ساوەرخۆر (3)

Sunday, 05/06/2022, 21:43

4044 بینراوە


شەماڵ لەدەرگا ئاسنیە گەورەکەی ماڵی سەرکەوت ئەدا و پێی ئەڵێ؛دەی ڕۆڵە با بەرەو بناری کێوەکە هەڵکشێین لەگەڵ مەڕو ماڵاتەکە . ئەم ڕۆژ نۆبەی سەرکەوت و شەماڵە بۆ ئەوەی بەرەو لەوەرگا بڕۆن تا دەمەو ئێوارێ و دواتر و بۆ ڕۆژی نوێ سەرەی دووانی ترە. خۆشبەختانە سەرکەوت ئەگەر چی شەوی ڕابردوو بەبێ خەو ڕۆژی کردەوە، ئەو ئەیزانی ئەم کارە هەروا ئاسان نابێ و لەوانەیە زۆر زۆر هیلاك و ماندوو ببێ. شەماڵ پێاوێکی ئەزمووندار نەك هەر لەگەڵ لەژیانی لادێ بەڵکە لەگەڵ کۆی لایەنەکانی تری ژیان، زۆربەی خەڵکی بەچاوێ ڕێز و خۆشەویستیەوە لێیان ئەڕوانی.. 
شەماڵ لە پێشەوەی ئاژەڵەکان لە گوندە دەرچوون و سەرکەوتیش لە دواوە ڕێڕەوەکەی ڕێکئەخست و کاری ئەو تەنها ئەوە بوو کە هیچ لە ئاژەڵەکان لە دواوە نەمێننەوە و بەردەوام چاودێری کردنی سەراپا جەلەبەکە بوو. جەلەبەکە بەردەوام لەلایەن ٢ بۆ ٣ سەگ کەلەلای ڕۆهەڵات  و ڕۆژئاوای جەلەبەکەوە بەهاوتەریبی ئەحەپان و ئاگاداریان بڵاو ئەکردوە. بەم جۆرە کۆنترۆڵی سەداها مەڕو ماڵات ئەکرا بەبێ ئەوەی هیچیان بزر ببن. هەر لەسەرەتای دەرچوونیان لە چەقی دێ تا ئەو شوێنەی بۆیان دیاری ئەکرا ئەم ئاژەڵانە ئەبوایە چاودێری بکرێن و لە هەر چوارلاوە بپارێزرێن.خۆ گەر ڕووداوی وون بوون و بزربوون ڕووی بدایە ئەوا جارێکی دی ئەو شوانە ئەو کارەیان پێ نەسپارد و متمانەیان پێ نەئەما، کەئەمەش خۆی لە خۆیدا لە کەسێتی و نرخی کەم ئەکردەو ئەرزشی بۆ نەئەهێشتەوە، بۆیە ئەبوایە زۆر بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو جەلەبەدا بکرێ و لە کۆتایی ڕۆژ هەر ماڵە و مەڕو بزنی خۆی بەبێ زیان ، وەربگرتایەوە.شەماڵ لە سەرەتاوە هەر لە پێشەوە بوو هیچ مۆڵەتی بەخۆی نەئەدا ڕێچکەکە تیك بچێ و کاتی خۆی تەنها بۆ جەلەبەکە بەتەواوی تەرخان کردبوو. هەر بۆیە جگە لەو کۆمەڵە ڕستە وزاراوانەی بەکار ئەهێنران بۆ هاندان و پاڵنانی ئاژەڵان بەرەو لەوەرگا، هیچ دەرفەتی تری نەبوو لەگەڵ سەرکەوت،، سەرکەوتیش بەهەمان شێوە لە دوورە و لە پشتەوە هەمان کاری خۆی ئەکرد . بەم شێوەیە ئاژەڵەکان  تا کاتی چێشتەنگاو گەیشتنە نزیك ئەستێڵێک لە کەناری شاخەکەو کەوتنە ئاو خواردنەوە و پاشان زیاتر هەڵکشان بەرەو بەرزاییەکان هەڵپاچینی زیاتری ئەو ڕوەك و سەوزاییەی ئەوێ کە بۆ ئاژەڵان نەك هەر خۆش بەڵکە ئەیان زانی لەوێ زیاتر ئەمێننەوە و چۆك دائەنێن ئەحەسێبنەوە.. ئاژەڵان لەو بەرزایییانەوە جۆری جیاواز لە ڕوەك و خواردنی باشتریان چنگ کەوتوە و ئاو و هەوایەکی سازگارتریش ئامادەیی هەبوە.هەر لەگەڵ دەسپێکی حەوانەوەی جەڵەبەکە شەماڵ و سەرکەوتیش هەریەکەو چارۆکەکەی خۆی ئەکاتەوەو بەرچایی نیوەڕۆ ئەخۆن. شەماڵ هەندێ چیلکەو چەواڵ بە سەرکەوت کۆئەکاتەوە و چایەک لە قۆریە قووپاوە ڕەشەکە لێ ئەنێ و دوای چارەکە دەمژێریک چاکە ڕەنگ ئەداتەوە و سەرو چایەکی ڕەش ئەخۆنەوە.لەتەك ئەواندا سەگەکان هەر یەکەو لەشوێنێکی جیاواز بەسەرو چەند پارچە ڕەقە نانێك و هەندێ ئیسقان برسێتی خۆیان ئەشکێنن و چەند جارێ ئەحەپێن  وەك ئەوەی بڵێی ئەمان پێویستیان بە حەوانەوە نیە و لە ئێشکی خۆیان بەردەوامن. ئەم سەگانە گەلێ بەهێز و گەورە قەبارەن کە لە توانایاندایە بەرەنگاری گورگ ببنەوە و نەیەڵن زەرەر و زیان بە ئاژەڵەکان، بگەیەنن.
کاك شەماڵ کاتێ ئێوە لەتەمەنی مندا بوون چ جۆرە یاریەکتان لەگەڵ هاوتەمەن و هاوڕێ و خزمەکانی خۆتان ئەکرد؟ پێش ئەوەی دەرفەت بدا بە شەماڵ وەڵام بداتەوە، سەرکەوت بەردەوام قسەی ئەکرد و ئەیووت ئایا ئێوە زۆرانبازیتان ئەکرد؟
شەماڵ ووتی؛سەرکەوت گیان هەر کات و سەردەمێك یاری و شتی لەو جۆرە لەنێوان مناڵاندا برەوی هەبوەو بەشێکە لە سروشتی مناڵان.. تۆ تەماشاکا بزانە بچکۆلەی ئاژەڵان تەنها و تەنها خەریکی خواردن و یاریکردنن . بەهۆی یارکردنەوە زۆربەی کاتەکانیان بەڕێ ئەبەن. ئێمەی مرۆڤیش هەرواین و کاتی مناڵین و تا ئەو کاتەی باڵق ئەبین ئەوەندەی بیرلە یاری کردنەوە ئەکەین ڕەنگە بیر لەشتی تر نەکەینەوە.. کاتی خۆی ئێمە لەتەمەنی ئێستای تۆدا زیاتر ڕاکردن و فڕکان فڕکانی پانە بەرد و شاردنەوە و دۆزینەوەی بەناوی (خاتمی سلێمان)ئەکرد . ئەو کات گەر یاریمان بکردایە هەندێ جار غار غارێنیش تام و چێژی خۆی هەبوو.
سەرکەوت جارێکی تر پرسیاری ئەوەی لێکرد و وویستی بزانێ ئەوان بۆ زۆرانبازیان نەکردوە. شەماڵ ووتی لای ئێمە ئەو کات ئەو یاریە باوی نەبوەو نەمان کردوە. وەیان ڕەنگە هەندێك کردبێتیان و هەندێکی تریش نەیکردبێ. ئێتر ئەوە مناڵی ئێمە بوە و جگە لەوانەش مەلەکردن لە ئەستێڵ و ئاوی ڕووبارەکەی نزیك گوند هەموو کات لامان پەسەند بوە و کردومانە.
باشە تۆبڵێی زۆرانبازی یاریەکی خراپ بێ؟،ئەمە پرسیاری سەرکەوتە بۆ شەماڵ.. شەماڵ پێی وایە زۆرانبازی بۆ تەمەنی مناڵ و هەرزە یاریەکی باش نیە و ڕەنگە لایەنێك زەرەرمەند و بریندار و دڵناخۆش بکا، بۆیە ئەمە لە سنووری یارکردن دەرئەچێ و پێوستە مناڵان ئەو جۆرە یاریکردنە بکەن کە نابێتە هۆکاری زەرەری جەستەیی و دەروونی. شەماڵ جارێکی تر زۆرانبازی وەك شەڕە کەڵەشێر نەناسێنێ  وئەڵێ ببینە بەچاوی خۆت چۆن ئەو دوو کەڵەبابە یەکتری هەلا هەلا ئەکەن و خۆێن و خۆڵ تێكەڵ بەیەکتری ئەکەن، ئایا ئەمە یاری کردنە وەیان شتێکی تر؟بۆیە سەرکەوت ئەمە یەکەمین جارە زەنگی هۆشیاربوونەوەی لای دروست ئەبێ و لای خۆی ئەڵێ جارێکی تر من زۆرانبازی لەگەڵ کەسی تردا ناکەم. شەماڵ لەبەرئەوەی ٢٠ ساڵێك لە سەرکەوت گەورەترە ئەزانێ کەوا بۆچی سەرکەوت ئەو پرسیارەی کردوە و بۆچی ڕوخساری هیلاك و ماندووشە. بەڵام ئەم کەسێکی زرنگە و تەنها و تەنها پابەندە بە کاری خۆی و هیچ پرسیار لە سەرکەوت ناکا و تەنها وەڵامی پرسیارەکانی ئەو ئەداتەوە. بۆیە بۆ دواجار دوای کۆتایی هێنان بە چای دووەمی ئەڵێ؛سەرکەوت تۆ کوڕێکی گەنجی ئەبێ هەست و نەستت لای کار و یاری و ئەو شتانەی کە هەتن جوان جوانی نەخشەیان بۆ دابنێ و بیان پارێزە. چەندە یاریت لاخۆشە ئەوەندەش پێوستە ئەوەی یاری لەتەکدا ئەکەی وەك چاوی خۆت بیپارێزی و نەیەڵی زەرەو زیانیان پێبگا. باوەڕ بکە تا ئێستاش ئەو هاوڕێ و خزم و کەسانەی سەردەمی مناڵیم کەزۆربەی کات یاریمان پێکەوە ئەکرد پەیوەندیم پێوەیان هەیە و زۆریان بەهۆی ژن و ژنخوازیەوە بوینەتە کەسی نزیكی یەک و وەك برامان لێهاتوە. شەماڵ سەرێك بەرزئەکاتەوەو وەك ئاهێك هەلکێشێ و دوای ووچانێکی کورت ئەڵێ؛ سەرکەوت ئەم بناری چیایەی ئێستا ئێمەو ئاژەڵەکان پاڵمان لێداوەتە لەسالێ 1974 ئەو کاتەی کورد و حکومەت لە جەنگدا بوون لەسنووری ناحیەوە کە سەربازگەیەکی لێبوو کەوتنە تۆپباران کردنمان هەر لای ئەو تاشە بەردەی کە سەگە بۆرەکە تیایدا هەڵنیشوە لە بنیدا پارچەیەك تۆپ لە ملی بابی دام  وهەر لەوێ کۆتایی بەژیانی هات ، تۆ بڕوانە ئەو کاتەی ئێمە هاتین ئەم بەیانیە بەرەو ئێرە خۆ باش هەستت پێکرد کەوا چۆن من بەردەوام لە پێشەوە و تۆ لەدواوە و سەگەکانیش ئەم لاو ئەولای جەلەبەکەیان دابوو، تۆ ئێستا ئەزانی بەم جۆرە نەخشەیە توانیمان کۆنترۆڵی ژیانی ئەم چەند سەد ئاژەڵە بکەین کە متمانەیان لەلایەن خاوەنەکانیانەوە پێمان دراوە هەر بۆیە ئەوە بۆ زیاترین لە ٢٠ ساڵە بەم شێوازە مەڕو ماڵات لێ ئەخۆڕم بەبێ ئەوەی تاکە جارێکیش متمانەی کەسم دۆڕاندبێ. ئەو ڕۆژەی باوکم لێرە کوژرا کۆمەڵی پێشمەرگە لێرەبوون و داوای هەندێ نان و بەرچاییان لێکردین تا بۆیان ببەین بۆ پشتی ئەم شاخە کە لە ئەشکەوتەکەیدا خۆیان حەشار دابوو. یەکێ لە بەرپرسەکەیان کە خزمی خۆمان بوو گەلێ بەبێ پلان و هیچ نەخشەیەکی دیاریکراو سنگی ئەنا بە فیشەکەوە و وای ئەزانی ئەمە ئازایەتیە، هەر بۆیە چەندین چەکداری لای خۆی بە کوشتن داو بە زۆرەملێ هانی ئەدان و شەڕی خۆتڕێنی پێ ئەکردن. بەداخەوە باوکم یەکێك بوو لەوانە کەسە هەژار و دەم داخراوانەی کە کران بە هەراشی ئەو جەنگە ماڵوێرانیەی کەهیچ دەست کەوتێکی بۆ ئێمە و گەلەکەمان نەبوو.

ماویەتی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە