ساوەرخۆر (2)

Sunday, 29/05/2022, 10:41

5593 بینراوە


باوکی سەرکەوت هەر خێرا ماڵی براکەی جێهێشت بەبێ ئەوەی نانی نێوەڕۆ بخۆن. ئەکرەم ووتی ناکرێ نوێژەکانتان لێرە بکەن، بۆچی لەم کاتە ناوەختەدا ئەڕۆن بۆ مزگەوت. دیار بوو براکەی دوای ئەوەی کوڕەکەی لە زۆرانبازیەکە دۆراندبووی ئێدی ئەوەی کردە پاساو و بەبێ نان خواردن،ماڵی ئەکرەمیان جێهێشت.
سەرکەوت لەتەك باوکی وە بەسکی برسێتی هیچ پرسیاری ئاڕاستەی باوکی نەکرد کەوا بۆ ئەم جارە لەوێ نەمانەوە بۆ نان خواردن، ئەگەر چی بەیانیەکەی لەگەڵ باوکی بەو نیازە هاتبوون کە نیوەڕۆ لەوێ بمێننەوە. بەڵام دیارە ئەم جارە باوکی ئەو دۆڕاندنەی پێ هەرس نەکرا و خۆیان کرد بە مزگەوتی گەڕەک و دواتر لە چایخانەکەی ئەوبەری مزگەوتەکەوە نانی نیوەڕۆیان خوارد و بەرەو گەراج هەڵکشان و دەمە و ئێوەرا گەیشتنەوە ماڵەوە.
وەك هەموو جارێکی تر، نانخواردنی ئێوارەی گوند لەگەڵ دەست پێکردنی یەکەمین تەزووی  تاریکی ئێواران و گەڕانەوەی مێگەل بۆ ناو دێ،ئامادە ئەکرێ و دەست پێ ئەکا. پاش ماوەیەکی کەم و کە تاریکایی باڵی کێشا بەسەر هەموو گوندەکە ئێدی مەڕو ماڵاتەکە و خاوەنەکانیان خۆیان ئامادە ئەکەن بۆ ڕۆژێکی نوێ و بەرەو متبوون و خەون ،ئەڕۆن.
گوندیان لەبەرئەوەی بەڕۆژ زۆر هیلاك وشەکەتن  بە ئیش و کار و مەڕو ماڵات و کشتووکاڵ زۆر بەئاسانی ئەکەونە خەوی قووڵ و خێراوە. ئەو شەوە تەواو جیاوازبوو لە شەوە ئاساییەکان نە ئەچوو. باوکی سەرکەوت هەر تەپوتلی ئەدا و ئەم دیو و ئەودی بوو بیرکردنەوەی زۆرنبازیەکە و دۆڕاندنەکە ئەوەندەی تر خەوەکەی ، لێ زڕاندبوو. ئەوان هەموویان لە ژوورێکدا ئەخەوتن کە لەهەمان کاتدا ژووری دانیشتن و نانخواردنیش بوو.. بۆیە هەمویان ئاگایان لە سڕو تڕی یەکتری بوو.. سەرکەوتیش بەهەمان شێوە ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژە و نەمانەوەی لەماڵی مامی و کات بەسەر نەبردن لەگەڵ خەباتی ئامۆزای گەلێ لە هزری مابۆوە و وەك ئەوەی وویستبێتی چارەسەرەکەی و گەڕان بە دوای وەڵامدا، بۆ کاتی شەو و لەکاتی خەودا بدۆزێتەوە. سەرکەوت دۆڕاندنەکەی گەلێ لا ئاسایی بوو چونکە ئەوە یەکەمین جار بوە کە پشتی لە زەوی دراو لەوەو پێش هیچ کات خەبات بە دۆڕاندن قەلس نەبوو بوو، نەك هەر ئەوەش بەڵکە مامیشی دوای هەر زۆرانبازیەك ئەگەرچی خەبات پشتی بدرایە لەزەوی ئەو زیاتر بە ئاسایی و وەك یاریکردن تەماشای کردوە و هیچ کات نیشانەی بێزاری و توڕەیی پێوە دیار نەبوە. پاش هەر زۆرانبازیەك یاریکردنی جووت ئامۆزا درێژەی کێشاوە و هەر خەریکی یاری و پێکەنین بوون ، پێکەوە. دوای ئەوەی بەتەواوی خەو لەچاوی سەرکەوت تەرا ئەبێ، ئەکەوێتە وێزەی سەرین و بەتانیەکەی..نازانێ چۆن بالانس وەربگرێ و ئەم جارەش خەوی لێبکەوێتەوە..پرسیار دوای پرسیار لە مێشکیدا وەك ئاوی کانی بەهاران بەتەوژم دێتە پێشەوە و ئەمیش هیچ وەڵامی لا نیە. باشە بۆ باوکم ئەوەندە بێزار بوو کە من دۆڕاندم..باشە بۆچی لەوێ نەماینەوە و نانی نێوەڕۆمان لەگەڵ ئەواندا نەخوارد،باشە بۆچی باوکم ووتی لەوێ ئەمێنینەوە و کەچی نەماینەوە..ئەمە وچەندین پرسیار لای سەرکەوت قووت بوونەوە و بەتەواوی چاوەکانی پێ زەق کردن و تا ڕۆژ دەرکەوت و کازێوەی یەکەمین بەرە بەیان خۆی کرد بە پەنجەرە  بچکۆلەکەی ژوورەکەدا،خەو نەکەوتە چاوی.
گەر ئەم سیناریۆ و شانۆیە لەماڵی قایەر بەم شێوەیە بوو بێ، ئەوا لە ماڵی ئەکرەمی براشی لەوە باشتر نەبوو بوو. چونکێ ئەکرەم هەستی کرد کە براکەی نەختێ بێزاری پێوە دیار بوو کە سەرکەوت کەوتە ژێر ڕکێفی خەباتەوە. بەڵام هەرگیز ئەوە بە داڵغەیدا نەهاتبوو کە ئەوە تەنها یاریکردن بوە و هیچی تر.. ئەکرەم لای وابوو کە ئەچن بۆ مزگەوت خێرا ئەگەڕێنەوە بۆ نانخوارنی نێوەڕ و هەر جووت ئامۆزا وەك جارن پێکەوە ئەبن و خەریکی یاریکردن و گاڵتەو گەپ ئەبن.. لێ قایەر و سەرکەوت وەك ئەوەی زەوی قووتیان دابێ، نەگەڕانەوە و وەك خورپەیەکی لایان دروست کرد..بەڵام هەر زوو ئافتاوی ژنی پرسەکەی ئاسان و ئاسایی ئەکردەو ئەیتووت؛ کابرا ئەوە برای خۆتە باش ئەیناسی، ڕەنگە دوای مزگەوت کەسێکی ناسیاوی لێ پەیدا بوبێ و بەزۆر لەگەڵیدا چووبێتنەوە بۆ ماڵەکەی و نانی نیوەڕۆیان لەوێ خواردبێ.
خەبات وەك هەموو ئەوانی تر، تاکە شتیك کە وای لێکرد بیری لێ بکاتەوە ئەوەبوو کە ئەم جارە سەرکەوت لێرە نەبوو لەگەڵیدا و یاری بکەن پێکەوە.. لە مێشکی خۆیدا ئەیبرد و ئەیهێنا ، داخۆ سەرکەوت ئێستا لەگەڵ کێی تردا خەریکی یاریکردن و قسەی خۆشە؟! ئەو هەرگیز بیری لە بردنەوەکەی خۆی نە کردبۆوە و لای گەلێ شتێکی ئاسایی و تەنها بۆ کات بەسەر بردن و یاریکردنە.تاکە یادوەریەکی بچووك لەو زۆرانبازیە کە بیری لێ کردبۆوە و زۆریش ناڕەحەتی کرد ئەوەبوو، سەرکەوت کاتێ کەوتە ژێرەوە سەری دای لە کورسیە تەختەکەی کە باوکی دروستی کردبوو وە هەندێ شوخت و برینداری کرد . 

ماویەتی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە