رێگە نادرێت بارەگاکانی پارتی لە دیالە بکرێتەوە !

Tuesday, 07/06/2022, 21:31

5188 بینراوە


باش دەزانین کە ململانێی حزبەکانی کوردستان گەیشتۆتە ئێسک شکاندن و ماڵوێرانی و خۆخزاندنە باوەشی دوژمنان. ئەگینا دەکرێت نەهێڵن بارەگای حزبێکی هاونەتەوەییت لە شوێنی باووباپیرانیان بکرێتەوە، بەڵام دوژمنانی راستەقینەت تەراتێن بکەن و تۆش بە سەرکەوتن بیزانیت. گەر ئەمرۆ رێگە لە پارتی بگیرێت سبەی سەرەی تۆیە و دوو سبەی لەو شوێنانە دەردەکرێیت و هاوردەکان جێگەت دەگرنەوە. دەکرێتبپرسین بۆچی ئەمە روو دەدات چ پاساوێکی هەیە؟.
ئەوەی سەرسورٍهێنەرە روودەدات، ئەمرٍۆ دوژمن بیت و سبەی دۆست، ئەمە تەنها بۆ پارتی نیە کە دوای ریفراندۆم بروسکەئاسا رووی وەرگەرٍا بۆ بەغدا، بەڵکو بەغداش بە هەمان شێوە رەفتار  دەکات. نە یاسا و نە عورفیش ئەو دەسەڵاتە بە بەغدا نادات ئەو رێگریە بکات. پارتیش ئەمرٍۆ بە ناچاری پەنا بۆ بەغدا ببات بەڵام لە رکابەری لایەنی بەرامبەر زیاتر خۆی بخزێنێتە باوەشی بەغداوە، چی قازانجێکی لێدەکات، کە ئەمە لە رووی ستراتیجەوە زیان لە خۆی و هەموو لایەکیش دەدات.
لە دوای ریفراندۆم سەرجەم هاوکێشەکان ئاڵوگۆریان بەسەردا هات و کارلێکەکان سەراوژوور بوونەوە، ئەگەر خودی پارتی وەکو حزب سەنگی بەم شێوە نەبوایە، بەغدا و ئەوەی رێنمایی کەرە کە لە دووریشەوە دەسەڵاتی هەیە بە هەموو توانایەک هەوڵی لاوازکردن و جێ لەقکردنی پارتی لەو شوێنەی دەدا، لەبەر ئەوەی بەغدا و ئەوانیش زانیان لەم قۆناغەی تاک حزبی زاڵ و بە توانا و خاوەن دەسەڵات لە کوردستان رۆڵی خۆی لە مەودای دووری پرسە سەرەکیەکە دەگێرێت و باش دەزانێت کە نابێت رێگە بدرێت هەنگاوێک لەو بارەوە کورد پێشبکەوێت. بۆیە کۆی بیری دوژمنان دەوروبەر بە بەغداشەوە لە ئاست پرسی کورد حساب بۆ وەزعی فشەڵی نێوخۆیی کوردستان ناکەن و بە چاوی یەک دوژمن تەماشای سەرچەم لایەنەکان دەکەن، واتە کاری تەکتیکی و رۆژانە هیچ کێشەیەک نیە بۆ بەغدا، تەنها پرسەکەیە بە گشتی کە هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ تاران و ئەنقەرەدا نیە لەو بارەوە. بۆیە بونی هێزێکی وەکو پارتی لە پارێزگایەکی وەکو دیالە کە کورد تێیدا بوونی هەبێت، لای ئەوان کارێکە دەچێتە خانەی ستراتیجی پرسێکەوە کە هەموو هەوڵێکیان لەوەدایە تەنانەت لە وەزعێکی سیاسی شلۆقی سیاسی وەکو ئەمرٍۆی بەغدا ئەوە لەبیرناکات و هەوڵی رێگری لێدەکات. پارتیش بە خۆداچونەوەی لەزیان نەگەیاندن بە بارە ستراتیجیەکان ئەوەندە خاو و لەسەرخۆیە، زۆرجار کاتەکە لە دەست دەچێت و فریای هیچ ناکەوێت، ئەگینا بۆ تازە بەتازە هەوڵی کردنەوەی بارەگاکانی لەو شوێنانە دەدات، ئایا کاتەکە درەنگ نیە و زۆری بەسەردا نەچووە؟ یان نزیکبونەوە و ئاشتەوایی لە کوردستان کە لەسەر پشتی کیسەل دەرٍوات بە رێوە رۆڵی ئەرێنی نابینێت؟
ئەگەر وەکو کوردێکی بێلایەنی دوور لەم حزبانە بیربکەینەوە وتەماشای مامەڵەی بەغدا و رەفتاری حزبەکانی کوردستان بکەین، باش دەزانین تا ئێستا ئێمە چەند ساویلکەی سیاسین و ئەوان لەو وەزعە نالەبارە و پشێویە لە دژی ئێمە چی دەکەن و چۆن بیردەکەنەوە و تەنانەت ئێمە چەند یارمەتیدەری جێبەجێکردنی پلان و پیلانەکانی ئەو هەموو دوژمنەین، ئەگینا بە رێگریکردن لە کردنەوەی بارەکای حزبێکی کوردی لە جێگەیەک کە کوردی تێدا بێت تەنها دژی تاک حزبێک نیە، ئەوە دژی هەمووانە، ئەگەر حزبەکان بە عەقڵی جەمعی کورد بیربکەنەوە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە