوانه‌کانیشیان، پێویستان به‌ خوارده‌مه‌نی و که‌ره‌سه‌ی تری ژیان هه‌بوو‌، ئه‌وروپیه‌کان له‌ ریگای تالآنکردنه‌وه‌ ئه‌و ئه‌رکه‌یان به‌جێده‌هێنا، له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ بازاڕیان بۆ فرۆشتنی کاڵا و به‌رهه‌می کارگه‌کانیشیان مسۆگه‌ر ده‌کرد.

ئه‌پارتاتیت... Apartheid

‌له‌ 1910 دا له‌ باشووری ئافریکا ناوچه‌یه‌ک بۆ ره‌شپیسته‌کان و ناوچه‌یه‌کی تریش بۆ سپیپێسته‌کان جودا کرایه‌وه، ره‌شپێسته‌کان که‌ زۆرینه‌ی ولآتیان پێکده‌هینا‌ ناوچه‌که‌یان که‌ ته‌نیا 13% --ێ سه‌رجه‌می پانتایی خاکی باشووری ئافریکای پێکده‌هێنا، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌م ناوچه‌یه‌ بۆ ره‌شپێسته‌کان که‌ سنوور ڕێژکرا، له‌ بێکه‌ڵکترین زه‌وی ولآته‌که‌ بوو.
له‌ ساڵی 1948دا یاسایه‌ک دانرا، ئه‌و مرۆڤه‌ ره‌شانه‌ی که‌ له‌ کارگه‌ و کانه‌کان، یان له‌ کێڵگه‌کاندا کارده‌که‌ن، ته‌نیا ئه‌وان بۆیان هه‌یه‌ و ده‌کارن بگه‌نه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ بۆ سپیپێسته‌کان سنووردار کراوه‌، یان بڵێین ناوچه‌ی مرۆڤه‌ سپییه‌کانه‌.
پۆلیس به‌هه‌موو هێزێکیانه‌وه‌ کۆنترۆڵی ناوچه‌ی سپیپێسته‌کانیان ده‌کرد. ئه‌گه‌ر بێت و مرۆڤێکی ره‌شپێست، په‌ساپۆرت، یان پسوڵه‌ی مه‌ره‌خه‌سی تایبه‌‌تی نه‌بووایه‌ و له‌ ناوچه‌ی سپیپێست ده‌ستگیر بکرایه‌، ئه‌و ده‌م رووبه‌رووی سزای گران ده‌بووه‌وه‌.
وشه‌ی(ئه‌پارتایت) له‌ زمانی (ئافریکه‌نس)که‌ زمانی گه‌لی باشووری ئافریکایه‌، له‌وه‌وه‌ هاتووه‌، ‌ به‌ مانای (جیاوازی ره‌گه‌زی) دێت.
1990 ده‌سه‌لآتدارانی مرۆڤه‌سپییه‌کان گه‌یشتنه‌ ئه‌و راستیه‌، که‌ پێویسته‌ دانوساندن له‌گه‌ڵ ANC دا بۆ دیمۆکراتیزه‌کردنی باشووری ئه‌فریکا بکرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە