ئامینە کاکە باوە، کۆنە شەڕکەری ڕۆژھەڵاتی وڵات

Wednesday, 08/06/2022, 22:02

4198 بینراوە


پرسیار: دادە "ئامینە کاکە باوە"(کۆنە شەڕکەری ڕۆژھەڵاتی وڵات) دەتوانێت ببێتە ھۆکاری لەناوبردنی تورکیە؟
سەرەتا پێویستە بە لەسەر دەستەواژەیەکی باو و خاوەن ئەزمون وڵامێکی ئەرێنی و کورت وڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە! بەڵی لە سیاسەت دا ھەموو شتێک ئەگەری ھەیە، بەڵامی زۆری و کەمیەکەی سەرکەوتنی سیاسەتێک پێویستی بە ورد بینی و دوربینی زۆر ھەیە.
سیاسەت وەک کایە(یاری)ی زیرەکانەی تەختەی شا و وەزیرە، چەندە ورد بین بی و لێکدانەوەی بۆ ئەگەرەکان بۆ جوڵەکانی دواتری ڕەکابەری بەرامبەرت بکەیەوە بەو پێیەش دەتوانی زیرەکانە بەرنامە دابڕێژی بۆ ئەم جوڵەی ئێستا لەدەستت دایە، ھەروەھا بۆ جوڵەکانی دواتریش و لە کۆتایی دا براوەی کایەکە بی.
گەورەترین کێشەی کورد ھێشتا لە سیاسەتدارێتی لەگەڵ وڵاتان ترسە لە جوڵەکانی دەیکات، بەڵام بە پێچەوانەوە دەبوایە بوێرانە لە سیاسەت دا ڕیسک بکەین مادام ھیچمان نیە زۆرتر لەمە لە دەستی بدەین. 
کێشەی گەورەی کورد ھێشتا لە دیپلۆماسی دەرەوەی "ترسە"، ترس لە کۆمەڵێک تۆمەت بەخشین کە یەکیان لیستی تیرۆرە، بۆیە ھێشتاش لە کۆمەڵێک پێگەی گرینگ دا کە ھەیەتی دور دەکەوێتەوە لە باسی ئەو مافە ڕەوایانەی خراونەتەوە لیستی تیرۆرەوە.
کاتێک گوێ لە وتووبێژی دادە ئامینە لەگەڵ مێدیای "دەنگی  ئەمریکا" دەگرین بە باشی تێدەگەین کە دادە ئامین لەوانەیە یان زانیاری تەواوی نەبێت لەسەر ھەموو بابەتەکانی لە وڵاتەکەی ھەیە، یان ئەوەی کە خۆ دەپارێزێت لە وتنیان لەبەر کۆمەڵێک ھۆکار، وەکوو ئەوەی کە بە "گەریلا"ی "پەکەکە"ی دەووت "پێشمەرگە"ی پەکەکە.
بۆیە پێم وایە لەم ڕوانگەیەوە پێویستی سیاسەتمەدارانی وڵاتپارێزی کورد پەلە بکەن و ڕاوێژکاری لەگەڵ دادە ئامینە بکەن ھەتا دەرفەت لە دەست نەچوە، پرسی نیشتمانی پرسێکی چرکە بە چرکەیە و ھەر چرکەیەکیش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت و ئەگەری گۆڕانکاری مەزن و پێچەوانە دروست بکات.
نمونە، جولەکەکان جیا لەو ھەموو تێکۆشانەی کە ساڵانێک بۆ خەونی #وڵاتێکی_ئیسرائیلی کردبویان، لە کۆتایی دا تەنیا یەک داھێنان دەرفەتی بۆ ڕەخساندن بۆ ئەوەی "بەڵێ"ی دنیا وەرگرێت بۆ دروستکردنی وڵاتەکەیان، مادامیش ئێمەی کورد لە ڕەکابەری جیھانی پێویستمان بە پلەی سەرترە، (ھەر چرکەیەک) کات بە فیڕۆ دان دەرفەتکوشتنە !!!!!
ئینجا بێنەوەی سەر باسی (دادە ئامین کاکە باوە) دەرفەتی زێڕینی کورد.
ھەروەک باسمان کرد ھەستی بە چەند خاڵێکی لاوازی دادە ئامینە لە کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتە دەکەین، یەکەم نەبوونی کۆمەڵێک زانیاری گرینگ کە دادە ئامین دەتوانێت پشتیان پێ ببەستێت، دووھەم ترس لەمەڕ باسی کۆمەڵێک بابەتی ھەستیار کە پێی وابێت دوانی زۆر دەکرێت ببێتە ڕیسکێکی مەترسیدار بۆ لە ناو بردنی ئەو تێکۆشانانەی دەیان ساڵە لە پێناو وڵاتەکەی دا کردویەتی.
یەکەم: بە تێگەیشتنی من مادام پرسێکی گرینگ لە پارڵەمانی سوید تەنیا بەسترابێتە بە بەڕێز ئامینە، کە واتە دەکرێت دەرفەتی زۆرتر بۆ دانووستان لەسەر مەرجەکانی خۆی داخواز بکات، لە ماوەی ئەم دەرفەتەش کۆمەڵێک دانپێدانانی ڕەسمی بە دەوڵەتی سوئید واژۆ بکات، وەک دەرھێنانی پەکەکە لە لیستی تێرۆر.
دووھەم : ئەمەیان وەک پرسیارێک، ئایا دادە ئامینە کاکە باوە دەتوانێت پشت ببەستێت بە بڕیاری دادگای بەلژیک(وەک دادگایەکی یەکێتی ئەوروپا) لەسەر دەرھێنانی پەکەکە لە لیستی تێرۆر کە لە کەوانەی مەرجەکانی گوشار پێ بخاتە سەر دەوڵەتی سوید و دانپێدانانی ڕەسمی پێ بکات؟
سێھەم: سور بوونی ئەندامانی ناتۆ بۆ ئەندامێتی سوئید لە گروپەکەیان زۆر بەھێزترە لەوەی تورکیە بتوانێت ھەتا سەر ڕێگەی لێ بگرێت، بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش پێویست بکات بەسەر جەنازەی تورکیەش دا دەڕۆن، بۆیە سور بوون لەسەر دەرکردنی پەکەکە لە لیستی تێرۆر ھەنگاوێکی مەزنە بۆ ڕووخاندنی گەورە دوژمنی کورد(تورکیە) بە دەستی خودی گەورە ھاوپەیمانەکانی.  
سوید لە ڕاستیدا لە سەر تۆمەتی کوشتنی "پاڵمە" قەرزداری گەورەی کورد و دواییش پەکەکەیە، ئەگەر ئەرکی داوای لێبوردنیش جێبەجێ ناکەن، بەڵام دەرکردنی "پەکەکە" لە لیستی تیرۆر ئەرکێکە دەبێ و دەبێ لە بەرامبەر گەلی کورد دا جێبەجێی بکات!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە