چەواشەکردنی خەڵک بەناوی ئاین و کوردایەتییەوە!

Sunday, 05.29.2022, 11:44

991 بینراوە


لێرەدا دەمەوێت لەمەڕ دووچەمکی چەواشەکاریی بدوێم، کە زەینی کورد بەلاڕێدا دەبەن و لە ئەرکی خۆی دووری دەخەنەوە و دەیکەنە گومڕا و سەرلێشێواو و بێدەربەست.
یەکەم: ئاین، کە ڕێڕەوێکە بۆژیان بەبەها و تێڕوانینێکی تێکەڵاوی دنییایی و غەیبییەوە. ( وا بۆ خەڵکیان لێکداوەتە و هەزاران ساڵە بەوجۆە کار لەسەر ژیریی و ئاوەزیی خەڵک دەکەن).
لە بنەڕەتدا ئاین بۆ باشتر و چاکترکردنی ژیانی مرۆڤ ڕاگەێندرا و کرایە ڕاسپاردە، واتە زیاتر لەوەی کە بەرنامەیەکی تیۆری بێت، بەرنامەیەکی پراکتیکییە کە دەبێت!! مرۆڤەکە بگەێنێتە پلەیەکی بەرزی چاکەکاریی، تا ڕادەی ئەوەی کە خۆی ببێتە (چاکە) واتە لە چاکەکاریدا (فەنا) ببێت.
ئاین (نەتەوە) نییە، نەتەوەکان بەر لە ئاین بوونیان هەبووە، لە پاشاندا بوونەتە نەتەوەیەکی سەر بە ئاینێک، دەبوو ئاین لایەنە نەتەوەییەکەیان بەهێزتر و تۆکمەتر بکات، ئەوە فەرمانی یەزدانە، کە خەڵکی جیاواز لە ڕەنگی جیاواز و زمانی جودا و نەرێتی جودا دروست بوون، کە دەبوو هەوڵ بدەن یەکتر بناسن و سوود لە ئەزموونی ژیانی یەکتر وەربگرن، سنووری یەکتر نەبەزێنن و سووکایەتی بەیەکتر نەکەن و نزم و بڵند بۆ یەکتر قایل نەبن. ئەوەی کە ئێستا ناویان ناوە (ئومەی ئیسلامی) داهێنراوی پیاوانی ئاینییە و فڕی بەسەر فەرمانەکانی یەزدانەوە نییە و دژ بە خواست و داواکارییەکانی یەزدانە لە خەڵقی خۆی. چوونکە خوا ئاینی بۆ دروستکردنی نەتەوەکان ڕانەسپارد، بەڵکو بۆ یەکتر ناسینی نەتەوەکان کردییە پەیام و ڕێنما.
بڕوانن، خودا دەڵێت: ئێوەم جیاواز دروست کرد، پیاوانی ئاین دەڵێن ئێمە یەک ئومەتین.
خوادا دەڵێت: زمانتان جیاوازە، پیاوانی ئاین دەڵین: زمانی عەرەبی زمانی خودایە و دەبێت فێریبن.
خودا دەڵێت: هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان خەڵقەکەمدا، پیاوانی ئاین دەڵێن ئەوەی لە ئومەتی ئێمە نەبێت دژی خودایە.
بۆیە ئێمە دەبینین کە پێشەوا ڕاستگۆکانی ئاین، ئەوانەیان کە لە مەبەستی خوا و پەیامی یەزدان حاڵی بوون، نەتەوەپەروەری زۆر دڵسۆز و بەئەمەک بوون و جەنگاوەرانی ڕێگای تێکۆشانی نەتەوەکەیان بوون بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و سەربەخۆیی بۆ نەتەوەکەیان. چوونکە دەیانزانی دەبێ نەتەوەیەکی چاکی ئازادیان هەبێت تا بتوانن بەئەرکی خۆیان هەڵسن بەرانبەر بە مرۆڤایەتی، هەر چۆن ئەم لێکدانەوە خوارە بۆ پەیامی خوا، زەمینەی داگیرکردن و ڕەشەکوژیی نەتەوە بندەستەکانی کردە ئەرکێکی ئاسمانی هەرواش خەڵقی نەتەوەی سەردەستی چەواشەکرد و کردنییە خەڵکانێکی بێدەربەست بەرانبەر بە ڕەشەکوژیی نەتەوە بندەستەکانیان و بەسوتماککردنی نیشتمانەکەیان، بۆیە کە هەڵەبجە دەکوژرێ، بەهەر هۆیەکەوە بێت، هیچ پێشەوایەکی ئاینی دەنگ ناکات و نازناوی ( مجاهد الامة العربیة) دەدەن بە سەددام حوسەین!!! وەک ئەوەی هەڵەبجە، نە مزگەوتی تێدا بووبێت و نە بانگی تێدا درابێت و نە نوێژی تێدا کرابێت و نە قورئانی تێدا سووتێنرابێت!!. 
حاڵەتێکی تری سەرلێشیواوی و زۆر جاران لە زانینەوە، لە هونەر و کاری هونەرکاران و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی ئەواندا ڕەنگی داوەتەوە: هونەرکاران کە دەبوو، قەڵەمیان، ساز و کەمانچەیان، شانۆ و تێکستیان، فڵچە و کامێراکانیان، ئازادی بۆ مرۆڤ بەرهەم بێنێ، بەهۆی تیۆریی و بیرکردنەوەی نەتەوەپەرستییەوە، کە زۆر جاران گەیاندوونیەتییە پلەی فاشستی و ڕەگەزپەرستی کوێرانە، بێدەربەستن لە ڕەشەکوژیی و بەسووتماککردنی نیشتمانی نەتەوەکانی بندەستی نەتەوەکانی خۆیان و بە پێچەوانەوە زۆرترین سووکایەتی کردن و دزینی کلتووریی و بڵاوکردنەوەی بیری نەتەوەپەرستی، لە نووسراوی ئەوان و لە چاوی کامێراکانی ئەوان و لە وانەکانی ئەوانەوە خراوەتە سەرزاری خەڵکی خۆیان و نەتەوەی خۆیان. سەیرە فرەش سەیرە، هونەرکارێک خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت بەو هەموو ستەمەوە کە لەوێ دەرهەق بە نەتەوە بندەستەکان دەکرێت، باسی ئازادیی بنووسێ و ئەو ستەمە نەبینێت!!، هەڵبەتە من دەزانم کە دەیبینێ و دەیزانێ و زۆر قوڵتر لە سەربازێک و پاسدارێک و جەندەرمەیەک هەست بە ستەمەکە دەکات، بەڵام بیرکردنەوە لووتبەرزییەکەیی و نەتەوەی خۆ بە زیاتر زانیینەکەی و زمانی خۆ بە باشتر زانیینەکەیی، چاوی کوێر و گوێی کەڕ و زمانی لاڵ کردووە، لەو خاڵە گەوهەرییەدا، هاوبەشی کوشتنی نەتەوە بندەستەکان و سووتاندنی نیشتمانی ئەوانە.
ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر ئاین بەکاردەهێنرێت بۆ چەواشەکاریی و ئەنجامدانی قەتڵعام و بنەبڕکردنی نەتەوەکان.
لە نیشتمانی خۆماندا و سەبارەت بە نەتەوەکەی خۆمان، کە دوا نەتەوەی ئەم گۆی زەوییەیە بە دابەشکراوی لە ژێر چنگاڵی سێ نەتەوەی هاوئایندا گەورەترین ستەمی لێدەکەن و هاوئاینەکانی کە لەو نەتەوانەن و ئەمیان داگیر کردووە، تەماشای مەرگەکەی دەکەن و هاوبەشی ستەمکارانی خۆیانن بۆ ڕشتنی خوێنی ئەم هاوئاینانەی خۆیان، کە ڕوویداوە بە سەدان هەزاری لێکوژراوە، دزراوە، بە سەبایە براوە و وەک کۆیلە کڕین و فرۆشتنی پێوەکراوە.
گرنگە ئێمە بۆ پاراستنی نەتەوەکەمان لە چەواشەکاریی پیاوانی ئاینی (بێیانی و خودی)، بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوە کوردییەکان، واتە پێشەوایانی ئاینیی نەتەوەیی خۆمان، دەنا گومڕادەبین و لە دەستوورەکانی خودا یاخی و لە دەستوورە مرۆییەکانیش بێ دەربەست، چوونکە ئەو دوو ڕێڕەوە ئاوێتەی یەکترن و یەکەمیان دووەمیان ئاراستە دەکات ودووەمیشیان بەرهەمی تێگەیشتنە لە یەکەمیان.
ئێمە بارستاییەکی گەورە، لە لێکدانەوەی کوردیمان هەیە بۆ ڕاسپاردەکانی خوا بۆ مرۆڤ، کە هیچ لێکدانەوەیەکی تر، لەو ناچن و وەکی ئەو کاڵای قەد و باڵای کورد نین. بۆ نموونە بۆ پرسی، نەتەوە و ئاین کە بۆلای کاک ئەحمەدی موفتی زادە دەگەڕێینەوە، بەپێی بیروڕای کاک ئەحمەد: " ئێمە ( واتە کورد) بەرلەوەی موسڵمان بین، کوردین، چوونکە کورد بوون، بوونی ئێمەیە
( دەستوورێکی یەزدانییە)موسڵمان بوون باوەڕی مەعنەوی ئێمەیە"، پاشان بەشێکمان، بە خواست بووبێت یا لە دەرەوەی ئیرادەی خۆی، بۆتە/ کراوەتە شووێنکەوتەی ئاینێکی دیاری کراو. ئەگەر لەم ئاینبینییەی کاک ئەحمەد تێگەیشتین، ئەوا بە دروستی لەو پەیوەندەییە تێدەگەین کە لە نێوان ئاین و نەتەوە و مرۆڤدا هەیە و ئەم لێ تێگەیشتنەش دەمانکاتە، مرۆڤێکی چالاک، چاک، وشیار و دڵسۆز بۆ نەتەوەکەمان، کە خەسڵەتە نەتەوەییەکانی خۆمان دەپارێزین لە پێناوی گەشەپێدانی شارستانەتی مرۆڤدا.

دووەم: چەواشەکاریی بەناوی کوردایەتییەوە.
ئەمەیان موڵکی کەمینەیەکە لە خۆمان، کە ئەوە بۆ سەت ساڵ دەچێت، بۆ ئەو کەمینە کوردە، بۆتە بەرهەمی کارخانەیەکی ڕەواجدار کە نەک یەک سەرکردە و دوو سەرکردەیەتی کردە مۆڵتی ملیاردێر، بەڵکە نەوە و نەتیجەکانی ئەوانیشی کردە شازادەی ئەم زەمانەی خۆمان.  بەواتایەکی تر خوێن  گۆڕدرایەوە و فرۆشرا بە دۆلار.
گفتی بیرمەندی گەورەمانە مامۆستا مەسعوود محەمەد کە دەڵێت:" کوردایەتی بەدیلێکی بەشەرەفە بۆ هەموو کوردێکی بەشەرەف". تێگەشتن لەم ڕاسپاردە دەگمەنەی مامۆستا و بە وردبوونە و شیکاریی دروست بۆ ئەم گەوهەرەی مامۆستا دەتوانین دوو خەسڵەت بۆ ( کوردایەتی) دەستنیشان بکەین: یەکەمیان کوردایەتییە کە بەدیلێکە جێگرەوەی نییە، ئەسڵە وناتوانین بە هزر و فکرێکی تر بیگۆڕینەوە، چوونکە ئێمە کوردین، ئەرکی کوردبوون وا لە ئەستۆماندا. دووەمیان: ئەو کوردەیە کە شەرافەتمەندە و تەنیا بەدیلیشی هەر ئەو کوردایەتییە شەرەفەتمەندانەیەیە. جێگای تێڕامانی قوڵە کە هەر ئەم سۆزە لە ڕادەبەدەرە بوو، زەمینەی خۆشکرد بۆ هەموو نەهامەتییەکان.
بە دوو جۆر کار لەسەر ئەم (بەدیلە شەرافەتمەندانەیە)کرا. یەکەمیان خەڵکەکە بەگشتی هەرچیان بوو بۆ گەشەپێدان و بۆ پێشەوە بردنی ئەم بەدیلە بەخشیان و خستیانە پێناویەوە، چوونکە خەڵکێکی شەرامەند بوون و لەو پۆشاکە زیاتر لەوان نەدەهات. دووەمیان کارکردنی حیزب بوو، کە لەو کاتەدا تەنیا پارتی دیمۆکراتی کوردستان هەبوو، کەخەڵکانێکی زۆر لەدەوری گردبوونەوە، ئەمەش هۆی زۆرن و یەکێک لە هۆ گرنگ و بنەڕەتییەکان ئەوە بوو کە بیرکردنەوەی خەڵک خێڵگەرا بوو، دەنا لۆژیک دەڵێت: نەدەبوو ڕێگە بدرێت خێڵێک خۆی بکاتە نوێنەری ئەم چەواشەکارییە. کاتێک حیزب بۆی دەرکەوت کە دەرەقەتی ویستی خەڵک نایەت و خەڵکێکی شەرافەتمەند تەنیا ئەو بەدیلە شەریفەی هەڵبژاردووە بۆ ئازادی و لەشکرێک درووست بووە کە خۆڕسکانە خۆی ڕێکخستووە و ئامادەیە خۆی لە پێناویدا بدات بەکوشت، کەوتە کارکردن لەسەر ئەم بەشە و هێندە ڕۆچوو، ئامرازگەلی وا قێزەوونی بەکارهێنا تا توانی لە ناوەڕاستدا، بیری خەڵک، ڕەفتاری خەڵک و مەرامی خەڵکە شەرافەتمەندە بکات بە دووکەرتەوە!!. لێرەوە ئیتر ئەو خەسڵەتانەی بیرمەندی گەورە باسیان دەکات بۆ ئەو ( بەدیلە شەرافەتمەندانەیە) لە بزووتنەوەکە دابڕان و کوردایەتی بەتاڵ کرایەوە لە خەسڵەتەکانی و خەڵکە شەرافەتمەندەکە گومڕاکران و شەرافەتمەندی بووە کاڵایەکی دەگمەن، کە خەڵکانێکی کەم نەبێت، کەس بە پولێک ئەو کاڵا گەوهەرینەیان نەدەکڕی. 
لەو لاشەوە حیزب تا دەهات فراوانترو قەرەباڵغتر دەبوو، دەزگا سیخوڕییەکەی ئێران و وڵاتانی تر زیاتر کاریان لەسەر دەکرد و پشتیوانییان دەکرد. ئێمە شارەزای ئەوەین و زۆرینەمان بینیومانە یا لە باوانی خۆمان ژنەفتووە، کە لە شەستەکان بەدواوە، کوردایەتی بووە گەمەیەکی قێزەوونی نێوان کەسایەتییە بەرپرسەکانی ناو پارتی، کەسیان کەسیان قەبوڵ نەبووە و لە قسە بەیەکتروتنەوە، گەشەیان پێدا بۆ فیشەک گرتنە یەک و خوێنڕژتنیان خستە نێوان یەک نەتەوەوە، تەنانەت یەک خێزانەوە، ئەمە گەورەترین خزمەتی خۆڕایی بوو کە سەرکردەیەتی حیزبەکە، کە ئیتر ببوونە دوو دەستەوە، بە دوژمنانی کوردیان کرد و خیانەتی نەتەوەییان بە کوردایەتی بە خەڵک فرۆشتەوە، واتە ئێدی کوردایەتی بووە کاڵایەکی ڕەواجدار و زەمینەیەک بۆ خۆڕانان و بازرگانی کردن بە خوێنی خەڵکەوە کە هێشتا مەستیی و خەیاڵی ( کوردایەتییە شەرافەتمەندانەکە) بەری نەدابوون و تا ئێستاش، خەڵکانی زۆری هەر بەرنەداوە و چەندین جار سەری نەتەوەکەی کرد بە قوڕی ڕەشدا وپانتایی دژایەتی و خوێنڕشتنی کوردی بەدەستی کورد بردە دەرەوەی سنووری حیزبی بەرانبەر و پەڕاندیانەوە بۆ پارچە داگیرکراوەکانی تری کوردستان.
گەمەی کوردایەتی حیزبەکان فرەن، لەم زەمانەی ئێستاماندا کە سەدەی بیست و یەکە و بەشێک لە کورد، بە ڕواڵەت خۆی خۆی بەڕێوە دەبات!!. فێری ئاوازگەلی جۆراو جۆر بووە و بەهۆی ئاسانبوونی ئامڕازەکانی پەیوەندیشەوە، کورد دەستی لە کورد گیر دەبێت و چاویان لە چاو و دەمیان لەیەک، ئێستا زۆر قێزەوونتر و ناشەریفانەتر و دوژمنکارانەتر هەڵبەستراوی ئەخلاقی و سووکایەتی کردن و ناشرینکردنی یەکتر بە ئاڕاستەکردنی سەرکردەیەتییەکانیان و ڕاوێژ و ڕێنمایی ئەوان، پەلاماری یەکتر و نەتەوەکە دەدەن و ئەمەش کراوەتە کاسپی و بەدەستهێنانی دەرامەت بۆ زۆر لەو خەڵکانەی کە زۆر ئاساییە لە سەر پەتی جۆراوجۆر مەیموونبازیی بکەن و لە ڕەفیق حیزبی بەعسەوە، ببنە کادری حیزبی کوردی و لە مستەشاری ئەفواجی خەفیفەوە، ببنە پلەداری سەربازیی حیزبی کوردی و تەنانەت لە ئەندامی سەرکردەیەتی ئەم حیزبەوە ببنە ئەندام و ڕاوێژکاریی سیاسی ئەو حیزبەی تر...هتد.
ئەمە ئەو ئاکامەیە و ئەو پەروەردەیەیە کە ( کوردایەتی حیزبی کوردی) بەرهەمی هێنا و کوردایەتی لە بیروباوەڕێکی شەرافەتمەندانەی بەرپرسیاربوونەوە، کە خۆبەخشانە، کورد بوون لە ئەستۆی تاکی کوردی خستبوو، بوویە جەفەنگێکی نا شەرفەتمەندانە و سووککردنی نەتەوەکە و بەتاڵکردنەوەی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکە، لە بەها مرۆیی و خۆبەخشەکانی، چوونکە کوردایەتی ئێستا، یا شێوە ناشرین کراوەکەی، ئەو کوردایەتییەی ئێستا، بەکرێیە و هەقدەستی بۆ تەرخان کراوە، بۆیە ئەو حیزبەی ئیمتیاز و پارەی زۆرتر بدات، ئەو قسەی یەکەم دەکات و قەرەباڵغتر دەبێت!!. 
من نموونەیەکی قێزەوونی کوردایەتی ئێستاتان بۆ دێنمەوە، کە زۆر جاران لە وەڵامی نووسینی لۆژیکی و لێکدانەوەی پڕبایەخدا، کورد بە کوردی دەڵێن: " من دەسەڵاتی شەلاتییەکی کوردم پێ باشترە، لە دەسەڵاتی عەرەبێک"، ڕەنگە زۆرینەتان ئەم وەڵام و کۆمێنت و تەنانەت چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنیانەتان خوێندبێتەوە یا بیستبێت.
من دەپرسم: ئایا ئەم بەراووردە دروستە، یا ئاکامی پەروەردەیەکی سەقەتە؟!
 شەلاتی کورد و شەلاتی عەرەب، جیاوازییان چییە؟!
کێن کە ئەم ڕستە گومڕاکار و نالۆجیکی و بێ بایەخانە لەسەر زاریانە؟!
وەڵامی من: دروست نییە، چوونکە تۆ باس لە دوو مەسەلەی زۆر جودا دەکەیت، ئەگەر بەڕاستت بێت و بۆ نەتەوەکەی خۆت دڵسۆزی، عەرەب داگیرکەرە و تۆ داگیرراوی، بەڕواڵەتیش بێت، بەشێک لە نیشتمانی تۆ بە خاکی خۆی دەزانێ، تۆ بێ وڵاتی و ئەو بیست وسێ وڵاتی دانپێدانراوی هەیە و قسەیان دەڕوا و تۆ قسەت تا بەردەرگاکەی خۆشت بڕ ناکات، پاڵەوان بازیی و لوتبەرزیی و ئەدا و ئەتواریی قارەمان بوون نواندن، جەفەنگی سەر جادەی پان و قسەی بەتاڵی ناو گیرفانی شڕن، ئەوە لە کەسانێ دەوەشێتەوە، کە خۆبەخشانە وەک هەورە بروسکە لە کاتی خۆیی و لە پێناوی ئازادیی نەتەوە و مرۆڤدا، پەروەردەیەکی شەرافەتمەندانە و ژیرانە کرابن و دەزانن چۆن و بۆچی ئەو ڕێگا سەخت و ئەو بڕوا گەوهەرەیان هەڵبژاردووە، بۆیە داهاتنەوەیان بۆ سەر دوژمن هەورەبروسکەیە و تێکۆشانی خۆبەخشانەیان بۆ نەتەوەیە و سەودا بە ئەرکێک کە کوردبوونیان لە ئەستۆی خستوون هەرگیز ناکەن.
ئایا بەڕێزت، شەقی شەلاتی کورد، بۆ ماوەی حەفتا ساڵ تێری نەکردیت و دەرسێکی فیر نەکردیت، کە لەئەو پەڕی ئیرادەی ئازادی خۆتەوە، تاکێکی بەڕێز و لێزان و شەرافەتمەندی کورد، بۆ بەڕێوەبردنی خۆت هەڵبژێری کە ڕابووردووە پاک و لێزانیی و دڵسۆزییەکەی شایان بەوە بێت بەڕێوەت بەرێت و لەم قۆناغەوە بۆ قۆناغێکی ژیان وەک مرۆڤت بگوازێتەوە؟! ئایە ئەو شەقەی شەلاتییەکی کورد لە مامۆستا، پیرەمێرد، پیرەژن و منداڵی کوردی هەڵدا، هەر تامی ئەو سووکایەتییەی نەبوو/ نییە کە شەلاتییە کۆنەکانی عەرەب لە تاکی کوردییان هەڵدا؟!  
قسە و وەڵامی ئەوەندە نا لۆجیکی و ئەوەندە ناژیرانە لە ئێستادا کە زەمانی حیزبی کوردییە، تەنیا دوو بەرەی کورد دەیکەن. بەرەیەکیان تاکو ئێستاش مەستی ئەو خەیاڵەن کە باپیرە و باوکیان لە سەر ڕێبەرایەتی سەرکردەیەتی کورد هەڵی چینی بوو، پێیان وایە ئەوە دڵسۆزییە بۆ نەتەوەکە و دژایەتی داگیرکەرانی کوردستانە و لە گێژاوی ئەو کوردایەتییەی حیزب و ئەو پەروەردەیەی حیزبی کوردی لە باشووردا ڕەواجی پێدا، خول دەخۆن و دنیا نابینین بەو هەموو هەنگاوە گەورانەیەوە کە بەرە و ئاسۆی ڕووناک و تاریکی ئەنگوستە چاو دەیان نێت. وەڵامی ئەمان دڵسۆزییەکی نەزانانەی تێدایە، کە بەرداشی ئاشی ستەمی حیزبی کوردی دەسووڕێنێ و دڕیژەی پێدەدات، ئەمانە لەو تاکانەی کوردن، کە دەبێت کاریان لەسەر بکرێت و بەڕێزەوە گفتوگۆیان لەتەکدا بکرێت، چوونکە هێشتا خێر و سوودێکیان بۆ کورد و مرۆڤایەتی تێدا ماوە، بۆیە دەبێت یارمەتی بدرێن و لەو گومڕاکردنەی حیزبی کوردی لە باشووردا قوتار بکرێن.
بەرەکەی تریان، ئەو تاکانەی کوردن، لەبەرەی پەتپەتێن و مەیموون بازییدا شارەزا و وەستان و ئەگەر خۆشیان شەقی شەلاتی ئاساییان نەهاویشتبێ، کە ئەگەری زۆرە ئەو ڕەفتارەیان نواندبێ / یا ئامادەی ئەنجامدانی بن، ئەوا لەو شەق هاویشتنانەی هاوڕێباز و هاومەرامەکانیان، بەرخوردار وسوود مەند بوون و پایەکانی ستەمکاریی لە زانیینەوە، قایم دەکەن و لەو بەرگە ناشرینەی کوردایەتی حیزبی کوردیدا، ئافەرین لە شەقهاوێژەکان و شەلاتییە خۆماڵییەکان دەکەن و بەڕواڵەت لەبەرەی گەلدان، بەڵام دژە گەلن و پارێزگاریی لە مەرامی قێزەوونی سەرکردەیەتی خێڵگەرا و شەقهاوێژ دەکەن و ئەمانەیان، ترسنۆکە خۆ مەڵاسداوەکانی ناو کۆمەڵگای کوردن کە لە هەموو فرستە نامرۆییەکان سوود وەردەگرن و بیرکردنەوەیان  سنووری ماڵ و خێزان و گەڕەک و قوتابخانە و زانکۆکانیان بەزاندووە و قەلەمی ڕسواییان زۆر بەسانایی دەتوانرێ بکرێتە شمشیریی سەربڕی نەتەوەکە و چ حیزبەکوردییەکان و چ دەزگا هەواڵگرییەکانی دوژمنانی دێرینەی کورد، لەکاتی پێویستدا، ختووکەی هەستیان بدەن و دژ بەنەتەوەکە بیان جوڵینن.