بەرکەوتنەوەم لەگەڵ کوردستاندا (بەشی دووەم)

Saturday, 06.04.2022, 15:16

684 بینراوە


2
کۆیە گەورە گوندە، ئەوپەڕەکەی شارۆچکەیە کە ژیان لێی خۆش نییە. بۆ من خۆش نەبوو. ناگات بە ڕانیە، یان هەڵەبجە. لەوێ ژیان زۆر سستە، بزاوتی کولتووری لەوێ بە ڕانیە و هەڵەبجە بەروارد ناکرێت. جارێک لەگەڵ بەرپرسێکی سەربازیی "یەکێتی"دا کە دراوسێی ماڵی برایەکم بوو، گفتوگۆمان دەکرد، پێی گۆتم، مام جەلال زانکۆی کۆیەی کردۆتەوە تا کۆیە بکات بە مونافیسی هەولێر. بێگومان هیچم سەبارەت بەو تێڕوانینە نەگۆت، وەلێ دەمێک بوو گەیشتبووم بەو باوەڕە کە کۆیە دەرەقەتی هەولێری دایکی نادات، سەریشم لەوە سووڕمابوو کە بۆچی ئەوها لە دایکی خۆی یاخی بووە!
باوەجو کاتێک "گەڕامەوە" بۆ کوردستان، نزیکەی هیچم لەبارەی ئەو وڵاتە نەدەزانی، تەنانەت نەمدەزانی لەوێ لە زانکۆکاندا بەشی فەلسەفە نییە. ئەمە دوای دوو ڕۆژی گەیشتنم بە ئەوێ یەکەم ڕاچڵەکینم بوو. یانی چی لە کوردستان، لە زانکۆی سلێمانی و سەلاحەدین، بەشی فەلسەفە نییە؟ بە هەر حاڵ، برادەرێکم کە ئەویش لە ئەڵمانیاوە بۆ ئەوێ گەڕابۆوە، گۆتی: "بڕۆ بۆ کۆیە، زانکۆکەی تازەیە، پێویستیان بە مامۆستایە". ئەوەم پێخۆش بوو، چونکە ماڵی خوشکێکم لەوێ بوو، ئەوجا کۆیە کە هەرگیز نەمبینی بوو و لە هۆشمدا ناوێکی گەورە بوو وەک شارێکی دێرینی کوردی، زۆر سەرنجی ڕاکێشام. ڕۆیشتم بۆ ئەوێ. سەرۆکی زانکۆ دکتۆر نەبەز بە زمانی تایبەتی خۆی گۆتی: "مامۆستای بەڕێز، لە نێوان فەلسەفە و دەروونناسیدا هیچ جیاوازییەک نییە (!)، بۆیە لە بەشی دەروونناسی داتدەمەزرێنم". ئەوەم پێخۆش بوو. ئاخر لەپاڵ بەشی سەرەکیی فەلسەفەدا پسیکۆلۆگیم وەک بەشی لاوەکی ی یەکەم خوێندبوو، بەشە لاوەکییەکەی دووەمم ڕامیاریناسی بوو. کەواتە بڕێک شارەزاییم لە پسیکۆلۆگیدا هەبوو. پسپۆرییەکەم لەو بەشەدا لە بوای پسیکۆلۆگیی گەشەدا بوو.
دوای دامەزراندنم بەڕێزی سەرۆکبەش گۆتی: "وانەی دەروونناسیی گەشە دەدەین بە تۆ". من بە ئۆتۆمبێلێکی خۆم لەگەڵ برادەرێکدا بەناوی گارا بۆ ئەوێ گەڕابوومەوە و چەند کارتۆنێک کتێبم لەگەڵ خۆمدا بردبۆوە، لێ کتێبەکانی پسیکۆلۆگی لە نێویاندا زۆر کەم بوون، بۆیە بە خۆمم گۆت، دەبێت لە ئێستاوە دەست بە کار بکەم، چونکە خوێندکارەکان بە پرسیار هەڵمدەوەشێننەوە، بێئاگا لەوە کە ئەوان لە سەرەتاییەوە فێرکراون لە پرسیار بسڵەمێنەوە. ئەوە بوو ئیدی بەپەلە گەڕامەوە بۆ ئەڵمانیا تاکو چەند سەرچاوەیەکی پێویست بکڕم. کە دەوام دەستی پێکرد، بینیم کاکی سەرۆکبەش بەبێ ئەوەی پرسە گورگانەیەکی بە من کردبێت، وانەکەی بە مامۆستایەکی دیکە دابوو!
ماوەیەک پێش دەستپێکردنی دەوامی ساڵی نوێ، تاقیکردنەوەی نڤیسکیی خوێندکارانی دکتۆرا ئەنجام درا و ئێمەیان وەک چاودێر دانا. خوێندکارانی زۆر بەشیان تێدا بوو. لەبەر ئەوەی ماوەی تاقیکردنەوەکان (ئەوان دەبێژن "ئەزموونەکان"!) درێژخایەن بوو، دەرفەتم هەبوو چاو بە هەندێکی ئەو دەفتەرانەدا بخشێنم کە خوێندکارانی تەواوبوو تەسلیمیان کردبوون. ئاخر وەک چاودێر وەڕس دەبیت، بۆ کاتبەسەربردنێک دەگەڕێیت. سەرم زۆر لەوە سووڕما کە گەلێک خوێندکار، لە نێویشیاندا چەند خوێندکارێکی زمانی کوردی، بە کوردییەکی سەقەتی پڕ لە هەڵەی ڕێزمانی (!!) وەڵامی پرسیارەکانیان دابۆوە. خوێندکاری دکتۆرا لە بەشی کوردی! بۆیە جێی سووڕمان نییە کە خوێندکارانی دەرچووی ئامادەیی دوای دوازدە ساڵ خوێندن بە کوردی ناتوانن دروست بە زمانی دایک بنووسن، چونکە فێری ئاخافتن و نوسینی دروست ناکرێن، یان چونکە ئەم لایەنە سەر بە کرۆکی وانەی کوردی نییە. لەم پەیوەندییەدا خۆمم بیرکەوتەوە کاتێک لە زانکۆ یەکەم "توێژینەوەی ناوماڵ"م بە ئەڵمانی نووسی. ڕاستییەکەی توێژینەوەکەم باش نووسی بوو، چونکە کاری زۆرم لەو بابەتەدا کردبوو، هەروەها لە ڕووی ڕێزمانییەوە هەڵەم نەبوو، لێ تەنیا لەبەر ئەوەی هەڵەی تایپ و بەوەش ڕێنوسی تێدا بوو، مامۆستا سێ (ناوەند)ی بۆ دانام. هەموو هەڵەکانی بە قەڵەمی سوور نیشانە کردبوو. کاتێک لێم پرسی بۆچی ئەو نمرەیەی داومەتێ، لە وەڵامدا گۆتی: "لای ئێمە، پەیوەند بە خوێندکاریشەوە، هەڵەی ڕێزمانی (خوازەیی بدوێم) کوفرە، هەڵەی تایپ ڕێپێنەدراوە. تۆ خوێندکاری زانکۆیت!". باوەڕ ناکەم ئەرەبەکانیش لەم پرسەی زماندا جیاواز بن لە ئەڵمانەکان.
کاتێک لەتەک دەستپێکردنی دەوامی ساڵدا سەرۆکبەش پێی ڕاگەیاندم کە وانەکەی لە من سەندۆتەوە و داویەتی بە مامۆستایەکی دی، ڕاستییەکەی ئەو ڕەفتارەم لا ناشرین بوو، سەرەڕای ئەوە ناڕەزاییم دەرنەبڕی. هەروەها سەرۆکبەش لەتەک پێڕاگەیاندنەکەدا بەزەردەخەنەوە گۆتی: "ئەم وانەیەم بۆ تۆ داناوە، ئوسوس ئەلتەربیە". کتێبێکی بەرگ شینی کاڵی بە دەستەوە گرت، نزیکەی بیست پەڕەی لە ناوەڕاستەوە بە دوو پەنجە گرت کە ئیدی هەردوو لای زۆرتری کتێبەکە بەکەوانەیی کرانەوە، ئەوجا هەروا بە دوو پەنجە جۆلانەی پێکرد و ڕێزمەندانە گۆتی: "هەر ئەوەندەیان بدەرێ بەسە!". ئێستا سووڕمام. ئەوەندە؟ ساڵێک نزیکەی بیست پەڕە! یانی چی؟ ئێ خۆ ئێرە زانکۆیە؟ ئەی سەمینارکردن و کاری نێوکۆیی و هتد؟ خێرا تەماشایەکی نێوەرۆکی کتێبەکەم کرد و بڕێک ئارام بوومەوە. ئاخر سەرەتا نەمدەزانی مەبەست لە ئوسوس ئەلتەربیە چییە. کتێبەکە هینی سەردەمی بەعس بوو، نێوەرۆکەکەی بریتی بوو لە: پەروەردە لە گریکی ئەنتیکە، حەوت وانەکەی چەرخی ناڤینی ئەوروپی کە ناودەنران حەوت هونەرەکە، پاشان پەروەردەی ئیسلامی و لە کۆتاییشدا پەروەردەی پارتی بەعسی عەرەبیی سۆسیالیستی. بابەتەکانی گریکی ئەنتیکە و چەرخی ناڤینی ئەوروپیم بەدڵ بوو و شارەزاییم تێیاندا هەبوو، بۆیە گۆتم، ئەم وانەیە زۆر باشە و توانام بەسەریدا دەشکێتەوە، لێ خۆم پرۆگرامی ساڵانەی وانەبێژی دادەنێم و سەرچاوەش بە خوێندکاران دەدەم یان بابەتیان لە ئەڵمانییەوە بۆ ئامادە دەکەم. سەرۆکبەش هیچ لاریی لەوە نەبوو و گۆتی: "خۆت ئازادیت چۆن پرۆگرامی وانەکەت دادەنێیت". بە هەر حاڵ، بەگوێرەی پرۆگرامی خۆم، لە پەروەردەی زەردەشتییەوە چووم بۆ گریکی ئەنتیکە، پاشان چەرخی ناڤینی ئەوروپی و گەیاندم بە سەردەمی مۆدێرنی ئەوروپی، ئەوجا ڕێگەکانی وانەوتنەوە.
مامۆستایەکی ناسیار چەند حەفتەیەک دوای دامەزراندنم ڕوداوێکی سەیری بۆ گێڕامەوە. بەشی مێژوو سەرۆکبەشێکی یەکجار بەد و جەبانی هەبوو کە درەنگتر خۆیشم لەتەکیدا کەوتمە ناکۆکییەوە و تەنانەت رۆڵێکم لە فەسڵکردنیدا گێڕا. کابرا دکتۆرای لە زانکۆیەکی سەدام حسێن کردبوو، گەر هەڵە نەبم زانکۆکە هەر ناوی ئەوی لێنرابوو. دکتۆراکەی جێی گومان بوو. بە هەر حاڵ، کابرا خۆی بە "یەکێتی"یەوە هەڵواسی بوو. ئەمەش ڕووداوەکەیە: کوڕێکی گەنجی مێژووناس بە دکتۆراوە (وا بزانم لە سویسراوە) دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و لە زانکۆی کۆیە لە بەشی مێژوو دادەمەزرێت. مامۆستا هەموو ڕۆژێک حزووری هەیە، لێ سەرۆکبەش ئامادەیی ڕۆژانەی ئەو تۆمار ناکات و غایبی دەدات. کاتێک سەری مانگ دەڕوات مووچەکەی وەربگرێت، خانمی ژمێریار پێی دەبێژێت: "مامۆستا، بەڕێزت دەوامت نەکردووە، بۆیە مووچەت بۆ نەبەستراوە. تۆ فەسڵ کراویت". مامۆستا بەتووڕەیی زانکۆ جێدەهێڵێت، گۆیا دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، لەوێ جانتاکەی دەپێچێتەوە و دەڕواتەوە بۆ ئەو وڵاتە کە لێوەی بۆ زێدی خۆی گەڕابۆوە. من خۆم زۆر زوو، لە یەکەم ڕۆژەکانی دەوامکردنەوە، دەرکم بە ڕەفتارێکی ترسنۆکانەی زۆر سەرۆکبەش و ڕاگر کرد کە ترس بوو لەو مامۆستایانەی لە هەندەرانەوە گەڕابوونەوە. ئەوان بە هەموو ئەقڵیانەوە وای بۆ دەچوون کە ئەو مامۆستایانە بەهۆی خوێندنیانەوە لە وڵاتێکی ئەوروپی پێشترییان لە لایەن سەرۆکایەتیی زانکۆوە پێدەدرێت، واتا "ڕەنگە" ئەو کورسییە بە ئەوان بدەن کە خۆیان لەنێو یەکدا شەڕیان لەسەر دەکرد.
ئەزموونی یەکەم ساڵم لە زانکۆی کۆیە بەگشتی ئەرێنی بوو، بۆ من پتر ساڵی فێربوون و تا ڕادەیەکیش خۆگونجاندن بوو لەتەک "هەندێک"ی داواکارییە جڤاکی-کولتوورییەکانی ئەوێدا. لەوێ لەگەڵ هەندێک خوێندکاردا کە هەموویان پێشمەرگەی دێرینی "کۆمەڵە" بوون، پەیوەندیی هەڤاڵێتیم دامەزراند، هەروەها لەگەڵ پۆڵا عەبدولسەمەد و مامۆستا محمەد ناسردا کە خەڵکی سەقز بوو. گەر هەڵە نەبم، زیاتر کوردایەتی پاڵی بە محەمەد ناسرەوە نابوو بێت بۆ هەرێم. مامۆستایەکی زۆر شارەزا و ئیدیالیست بوو، هەروەها دەنگی زۆر خۆش بوو و تەنانەت ڕووی دەدا کە لەتەک خوێندکاراندا دادەنیشت و سترانی بۆ دەچڕین. ڕۆژێک، چەند حەفتەیەک دوای دەستپێکردنی دەوامی ساڵ، پێشنیاری کرد کە وەک چالاکی هەڵمەتێک بکەین بۆ کۆکردنەوەی خاشاک لە کۆیە و بەو ڕێیەوە هێمایەک بۆ پاکژی پێشان بدەین. ئەو، من (وا بزانم پۆڵاشمان لەگەڵ بوو) و ژمارەیەک خوێندکار دەستمان کرد بە کۆکردنەوەی خاشاک. زۆر کەس کە بەلاماندا تێدەپەڕین، پێکەنینیان پێمان دەهات. بە هەر حاڵ، یەک مامۆستای دیکەی زانکۆ ئامادە نەبوو لەو "ئەکسیۆن"ە هێمادانەرەدا بەشداری بکات.
یەکێک لەو خوێندکارە پێشمەرگانە کە بوو بە دۆستم، کاک موسڵیحی خەڵکی دەشتی هەولێر بوو کە بەداخەوە بەنزینخانەکەی (بەنزینخانەشی هەبوو!) بەهۆی موەلیدەکەیەوە گڕی گرت و خۆیشی لە هەوڵی کوژاندنەوەیدا سووتا. گەیاندیانە ئێران، وەلێ ڕادەی سووتاوییەکی زۆر بوو و کوشتی. بە هەر حاڵ، ئەوەی ڕاستی بێت من ئەمڕۆش دژی قبووڵخاس نیم، لێ ئەوە بە مەرج. ئاخر ئەو پێشمەرگە دێرینانە، زۆرینەیان، کەسانی جددی بوون، دەرفەتیان بۆ ڕەخسابوو ئاواتێکی سەردەمی گەنجێتییان بەدیبهێنن کە خوێندنی زانکۆیی بوو، بۆیە هەرگیز ڕۆژێک لە ڕۆژان یەک کەسیان داوای یارمەتیی دەرچوواندنی لە یەک مامۆستا نەکرد، لە منیش، جا گەرچی زۆر جار لە مەیخانە یان لە لەنێو سروشتدا پێکەوە دادەنیشتین و بەدەم گاڵتەوگەپ و نوکتە و گێڕانەوەی ئەزموونەکانی ژیانەوە مەیمان دەنۆشی. وەلێ هەر لەنێو قبووڵخاسەکاندا گەلێک "علوج" هەبوون. ڕۆژێک دەمەو کۆتایی ساڵ و نزیککەوتنەوەی کاتی تاقیکردنەوەکان زەنگی تەلەفونە دەستییەکەم لێی دا و کە هەڵم کرد، پیاوێکی ڕێزمەند خۆی پێناساندم، هاوکات ئاماژەی دا بۆ نزیکیی حیزبیمان. بەرپرسی دەزگایەکی "یەکێتی" بوو لە هەولێر، گۆتی، لە بەشی مێژوو دەخوێنێت و بەهۆی کاروباری حیزبایەتییەوە ناتوانێت دەوام بکات، بەشکم لە وانەکەی خۆمدا یارمەتیی بدەم، ئەوجا ئەوەشی خستە سەر، کە ئەو تەنیا بڕوانامەکەی پێویستە و "خۆ بە خودای نابییتە مامۆستا". ئەوەی ڕاستی بێت بە پێکەنین و توانج ماڵئاواییم لێکرد. جگە لەوە دەفتەری تاقیکردنەکانی ساڵانە لە سووچی ناوەکانەوە بە سەمخ دادەخرێن، تا وانەبێژ نەزانێت چە دەفتەرێک هینی کێیە. بە هەر حاڵ کابرا ئەو ساڵە لە وانەی مندا کەوت. ئەوجا ئەوەشم دەزانی کە چەند کەس پێکڕا لە وانەی مندا کەوتبوون و ئەویش یەکێکیان بوو. کەچی دەرچوو بوو! بۆ من ڕۆشن بوو: کابرا دەرچوێنرابوو!! بە خۆمم گۆت کە بە هیچ شێوەیەک ئەوە قبووڵ ناکەم. چووم بۆ لای سەرۆکبەشی ناوبراوی مێژوو کە ئەو ساڵەش سەرۆکی لیژنەی تاقیکردنەوەکان بوو، پێم گۆت: "واز ناهێنم، تا ئیستیقالە دەڕۆم". ئەو تەنیا کەمێک منجەمنجی کرد. ئەوجا چووم بۆ لای سەرۆکی زانکۆ و مەسەلەم پێڕاگەیاند، ئەویش هەر بە زمانە لووسەکەی خۆی گۆتی، کە لیژنەیەک پێکدەهێنێت و بەدواداچوونی بۆ دەکات، هاوکات بۆ "ئەو دڵسۆزییە" (!) سوپاسی کردم. دوای چەند ڕۆژێک سەرلەنوێ بۆ ئەو مەسەلەیە چوومەوە بۆ لای، گۆتی لیژنەکە ساغی کردۆتەوە کە فڵانی بەڕێز بە هەقی خۆی دەرچووە، کەواتە دەفتەرەکەی دەستکاری نەکراوە. من بێدەنگیم هەڵبژارد. مامۆستایەکی ناسیار پاش چەند ڕۆژێک لەسەر ئەو کێشەیە پێی گۆتم: "پەلە مەکە، سەرۆکی زانکۆ گڵۆڵەی کەوتۆتە لێژی، هەندێک باڵی 'یەکێتی'، 'تاقمی عومەر فەتاح و ئەوان'، گۆیا بەهۆی گەندەڵییەوە لێیان هەڵپێچاوە، لێ مەسەلەکە شەڕی نێوان باڵەکانی 'یەکێتی'یە و ئەو تاقمە لەدژی کۆسرەت ڕەسوڵ و پیاوەکانی ڕاستبوونەتەوە". پاش ماوەیەک سەرۆکی زانکۆ لابرا و خدر مەعسوم هەورامی خرایە جێگەی، ئەوە بێگومان بە فەرمانی حیزب، ئاخر زانکۆش، هاوشێوەی هەر شتێکی دیکەی ئەو وڵاتە: زەوی و بازاڕ، فابریکە و پۆستەکان و هتد، بە موڵکی خۆی دەزانێت. بە هەر حاڵ، ئەوە هەل بوو، لێ ڕاستییەکەی لەنێو ئەو هەموو مامۆستایەدا تەنیا بۆ یەک دوو سێ کەسیان هەل بوو. دکتۆر خدر دوای دەستبەکاربوون کۆبوونەوەی لەگەڵ هەمووماندا کرد، پرۆگرامی خۆی پێناساندین (ڕاستییەکەی کاری باشی بۆ زانکۆی کۆیە کرد)، ئەوجا دەرفەتی بە مامۆستایان دا پرسیاری خۆیانی لێ بکەن. زۆر پەلەم بوو، لێ دکتۆر عەلی بەرزنجی ی بەشی کوردی کە هەردەم کەسێکی بەهەڵوێست بوو، زووتر دەستی هەڵبڕی، بەم شێوەیە پێشم کەوت و یەکسەر بە شێوازی خۆی، بە تووڕییە تایبەتمەندەکەی، دابەزییە سەر کابرای سەرۆکبەشی "بەعسی"ی بەشی مێژوو و ئاماژەدان بۆ گەندەڵییەکانی. دوای ئەو منیش مەسەلەکەی خۆمم باس کرد و هەروەها ئاماژەم بۆ ئەوەش دا کە سەرۆکی پێشووی زانکۆ گۆتوویەتی لیژنەکە هیچی ساغنەکرۆتەوە، لێ من بڕوام بەوە نییە، چونکە دەزانم "دەفتەرەکەم" دەستکاریکراوە. سەرۆکی نوێی زانکۆ لیژنەیەکی ڕەسەنی پێکهێنا کە ئاشکرای کرد ئەنجامی تاقیکردنەوەکە دەستکاری کرابوو. بە هەر حاڵ، پاش ماوەیەک ئەو سەرۆکبەشە لە زانکۆ فەسڵ کرا، خوێندکارەکەش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوو – ئاخر گۆیا بەگوێرەی یاسای ئێراقی ئەو تازە دەرچووە و گوناهی نییە!!
یەکەم ساڵی دەوامم لە زانکۆی کۆیە بە بیرمدا هات هەوڵ بۆ کردنەوەی بەشی فەلسەفە بدەم. لەکاتی پشووی هاویندا مەسەلەکەم لەگەڵ موعیدەکەمان بە ناوی پۆڵا عەبدولسەمەد باس کرد، ئەویش گۆتی، برادەرێکی کەرکوکیی بە ناوی حەسەن هەیە و بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیی پێوە دەکات. کردی. من پێش ناسینی مامۆستا حەسەن چووم بۆ لای سەرۆکی زانکۆ دکتۆر نەبەز و پێشنیارەکەی خۆمم خستە بەردەم: "کاک دکتۆر، گەر بەڕێزت هەنگاو بنێیت بۆ کردنەوەی بەشی فەلسەفە لە زانکۆکەمان، من گفتی سەرخستنی پرۆژەکەت پێدەدەم!". دکتۆر نەبەز سوپاسی کردم، هاوکات گۆتی، بۆ ئەو پرۆژەیە سێ مامۆستا پێویستن، کەواتە گەرەکە دوو مامۆستای دی بهێنم و ئەوسا بەشەکە بکەینەوە، بێگومان لە ڕانیە، چونکە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لەوێ بوو. ئەوە بوو مامۆستا حەسەن هات بۆ کۆیە و باسی برادەرێکی خۆی کرد بەناوی موسلیم کە پێکەوە لە بەغداد خوێندبوویان، گۆتی وا بزانێت کوردە، بە هەر حاڵ پەیوەندیی پێوەدەکات. بەم شێوەیە بەشەکە کرایەوە و بە سێقۆڵی لە بناغەوە بینامان کرد، لێ ئەویش لە کۆتاییدا وەک هەر بەشێکی دیکەی زانکۆیی بوو بە قەوارەیەکی کارتۆنی.
ساڵی یەکەم لە ڕەوتی بەریەککەوتنە نێومرۆڤی-کولتوورییەکاندا هەندێک ئەزموونی سەیرم کرد کە پێکڕا کرۆکی ئەو دەڤەرە کولتوورییەیان پێناساندم و هاوکات واتایان بۆ ڕەوتی ژیانم لە چەند ساڵی ئایندەدا وەرگرت. بێگومان من خۆیشم بەهۆی شێوازی ژیانمەوە فاکتەرێک بووم لە نێویاندا. ئەوەی یەکەمیان زۆر مەهەزەلەیی بوو. دوای دەستپێکردنی دەوامی ئەو ساڵە، لە کاتی پایزدا، هەموو ڕۆژێک لەسەر ستایلی خۆپۆشینم بە پانتۆڵێکی کاوبۆی، تی-شێرتێک و کراسێکی کراوەوە دەڕۆیشتم بۆ زانکۆ. زۆری نەخایاند سەرۆکبەش تکای گفتوگۆیەکی دووقۆڵیی لێکردم و پاشان لەو میانەیەدا پێی گۆتم، کە چەند کچێکی خوێندکار (دوایی زانیم کێن و هەموویان موحەجەبە بوون!) چوون بۆ لای و پێیان گۆتووە، کە گەر مامۆستاکەیان ئەوها خۆی بپۆشێت، ئەوان لەمەولا بەڕووتی دێن بۆ دەوام. زۆر سەرم لەوە سووڕما. ئاخر من لەژێرەوە فانیلەی عەلاگەم لەبەردا نەبوو و ئەوجا بەسەریدا کراسەکەم دانەخەم، بەڵکو بەسەر فانیلەی عەلاگەوە تی-شێرتم لەبەردا بوو و کراسەکەش فونکسیۆنی چاکەتی هاوینەی هەبوو. ئەمە یەکەم ئەزموون بوو کە پێشانی دام چۆن لەو کولتوورەدا مامۆستا دەخزێنرێتە نێو "رۆڵ" و "پێگە"ی پێناسەکراوەوە کە هەڵوێستێکی زۆر هەیەپارێزە، بەڵێ هەڵوێستێکی پیاوسالارانەی تایبەتی خۆرهەڵاتی-ئیسلامییە. بێگومان پێشنیارەکەی سەرۆکبەشم قبووڵ کرد و شێوازی خۆپۆشینمم گۆڕی، جا گەرچی ئەوە بەلامەوە هیچی دیکە نەبوو جگە لە مەهزەلە. ئاخر وەک برێشت دەبێژێت، هەندێک جار باش دەبێت کە مرۆڤ کەتوار قبووڵ بکات، جا خودی ئەو کەتوارە چەند تاڵ بێت. درەنگتر، هەر لەم پەیوەندییەی "پێگە" و "رۆڵ"ی پێناسەکراوی مامۆستای زانکۆدا / فەرمانبەردا، هەندێک ئەزموونی دیکە بەڕوونی پێشانیان دام کە لەوێ "پیاوی هەیەپارێزی مامۆستا" چە تێگەیشتنێکی بۆ خۆی و رۆڵە پیشەییەکەی هەیە. ڕۆژێک لەتەک مامۆستایەکی پۆستدار و چەند خوێندکارێکدا ڕۆیشتین بۆ سەرئەشکەوتان، بەپاڵ کانییەکەوە نەعنا خۆڕسکانە ڕوابوو و زۆر ناسک بوو. دەستم کرد بە لێکردنەوە. بینیم ڕەنگی کابرای پۆستدار تێکچوو و خێرا گۆتی "با بڕۆین"! هەروەک ببێژێت، ئەوە لە مامۆستای زانکۆ ناوەشێتەوە، وەلێ، بەگشتی بڕوانین، ئاساییە کە مامۆستا بۆ نموونە سەفتە بیستوپێنجی بە لاستیک ببەستێت و بیئاخنێتە نێو گیرفانی سەرەوەی کراسە هاوینەییەکەیەوە، کە ئاشکرایە ئەو جێیە سووردەچێتەوە و بەمەش بەئاگا یان بێئاگا کارایی هێمای پێدەدرێت. هەر لەگەڵ ئەودا جارێک سەیرانێکی خانەوادەییمان کرد بۆ دۆڵێ؛ سەرەتای بەهار بوو، لە گشت لا تۆڵەکەی زۆر ناسک پێگەیشتبوو و دەستم کرد بە گەڕان تا هەرە ناسکترینەکان بچنمەوە، کەچی ژنەکەی گۆتی: "ئێ خۆ ئەوە چەپکی بە هەزار دینارە"، لێ کاتێک زەردەخەنەیەکی تەوسمەندم تێگرت، خێرا گۆتی، "ئەها، مەسەلەکە لێکردنەوەیەتی لە لایەن خۆتەوە". بێگومان من کولتوورێکی دیکەم هەبوو و گەر پێویستیش بووایە پەرچەکرداری خۆگونجاندم دەنواند، وەک بۆ نموونە لە ڕەوشی کراس و تی-شێرتەکەدا، سەرەڕای ئەوە هێشتا هەر ئامادە نەبووم بەتەواوی دەستبەرداری "شێوازی ژیانی خۆم" ببم، یان هەر کردارێکی دیکەی سۆسیالم ڕەتبکردایەتەوە کە لە ئاگایی چینایەتییەوە بۆ کەسانی پێگەنزمی جڤاکی تەرخان کراوە، بۆ نموونە شەرمم بەوە بهاتایە کە دوو دەبە نەوت لە بەنزینخانەیەک بکڕم، ئەوجا بەدەست هەڵیانبگرم و بەنێو بازاڕدا بییانبەم بۆ ماڵەوە. یان چنینەوەی تۆڵەکە، پونگە، نەعنا لەنێو سروشتدا. هەندێک جار لە درێزدن لەتەک هەندێک دۆستدا بە پاسکیل دەڕۆیشتین بۆ دارستان، قارچک و ڕووەکی دیکەی خۆڕسکمان لێدەکردوە، پاشان دەڕۆیشتین بۆ ماڵی یەکێکمان، پێکەوە خواردنمان لێ دەسازاندن و بەدەم خواردنەوەی شەرابەوە دەمانخوارد. یەکێک لەو برادەرانە شتێفان شاڕد بوو کە سەرۆکی ئۆرکێسترای سینفۆنیی لایپتسیگ بوو، ئەوانی دیکەش موزیکی و پزیشک بوون. لێ ئەم جۆرە کولتوورە کە نزیکیی ژیانە لە سروشت، لای کوردەکانی ئێراق "بەگشتی" بۆ گوندییەکان تەرخان کراوە، جا گەرچی هەمووان بەگوێرەی ئەوە کردار نانوێنن، بەڵێ تەنانەت هاوشێوەی گرووپەکەی ئێمە لە درێزدن دەژین. ئاخر لەوێش موعید یان مامۆستامان هەبوو کە حەزیان بە نزیکی بوو لە سروشت، یان بە چنینەوەی ڕووەکی خۆڕسک. بە هەر حاڵ ئەو خزاندنەی مامۆستا بۆ نێو "رۆڵ" بە هیچ شێوەیەک لای کوردەکانی ئێران بەدی نەدەکرا. ئەوان گەلێک نزیک لە سروشت دەژین.
لە سەرەتای دەوامی یەکەم ساڵدا هەروەها بەر ناکۆکیی سیاسیی نێو-حیزبی کەوتم کە دەریدەخست چەند سەخت و چۆن ئەو حیزبانە بە هەر شێوازێک دژایەتیی یەکدییان دەکرد. ڕۆژێک برادەرێک، وابزانم پۆڵا عەبدولسەمەد بوو، لە زانکۆ پێی گۆتم، کە کابرایەک، ناوی نابات، پێی ڕاگەیاندووە، گەر من بڕۆم بۆ زانکۆی هەولێر، ئەوا لەوێ ئەم و ئەو موخەسەساتم دەدەنێ، تەنانەت ئەو بڕە پارەیەم بۆ سەرف دەکەن کە وەک هاندان تەرخانکرابوو بۆ ئەو کەسانەی لە هەندەرانەوە بۆ وڵات دەگەڕانەوە. ڕاستییەکەی ئێمەومانان لە کۆیە دەبوو بەگوێرەی بڕیار ئەو پارەی هاندانە وەربگرین، وەلێ پارە تەرخانکراوەکە "خورا" بوو. بە هەر حاڵ ئەوەم بۆ دکتۆر شێرکۆ حەمە ئەمین گێڕایەوە، ئەویش یەکسەر بە پێکەنینەوە گۆتی: "ئەوە پاراستنە! ئاگادار بە!".
لە زانکۆ، کە گۆیا سەنتەری زانستە، لە چەند هەفتەی سەرەتای دەوامی ئەو ساڵەدا زۆر بەتیژی بەر پرسی ناوچەگەری کەوتم، لەپاڵ ئەو غەریبێتییەدا کە بەردەوام لە ناخمدا ئامادەگیی هەبوو. ڕۆژێک کیژێکی عەجولی بەشی مێژوو کە بەگوێرەی شێوەزار خەڵکی سلێمانی بوو و ئاشکرایە منیش بە شێوەزاری خەڵکی ئەوێ لەتەکیدا دەئاخڤیم، لە میانەی گفتوگۆیەکدا بە زەردەخەنەیەکی عەیارانەی سەر لێوییەوە کتوپڕ لێی پرسیم: "مامۆستا بە ئەسڵ خەڵکی کوێیت؟". یەکسەر هەڵوێستەیەکم کرد، زەردەخەنە گرتمی و گۆتم "خەڵکی سلێمانیم". دوایی دەرکم کرد کە زەردەخەنەکەم تاڵ بوو بەسەر لێومەوە. پرسیارەکەی بەڕاستی ئالەنگارییەکی سەیر بوو. بۆ دەبێت کەسێک پرسیاری ئەوهای لێبکرێت؟ لێرەدا پرسیارکەر مەبەستێتی، کە پرسیارلێکراو گەرەکە وەڵامێکی ڕاست سەبارەت بە ڕەچەڵەکی ناوچەیی خۆی بداتەوە، هاوکات پرسیارەکە ناڕاستەوخۆ ئەوەش لە خۆ دەگرێت کە شوناسی ناوچەیی کەسی پرسیارلێکراو جێی گومانە. ڕاستییەکەی ئەوە بەئاشکرا لەسەر ڕوخساری خوێندکارەکە دەخوێنرایەوە. کرۆکی ئەم جۆرە پرسیارەم چەند ساڵێک دوای ئەوە ڕۆشنتر بۆ خویا بوو، ئەویش کاتێک هەمان پرس، لێ ئەمجارە زۆر کۆمیدییانە، دووبارە بۆوە و جەختیی بە من دا کە پرسی ڕەچەڵەکی یان شوناسی ناوچەیی لای کوردەکان سەر بە ژیانی ڕۆژانەیە. ئەو دەمە ئێمە، هاوسەرەکەم و خۆم و کوڕەکەمان، لە ڕانیە دەژیاین، لایەنیکەم مانگی جارێک بۆ سەردان دەڕۆیشتینەوە بۆ سلێمانی، ئەوە بێگومان بۆ ماڵی خەزوورم، چونکە ماڵی دایک و باوکم نەمابوو؛ دایکم لە ماڵی برایەکم دەژیا و بۆ منیش دوورەپەرێزییەکی ڕێزمەندانە لە ئەوان، هیچ نەبێت قبووڵکراو، زۆر خوازراو بوو. ئەوپەڕەکەی خێرا سەردانێکی نیوسەعاتیی دایکمم دەکرد. بە هەر حاڵ، لە ڕانیەوە بەیانیان زوو چەندین پیکاب باریان بۆ سلێمانی دەگواستەوە و خاوەنماڵەکەمان شۆفێرێکی بارگوێزەرەوەی بۆ ڕاسپاردبووین کە بەیانیان بێت بەشوێنماندا. ئەوە بۆ ئێمە بە زارۆکێکی بچووکەوە کە ئۆتۆمبێلمان نەبوو، زۆر پراکتیکی بوو. کاکی شۆفێر دەهات بەشوێنماندا، پشتەکەیمان دەگرت و لە سلێمانی لە بەردەم ماڵی خەزوورمدا دایدەبەزاندین. ڕۆژێک شۆفێرێکی نوێ هات بەشوێنماندا، پێشەکەی کابرایەکی تەمەن سیساڵان گرتبووی. شۆفێرەکە لە ڕێ لێی پرسیم کە خەڵکی کوێم، منیش وەڵامم دایەوە کە خەڵکی سلێمانیم. نەفەرەکەی پێشەوە خۆی لە باسەکە هەڵقورتاند و دەمی قەپۆزئاسا دەرپەڕاند: "ئەوە مامۆستا چەند ساڵێک لەمەوبەر کوڕێکم ناسی و گۆتی کە گۆیا خەڵکی سلێمانییە، منیش سەرم کردە سەری و بە پرسیار دامگرتەوە، لە کۆتاییدا گۆتی کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی سەیسایەقە. دە تکایە تۆش پێمان بڵێ بە ئەسڵ خەڵکی کوێیت". لەگەڵ خۆشیی هاوسەرم پێکەنین گرتینی. زۆر بەپوختی پێم گۆت: "بەڕێزم من بە ڕەچەڵەک، لە باپیرە گەورەکانمەوە، خەڵکی سلێمانیم" و مەسەلەکەم بڕانەوە.
لە هەردوو ڕەوشی ناوبراودا من دۆڕاوەکە بووم، چونکە هەردوو جار بینیم کە ڕیشەی ناوچەییم خراوەتە ژێر پرسیارەوە و هاوکات ناچاری وەڵامدانەوە کراوم! ئەوەش بەڕاستی ناخهەنگێوە. تۆ ڕەچەڵەکی ناوچەییت دیار نییە. بێگومان ئەم ڕەوشە پۆزەتیڤە و نیشانەیەکە بۆ مۆبیلێتیی دانیشتوان، تەنانەت نیشانەیەکی کەم یان زۆر ڕێژەییە بۆ بەگەلبوون، چونکە بەردەوام کەسان دێنە ناوچەی دیکەوە و تێیدا نیشتەجێ دەبن، کەرکوکی و سلێمانی و هەولێری، دهۆکی و زاخۆیی و هتد تێکەڵ دەبن. لێ سەرەڕای ئەو ڕەهەندە پۆزەتیڤە هێشتا هەر لە گشت ناوچەکاندا دەشێت ئەزموونی ناوچەگەریی خێڵەکییانە بکرێت، دەشێت بەئاشکرا و تەنانەت لە زانکۆشدا ببینرێت کە چۆن زۆر کەس بەردەوام سەریان کردۆتە سەر کەسانی دیکەی ئەم یان ئەو ناوچە، ئەوجا گەر لە کۆتاییدا کەسیان بەدەستەوە نەمێنێت، سەردەکەنە سەر کوردەکانی ئێران - "ئەو ئێرانیانە کە تەنانەت نازانن ئۆتۆمبێل بئاژوێن"! وەلێ لە ئەزموونی خۆمەوە لەتەک هەڤاڵان و خزم و کەسوکاردا، هەروەها لە بینین و بیستنەوە بەگشتی، گەیشتووم بەو باوەڕە کە ئەوەندەی کەسانی ڕەچەڵەک گوندی و لادێیی لە سلێمانی خەریکی ناوچەگەرین، خەڵکی ڕەسەنی شارەکە خۆیانی پێوە سەرقاڵ ناکەن یان بەدەگمەن دەیکەن، بەڵێ ئەوها دەنوێنێت کە زۆرینەیان تاقەتی ئەو جۆرە پرسانەی نەماوە. ئاخر گەر کەسێک لە مەڵکەندی، شێخان، کانێسکان و هتد هاتبێتە جیهانەوە، هاوکات ببینێت کە چۆن گەڕەکی شێخان وێران بووە و زۆردارانە کراوە بە ناوچەی بازرگانی، ببینێت کە چۆن ڕۆژ بە ڕۆژ گەڕەکەکانی مەڵکەندی و کانێسکان زیاتر وێران دەبن و زۆر لە خانووەکانی نەنکان و باپیران بە بینای کۆنکرێت جێیان دەگیرێتەوە، هەروەها ئەو وەک خەڵکی ڕەسەنی شارەکە سەر بە کەمینەیەکی بچووکی دانیشتوانە لەوێ، باوەڕ ناکەم تاقەتی شارچێتیی هەبێت.
بەڵێ من تەنانەت پێکەنینم دێت بە چڕینی ستران بۆ شار کە دەرهاویشتەی هەستی ئەوپەڕی ناڕاستگۆیە. سترانبێژ مازۆخیستیانە دەلاوێنێتەوە، دەکڕووزێتەوە "بۆ سلێمانییەکەم!"، بۆ "شاری شارانم، ئاخ کە چیدی وەک جاران نەماوە!"، هەروەک ئەو شارە جاری جاران لوتکەی تەمەدون بووبێت و ئەمڕۆ شێوێنرابێت! ئەوجا لێرەدا جێی سەرنجە کە زۆر دەشێت کوڕەی سترانبێژ گەنج بێت و هەرگیز ئەو جاری جارانەی سلێمانیی نەبینیبێت! جگە لەوە من باوەڕ ناکەم کە نەک تەنیا لەم سەردەمە تەنگژاوییەی سەرجەم بوارەکانی ژیاندا، بەڵکو تەنانەت لە سەردەمانی ئارامتری ترادیسیۆنیشدا، هەرگیز بشێت هونەرمەندانە ستران بۆ شار بچڕرێت. ئاخر شار فرەلایەنە، ئاڵۆزە، پڕکێشەیە، ئەوە بەتایبەتی ئەمڕۆ. پیاهەڵدان نیشانەی ناڕاستگۆیی هەستی ئەو کەسەیە کە بەزۆر بۆ بابەت دەگەڕێت، ناڕاستگۆییش یان هەستی هەڵئاوساو بەزۆری "کییچ" دەخاتەوە و سترانبێژ دەخوازێت لای گوێگرانی خۆشەویست بێت. ئەو پێدا هەڵدەدات و دەخوازێت پێیدا هەڵبدرێتەوە. لە بنەڕەتدا ئەوپەڕی دەشێت لەم جۆرە سەردەمانەدا ڕەوشگەلی نەخۆش، پەرتەوازەیی، تەنیاکەوتن، بێدادی و هتد بکرێن بە هونەری ڕشانەوە. ئاخر چیدی هونەر ناتوانێت هەستی شادی بهۆنێتەوە، چونکە خودی شادی لەژێر پرسیاردایە؛ هونەر ناتوانێت نۆستالجییانە ڕابوردووی شارێک بڕازێنێتەوە، چونکە ئەو ڕابوردووەش پڕ بووە لە نەسازی و دژبێژی، بێدادی و داماوی، بێگومان کەم یان زۆر ڕەفتاری مرۆڤدۆستانەی ناسکیش. ئەوجا لەم جۆرە پرسانەدا نەک تەنیا نەبوونی توانستی ئافراندن، بەڵکو هەروەها نەبوونی ئیدێ ئاشکرا دەبێت. مرۆڤ بەزۆر بۆ بابەت دەگەڕێت، خواخوایەتی بە هەر شێوەیەک بێت شتێک بۆ خۆی هەڵبکڕێنێت. بۆیە لەوێ لە گشت بوارەکانی زانست و ئەدەب و هونەردا دزی زۆر دەکرێت. لە ڕانیە کوڕێکی بێسەروبەرم دەناسی کە بەردەوام رواڵەتگەرایانە بەبێ کەمترین مەئریفە خۆی لە پرسەکانی هزر هەڵدەقورتاند؛ جارێک لە میانەی گفتوگۆیەکدا پێم گۆت کە ماوەیەکە لە پرسی "ماڵ"دا کاردەکەم، وابزانم دوو ڕۆژی نەبرد هاتەوە بۆ لام و پێی گۆتم بابەتێکی لەسەر "ماڵ" نووسیوە و ناردوویەتی بۆ بڵاوکردنەوە. ئەم کێشەیە زۆر ڕۆشن لە زانکۆ خویا دەبێت. لەوێ زۆرینەی هەر زۆری خوێندکاران دوای چوار ساڵ خوێندن نازانن توێژینەوەی بەکالۆریۆسەکەیان لەبارەی چە بابەتێک بنووسن، بۆیە زۆر جار ڕوو دەدات بەشەکان خۆیان ناونیشانی توێژینەوە بە لیست ڕادەگەیەنن! ئەم ڕەوشە وایکردووە کە لەوێ کۆپی-پەیست ببێت بە هەقیقەتێکی نێو کایەی ئەکادیمی.