سێلێنسکی.. لەوەتەی جەنگ ھەڵگیرساوە بە فانیلەیەکی ڕەنگ سەوزیی زەیتونییەوە بە ئاڵای وڵاتەکەیەوە، بە ڕووخسارێکی نێو بەرەی جەنگەوە زۆر بە سادەیی و ساکاریی دەردەکەوێ و سەرشان و ملی بە مەدالیا و نیشانەی جۆراوجۆر نەڕازاندۆتەوە، وەک ئەوەی فشە مارشاڵەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوین خۆیانی پێوە بادەدەن..
لەگەڵ ئەوەشدا کە لەژێر ئاگربارانی بەردەوامی موشەک و بۆمبابارانی ھێزە ئاسمانی و سەرزەمینییەکانی رووسیادایە، بە ئارامی و لەسەرخۆیی دەردەکەوێ و دەدوێ و وتار پێشکەش دەکات.. ئەم ئارامی و لەسەر خۆییەی سیفەتێکی دیکەی ئەرێنییە و بۆتە جێی بایەخ و سەرنجدانی جیھان و مایەی سەرچاوەی وزە و ورەی بەرزی گەلەکەی...لەم دۆخە دژوارەدا زۆربەی وتارەکان بۆ خۆی دەیان نووسێ و راوێژکارەکانیشی ھاوکاری دەبن..
بەڕووی ناوخۆدا بەردەوام جەت لەسەر یەکێتی و یەکگرتوویی ئۆکرایناییەکان دەکات و داوایان لێدەکات ئەم چەکی یەکگرتنە دروست بکەن و بپارێزن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریی و بە ڕووی جیھانیشدا داوای کۆمەک و بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەی دەکات و سزا و گەمارۆدانی رووسیاش خواستێکی تری بەڵگەنەویستێتی و بانگەوازی وەستاندنی شەڕەکەش دەکات، بێ ئەوەی چۆک دا بدات بۆ دوژمنەکەیی و هەر بڕیارێکی ئاشی و شەریش بە دەنگی گەلەکەی بەڕێوە دەبات،کە پێچەوانەی رووسیایە،کە لە حەز و ئیرادەی پۆتیندا خڕ بۆتەوە. رووسیا هەر ئەوەی دەوێ دارودەستەیەک لە ئۆکرانیا دەسەڵات بەدەست بگرن، دەستچێنی مۆسکۆ و کوتەکی درێژی پۆتین بن و بەکرێگیراوی ڕووسیا و هەرگیز بیر لەوە نەکەنەوە سەربەخۆ و ئازادانە بڕیار بدەن.
سێلێنسکی داواکانی لە حکومەت و دەسەڵاتداران و سیاسییەکان و رۆشنبیران و ھونەرمەندان و سینەماکاران و موزیکژەنان و وێنەکێشان دەکات، بە دەسەڵات و حیکمەت و ھونەر و پیشەکەیان پشتیوانی بکەن لە ئۆکراینا..
لە وتارێکیدا لە ڤیستیڤاڵی سینەمایی Cannes باسی فلیمەکەی Apokalypse Now و تاوانەکانی ناو ڤێتنام وەبیر دێنێتەوە.. بە گاڵتەجارییەکەوە پەیام بۆ پۆتین دەنێرێ و دەڵێ :" سبەی بەیانی حەزم لە بۆنی ناپاڵم"ە.. فیلمی بەناوبانگی چارلی چاپلن The Great Dictator بە بیر بەشداربووان دێنێتەوە و دەپرسێ: " ئایا کاتێ دیکتاتۆریی ھەبێت ! دەبێت سینەما بێدەنگ و قڕوقەپ بێت!! .. ئەگەر شەڕێکی ئازادیخوازانە ھەبێت!! ڕەوایە سینەما بێدەنگ بێت!؟.. دەڵێ" ئێمە پێویستمان بە (چاپلن)ێکی نوێیە تا پێمان بڵێ ھەنووکە سینەما نابێت بێدەنگ بێت"..
سێلێنسکی.. سەرۆک کۆمارێک لە هەموو ئاستەکاندا دەزانێ بە چ شێواز و میتۆدێک بۆ گەلی خۆیی و جیھان دەدوێت..هەر بۆیەشە سۆز و سیمپاتی و پشتیوانی حکومەت و میللەتانی زۆربەی جیهانی بەدەست هێناوە و سەرکەوتووانە هاتۆتە پێشێ.
لە 17.3.2022 بە وتارێکی 15 خولەکی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، ئەم وڵاتە گەورە و بەھێزەی ھەژاند... لێرە ئازار و ژانەکانی سەردەمی جەنگی سارد و دیوارەکە و دوو دەوڵەتی ئەڵمانیای وەبیر ئەم گەلە ھێنایەوە، کە تا ساڵی1989 درێژەی کێشا... بەتەوسەوە ڕووی لە ڕاوێژکاریی ئەڵمانیا Olaf Scholz کرد- ئەم ڕاوێژکارە کە سەر بە پارتی سۆسیال دیموکراتە و کەمێک لەژێر کاریگەرێتی بیرکردنەوە و هەڵوێستی نەرێنی بەرژەوەندپەرستی کۆنە ڕاوێژکاری ئەڵمانیاGerhard Schröder دایە کە ناوبراو بەرژەوەندییەکی گەورەی لەگەڵ Putinدا ھەیە و لە پرۆژەی گەورە Nord Stream2 دا پۆستی ڕاوێژکاریی ھەیە و ڕێگریی لەوە دەکات چەکی قورس بنێردرێ بۆ ئۆکراینا- سێلێنسکی وتە بەناوبانگەکەی سەرۆکی ئەمەریکا Ronald Reagan دەداتەوە بە ڕوویان دا،کە داوای ڕووخانی دیوارەکەی لە گۆرباتشۆڤ و هۆنیکەر کرد و دەڵێ: " ئەو دیوارە بڕوخێنن" واتە ڕێگە بدە چەکی قورسمان بۆ بێت با ئەو دیوارەی شەڕی پۆتین بڕوخێنین بۆ ئاشتی ..
ئایا کورد تا ئیستا پەیامێکی پوخت و ڕوون کراوە بەڕووی میللەتانی سەردەستی خۆیدا واڵا کراوە! ،کە ھەموو ژان و ئازار و کوێرەویییەکانی لە خۆی گرتبێ و ھەڵگری ڕەگەزی ھۆشیاری و بە ئاگا هێنانەوە و تێگەیاندن بێت!!، بۆ ئەوەی ئەو گەلانە دروست لێی حاڵی بن و لایان ڕوون بێتەوە: تا کێشەی کورد چارەسەر نەبێ، ئەوانیش مەحاڵە بتوانن تامی ئاشتی و ئارامی بچێژن.. ناتوانن بە ئارامی بژین، گەشە و پێش ناکەون.. وە ھەروەھا بۆ ئەوەی چیدی خوێنی ڕۆڵەکان بە خۆڕایی نەڕژێ، پێویستە ڕێ لە بازرگانی شەڕ و داگیرکاریی بگرن و گوشار بۆ سەر حکومەت و دەسەڵاتی خۆیان بھێنن، چارەسەرێکی بنەبڕی ئەم پرسە بکەن. کوردیش پێویستە بێتە خاوەنی ماف و دەسەڵاتی خۆی و سەقامگیریی و تەبایی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێ ؟!...
یاخود کورد ھەر ئەوەی کردووە: شەرمنانە دەستی ڕازی بوون بۆ تاوان و ستەمەکان بەرز بکاتەوە. نە خۆی بزانێ چی دەوێت و نە دۆست و دوژمن لێی حاڵی بن !! دەبێت هەر سروود و گۆرانی بۆ پێکەوە ژیانی درۆزنانە و نابەرانبەر بکات لەگەڵ داگیرکەری بکوژ و خوێناویدا و بە فشە ماف ڕازی بێت.، کە ئەویشی پێ ڕەوا نابینن. بە دەبڕینێکی تر، گوتاری کوردیی هێڵی تۆخی کێشاوە لەنێوان خۆیی و ئەوانی داگیرکەر و دوژمن و بێگانەدا؟!.
باشە ئەوە دەبینین سەربازێکی داگیرکەری رووسی لەسەر کوشتنی تاکێکی ئۆکراینایی سڤیل چ چارەنووسێک ڕووبەڕووی بۆوە... دەسەڵاتی ئۆکرانیا چۆن مامەڵەی کرد.
ئایا بکوژانی کورد چ کاردانەوەیەکی هەبوو،هەیە بەرانبەر بە : داگیرکەرەکانی، بەرپرسە باڵاکانیان،ئەو فرۆکەوانانەی بۆمبابارانی هەڵەبجەیان کرد، هەڵوێستمان چ بوو بەرانبەر بەرپرس و ئەفسەرە پلە باڵاکانی پاڵەوانەکانی ئەنفال و وێرانکەرانی کۆبانی و خوێنڕێژانی سنەی خوێناوی.
مشتێ لە ناوەکانی(( ئەتاتورک و سەدام و ئەسەد و خومەینی و ئەردۆغان، زەعیم سدیق و عەلی کیمیاوی و نزار خەزرەجی و وفیق سامەڕایی و تاریق رەمەزان و ئاغایانی بەنی سەدر و خاڵخاڵی و جەعفەریی و سەحراوی...و هتد)) تراژیدیای مێژووی نەتەوەی کوردی ستەم لێکراومانە .
حەکیم کاکەوەیس جوانی پێکاوە ، لە ڕۆمانی تەونی جاڵجاڵۆکەدا لە زمانی "ھەقەلی" یەوە دەنووسێ : قەیدی چییە؟.. من یەخسیری جەنگم و لە بەرەی شەڕدا گیراوم! نەختێکی دی ، وەک ئەفسەرە زلەکەی بەعسم لێ بکەن! ڕێبازی شۆڕشم بۆ ڕوون بکەنەوە و ئازادم کەن! دەبێ ئەوەندەی ئەویشم ڕەوا نەبینن" ؟!..