نەتەوەیەک ئاوا سەردەکەوێ؟

Wednesday, 08/06/2022, 22:07

5181 بینراوە


عەزیز گەردی غەریبانە لە سەرخاکی خۆی کۆچی دوایی کرد!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا خەبەری کۆچی دوایی نەمر عەزیز گەردیم بیست. بە پێی توانای خۆشیان مێدیاکانی فەشەلی دامودەزگای دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستانیش بۆ خۆ شیرینکردن خۆیان هەواڵی کۆچی دوایی ئەو بلیمەتەیان بڵاو دەکردوە. تا زیندووبووکەس لێی نەدەپرسی، کە نەخۆشیش کەوت کەس حەولی چارەسەریی بۆ نەدا. کە چی بەرپرسێکی چەتەش کە نەخۆش دەکەوێ بە غار خۆی دەگەیەنێتە وڵاتانی دەرەوەی کوردستان تا چارەسەریی وەربگرێ!
باشووری کوردستان پێش ئەوەی تووشی داڕمانی سیاسی وئابووری بووبێتەوە، تووشی داڕمانی ئەخلاقی ودوورەپەرێزیی لە یەکتر بۆتەوە. شکستی سیاسی وئابووری وئەخلاقی دەسەڵاتداریەتی ئەو دوو بنە ماڵەیە فەزایەکی خوڵقاندووە کە کەس رەحم بە کەس ناکا. ئەوەش تا رادەیەکی زۆر گوناحی خەڵك نییە.
بەشێک لە نەتەوەیەک کە باوەڕی بەو قسەی جەلال تاڵەبانی هێنابێ کە دەڵێ: یەکێتی تەقڵە بە فیل لێدەدا، بەشێک لە نەتەوەیەک کە چەک بۆ بنەماڵەی بارزانی دەشان بکا وپێی وابێ پێشمەرگەیە درنگ دەگاتە ئاواتەکانی. جەلال تاڵەبانی راست دەکا، تەقڵەی بە شاری هەڵەبجە لێدا و وێرانی کرد. بنەماڵەی بارزانی مافی خۆیانە ببنە دمڕاست چون بە شانازیەوە دەڵێن:ئەوە ئێمە بوین لە ژێڕ سای قیادەمووقەت سەرهەڵدان خەڵكی رۆژهەڵاتی کوردستانمان نێوئاخنی کەمپەکان کرد.
عەزیز گەردی، شارومەندیی هەر وڵاتێکی دیکە بایە کە تەواوی تەمەنی بۆ خزمەتکردن بە نووسین وئەدەبی کوردیی تەرخان کردوە لە سەرچاویان دادەنا. نزیکەی شەش میلیون کورد لە باشووری کوردستان دەژین. بڕۆن چاو لێبکەن کاتێک تەرمی زانایەکی کورد ئەسپەردەی خاک دەکڕێ چەند کەس لە مراسیمی ناشتنەکەیدا بەشدار بوون؟ لێرەدایە کورد بون دەکەوێتە ژێر پرسیار؟ ئەو خاکەی کە خاوەنی هەڵبەچە وئەنفالە ئاوا تەرمی زانای زمان وئەدەبی خۆی بە ڕێدەکا؟
عەزیزگەردی، بە جەستە لە ناوماندا نەماوە. بەڵام ئاسەواروپێنووسە بە هێزەکەی داییم لە بەر چاومانە. خەڵكانێکی بێ دەمار خۆش خۆش سەردانی قەبری مەلا مستەفاو گۆڕی جەلال تاڵەبانی دەکەن ونانی لە سەر دەخۆن. لە راستیدا لە کاتی ناشتنی نەمر گەردی دەبوایە هەزاران کەس لەخەڵک ورووناکبیرو نووسەریی کورد ئامادە بوایەن.
ژیانی پڕ لە مەینەتی ماندوونەناسێکی وەک گەردی بە ڕاشکاوی پێمان دەڵێ، نەتەوەیەک بە شێوەیە رێز لە هەڵكەوتە وزانای خۆی بگرێ زۆر درنگ دەگاتە مەبەستەکانی. وێنەی مراسیمی ئەو نەمرە پەیامێکی بۆ کورد تێدایە، ئەویش ئەوەیە، عەزیزەکان کاتێک کۆچی دوایی دەکەن پێمان دەڵێن، هەر نەتەوەیەک شارەزایی لە مێژووی خۆی نەبێ وڕێز لە زاناکانی خۆی نەگرێ، بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی لە سەریان دەبنە دمڕاست. رەوانت شاد ویادت هەرمان بێ عەزیزی کورد.
عەزیزگەردی، خاوەنی ٢٠٠ بەرهەمیی بە پێز بوو کە شەو نەخوونی لەسەر کێشاوە، کەچی کاتی ناشتنەکەی ٢٠٠ کەس بەشداریان نەکردوە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە