خوێندنەوەی مێژوو جیاوازە دەگەڵ رەخنەگرتن لە مێژوو

Sunday, 05/06/2022, 21:45

4563 بینراوە


بۆبەشێک لە رووناکبیرانی رۆژهەڵاتی کوردستان

چین وتویژێک لە گەنجەکانی کوردلە رۆژهەڵاتی کوردستان ودەرەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان،لە سەرئەرک وماندووبوونی خۆیان توانیویانە پلەی بەرزیی خوێندن لە بوارە جۆراوجۆرەکانی زانست بە دەست بێنن.ئەو چین وتوێژە لە ناو خۆی وڵات زیاترن تا دەروەی وڵات.گەنجەکانی دەرەوەی وڵات لە سایەی خوێندێنێکی ئازاد وکراوە ووڵاتێکی دێمۆکڕاتیکدا گەورەبون ومەودای فکریان بەربڵاو ترە تا گەنجەکانی ناو خۆی وڵات کە لە ژێر سێبەریی کۆماری ئیسلامیدا پلەکانی خوێندنیان تەواو کردوە.
ئەو دوو چین وتوێژە لە یەک بابەتدا دەگەنە یەکترئەویش مێژووی هاوچەرخی کوردە لەو بەشە لە وڵات.مەرج نییە ئەو پێ گەیشتنە سەتالە سەت بێ،بەڵام زۆرینەیە.حیزبیی سەقەت ودواکەوتوو،کۆمەڵگای سەقەت بەرهەم دێنێ.من زۆر ناگەڕێمەوە دوایە،مەبەستم زۆرتر ئەو سەردەمەیە کە لە شآڕێکی وەک مهاباد لە سەر ساتوسەودای ناونەتەوەیی کۆماری مهابادیان لە رێگای قازی محەممەدەوە بۆ راگەیاندین،پاشی یەکساڵ لە ئاواکردنی ئەو کۆمارە وگەیشتنی زلهێزەکان بە ئامانجەکانی خۆیان،کۆمار تێكڕووخاوهەر کەوتە بەردەستیان لە داریان دان.(رەوانی گشتیان شاد بێ).

خوێندنەوەی مێژوو:

ئەوەی کە بەچآو دەیبینین،جیاوازە دەگەڵ ئەوەی کە بە کردوە ئەنجامی دەدەین.هەرکردە وەیەکیش سەتالەسەت بێ ئیراد نییە وجێگای رەخنەیە ودەبێ بە ڕاشکاوی رەخنەی لێ بگێرێ ولە سەری بنووسرێ.مێژوو تەنیا بە خوێندنەوە ناگاتە ئامانج.تەنیا رەخنە گرتنیش کەمە بۆ پێدا چوونەوە بە مێژوومان.تێکۆشآن وهەوڵدانی بێ وچانی گەرەکە تا کورد بگاتە ئامانجەکانی خۆی.
تا ئەو سەردەمە هیچ خەسارناسیەک بۆ کۆماری مهاباد وهۆی شکستەکانی نەکراوە.جگە لە چین وتوێژیی خوێندەوارتەنانەت خاوەن کۆماریش کە دەبنە بەرێوەبەرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێڕان وباڵەکەی دیکەی ئەو حیزبە بەدواداچوونێکیان بۆ سەرنەکەوتنەکانی سەردەمی کۆمار نەکردوە.جگە لە هیندێک هەستوسۆزیی حیزبیی وجووڵاندنی هزرێکی دڵسۆزانە لە ئاست شکستی ئەو کۆمارە لەناو کۆمەڵگادا،بابەتێکی سەردەمیانە وزانستی ودیرۆکی چی دیکە نایەتە بەرچاو.
چین وتوێژێکی خوێندەواری ناو خۆیی وچین وتوێژێکی خوێندەواری دەرەوەی وڵات تەنیا ئەو مێژوویەیان وەک مێژووی زارەکی ونووسراوە بیستووە وباوەڕیان پێكردوە.ئەو دووچین وتوێژە روویان لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە،هەرچی ئەوان دەیبڕن ودەیدوورن ولەسەر مێدیاکانیان باسی دەکەن، باوەڕیان پێکردوە.بە هیچ شێوەیەک خۆیان زەحمەت نادەن لە رووداوەکان بکۆڵنەوە وتوێژینەوەیان لە سەر بکەن.بێزاریی لە دەسەڵاتی ناوەندیی تاران وەها کاڕێکی کردوە کە دەرگای رەخنەگرتن ولێکۆلینەوە لە سەر حیزبانە بەسەر خۆیاندا دابخەن!

دەنگی دەهۆڵ لە دوورەوە خۆشە:

کاتیك دەسەڵاتداریەتی بنە ماڵەی شای ئێڕانیان بۆ رووخاندین،حیزب وسەرکردە وبنکردەی حیزبیی بە لێشاوخۆیان گەیاندەوە رۆژهەڵاتی کوردستان.درووشمی قەببە قەببەوبێ ناوەرۆک داروبەردی ئەو بەشە لە وڵاتیان تەنیبوو.دەسەڵاتدارانی تازەپێگەیشتووی تارانیش ئەزموونێکی باشیان هەبوولە ئاست رووخاندنی کۆماری مهاباد.بۆ ماوەی چەند مانگێک هەلیان قۆستەوە وبە بیانوور دانوساندن دەگەڵ دێمۆکڕاتەکان وکۆمەڵەکان، زۆر باش هێزیان کۆکردوە بۆ ئەو رۆژەی کە هێرش بکەنە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان،ئەو کارەشیان کرد وسەرکەوتن.
حیزبەکانیش جگە لە شەڕی خۆترێنی ناوخۆیی وسەرگەردانیی سیاسیی هیچ پڕۆژەیەکی دیکەیان پێ نەبوو.لە ورۆژەوە تا ئەو سەردەمە نزیکەی ٤٣ ساڵ تێدەپەرێ.ئەو دووچین وتوێژەی کە لەلای سەرووباسم کرد ئەگەر ئەو کات تەمەنیان پێنج ساڵانە بووبێ ئێستێ نزیکەی٣٥ یان ٣٧ ساڵ دەبن.ئەوانەی دەرەوەی وڵات کە خوێندنی زانکۆیان تەواوکردوە زۆر کەم لە رابوردووی حیزبەکانی ئەو بەشە لە وڵات دەزانن.ئەوەی کە دەشیزانن وەک دەنگی دەهۆڵ لە دوورەوە بیستوویانە وخوێندوویانەتەوە.
چین وتوێژەکانی ناوی خۆی وڵاتیش ئەگەر ٣٥یان ٣٧ ساڵان دەبن بە جۆرێکی دیکە وەک داستان یان حیکایەت رابووردووی حیزبەکان وسەرکردەکانی حیزبەکانیان بیستووە.لە لای هەردووک چین وتوێژ ناسیونالیزمێکی سەقەت وبێ ناوەرۆک مێشکیانی تەنیوە وپەیتا پەیتا هەڵەی حیزبەکان دەشآڕنەوە وهیچ رەخنەیەکیان لێناگرن.حیزبەکانی ئەو بەشە لە وڵات لێک دەترازن،شەڕی ناوخۆیی دەکەن،پارە وچەکیان لە سەددام وەردەگرت لە کاتی خۆیدا،ساڵهای مەجبور بە ژیانی کەمپنشینی کراون!دژایەتی باکوری کوردستان ورۆژئاوای کوردستان دەکەن،لە ئاست بنەماڵەی سەرشۆڕی بارزانی وتاڵەبانی فززەیان نایە،کاتی خۆی دووحیزب بون،ئێستی لە شەش حیزب نزیک بوونەوە … دەیان گرفتی دیکە وهەڵەی مەزنیان لێ روودەدا،کە چی کاکی خوێندەواروزانای زانکۆبە زاروبە نووسین وپشت بەستن بە رابوردووی ئەو حیزبانە لایەنگریان لێدەکەن ووادەزانن داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوە خەباتەی ئەوان بەرێوە دەچێ.
لە هەندەران دەگەڵ دە کەس لەو رووناکبیرانەی کە رادەی تەمەنیان نەگەیشتۆتە چل ساڵ پەیوەندیم گرتووە وچەند پرسیاڕێکم ئاراستە کردون کە پەیوەندی دارە بە دێمۆکڕاتەکان وکۆمەڵەکانی زڕگوێزەڵە کە جوابم بۆ بنێرنەوە.کە چی قەت بە تاق وشەیەکیش جوابم بۆ وەرنەگیراوەتەوە.بۆ هیندێک پرسی دیکەش تەنیا ئەوەندە دەڵێن:ئێمە ئاگامان لەو بابەتانە نەبووە!
رووناکبیرانی ناوخۆی وڵاتیش بۆ ئەوەی خۆیان لە جوابدانەوە دەرباز بکەن ،دەڵێن ئێمە لە ناوخۆی وڵات دەژین ناکرێ لە سەر فەیسبوک یان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەست بۆ هیندێک پرسی سیاسی بەرین!خوێندنەوەی مێژوو بەو مێتۆدە خۆدزینەوەیە لە راستیەکانی مێژوومان.خەباتو تێكۆشآن بە ترس ولەرزناگاتە مەبەست.ئەو چین وتوێژە حیزبایەتیان وەک دەنگی دەهۆڵ بیستووە کە لە دوورەوە خۆشە.
ئەوپرسیارانەی کە بۆ ئەو رووناکبیروخوێندەوارانەم ناردکە بێ جواب مانەوە:
یەک: کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد / ژ،ک / چۆن پێکهات ولە کوێ پێكهات وبەرنامەوئەساسنامەکەی چی بووە؟
دوو: بەرهەمی سەفەرەکانی قازی محەممەد بۆ ئازەربایجانی سۆڤیەت چی بوون؟
سێ:هۆی رووخانی کۆماری مهاباد چی بوو؟
چوار:کێ فەرمانی لە دار دانی قازیەکانی دا؟
پێنج:باقرئۆف،کەسی یەکەمی حیزبی کومونیستی ئازەربایجان بۆ دژی/ ژ،ک / بووە؟
شەش: کێ پێشنیاری کرد کە کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد / ژ،ک / وەلابنێن وحیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دامەزرێنن؟
حەوت: کۆمەڵە / کۆمەڵەکان / چۆن دروست بووە؟
هەشت: بنەماڵەی قازی محەممەد بە رەگەز خەڵكی کوێن ولە کوێوە هاتوونە رۆژهەڵاتی کوردستان؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە