كورد ماڵی خۆی ھەڵدەبژێرێ (2)

Tuesday, 06.07.2022, 21:49

879 بینراوە


وانەی دووەم

تیرۆری حیزبی دەسەڵاتدار:

لەو ماوەیەی ئێدی حیزب، لە ڕێكخراوێكی كۆمەڵایەتی بنیاتنانەوە، بوویە بەڕێوەبردنی كۆمپانیایەكی بەبرەوی ڕەواجدار، كە بەرگی نیشتمانی و كوردایەتی و فەلسەفەی جیاوازی پۆشی بوو، ئیتر برینەكەی ھەر ڕۆژێك كە تێدەپەڕی خوێناوی زیاتری لەبەر دەڕۆشت و ئێسقانەكانی زیاتر ورد دەبوون، بە جۆرێك كە توانای ھەڵگرتنی جەستەی زامداری نەتەوەكەی نەمابوو.
بۆیە لە ھەناوی یەكدییەوە حیزبی نوێ لە دایك دەبوون، كە ھەموویان بەشێك لە خەسڵەتەكانی حیزبی دایكیان لەگەڵ خۆیان ھەڵگرتبوو و پاش ماوەیەك لە ڕەفتاریاندا ڕەنگی دەدایەوە، ھیچ یەك لەو حیزبانەی باشووری نیشتمان، زادەی واقع و خواستی نەتەوەكە نەبوون/ نین. ئەوانەیان كە لەشكری زۆرتر و ئابووریان تۆكمەتر بووە ولە درێژەدا سەرچاوەكانی پارەی زۆرتر و چەكی زیاتر بۆ حیزبەكان ڕووندەكەمەوە.
تەنیا ھەڵاواردنێكی حیزبی لە باشووردا، پاسۆكە، كە حیزبێكی تیۆری كوردایەتی بوو، بەو جۆرەی ئەوان دەستی بۆ چەكی كوشتنی براكان نەبرد، بەڵام ھەر لە خۆڕا كرایە برابەشی تاوانە زۆرە نەتەوەییەكانی پارتی  دیمۆكراتی كوردستان/ عێراق.
دووپاتكردنەوەی یەكتر و كۆپی كردنی ڕەفتاری بەرانبەر، سیفەتی ھەرە دیار و بنەڕەتیی حیزبەكانی باشوو و ڕۆژھەڵاتن.
بۆیە جگە لە دووپاتبوونەوەی ڕابوورد و كاردانەوەی كەسایەتیی ژمارەیەك سەركردە و سەركردەیەتی ناو حیزبێكیدیاری كراو، لە حیزبی تازەدا ھیچ گۆڕانكارییەكی بەرچاو كە تەكانی بە بزووتنەوەكە دابێت و شێوەیەكی نوێی تێكۆشانی گرتبێتە بەر نابینین، كەرەسەی ھەموویان، نەتەوەكە بەگشتی و بەشێك لە نەتەوەكە بەتایبەتی بووە، كە عەوداڵی ئازادیی و دەسەڵاتێكی دادپەروەری خۆیی بووە، واتە سووتەمەنییەكی ھەمیشەیی كە ھەموو كاتێك، ئەوەندەیان بەر ئەم حیزب و ئەو حیزب كەوتووە كە خۆیان بەسەر پێوە ڕابگرن و ھەناسە بدەن و درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن!.
سیفەتێكی تری ئەم حیزبانە، كۆپی كردنی ڕەفتاری ئەو دەسەڵاتانە بووە كە بەشێك لە نیشتمانی كوردیان داگیركردووە، چوونكە كە تۆ سەرچاوەی تێكۆشان و خەباتەكەت، نەتەوەكەی خۆت نەبێت و نەتەوەكەت كردبێتە،چەند تیپێكی دژ بەیەكی فوتبۆڵێنەوە، بۆ شكاندنی تیپی بەرانبەر ناچاریت بە دوای سپۆنسەردا بگەڕێیت، لەم حاڵەتەشدا، باوەشی دەزگا ھەواڵگرییەكانی داگیركەرانی نیشتمان ئاواڵەیە و لەو سپۆنسەرە زیاتر، ھەڵبژاردەیەكی ترت نابێ، چوونكە ھەر لە سەرەتاوە و لە بنەڕەتدا، سپۆنسەرە بنەڕەتییەكەت لاواز و بێبایەخ كرد، كە نەتەوەكە   بوو،تۆ ئێستا بەشێك لە نەتەوەكەت تەنیا بۆ  شەڕی بەرانبەرەكەت دەوێ و گومڕات كردوون و وات پەروەردە
كردوون كە ( دوژمنی سەرەكی ئێمە فڵانە حیزبی بەرانبەرە!) نەك ئەو دەسەڵاتەی نوێنەری نەتەوەی سەردەست، كە  بەشێك لەنیشتمانی تۆی داگیركردووە.
ئەم مەقولەیش! لە ئەدەبیاتی نووسراو و زارەكی ھەموو حیزبەكاندا تۆماركراون و لە زاری 
سەركردەیەتییەكانیانەوە چەندین جار لە چەندین بۆنەدا وتراون. جەلالییەكان بۆ مەلاییەكان و مەلاییەكان بۆ جەلالییەكان، مھتەدییەكان بۆقاسملۆكان و قاسملۆكان بۆ مھتەدییەكان!.
سیفەتێكی تری حیزبی كوردی، تیرۆركردن بووە، كە ھیچ سەركردەیەتییەكی حیزبی باشووری و ڕۆژھەڵاتی، لێبەدەر نین و كەم و زۆر ھەموویان ئەم ئامڕازە قێزەوون و خیانەتمەندانەیان بەرانبەر بە كەسایەتی نەتەوەكەمان بەكار ھێناوە و ھەموومان دەزانین، دڵسۆزترین و باشترین كەسایەتییەكانی ناو بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەكەمان، بەو جۆرە لەناو براون، ئەمەش ئامڕازێكی پەیڕە و كراوە لەلایەن دەزگا ھەواڵگرییەكانی وڵاتانی كۆڵنیالستی كوردستانەوە و ئێستایش، ڕۆژانە ئازادیخوازانمان بەم جۆرە شەھید دەكرێن، بە ئاگاداری و ڕێنمایی دەزگا ھەواڵگرییەكانی ھەرێم، بڕواننە ئەم كۆپییەی كە بەرانبەرە بە ئەسڵەكە!.

تیرۆری حیزبی دەسەڵاتدار زۆر جۆریی ھەبووە/ ھەیە:

تیرۆری نەتەوەیی
تیرۆری كەسایەتی
تیرۆری تاكەكەسی
تیرۆری ناخۆی حیزب
تیرۆری كەسی حیزبی بەرانبەر   
وێنەی تیرۆری نەتەوەیی كە ڕاستەوخۆ سەركردەیەتی حیزب بڕیاری لەسەر داوە، یا ئەندام و ئەندامانی سەركردەیەتی ھاوبەشی تیرۆرەكە بوون، كۆماری كوردستان و ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥ــە.
پاش ئەوەی پێشەواگیرا و كۆمار نەما، كۆمەڵێك سەرۆك عەشیرەت، كە لە ناویاندا لە وەزیرەكانی كابینەكەی پێشەواھەبوون*، مەزبەتەیەكیان نارد بۆ شای ئێران و داوایان لێكرد كە پێشەوا لە سێدارە بدرێت، بە تۆمەتی خیانەت لەئێران و ھەوڵی دابەشكردنی خاكی ئێران، ئەو دەردەی كە جاروبار لە ناو ھەندێك لە ڕۆژھەڵاتیاندا، ھەڵدەداتەوە وشپرزە دەبن و بەخەیاڵی دڵسۆزیی ( لە ڕاستیدا دوژمن نین و دڵسۆزن)،  و تا ئەو ڕادەیە دەیانبات، كە خۆیان لەئیرانی بە ئیرانیتر بزانن!.
ئاشبەتاڵیش یەكەمین تیرۆری نەتەوەیی بوو، لەسەردەمی نوێی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەكەماندا، كە زەمینەی بۆ كارەساتی ھەڵبجە و ئەنفال خۆشكرد و ئەو دووكارەساتە ئاكامێكی ڕاستەوخۆی ئاشبەتاڵن. ڕووخانێكی سەرتاسەریی سایكۆڵۆجی و كۆمەڵایەتی و كوردایەتی بوو، كە دەستی ڕژێمی واڵاكرد بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتە ڕەگەزپەرستانەكەی.
بەھانە ھێنانەوە بۆ خۆمان و پاكانەكردن بۆ سەركردەیەتی بزووتنەوەكە و خەڵەتاندن و فێڵی نیودەوڵەتی و ناچاربوون بەو بڕیارە، تەفرەدانێكی ترە، كە درێژە بە ئاسەوارەكانی ئاشبەتاڵ دەدات و ئاو بە ئاشی ستەمی دەسەڵاتدا دەكات و بۆیاخكردنی، ڕەفتارە نامرۆییە قێزەوونەكانی ئێستای دەسەڵاتی حیزبییە.
من دەپرسم: مەودای نێوان ئاشبەتاڵ و ڕوخاندنی ڕژێمی پاشایەتی ئێران تەنیا ( چوار ساڵ بوو)، ئایا ئەم ھەموو سەرە زلانەی مەكتبی سیاسی و لیژنەی ناوەندی ئەو سەردەمە و دەزگای ھەواڵگریی پاراستن، خەریكی چی بوون، كە نەیانتوانی پێشبینی و لێكدانەوە بۆ چوارساڵی ئایندەی ئێران بكەن كە ڕاستەوخۆ مانی شۆڕشەكە بەسترا بۆوە بە مانی ڕژێمی شاوە؟!
ئێستایش ھەن لەو سەرەزلانەی ئەو سەردەمە پاش سی ساڵ بەرپرسیاریی ئەو سا و ئێستایان، قسەی سەرزار وبن زاریان، ئەوەیە ( بەداخەوە دەبوو وا بكەین...)، لەم قسەیە بێماناتر و قۆڕترم لەھیچ سیاسییەكی تر نەبیستووە، جگە لە سیاسی كورد نەبێ، ئاخر كابرا تۆ لە ھەموو ژیانتدا، ئەندامی مەكتبی سیاسی حیزبێكی دەسەڵاتداربووبیت و چەندین جاریش ئەندامی پەلەمانی عێراق و نوێنەری نەتەوەیەكی داگیر و دابەشكراو، نەزانی دەبێ چی بكەیت؟! 
ئەگەر میللەت پشتی بۆ تۆ و سەدانی وەك تۆ نەچەماندبێتەوە، ئێوە چۆن دەتوانن، بەو ھۆش و زەینەتانەوە، ئەوە بۆ حەفتا ساڵ دەچێت سوار برینە لە ژمارە نەھاتووەكانی ببن و خۆتان سەد بارەبکەنەوە و کارەساتەکانیش دە ئەوەندە؟!.

.....وتارەكە درێژەی ھەیە.

————————————

سەرنج

*ئەو كتێبە بە لەھجەی فارسییە، لەوێدا وێنەی ئەو مەزبەتەیەی تێدایە، كە دەرەبەگ و سەرۆك خێڵ وژمارەیەك، لە ھاوەڵان و وەزیرەكانی پێشەوا بۆ شای ئێرانیان ناردووە، كە داوای لە سێدارەدانی پێشەوا دەكەن، لەناویاندا ئەگەر لە یادم مابێت، یەكێك لەم ئیلخانی زادانەی تێدایە:
عەبدولڕەحمانی ئێلخانیزادە: وەزیری موشاویر (ڕاوێژکار)، یان ئیسماعیلی ئێلخانیزادە: وەزیری ڕێگاوبان نازانم كامیانە، بەڵام یەكێك لەم وەزیرانەی پێشەوایە، سیاسەتمەدارانی كورد ئاوا كاریان بۆ ڕزگاریی كورد  كردووە و دڵسۆزی ھەڤاڵانی خۆیان بوون!!.