خـائـن نیشتمانی نییە

Tuesday, 07/06/2022, 21:42

7616 بینراوە


وشەی خیانەت بە پێی ڕووداو و کارەکتەر و شوێنەکانی جیاوازی هەیە . بەڵام بە گشتی دەکرێت بەمجۆرە پێناسەی بۆ  بکەین : ( خائن ئەو کەسەیە ، کە دڵسۆزی نیشتمان و نەتەوە و هاوڕیێ و دۆستی خۆی نییە . یان ئەو نۆکەرە سەرشۆڕەیە ، کە بە ئەندازەی تاقە موویەک خۆی نەبەستۆتەوە بە نیشتمانەوە . بە یارمەتی و پشتیوانیکردنی دوژمن ، خیانەت و ناپاکی لە وڵات و میللەتەکەی خۆی دەکات ) . بە مەش وەک مرۆڤێکی بەکرێگیراو ، نرخ و بەها و شەرەف و ویژدانی خۆی بەرامبەر بە دەستکەوتێکی دیاریکراو دەفرۆشێت . خیانەتیش لە نیشتمان ، تاوانێکی گەورەیە و لە هەموو وڵاتانی جیهاندا بە خیانەتی گەورە و گران دادەنرێت ، هیچ ئاین و یاسا و باوەڕێکیش نییە ڕێگای بە خیانەتی نیشتمان دابێت . چونکە نیشتمان شەرەف و شکۆی مرۆڤە .. ئەو شوێنە ئارامەیە ، کە بە تاسەوە دەمانگرێتە باوەشە گەرموگوڕەکەی خۆیەوە .. ئەو سێبەر و ساباتەیە ، کە لە سایەیدا ڕۆحمان پشوو دەدات ..  ئەو بۆن و بەرامە زۆر خۆشەیە ، کە ناخی دڵمان دەکاتەوە .. ئەو خاکە پاک و پیرۆزەیە ، کە لەسەری دەژین و لە باوەشیدا دەمرین و لە تەنیشت باوباپیرانمانەوە دەنێژرێین .. ساتێک لێی دوورین بە دڵێک نا بەڵکو  بە هەزار دڵ بیری دەکەین .. کاتێکیش دەگەڕیینەوە بۆ لای ، بە پەرۆشەوە خاک و خۆڵە پیرۆزەکەی ماچ دەکەین و ئۆخژن و ئارامی دەدات بە دەروونمان . هەر بۆیە نیشتمان تەنها وشەیەکی ڕاگوزەرانە نییە ، بەڵکو شادگە و ڕووگەی خەون و خەیاڵ و دنیا فراوانەکەی پڕ دۆست و هاوڕیی و کەسوکار و یادگارییەکانی ئێمەیە و مەحاڵە  تەنها ساتێک لە ڕۆحمان ببێتەوە . بە پێچەوانەشەوە خائن لە هەموو هەستێکی نیشتمانی و نەتەوایەتی شۆڕراوەتەوە ، ناپاکی چۆتە خوێن و دەمارییەوە و لە کوێ بای پارە و پاروو هەبێ ، لەوێ شەنی خۆی دەکات و لە هیچ خراپەیەک سڵ ناکاتەوە . ماک و گرێیەکی پیسی شیرپەنجەیە و جگە لە بڕینەوەی ، هیچ چارەسەرێکی تری بۆ نییە ، بە کورتیش جۆرەکانی خیانەتیش بریتیین لە :
١ –  سیخوڕیکردن دژی وڵاتەکەی خۆی و بردنە دەرەوەی نهێنییەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگا بۆ وڵاتانی دەرەوە . جا سیخوڕەکە ، یان کەسێکە ، یان هێزیی سیاسییە ، یان رێکخراوە .
٢ -  هاوبەشیکردن لە پلانگیڕی وڵاتانی دوژمن ، دژی وڵاتەکەی خۆی .   
٣ –  چەک هەڵگرتن و شەرکردن و چاوساغی بۆ دوژمنی نیشتمانەکەی و واڵاکردنی سنورکەشی بۆ تەراتێنی هێز و سیخوڕەکانی داگیرکەر و بێگانە .
٤ –  ڕادەستکردنی سەنگەر و هێز و ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستیدایە بە دوژمن ، بە خواستی خۆی و بێ بەرگریی.
٥ –  تاڵانکردنی سەروەت و سامان و برسیکردنی خەڵکی و کاولکردنی ژێرخانی ئابوری وڵات و کۆمەڵگا و ئاسایشی گشتی .
٦ –  بوون بە بەشێک لە هزر و ئایدایی دەزگا هەواڵگرییەکانی دوژمن ، بۆ  بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی نیازپاکی دوژمن و پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکان ، بە مەبەستی خەپاندنی ڕای گشتی و خۆڵکردنە چاو و خەفەکردنی دەنگی زوڵاڵی هاوڵاتیان ، تا دەستبەرداری هیوا و خەبات و تێکۆشانی خۆیان بن .  
ئەوەی شایانی باسە ناکرێت هەرگیز باوەڕ بە خائن بکرێت ، کە نیشتمانی
خۆی دەفرؤشێت . چونکە ئەوەی نیشتمانی خۆی بفرۆشێت ، سەرێکی هەیە و هەزار سەودا و  بە ئاسانی هەموو کەسێک دەفرۆشێت . هەتاوەکو ئەو کەس و لایەنانەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان شەرەف و ویژدانی خائن بە پارە و پۆست و کۆشک و تەلار دەکڕن ، چاک دەزانن ئەو نۆکەرانە خیانەت چۆتە خوێن و دەمارایانەوە و مانای شەرم و سەرشۆڕی نازانن و جێگای متمانە و ڕێز نیین .  ئەوان وەک مەقاشێک ، یان چەشەیەکی چەوری ناو تەڵەیەک بەکاریان دەهێنن ، کاتێکیش دەگەن بە ئامانجی خۆیان . ئەوا هەر زوو وازیان لێدەهێنن و بە چاوێکی سووکەوە سەیریان دەکەن و وەک نۆکەرێکی کۆیلە ڕەوانەی لاپەڕە ڕەشەکانی ناو مێژوویان دەکەن . لەم بارەیەوە هیتلەر دەڵێ : ( ڕیسواترین کەسانێک ، کە ناسیومن ، ئەوانە بوون کە یارمەتییان داوم وڵاتەکانییان داگیربکەم ) .. هەروەها ناپلیۆن ئامادە نەبووە  تەوقە لەگەڵ  ئەفسەرێکی خائنی خەڵکی نەمسادا بکات ، کە هاتبوو پاداشت و خەڵاتی زانیارییە گرنگەکانی وەربگرێت ، کە بە نهێنی بە ناپلێونی دابوو ، تا بەسەر نەمسادا سەربکەوێت . هەربۆیە ناپلیۆن خەڵاتە زێڕەکەی بۆ فرێدەداتە سەر زەوی .  لە وەڵامدا ئەفسەرە خائنەکە بە ملکەچێ و لەسەر ئەژنۆ بە ناپلیۆن دەڵێ : (  تەنها هیوا و ئاواتی ژیانم ئەوەیە  لەگەڵ ئێوەی مەزندا تەوقەیەک بکەم . لە وەڵامدا ناپلیۆن دەڵێ :  ئەو زێڕەی سەر زەوییەکە  بۆ کەسانی وەک تۆیە ، بەڵام سەبارەت بە دەستم ، مەحاڵە بەر دەستی پیاوێکی خۆفرۆش بکەوێت ، کە خیانەتی لە نیشتمانەکەی خۆی کردبێ ) .  
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم : کاتێک لە وڵاتێکدا کەسانی ناپاک و هێزی سیاسی خائن دەسەڵات دەگرنە دەست ، ئەوا مەحاڵە باسی بەرژەوەندی نیشتمان و ئازادی و تەبایی و چاکسازی و دواڕۆژێکی ڕووناک بکرێت . تەنها ڕێگای ڕزگارییش ڕاماڵینی ئەو دەسەڵاتەیە ، کە جگە لە خیانەت و بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ، بیر لە هیچ شتێکی تر ناکاتەوە . لەم بارەیەوە جیڤارا دەڵێ : ( ئەگەر دەتەوێت وڵاتەکەت ئازاد و سەرفرازبێ ، ئەوا پێویستە دە فیشەک بخەیتە ناو چەکەکەتەوە ، نۆ دانەیان بۆ خائن و دانەیەکیشییان بۆ دوژمن ) . ئەمەش نیشانەیە ، کە خائن لە دوژمن و داگیرکەر تاوانبارترە .  بێگومان مێژووی لە خوێن هەڵکێشرای میللەتەکەمان ، پڕە لە خائن و خۆفرۆشی ناپاک ، کە فرچکیان بە نۆکەری گرتووە و سەریان لای دوژمنە و هەموو خەون و خولیا و سەودایەکی ژیانیشیان ، تەنها تەخت و بەخت و تەلارە و فڕیان بەسەر نیشتمانەوە نییە .
  
*****

تێبینی :

بۆ ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی عەرەبی وەرگیراوە .
 ٤ / ٦ / ٢٠٢٢ 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە