هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


ئەمریکا لەنێوان سعودیە و ئیراندا!

Sunday, 05/06/2022, 15:15

8883 بینراوە


ئەمریکا هەمیشە مامەڵە بە مەلەفی سعودیە و ئیران دژ بە یەکدی دەکات، بۆ سەپاندنی مەرجە ئابووریی و سیاسیەکانی، ئەو لەهەر قۆناغێکدا لەگەڵ هەردووک لا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ هەریەکێکیان وەک کارتی فشار بەرامبەر بە ئەوی دی بەکاردەهێنێت.
  ئیران و سعودیە وەک دوو وڵاتی بەهێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو یاریەی ئەمریکا دەگەن، بۆیە ئەوانیش کارتی نزیکبوونە لە ڕوسیا دژی ئەمریکا بەکاردەهێنن بۆ بەرژەوەندییە ئابووریی و سەربازیی و سیاسییەکانیان، لەبەرئەوە دەبینین کاتێک کە لە ڕۆژی سێشەمەی ڕابردوودا لاڤارۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، لەگەڵ ئەمیر فەیسەل لە ریاز کۆبۆیەوە، بەتایبەت لەسەر مەلەفی وزە و ئەندامیەتی ڕوسیا لە ئۆپیک، کە دەنگۆی ئەوە هەیە هەوڵبدرێت بەگەلەکۆمەکێ ڕوسیا لەو ڕێکخراوە دەربکرێت، بەپەلە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنتۆنی بلینکین، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعودیە فەیسەل بن فەرحان پەیوەندیی تەلەفۆنی بەست.
 لە ٣٠/٥/٢٠٢٢دا وزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە فەرمی لە ماڵپەڕەکەی ئەو خاڵانەی کە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا باس کرابوون بڵاو کردەوە. لەو زوانەش سەرۆکی ئەمریکا جۆن بایدن بە فەرمی بۆ سعودیە دەچێت، لە کاتێکدا بایدن لە سەرەتای بردنەوەی پۆستی سەڕۆکایەتی، دژی ئەو وڵاتە لێدوانی توندی دا و پەنجەی تاوانی تیڕۆر کردنی قاشوغچی بۆ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە درێژ کرد. 
ئەمریکا ئاگادارە کە وڵاتانی کەنداو و سعودیە بەهێز بوونی زێتری ئیران بە مەترسی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆیان دەزانن، بۆیە خاڵی سەرەکیی بۆ ڕازیکردنی دڵی سعودیە، نەگەیشتنە ڕێککەوتنی ئەوە لەسەر مەسەلەی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ئیران و سنووردارکردنی میلیشیاکانی ئیرانە لە ناوچەکەدا بەتایبەتی حوسیەکان، بەرامبەر بەو مەرجە ئەوجا سعودیە ڕازی دەبێت، کە لە جەنگی یۆکرانیادا بەرەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەڵبژێرێت، هەروها ببێت بە جێگرەوە بۆ دابین کردنی وزەو و ڕێژەی ئەو نەوتەی ڕوسیا کە لە بازاڕی جیهانیدا کورتی هێناوە لە ئەنجامی جەنگی نێوان ڕوسیا و یۆکرانیادا، کە ئەمریکا نایەوێت ئیتر نەوتی یەدەکی خۆی بۆ ئەو مەسەلەیە بەکاربهێنێت. 
سعودیە پەیوەندیی ئابووریی و سیاسیی لەگەڵ ڕوسیا و ئەمریکادا هەیە، تا ئێستا تا ڕادەیەک توانیویەتی هاوسەنگی  لەنێوان ئەو پەیوەندییە لەگەڵ هەردوو لادا ڕابگرێت، بەڵام هەنووکە دۆخەکە ئاڵۆزە و ئەمریکا چەند پێویستی بە سعودیە هەیە، ئەوان دە ئەوەندە، بۆیە ئەگەر بۆ کاتێکی دیاریکراویش بێت، ئەوان دەبێت ئەو نیەتە پێشانی ئەمریکا بدەن، کە سعودیە زێتر لە ئەمریکا نزیکە نەک لە ڕوسیا، چونکە سعودیە دەورەدراوە بە مەترسیەکانی ئیران، هەڵکردنی چرای سەوز بۆ ئیران لەلایەن ئەمریکاوە مەترسیەکی مەزن لەسەر سعودیە دروست دەکات، هەروها دەبێت ئەوەش نەبوێرین کە ئیران پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ ڕوسیادا هەیە و سعودیە ناتوانێت پێگەی ئەو پەیوەندیە لەق بکات.
ئێران یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی دنیا بە گازی سروشتی، کە لە توانایدا هەیە لەسەر ئاستی دنیادا ڕێژەی کورتهێنانی گازی سروشتی ڕوسی، کە لە ئەنجامی جەنگی یۆکرانیا و ڕوسیادا دروست بووە چارەسەر بکات، واتە ئەمریکا ئێستا لە دووڕیاندایە، کە دیار نییە هەڵوێستی چۆن دەبێت، کە ئایا بۆ سعودیە پشت لە ئیران دەکات، یان هەڵوێستی بە پێچەوانە دەبێت؟
ستراتیژیەتی ئیدارەی بایدن بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئیرانی ڕوون نییە، جگە لە سەپاندنی سزای ئابووریی بەسەر ئێران هیچی دی دیار نییە لە دژایەتی کردنی ئەمریکا بۆ ئیران. واشینگتۆن کاتێکی ئێجگار زۆری پێ کوشتوە، لەوەتەی بایدن هاتۆتە دەسەڵات، لە میدیاکاندا هەر باسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئیرانییە، بەڵام تا ئێستاش دیار نییە کە ئایا ئەو ڕێککەوتنە بە کوێ دەگات؟  گرنگترین خاڵیش ئەوەیە، کە ئایا ئیران وازی لەو بیرۆکەیە هێناوە و کاری لەسەر ناکات تا لەگەڵ ئەمریکا ڕێکنەکەوێت؟  مەسەلەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئیران بۆ ئەمریکا چەکێکی فشاری دووسەرەیە، کە جگە لەوەی دژی ئیران بەکاریدەهێنێت، بەرامبەر گشت ئەو وڵاتانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دژی ئیرانیشن بەکاریدەهێنێت. 
هەنووکە ڕووخاندنی ڕژێمی ئیرانی لەلایەن ئەمریکاوە گونجاو نییە، لەبەرئەوەی ئەمریکا ناتوانێت گەرەنتی ئەوە بدات کە لە ناوچەکەدا پشێوی دروست نابێت، یان ئەزموونی سەرنەکەوتووی عیراق و ئەفغانستان دووبارە نابێتەوە. لەلایەکی دی جگە لە جەنگی ڕوسیا و یۆکرانیا کە ئەمریکا ناڕاستەوخۆ تێوەگلاوە، هەنووکە مەترسی چین جگە لە تایواند لە ئۆقیانوسەکانیش چڕ بۆتەوە. کێشەی دوورگەی سەلەمۆن کە لەبەرەی چیندا خۆی ساغ کردۆتەوە، گرفتێکی دیە کە ڕووبەڕووی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی وەک ئوسترالیا، نیوزیلاندا، یابان، تایوان و مالیزیا بۆتەوە، کە ئەمریکا ناتوانێت لەو هەموو سەنگەرە دژی چین و ڕوسیا ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بچێتە جەنگەوە یان لە ئەگەری هەڵگیرساندنی جەنگی سێیەمی جیهانی خۆی ئامادە نەکردبێت. لەلایەکی دی  جەنگی یۆکرانیا و ڕوسیا چەند درێژە بکێشێت، دەبێت لە خاڵێکدا ڕابوەستێت، واتە ڕووداوێکی ئەزەلی نییە، دواتریش ئەنجامی ئەو جەنگە چی بسەپێنێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەتی ئەمریکا و ئەوروپا دەبێت لەگەڵیدا مامەڵە بکەن و لەسەر مێزی گفتوگۆ بگەنە ڕێککەوتن، بۆیە ئێستا کوشتنی کات بۆ ئەمریکا زۆر گرنگە، کەواتە تا ئەو چرکەیە هەڵوێسست و ستراتیژیەتی ئەمریکا نە بۆ ئیران نە بۆ سعودیە ڕوون نییە کە ئەمریکا بە کام لادا دەشکێتەوە. خوێندنەوەی ڕووداوەکان دەریدەخەن، کە ئەمریکا تا ئێستا یاری بە کات دەکات، مەسەلەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئیراندا بەهەڵواسراوی دەهێڵێتەوە و وەک جاران وەک کارتی فشار بەرامبەر هەموویان بەکاری دەهێنێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە