بەرکەوتنەوەم لەگەڵ کوردستاندا (بەشی سێیەم)

Sunday, 06.05.2022, 21:45

1514 بینراوە


3
ژیان لە ڕانیە خۆش بوو. دۆستایەتیی ڕانێییەکان تایبەتمەندیی خۆی هەیە. مرۆڤ خێرا دەبێت بە برادەر. لەو چەند ساڵەی ژیانمدا لەوێ زۆر کەسی تایبەتم ناسی، کە شۆڕشگێڕ، ڕەخنەیی، کۆزەرڤاتیڤ (هەیەپارێز)، هۆشئاوەڵا و هتد، هەروەها کەم یان زۆر کراوە بوون. زۆرینەی دۆستان لە خوێندکارانی خۆم بوون کە بێگومان هەموویان کوڕی باش نەبوون، بەڵکو لە نێویاندا تاک تاکە دووزمان و ئاژاوەگێڕیش هەبوون. گەلێک جار پاشنیوەڕوان دەڕۆیشتین بۆ سەیران لە دەربەند، غابات، دۆڵێ، کاتی پڕشادیمان بەدەم مەینۆشینەوە بە گفتوگۆ و دانوستاندنی فەلسەفەیی بەسەر دەبرد. زانکۆ بە پێچەوانەوە هیچی دیکە نەبوو جگە لە جەجاڵێکی شێواو و پڕکێشە، بێ ئۆتۆرێتی، کاتبەڕێکەر و تا بکرایە کێشەکانی ئاگامەندانە دادەپۆشی، تەنانەت دەیچەپاندن. ئاخر نابێت هیچ شتێک بجمێت. پارت لە هەموو لایەک پیاوانی خۆی دەسەپاند تاکو بە هەر نرخێک بێت ئارامی بپارێزن، جا گەر ئەوە تەنانەت بە دەرچوواندن و دامەزراندنی بێدادانە، بە وانەسڕینەوە و سوڵحی عەشایەری و هتد بووایە. میکانیکێتییەکی سەیر سەرجەم پەیوەندییە فەرمییەکانی تەنی بوو، ئەوە بێگومان بەڕووخۆشی، ڕێزمەندانە، لەسەرخۆ. خوێندن بێ کرۆک بوو. مامۆستای زانکۆ هەبوو (کە ژمارەشیان کەم نەبوو) بە مەلزەمەی شەش تا دە لاپەڕەیی ساڵێکی بەڕێ دەکرد. تەواو. ڕاستییەکەی خوێندکارانیش، زۆرینەی هەرە زۆریان، لەوە زیاتریان نەدەویست، چونکە پرسی ئەوان لە سەرەتاوە زانست نەبوو، بەڵێ داوایان دەکرد کە تا بشێت بابەتی کەمیان بۆ خوێندن پێبدرێت تاکو بەئاسانی دەربچن و بڕوانامەکەیان وەربگرن، تەنانەت ئەوەیان دەسەپاند (!) و ڕووی دەدا کە بۆ ئەو مەبەستە خۆپێشاندانیان دەکرد، بەڵێ زۆر لە خوێندکارانی دەرنەچوو بێشەرمانە دەڕۆیشتنە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەولێر و بە خۆپێشاندان داواکارییان بۆ دەرچواندن بەرزدەکردوە. ڕۆژێک کەناڵێکی وروژێنی تەلەڤیزیۆنی چەند خوێندکارێکی ئامادەیی پێشان دا کە لەسەر ڕێگەی سلێمانی-کەرکوک بە خۆپێشاندان داوای کەمکردنەوەی ڕێژەی بابەتی خوێندنیان دەکرد و بەئاشکرا دەیانگۆت کە "دەرەقەت نایەن"!! هەڵوێستی حکومەتیش بەگشتی لەم پەیوەندییەدا هیچی دیکە نەبوو جگە لە کارئاسانی، بەپیرەوەچوون، هاوکات میدیای تەلەڤیزیۆنی، وەک نوێنەری بەرەڵایی، هەرزەکارانە دەهۆڵی بۆ بێسەروبەری دەکوتا. لە پێش هەموویانەوە کەی ئێن ئێن!
لە زانکۆ بەتایبەتی "کورسی" سەنگێکی تایبەتی هەبوو. شەیدایانی کورسی بەشەو دەڕۆیشتن بۆ ماڵی ئەم یان ئەو مەسئول تا بۆ خاتری ئەوان زەخت لە سەرۆکی زانکۆ بکەن و کورسیی ڕاگر، سەرۆکبەش یان هیچ نەبێت بڕیاردەری بەشیان (!) پێبدەن. ئەوە لە کاتێکدا دەبوو پۆستخوازەکان بەردەوام بەو هۆیەوە دەوامی فەرمی بکەن، لە سەئات هەشت یان نۆی بەیانییەوە تا پاشنیوەڕۆ لە دەوام بن، هاوکات ئەو مامۆستایانە کە تەنیا ئەرکی وانەبێژییان هەبوو، دەیانتوانی تەنیا بۆ ماوەی کارکردنی پێویست لە زانکۆ بن و دوای تەواوبوون بڕۆنەوە بۆ ماڵی خۆیان؛ ئەوان کاتیان هەبوو بۆ نووسینی توێژینەوە، وەرگێڕان، یان گەشت و سەیران. شەیداکانی کورسی ئامادەبوون ئەم هەموو کاتە بۆ خاتری دانیشتن لە پشت مێزێكەوە لەدەست بدەن! بێگومان مرۆڤ دەتوانێت، هەروەها ئاساییە کە لە هەر دەوڵەتێکی دامەزراوەییدا (نەک خێڵەکی و مافیاییدا) بە بەرهەمهێنان، بە کارکردنی جددیی فەرمانبەریانە، بۆ جێی بە خۆ شیاو تێبکۆشێت، ئەوە مافی خۆیەتی، لێ ئەمە لای کوردەکانی هەرێم زۆر دەگمەنە. حیزب دەستوێژ و دەرووە بۆ گەیشتن بە خەونە خۆییەکان بەبێ ئەوەی خەنبین لە خۆی بپرسێت، کە زۆر دەشێت خەونەکەی لەو ڕەوشەدا گەورەتر و ئاڵۆزتر بێت لە توانستی هۆشەکی و ئیستیعابی زانستییانەی ئەو. بەڵێ تەنانەت لە کوردستان ئەوها دەنوێنێت کە هەموو فەرمانگەیەک "بارە" بەسەر فەرمانبەرانەوە و ڕێی کاتبەسەربردن، پشوو و نووستنی زۆریان لێدەگرێت، وەلێ ئەوان دەبێت بەناچاری ئەو کارە لە ئەستۆ بگرن تاکو مووچەی گوزەرانیان دابین بکەن، لەئەستۆگرتنی کاریش بۆ ئەوان (لایەنی کەم بۆ زۆرینەیان) تەنیا بێزارکەرە، بۆیە بەنیوەناچڵ و سەرپێیی ڕایدەپەڕێنن. ئەوجا دەسەڵاتدارانیش بەبێچارەیی ڕوویان لەو دۆخە کردووە، جا ئەوە بە دابینکردنی بودجە بێت، پەرەپێدانی زۆر نالەباری ئینفراستروکتور بێت یان هەر ئیجرایەکی دی. هۆی ئەمە ئاشکرایە. ئەوان دوای "ڕاپەڕین" وەک تێهەڵدراو لە شاخ و داخەکانەوە، یان وەک قۆنتەراتچیی عەسکەری لە کوچەکانی کەرەجەوە بەنێو شاخ و داخەکاندا، دابەزیون و وەک بێتوانای خولەچەخماخەیی، خێڵەکیی نادەوڵەتمەدار، سەرەتا سەرجەمی دامەزراوە فەرمییە هەبووەکانیان تێکداوە. بۆیە بەناو دامەزراوەکەی هەرێمیش کە بەرهەمی خەباتی سەرکەوتووی ئەوان نییە، بەڵکو بەڕێی جەنگی کەنداو و هاوکات لە دەرەوە دەرفەتی بۆ ڕەخسێنراوە، وەک بار بەسەریانەوە زیت دەبێتەوە.
زانکۆ لە پرنسیپدا دەروونی هەر جڤاکێکە، ئەویش چونکە ئەندازیار و پزیشک، ئابووریناس و مامۆستای پیشەگەری، فەرمانبەری پسپۆر و هتد پێدەگەیەنێت، وەلێ لای کوردەکان زیتکراوەیەکی وەڕسی بێگیانە کە تێیدا بەردەوام جێگۆڕکێ بە پۆستدارانی دەکرێت، لە نێویدا گەنجان چەند ساڵێک ڕادەگیرێن، ناڕاستەوخۆ گفتی وەرگرتنی بڕوانامەیان پێدەدرێت و ئەو گفتەش هەردەم دەبرێتە سەر، ئەوجا کاتێک ئەو خۆی وەک زانکۆ کرۆکیانە لە بەردەم پرسی رۆڵە تایبەتییەکەیدایە کە زانستخوازییە، خۆنەوێنانی حیزبی بە پێچەوانەوە خۆیان بە پرسە رواڵەتییەکانەوە گرێداوە و بەردەوام دەیهێنن و دەیبەن تاکو لە سەرئەنجامدا پۆستەکانی بە یاریدەی سەرکردە دەمانچییەکانیان بگرن. گەر تەنانەت هەندێک ئەکادیمی ڕێگەچارەیان بۆ کێشە زانستییەکانی زانکۆ هەبێت، هێشتا هەر گەلەکۆمەکێی سیاسی کە ناوی حیزبی لێدەنرێت و دەستوێژی شەللاتییەکانە، ڕێ نادات بیخەنە بواری پراکسیسەوە. بەڵێ زۆرتر لەوەش، تازە پیاکەوتووی دکتۆرا پێبەخشراو دەرگە بۆ دەمانچەیی دەکاتەوە کە بە سنگی دەرپەڕیوەوە بێتە نێو حەرەمی زانکۆوە! پیرەمێردی کییناوی سوێندی خواردووە کە هەرکەس لە بواری ئەودا سەربەرزبکاتەوە، سەرکوتی بکات، بەڵێ تا بشێت ڕێ نەدات تەرقیەی ئەکادیمی بکات. کەواتە، سەرجەمییانە بڕوانین، مامۆستا جددیەکانیش بەشدارن لەم ڕەوشە نەخۆشەدا، چونکە بەملکەچی قبووڵی دەکەن.
لە پەیوەندیی ئەوهادا ئیدی ژیان هێدی هێدی بە موئانات دەتەنرێت، توانستی کارکردنی ئافرێنەرانە سست دەبێت. کار کە هەردەم شادیبەخشە، ئەم ئەدگارەی لەدەست دەدات. هەروەک جارێک هەڤاڵێک گۆتی: "لەم وڵاتە ڕۆحت دەکوژن!".
کوردستان وڵاتێکی جوانە. لێ خەڵکەکە زۆر سەیر لێی دەژین. وەک مانگایەک دەیبینن کە گەرەکی دۆشینە، لێ مانگایەکی بێخاوەن کە پارەی تێدا خەرج نەکرێت، کەواتە کێوی. ڕێزیان بۆی نییە. زۆری لێدەسێنن، زۆر زۆر کەمی پێدەدەنەوە. جارێک لە ڕانیە حسابکارییەکی گەلێک درشتم بۆ داهاتی گوندییەکان کرد بەڕێی کنگرەوە کە ڕووەکێکی خۆڕسکە. نرخی ڕۆژانەی کیلۆیەک کنگر و ماوەی هەبوونی لە بازاڕدا گەیاندمیان بە بڕێکی درشتی پارە، لەتەک داهاتی کنگری هەموو ناوچەکانی کوردستاندا بەدرشتی کۆمکردەوە و گەیشتم بەوە کە تەنیا کنگر ساڵانە نزیکەی یان لایەنیکەم دووسەد ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی داهات بۆ خەڵکی گوند دابین دەکات. ئەوە جگە لەو هەموو ڕووەکە خۆڕسکەی دی. ئەوجا میوەی بەتام. خەیاری سروشتییانە پێگەیشتووی ئەم یان ئەو گوند کە هەر ئەوەندەی نوکی چەقۆی بەردەکەوێت، ئیدی بەرامەی ئەو ناوە دەتەنێت و ئاوی بە دەستدا دەچۆڕێتەوە. خۆخی ئاکرێ! هەنجیری بەری مەرگە و هەڵشۆ، هەناری هەڵەبجە و نازەنین. لێ ئەو خەڵکە داویانەتە بەر. کابرای گوندی باشترین زەویی بۆ چاندنی گەنم هەیە، کەچی ئامادە نییە بەردەکانی نێو زەوییەکەی دووربخاتەوە. دوای پەڵەدان دەیکێڵێت، گەنمەکەی دەپرژێنێت و دەڕوات بۆ سایەقی، چایخانە، قاچاخچێتی، نۆکەرایەتیی مەسئول.