تورکیا، سوید، فنلەندا، نەیتۆ و کورد

Thursday, 05.26.2022, 11:44

1567 بینراوە


جەنگی ڕوسیا و یۆکرانیا و لێدوانەکانی پوتین دژی ئەوروپا بۆتە جێگەی نیگەرانی وڵاتانی ئەو کیشوەرە، بۆیە فنلەندا و سوید داوایان کرد کە ببن بە ئەندامی هاوپەیمانی نەیتۆ. ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا خۆشحاڵ بوون بەو داواکاریەی هەر دوو وڵات، بەڵام بەپەلە تورکیا ناڕەزایی دەربڕی دژی ئەو داوایە و گوتی، وەک ئەندامی ئەو هاوپەیمانیە ئەو ڕازی نییە بە ئەندام بوونی فینلەندا و سوید لە هاوپەیمانی نەیتۆ. 
مێژووی دوور و نزیک پێمان دەڵێت کە  پێداگرتنی تورکیا بەرامبەر هەر بڕیارێکی نەیتۆ یان ئەمریکا لەسەر ڕووداوەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیوەندیی بە دوو شتەوە هەبووە: 

یەکەم: 

مەرجی ئەوەی کە ئەو وڵاتانە دژی داواکاریەکانی میللەتی کورد لە تورکیا ڕابوەستن، شۆڕشی چەکەداریی و بزوتنەوەی ڕزگاری میللەتی کوردی باکووری کوردستان کە تا هەنووکە پەکەکە ڕێبەرایەتییان دەکات، بە تیرۆریست لە قەڵەم بدەن، بەنەفەسی تورکیا دژیان هەموو توانا سەربازیەکانیان بەکاربهێنن، بۆیە داوای کردوە فنلەندا و سوید بەرامبەر ئەندام و لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان هەڵویست بنوێنن ئینجا بە وەدەرنانیان بێت لە وڵاتەکانیان وەک پەنابەر یان بە ڕادەستکردنەوەیان بێت بە دەسەڵاتدارانی تورکیا، لە میدیکاندا دژی ئەو حزبە لێداون بدەن. هەندێک لەو کەسانەی کە ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتەن و ناسراون بەوەی کە پەیوەندیی پتەویان هەیە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان بەربەستیان بۆ دروست بکەن، بۆ لەمەودوا سوید ڕێگری بکات لە کاندید بوونی ئەو کەسانەی کە بۆنی پەکەکە بوونیان لێ دێت.  

دووەم:

تورکیا زۆر چاک دەزانێت کە شۆڕشی ٤٠ میلیۆن کورد لە وڵاتەکەی بە بڕیاری ئەوروپا یان هاوپەیمانی نەیتۆ و تا دەگات بە ئەمریکا ڕەنگە بتوانرێت بەربەست لەپێش ئەو شۆڕشەدا دروست بکرێت، بەڵام هەرگیز بە بڕیاری ئەوان کۆتایی و بنبڕ ناکرێت، بۆیە زۆربەی چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە لە کۆتاییدا تورکیا ڕازی دەبێت کە سوید و فینلەندا ببن بە ئەندام لە هاوپەیمانی نەیتۆ بەڵام بە مەرجی ئەوەی پارەیەکی بێژمار و چەک بدەن بە تورکیا و هەندێک مەرجی ئابووریی و سەربازیی دی بەسەر ئەو وڵاتانەدا بسەپێنێت، بە تایبەتی ئێستا تورکیا بە دۆخێکی ئابووریی ئێجگار سەختدا تێدەپەڕێت. 
ئەوروپا لە سەرەتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا ڕێککەوتنی ئابووریی لەگەڵ ئەوروپادا واژۆ کردوە، ئەو ڕێککەوتنە بەگۆڕانی دەسەڵاتی سیاسی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دی لە تورکیادا گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، هەمیشە لە بواری بازرگانی، پیشەسازی و گەشتیاردا ئەو ڕێککەوتنە مۆڕی بەردەوام بوونی پێوە دیاربووە، بەڵام بە گۆڕانی دۆخی ئابووریی و سیاسی و ستراتیژیەتی هەڵوێست و پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئەودوایەی تورکیا لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی، ئەو متمانەیەی کە جاران لەنێوان ئەوروپا و تورکیادا هەبوو، هەنووکە وەک ئەوجا نەماوە بەتایبەتی لەگەڵ یۆنان، قوبرس و فرەنسا. 

بەهێزبوونی تورکیا وەک بەهێز بوونی ڕوسیا لە ناوچەکەدا مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتانی ئەوروپادا هەیە، ئەم ڕاستییە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپای لێ بێئاگا نیین و ناتوانن نکۆڵی لێ بکەن، بەڵام ئەمڕۆ کێشەی قوڵبوونەوەی گرفتی ئەمریکا و ئەوروپا لەگەڵ چین و ڕوسیادا، مەلەفی کارکردنی دژی تورکیا دواخراوە، واتە تورکیا لە ئەوروپادا ئەگەر لە میدیاکاندا وەک هاوڕێی ئەو وڵاتانە بناسرێت، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا ئەوروپا و تورکیا هەرگیز کەیفیان بە بچمی یەکدی ناێت و هەمیشەش مەترسیان بۆ سەر دەسەڵاتی یەکدی هەیە. 
ڕوسیا لە کیشوەری ئەوروپادا ئەگەر چاوی بڕیبێتە یۆکرانیا، ئەوا تورکیاش چاوی بڕیوەتە یۆنان بەتایبەتی قوبرس، کە ئەمریکا و ئەوروپا چۆن دژی ڕوسیان و لەبەرەی یۆکرانیان، بۆ مەسەلەی قوبرسیش بە دڵنیاییەوە هەمان هەڵویستیان هەبووە و هەیە و دەبێت، واتە وڵاتانی ئەوروپا تورکیا لەشانی خۆیاندا نابینن چی لە ڕووی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووریی و سەربازی تا دەگات بە سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتە.  دەمێکە ئەوان هێمای پرسیاریان لەسەر سیستەمی دیموکراتی تورکیادا داناوە، چی لەوەی کە بەرامبەر بە میللەتی کورد دەیکات، چی لەوەی بە هێزی سەربازی هەڵدەکوتێتە سەر وڵاتانی دراوسێ نەک تەنیا لە دورگەی قوبرس لە کیشوەری ئەوروپادا، بەڵکو ناردنی سوپا و میلیشیا بۆ وڵاتانی دراوسێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک کوردستان، سوریا و عیراق تا دەگات بە چەند وڵاتیک لە کیشوەری ئەفریقادا.
بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەنێوان وڵاتانی ئەوروپا و تورکیادا لە ساڵی ٢٠١٦دا هەیە، تورکیا بڕە پارەیەکی خەیاڵی وەردەگرێت بۆ ئەوەی نەهێڵێت دەربەدەربوانی جەنگی سوریا، عیراق و کوردستان سنووری تورکیا بۆ ئەوروپا ببڕن. ئەنقەرە هەر کاتێک بیەوێت فشار بۆ سەر ئەوروپا دروست بکات، لە میدیاکاندا مەسەلەی ئەو پەنابەرانە وەک کارتی فشار دژی ئەوروپا بەکاردەهێنێت و ڕایدەگەیەنێت، بۆ لەمەودوا ئەو سنوورەکانی ئاوەڵا دەکات، بۆ ئەوەی بەلێشاو پەنابەران ڕوو لە ئەوروپا بکەن. هەمیشە ئەنقەرە بە هەڕەشەکانی بڕە پارەیەکی باش لە وڵاتانی ئەوروپا وەردەگرێت، واتە بەگوێرەی ئامارەکانی کە چەند سەرچاوەیەکی بیانی بڵاویانکردۆتەوە، ئێستا ٣ میلیۆن و پۆینت شەش پەنابەر لە تورکیا هەن، سەرەڕای ناهەمواری بارودۆخی ژیانی ئەو پەنابەرانە، بەڵام بۆ ئەو وڵات بوون بە خێروغەریمەت، بۆیە یاریەکانی تورکیا بۆ ئەمریکا و ئەوروپا نامۆ نییە، ئێستا دیسان دەیەوێت بیانو بە سوید و فنلەندا بگرێت بۆ ئەوەی بە ملیار دۆلار و یۆرۆ و چەک وەربگرێت.  
تورکیا خەون بەوە دەبینێت جگە لە نەیتۆ ببێت بە  ئەندامی ڕێکخراوی (پیرمینەنت ستراکتیورد کۆئۆپەرەیشن)، کە لە ساڵی ٢٠١٧ لەنێوان وڵاتانی ئەوروپادا دامەزراوە، بۆ بە یاسایی کردنی  هاوکاری نێوان وڵاتانی ئەوروپا، بە پلەی یەکەم بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرەنگاری سەربازیی یەکێتی ئەوروپا، تا ئێستا ٢٥ وڵات لە کیشوەری ئەوروپادا تێیددا ئەندامن، تورکیا هەنووکە دەیەوێت ئەو هەلە بقۆزێتەوە، هەوڵبدات خۆی بخزێنێتە نێو ئەو ڕێکخراوە ئەوروپیە، بۆیە هیچی بۆ نەماوە بیانوی ئەوە دەگرێت، کە گوایە سوید یارمەتی پەکەکە دەدات، بۆیە ئەویش پێداگری دەکات لە بوون ئەو بە ئەندام لە نەیتۆ. 
لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت، وەک پەندێکی میسری هەیە دەڵێت، ( زی مینشار، نازل واکل طالع واکل). تورکیا وەک مشاری داربڕین وایە، بەهەر ئاراستەیەک بیجوڵێنێت ئەو هەر دارەکە دەخواو دەبڕی، بۆیە چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت لە ڕابردوویەکی نزیکدا، تورکیا بەگەیشتن بە مەرامە ئابوورییەکانی، ئەوجا بە پەلە ڕازی بێت بە بڕیاری بە ئەندام بوونی فینلەندا و سوید لە نەیتۆ.