ئەو کاتەی کوڕیژگەیەک بە گۆرانی خەونەکانی داگیرکەر پووچەڵ دەکاتەوە

Tuesday, 06.07.2022, 21:08

797 بینراوە


لە هەفتەکانی ڕابردوودا، دەرکەوتن و سەرکەوتنی کوڕیژگەیەکی کورد لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی کێبەرکێی تلویزیۆنی، سەرنجەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. ئەو بە دەنگی خۆش و چڕینی گۆرانیی هونەرمەندانی بە ناوبانگی کوردستان، توانی پلەکانی کێبەرکێ بەرەو قۆناغی کۆتایی ببڕێ. ناوەرۆکی گۆرانیەکانی هەڵگری پەیامی خۆشەویستیی نیشتمان، هاوار لە دەست زوڵمی زاڵم و سکاڵا لە دەست ئاوارەیی و دەربەدەری بوون. بڵاوبوونەوەی ئەو گۆرانیانە لە تلویزیۆنی سەراسەریی ئێرانەوە بۆ بینەران و بیسەرانی سەرنجڕاکێش بوو. لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا پێشوازیەکی کەم وێنەی لێکرا و بە جۆرێک کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ڕاچڵەکاند. بەڵام هۆکاری ڕاچڵەکاندنەکە بە تەنیا دەنگە خۆشەکەی، ناوەرۆکی گۆرانیەکانی یان بڵاوبوونەوەی لە تلویزیۆنی کۆماری ئیسلامی نەبوو.
عەلی توولاوی یان توولابی کە وێدەچێ ناسناوەکەی لە گوندی توولاوی* سەر بە شارۆچکەی سەیوان لە پارێزگای ئیلام و لە باپیرانیەوە بۆ مابێتەوە، لە دایکبووی شاری کۆیەشتی سەر بە پارێزگای لوڕستانە. شارێکی کوردستان کە دانیشتوانەکەی بە زاراوەی لەکی دەئاخڤن. زاراوەیەک کە بە هۆی هەڵکەوتی جوغرافیایی ئاخێوەرانی، تا بەر لە پەرەگرتنی مێدیا و تۆڕی ئینترنێت، زۆر بە گوێی کوردانی دیکەی کوردستان ئاشنا نەبوو. زاراوەی جیاواز، هەڵکەوتی جوغرافیایی‌ و شیعە بوونی ئایینی خەڵکەکە بەشێک لەو هۆکارانە بوون کە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان لە سەدەی ڕابردوودا نەتوانێ بە شێوەی پێویست ئاوڕ لەو ناوچانە بداتەوە. هەر ئەوانەش تەماحی وەبەر داگیرکەر نا تا هەوڵ بدا زیاتر لە ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دابڕێ و زیاتر هەوڵی ئاسیمیلەکردنی دانیشتوانەکەی بدا. بۆ ئەو مەبەستەش سیاسەتی ئەتۆمیزە کردنی شوناس بۆ ناوچەیەی گرتە بەر. ئاستە کردنی زاراوەی لەکی وەک زمانی سەربەخۆ یان خستنە سەر زارانی وشەی »لەکستان« لە درێژەی سیاسەتی »ستان سازی« کە بە داخەوە جاروبار هێندێک لایەنی کوردییش ناشارەزا یان مەبەستدار لەو چەواشەکاریەدا پێ لە جێ پێی داگیرکەر دادەنێن، بەشێک لە هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ ئاسیمیلە کردنی ئەو ناوچەیە بوون. سیاسەتێک کە گەرەکیەتی ئەو دانیشتوانی ناوچانە تووشی سەرلێشێواویی شوناس و هۆویەت بکا و شوناسی کوردبوون و کوردایەتیان لێ بستێنێتەوە. بەڵام دەرکەوتنی عەلی وەک مێرمنداڵێکی کورد لە کۆهدەشتی لۆڕستانەوە، خەونەکانی ئەو سەد ساڵەی رابردووی دەسەڵاتەکانی ئیسلامی و پاشایەتی بۆ ئاسیمیلاسیۆنی ئەو ناوچانەی پووچەڵ کردەوە.
عەلی کوڕیژگەیەکی تەمەن سێزدە ساڵانە. ئەو تەمەنەش جارێ زۆر زووە تا وەک مرۆڤێکی سیاسی یان نەتەوەیی هەژمار بکرێ. هەر بۆیەش بەشداریی ئەو بە دوو گۆرانی لە دوو هونەرمەندی تێکۆشەری کورد و هەڵبژاردنی ئەو گۆرانیانەی کە کەم و زۆر ئاوێتەی ژان و ئازارەکانی نەتەوەی کوردن، نیشانەی حزووری هەستی نەتەوەیی لە ناخی ئەو کۆمەڵگا پەڕاوێزخراو و تەماح لێکراوەی کوردستانە کە عەلی لێی لە دایک بووە و تێیدا گەورە بووە. ئەو هەر دوو جار بە داوەرانی کێبەرکێی نیشان دا کە لە گوتنەوەی گۆرانیی فارسیشدا شارەزایی‌یەکی زۆری هەیە و گۆرانی گوتنی ئەو بە کوردی لە ڕووی ناچاریەوە نییە. بەڵام داوای ئەوانی ڕەد کردەوە کە بە گۆرانیی فارسی لە کێبەرکێدا بەشداری بکا و نەیشاردەوە کە زمانەکەی و هەڵکەوتی جوغرافیایی شار و ناوچەکەی لێی دەخوازێ گۆرانیی کوردی و لوڕی بچڕێ. بەم جۆرە پردێکی دیکەشی لە نێوان کورد و لوڕ دا هەڵبەست. ئەو دوو ئامۆزا زاگرۆس نشینەی کە گەلێک هاوبەشی و هاوپێوەندیی مێژوویی، نەتەوەیی، زمانی و فەرهەنگییان لە نێواندا هەیە و بەرچاوترینشیان بێبەشیی نەتەوەیی بە درێژایی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێرانە. تەنانەت ئەو گۆرانیەش کە عەلی بۆ لوڕ و لوڕستانی گوت، هەر گۆرانیی بەرگری بوو.
بابەتێکی دیکە کە شایانی هەڵوەستە لە سەر کردنە، گرینگیی هونەر و ئەو پەیامەیە کە هونەرمەند لە ڕێی هونەرەکەیەوە بە بەردەنگی دەگەیەنێ. لێرەدا باس لە ئەرکی نەتەوەیی هونەرمەندی سەر بە نەتەوەی ژێردەست و کاریگەریی هونەری بەرگری نەتەوەیی‌یە. نەتەوەیەک کە لە لایەک لەوپەڕی بێ مافیدا ڕاگیراوە و لە لایەکی دیکە ڕۆژانە لە ماڵەوە، لە قوتابخانە، لە شەقام و هەموو جێیەک بۆردومانی فەرهەنگی دەکرێ تا خۆی لە بیر بچێتەوە و لە فەرهەنگ و زمانی نەتەوەی باڵادەستدا بتوێتەوە. ناوەرۆکی ئەو گۆرانیانەی عەلی بە ئانقەست یان بە هەڵکەوت هەڵیبژاردن، مۆری بە جێگەیاندنی ئەرکی نەتەوەیی هونەرمەندی سەر بە نەتەوەی بندەستیان پێوەیە. شێعری شاعیری نەتەوەیی کورد مامۆستا هێمن لە هەردووی ئەو گۆرانیانەدا حزووری هەیە. هەروەها هەردوو هونەرمەند عەزیزی شاڕوخ و ناسری ڕەزازی کە خاوەنانی هەر کام لەو گۆرانیانەن، بە هونەرمەندانی نەتەوەیی کورد دێنە ئەژمار و بەشێکی بەرچاو لە کارەکانیان دەکەوێتە خانەی هونەری بەرگریی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە. ئەم شێعر و گۆرانیانە پەیامێکیان بە عەلی توولاوی و هاوتەمەنەکانی لە قووڵایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیاندووە کە ڕەنگە بە دەیان وتار و بابەتی سیاسی نەدەگەیەندرا. بۆیەشە کە گەلی کورد شانازی بەو هونەرمەندانەی خۆی دەکا و ئەوانیش حەقیانە بە کاریگەریی هونەرەکەیان لە سەر ئەو وەچەیە دڵخۆش و سەربەرز بن کە لە ژێر تەوژمی ڕەشەبای ئاسیمیلاسیۆندا وەک نەمامێکی بە هێز و خۆڕاگر خەریکن گەشە دەکەن و دەشنێنەوە.
*توولاو لە دوو بەشی توول یان توولە لە گەڵ ئاو چێ بووە. وەک توولەڕێ. بە واتای جۆگەلە ئاوی باریک و درێژ.