كوردماڵی خۆی ھەڵدەبژێرێ (1)

Saturday, 04/06/2022, 20:48

4416 بینراوە


وانەی یەكەم:

ماڵی حیزبەكان ماڵی كورد نین و ماڵی كوردیش ماڵی حیزبەكان نییە. كورد ماڵی خۆی ھەیە و دەرگاوانی ماڵی ھیچ كەسیش نییە. خۆی ھەر بە تەنیا دەرگاوانی ماڵی خۆیەتی.
ئەوانەی دەرگاوانیی ماڵی حیزبەكانن، لە كورد بوون شۆراونەتەوە و بوونەتە بەشێك لە حیزبایەتی.
حیزبایەتیش ئێستا لە ناو كوردی ڕەسەن و ئازادیخوازدا، شوورەیی و شەرمەزارییە، ھیچ پاساوێك نییە بۆ بوون بە دەرگاوانیی ماڵی حیزبەكان.
ھەر كەسێك دەرگاوانیی ئەوان ھەڵبژێرێ، كوێلە سیفەتە و بەشێكی گەورە لە مرۆڤبوونی خۆی دۆڕاندووە و ھەموو كوردبوونی خۆیشی لەو قومارەدا لە دەستچووە. دەرگاوانە حیزبییەكان گیانی خۆیان لە قومارێكی دۆڕاودا داناوە و مایە پووچ بوون.
ئەگەر دەرگاوانیی حیزبەكان، لەزەتێكی كاتی و دەسكەوتێكی مادیی كورت خایەنیشیان بۆ بڕەخسێنێ، ئەوا لە زووربەی حاڵەتەكاندا و بۆ زۆرینەیان، شەرافەتمەندی و سەربڵندیی مرۆڤ بوون و کوردبوون و ئازادییان لێ دەستێنێتەوە. چوونكە بچووك بوونەتەوە و لە گەورەیی نەتەوەكە چوونەتە دەرەوە و لە بازنەیەكی بچووكدا ( حیزب) قەتیس ماون و مەسەلە گەورەكەیان، كە ئازادی نەتەوەكەیە، گۆڕیوەتەوە بە خزمەتكردن و بوونە دەرگاوانی، بنەماڵە و سەرۆك خێڵ و خێزان و سەركردەیەتییەكانیان، كە لە ( تەڕ ئەخۆن و لە وشك ئەخەون)، ئەم خزمەتە پووچەشیان لێ كراوەتە، كوردایەتییەكی بەدناوی ئەفسانە ئاسا و ئەفیونێك كە مەستی كردوون.
* ماڵی كورد ئەو ھەستی بەرپرسیارێتی بوونەیە، كە ھەموو كوردێكی چاك و شەرافەتمەند، خۆبەخشانە لە ئەستۆی گرتووە، بۆ بنیادنانی كۆمەڵگایەك، كە كرۆكی ژیان تێیدا ئازادییە و یاساكان بەرجەستەكردنی ئازادیی و پارێزگاری لە ئازادیی تاكی كۆمەڵگاكەن.
* ئەوەی جگە لە نەتەوەكە و ئەو ئازادیخوازانەی بۆ بەرگری لە بوونی نەتەوەكە تێكۆشان دەكەن، ھەڵبژێرێ، ئەوا گومڕابووە و بە ناچاری دەبێت دژی بەشێكی تری نەتەوەكە بجەنگێت، چوونكە ھاوبەشی قوماریی سەركردەیەتی حیزبەكان بووە، كە نەك نابێت ھەڵبژێردرێن، بەڵكو دەبێ لە دادگای گەلدا دادگایی بكرێن!!.
ئێوە بڕواننە قسەی ئەم سەركردەیەتییەی باشوور، كە خەمی ماڵی كێ دەخوا، لە كاتێكدا ڕۆژ نییە، بە دەیان ماڵ و خێزانی كورد لە چوار پارچەی كوردستاندا، بە دەستی سپای فاشستی ئۆردووگان، ئاخووندەكان و خیانەتمەندە خۆییەكان، وێران نەكرێت: 
سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری یەکگرتوو لە نوسینێکدا ڕایگەیاند، " لەم دۆخە هەستیار و مەترسیدارەی عێراق، دەبوو ماڵی سونە تۆکمە و یەکڕیز بێ، نیگەرانین کە تووشی دابەشکاری هاتوون".
ئەوەیە ماڵی سەركردەیەتی حیزبەکوردییەکان!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە