بەرکوڵێ لە ژیاننامەی ئۆتۆ ڤۆن بسمارک، سەرکردەی کاریزمایی یەکگرتنی ئەڵمان (بەشی ١ـ٣)

Thursday, 06.09.2022, 22:44

415 بینراوە


ساڵی 1952 ئینیستیتووتی ئالەنباخ بۆ پێشنیازکردن/ Allenbacher Institut für Demoskopie   بەپرسیاری : چ ئەڵمانییەک گەورەترین خزمەتی بە وڵاتەکەی کردووە؟ ڕاپرسییەکی ئەنجام دا. لەئەنجامی ڕاپرسییەکەدا "بسمارک " دەرچوو.
هەر وەک بڵێ "نیتچە"ی فەیلەسووف ئەو گوتە بەناوبانگەی "ویستی دەسەڵات /Will to Power"ی بۆ بیسمارکی سەرکردەی کاریزمایی ئەڵمان وتبێت، ـ ئەگەرچی نیتچە ئەو وتەیەی لەناوەڕٶکی وتەیەکی بسمارکەوە : " جیهان بریتییە لە ویستی دەسەڵات و هیچی دیکە" ـ  وەرگرتووە. ئەو سەرکردەیەی لە سەخترین بارودۆخی پچڕپچڕی ناوخۆیی و گەمارۆدراوی دەرەکیدا، توانی ئەڵمان یەکخات و بیکاتە خاوەنی ئابووەرییەکی بەهێز و سیستەمێکی تۆکمە و شادیان بکات بە بوون بە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی. بەدەوڵەتبوونی ئەڵمان لەناوجەرگەی ئەوروپای تەندراو بە کۆمەڵێ زلهێزی جیهانی ڕووداوێکی تایبەتمەندە و ڕێگایەکی تایبەتی بڕیوە تا گەیشتووەتە ئەنجام. هەر بۆیە بسمارک لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا گەورەترین قسەی لەسەر کراوە و تا ئێستاش گەورەترین کەسایەتییە،لە مێژووی ئەڵمانی دا. ئەڵمان خاوەنی سەدان کەسایەتی گەورەی سیاسی و مێژوویی و فەلسەفی و ئەدەبی و زانستی و وەرزشی و تەکنەلۆژی و داهێنانی دیکەی گەورەی پزیشکی شتگەلێکی دیکەیە... بسمارگ گەورەترین کەسایەتی خاوەن کاراکتەری ویستی/ ئیرادەی دەسەڵاتە. دەسەڵاتەکەش بۆ خزمەتی تەنیا گەیشتن بە یەگرتن و یەکێتی نەتەوەیی ئەڵمان. 
ویست و حەزی دەسەڵاتی بسمارک ناوەڕۆکێکی مەکیاڤیلییانەی هەبووە، لێ گرنگ هەبوونی ئامانج و هێنانەی خەونی گەیشتن بە ئاواتەکانە، کە بسمارک لەسەر دەستی خۆیدا هەمووی هێنایە دی. لەسەر کەسایەتی بسمارک بەهەزاران هەزار سەرچاوە هەیە و بەشێکی باشیئشی لەلایەن مێژوو نووس و نووسەرانی بێگانەوە نووسراون. بۆ نموونە مێژوونووسی دیاری ئەمەریکی Otto Pflanze کتێبێکی بە 3 بەرگ و بە قەبارەی 1700 لاپەڕە لەسەر نووسیوە. کتێبخانەکانی رووسیا و فەڕەنسا و بەریتانیا و پۆڵۆنیا و زۆر وڵاتی دیکەش بێبەش نین لە سەرچاوە لەسەر بسمارک. 
سەرباری کۆمەڵێ سەرنج و ڕەخنەی ئێرە و ئەوێ، بەتابەت ئەو شەپۆلە ئایدۆلۆژیایی و جیهانبینییەی ساڵانی 60 & 70 سەدەی ڕابرودوو،دوای جەنگی جیهانی دووەم ،ڕووی لە ئەوروپا و جیهان،کە کەسانێک وەک بسمارک بە پێوەر و تێڕوانی مۆدێرنە تەماشا دەکران و بەر ڕەخنەی تیۆری دەدران، لێ  هێشتا بسمارک ئایکۆنێکی درەوشاوەی مێژووی لاپەڕە گەشەکانی ئەڵمانە،لەگەڵ هەر قۆناغێکی مێژووییدا، سەرهەڵدەداتەوە، هەستی ئەڵمان بوون دەورووژێنێ.وەک ڕووداوی ڕووخانی دیواری بەرلین و یەکگرتنەوەی ساڵی  هەردوو ئەڵمانیا و تەنانەت لەم سەردەمەی پەتای کۆرۆنادا، بایەخی ئەو دەوڵەتەی بسمارک بۆ ئەڵمانی دروست کردووە، زۆر سەنگینترە لە ڕۆژەکانی پێشووتر.
منداڵی تا ژنهێنان 1815 -1847
 بسمارک Otto Eduard von Bismarck- Schönhausen سەرکردەی کاریزمایی لە ڕۆژی  1.4.1815 لە  Schönhausen، لە نزیک شاری Magdeburg  هاتۆتە دنیاوە. ئەو ساڵەی کۆنگرەی ڤییەنای تێدا بەسترا و بڕیار لەسەر سیستەمی نوێی ئەوروپا و ئەڵمانیا پاش سەرکەوتنە مەزنەکەی بەسەر ناپلیون دا لە 1813 بەدەستیان هێنا. بنەماڵەکەی ئەرستۆکراتی نەجیبزادەیی ڕەسەنیaltmärkischen Uradel بوون و پێش بنەماڵەی Hohenzollern  لە ھەرێمی Mark Brandenburg نیشتەجێ بوون. خزمەتێکی بەرچاو و دیاریان بە تایبەتی بە لە بواری سەربازیدا و بە دەیان و سەدان جەنەڕاڵی گەورە پێشکەشی پاشانشینی پرووسیا کردووە.بسمارک کەسێکی خۆشەویست و هاوڕێ دۆست و بە ئەمەک و خاوەن پرنسیپ بووە. شمشێربازێکی ئازا و سوارچاکێکی لێوەشاوە و سەماکەرێکی لێزان و مەلەوانێکی پشوودرێژ بووە.باوکی Ferdinand von Bismarck و دایکیLouise Wilhelmine  خاوەنی 6 منداڵ بوون، نیوەیان دەمرێ و نیوەیان دەمێنن Bernhard 1810, Otto1815 و Malwine1827.  . منداڵی خۆیان لە دەڤەری Hinterpommern بەسەر بردووە. دواتر دەچن لە Gutkniephof نیشتەجێ دەبن. ئۆتۆ و براکەی لەسەر خواستی دایکی لە بەرلین ـ خانوویەکیان بۆ بەکرێ دەگیرێ و خزمەتکارێکی خەڵکی شۆنهاوزەنەوە سەرپەشتییان بکات ـ دەخرێنە بەرخوێندن ئامادەیی تەواو دەکات . 
ھەر لەم قۆناغەدا زمانەکانی ئینگلیزی و فەڕەنسی بەتەواوی فێر دەبێت. لەم سەردەمەدا کۆمەڵێ وانە لەسەر دەستی گوتاربێژی ئایینی بەناوبانگSchleiermacher  وەردەگرێ، کە قەشەیەکی ھەڵکەوتووە، شانی داوە لە شانی فیشتەیFichte  فەیلەسوف.  لێکۆڵەران دەڵێن: « شلایەرماخەر یەکەم مامۆستای بسمارک بووە، بەس ئۆتۆ بیسمارک قوتابییەکی باشی ئەو دەرنەچوو». بەو واتایەی ڕێچکەی ئەوی لە ڕوویی ئاینییەوە نەگرتە بەر. ساڵی 1832 دەچێتە زانکۆ سەرەتا لە شاری ھایدلبێرگ Heidelberg / وەردەگیری. دایکی ڕازی نابێت وا دوور بکەوێتەوە. دواتر دەچێتە زانکۆی شاری گۆتینگەنGöttingen /. 3 سەمیستەر لێرە دەخوێنێ بۆ باقیەکەی دێتەوە بەرلین.سەردەمی خوێندکاری لە کۆلیژی یاسا و زانستی دەوڵەت، - ئەگەر چی حەزی لەم خوێندنە نەبووە، دڵی لای خوێندنی دیبلۆماتیک – بووە. ژیانی خوێندکاری بسمارک زۆر سەخت و پڕ لە کێشە و ناخۆشییە،بەهۆی ئەوەوەی ژیانێکی بەڕەڵایی و سەرسەرییانە دەبردە سەر، بە خواردنەوە و ڕابوواردن و شەڕانگێزی و خۆدزینەوە لە بەشداری وانەکانی. تا وای لێ دێت لەسەر خواردنەوە و ڕابواردنەکانی ھێندە قەرزار و ناوزڕاو دەبێت، لە هەموو لایەکەوە دەبێتە کەسێکی بێزراو و ناخۆشەویست. هاوکات شمشێربازێکی لێهاتوو، مەلەوانێکی پشوودرێژ و سەماکارێکی لێزان بووە.  لەم قۆناغەدا بەس بەشداری دەکات لە لێکچەرەکانی دەربارەی « دیبلۆماتی»، کە ئەو سەردەمە لەلایەن مێژوونووسی دیاری ئەڵمانی Arnold Heeren  لەمەڕ سیستەمی ئەوروپا پێشکەش دەکرا. کاتێ لێیشی دەپرسن چ دەخوێنی ،دەڵێ: دیبلۆماتیک . دوای تەواوکردنی خوێندن نائارامی و بێزاری باڵ دەکێشێ بەسەر ژیانیدا.. 
سەرەتا لە بەرلین چەند کارێک بەنیوە ناچڵی دەکات، لێ لە عۆدەیدا نابێت قەرزەکانی بداتەوە. دەست لە کار ھەڵدەگرێ و دێتەوە بۆ پۆمەرن. پاشان چەند کارێکی تری حکومەتی لە پۆتسدام دەدۆزێتەوە زوو بەجێیان دێڵێ. لە هیکڕا خۆبەخشانە ساڵێ دەچێ بۆ سەربازی. دواتر ساڵی 1838 بڕیار دەدات بە تەواوی واز لە کاری فەرمی بهێنێ و خۆی تەرخانی ژیانی ژیانێکی ئازادی خەریک بوون بە  زەویوزار و کشتوکاڵەوە بکات. بۆئەوەی بتوانێ قەرزەکانی بداتەوە. باوکی نزیکەی 550 ھێکتار زەوی بەسەر ئۆتۆ و بێرنھاردی برایدا دابەش دەکات. ئیدی دوای ماوەیەکی باش کارکردن نزیکەی 10 ساڵ بەخێرایی و بەھاوکاری براکەی قەرزەکان دەداتەوە و ئارامی بۆ دەگەڕێتەوە. دەبێتە کەسایەتییەکی دیکە. دایکی ساڵی 1839 بەنەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی دەکات.  لە قۆناغەدا کاتێکی باش بە خوێندنەوە دەباتە سەر و بەرھەمە ئەدەبی و فەلسەفییەکانی Goethe, Schiller ,Jean Paul ,Uhland ,Heine ,Spinoza ,Strauss دەخوێنێتەوە. لەژێر کاریگەرێتی هاوڕێی ئەمەریکی سەردەمی زانکۆ John Lothrop Motly زۆر خەریکی خوێندنەوەی ئەدەبی ئینگلیزی بەتایبەت Shakespeare, Byron  دەبێت. تەماشای نەخشەی جیھانی زۆر دەکرد و حەزی لە کۆدەکردنەوەیان بوو. لە بیرەوەریەکانیدا دەڵێ:" هەر کاتێ تەماشای نەخشەم دەکرد و باڵادەستی فەرەنسای بەسەریەوە دەبینم، پەست دەبم". ھاوکات دەست دەکات بە گەشتێکی دوورودرێژ لە ئەوروپادا. دەچێت بۆ سکۆتلەند، ئینگلتەرا، فەرەنسا، سویسرا. لەڕێگای ئاھەنگێکی ژنھێنانی هاوڕێیەکییەوە، تەواوی ژیانی دەگۆڕێ بە ناسینی Johanna von Puttkammer  ، کە دواتر دەبێتە ھاوسەری ژیانی. لە ڕێگای ئەم ژنەوە کە سەر بە بنەماڵەیەکی نەجیبزادەی هەڵکەوتوو بوون، گەلێ کەسایەتی ناوچەکە دەناسێ و تێکەڵییەکی زۆری کۆمەڵایەتی و سیاسی پەیدا دەکات.  ساڵی 1845 باوکی دەمرێ. واز لە کارەکەی دێنێ و زەویوزارەکان دەدات بەکرێ. لێرەولەوێ چەند کارێک دەکات و زوو وازیان لێ دێنێ. 
ژنهێنان تا چوونە ناو سیاسەت1847 - 1851
ساڵی1847 بسمارک ژن دێنێ و دێتە سەر شانۆی سیاسەت. ئەم ساڵە دەبێتە سەرەتای دەرکەوتن و ھەڵاتنی ئەستێرەی ژیانی بسمارکی لاو . خۆی ھەڵدەبژێرێ بۆ پەرلەمانی دەڤەرەکەی Naugard لای خۆیان، بەئاسانی دەردەچێ و ھەر زوو بە ھۆی نووسینی ئاگرین و گوتاردانی بەردەوام و لێوەشاوەیی و ڕەوانبێژی و بەهرەمەندی لە قسەکردن دا،  دێتە پێشەوە و ناوی دەدرەوشێتەوە و دەبێتە جێی سەرنجی دەوروبەرەکە و دواتر نوێنەری لە ئەنجومەنی پرووسیادا. لە وتارەکانی داکۆکی لە( داننان بە دەستووردا، وەستانەوە دژی ئانارشیستەکان،داوای یەکسانی لەبەردەم یاسادا،- بەڵام دژی ھەڵوەشاندنەوەی نەجیبزادەکان بوو- ھەروەھا داوای دابەشکردنی باجی دەکرد بە پێی ئەو سەرمایە و داراییانەی ھەیان بوو.
( خاڵێکی زۆر سەیر لە بیر و کەسایەتی بسمارک دا، بریتییە لە عەشق و شەیدایی بۆ ھەرێمی پرووسیا، بەڕادەیەک ئامادە بوو ھەموو خۆشی ئەڵمانیای پێ بگۆڕێتەوە. باوەڕی قوڵی بە یەکگرتنی ئەڵمانیش هەبووە، دواتر بۆ ئاشتی ئەوروپاش ڕۆڵی گێڕا). هەروەها لەسەرەتاکی زوودا قەناعەتێکی لا دروست دەبێ، وەک ساڵی 1849 بۆ ژنەکەی دەنووسێ: " دۆزی یەکگرتنی ئەڵمان بە هیچ جۆڕێک  لە ژوور و هۆڵەکانی ئێمەوە بڕیاری لەسەر نادرێ، بەڵکو بە دیبلۆماتی و لە مەیدانی جەنگدا  بڕیاری لەسەر دەدرێت". ڕووداوەکانی شۆڕشی ئاداری 1848 لە بەرلین کاریگەرێتی لەسەر دروست دەکەن.  ئەم وێستگەیە دەبێتە مایەی وەرچەرخانێکی نوێی ژیانی. بەخۆی ئەو بیروباوەڕە کۆنزەڤاتیڤە و ئەو ڕابووردووەی تۆماری کرد بوو، دەچێتە ڕیز هەر پێشەوەی دژە شۆڕشگێڕەکان. تەنانەت لەڕۆژەکانی سەرەتای شۆڕشدا،ویستییەتی لەگەڵ جوتیار و خەڵکی گوندەکەی بێن بۆ بەرلین،بۆ پارێزگاریکردن لە پاشای پرووسیا. ئیدی دواتر ململانێکانی رۆژگار ئاڕاستەی دیکەی وەردەگرن و بسمارک بە پەڕۆشیەوە چاوەڕێ دەکات. 
سەرەتا شۆڕشگێڕان کە داوای ئازادی زیاتر و بەشداری لە دەسەڵات و کەمکردنەوە یاخود نەهێشتنی ئیمتیازی نەجیبزادە و ئەرسۆکراتەکان دەکرد و داوای یەکگرتنی ئەڵمانیا یاخود ئەڵمانیای یەکگرتوویان دەکرد، کۆمەڵێ دەستکەوتیان بەدەست هێنا،بەڵام نەیانتوانی شۆڕش لەخوارەوە بۆ سەرەوە سەر بخەن. واتە گەیشتن بە ئەڵمانی یەکگرتوو بهێننە دی. هاوشان بەلابردنی سانسۆر کۆمەڵێ گۆڤار و ڕۆژنامەی زۆر دەردەکرێن. بسمارک بە گوتاری ئاگرین لە ڕۆنامەی Neue Preußische Zeitung دواتر بووە Kreuzzeitung  بەتەواوی ناو دەردەکات. پاشان ڕێکخراوێکی سەربەخۆ بۆ نەجیبزادە و ئەرستۆکرات و خاوەن موڵکەکان دادەمەزرێنێ. بەم جۆرە دەکەوێتە ھاتووچۆیەکی زۆرەوە لە نێوان شارەکانی Schönhausen ,Berlin ,Potsdam ,Brandenburg  هەر لەو ڕۆژگارەدا پاشای پرووسیا فریدریش ڤیلھێلمی چوار کۆمەڵێ گۆڕانکاری لە دەسەڵاتەکەیدا دەکات. بسمارک خاوەنی کەسایەتییەکی زۆر بەھێز بووە. جگە لەپاشا و خوا کەسی تری لە سەرووی خۆیەوە نەدەبینی. لە ڕووی بیروباوەڕەوە کەسایەتییەکی کۆنپارێز/ کۆنزەڤاتیڤ بوو. تەنانەت ڕێگری لە کوڕەی دەکرد، کچی ماڵە جووتیار بھێنێت و کوڕێکی تری کچە نەجیبزادەیەکی کاسۆلیکی بهێنی کە بەدوژمنی بیسمارک ناسرابوون. ھەمیشە پاشاخواز بووە و تەنانەت لەگەڵ دروشم و داواکانی شۆڕشی 1848 گەلەکەیدا نەبووە. باوەڕی وابووە، ئەوەی ھەیە لە پاشانشینی پرووسیا، کە بسمارک زۆر پێی سەرسام بوو، دەبێت بپارێزرێ و پارتێکی کۆنزەڤاتیڤ و سیستەمی پاشایەتی  بەباش دەزانی و لای مەبەست بوو. زۆری پێناچێ بەهۆی بیروڕا و هەڵوێستەکانییەوە سەرنجی پاشای پرووسیای دەکەوێتە سەر. کاتێ نەمسا بەسەرۆکایەتی میر Schwarzenbergڕێکەوتنێک بەسەر Otto von Manteuffel ی پرووسیاییەدا دادەسەپێنن،کە ناسراوە بە Olmützer Punktation ئەم ڕێکەوتنە  لە پرووسیا دەدرێتە بەر نەشتەری ڕەخنە و  بە دۆڕاندن و تێکشکانی بەرامبەر بە نەمسا دادەنێن. ئەنجومەنی نوێنەران  بۆ دەربڕینی ڕەزامەندی لەسەر ئەم ڕێکەوتنەی حکومەت کۆدەبێتەوە. لێرەدا بسمارک بە وتارێکی بەپێز بەشداری دەکات. وتارەکەی وەک شاکارێکی ڕەوانبێژی و دیبلۆماتی پڕ لە تاکتیک دەستنیشان کرا. دواتر 20,000 هەزار دانەی لێ چاپکراو و بە وڵاتدا بڵاو کرایەوە. زۆر کەس ئەم وتارە بە بەهێزترین وتاری ژیانی بسمارک دادەنێن.
وەک دیبلۆماتکارێک بۆ ناو دەسەڵات 1851 - 1862
ڕۆژنامەی گاڵتەوگەپێ ئەو سەردەمە Kladderadatsch بە بۆنەی دەستنیشانکردنی بسمارکەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دەنووسێ:" بەڕێز بسمارکی ـ شۆنهاوزەن، دەنێردرێ  بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران/ پەرلەمان، گەر هەروا زیرەک بێت، دەتوانێ بێتە ئاغای ماڵی خۆش و ڕازاوە" شۆنهاوزەن واتە ماڵی خۆش و جوان . ئەمەش ئەو خەونەیە،کە لە ساڵانی لە خوێندنی زانکۆوە خۆی بۆ تەرخان کرد بوو.  کاتێ بسمارک وەک نێردراوی پرووسیا ساڵی 1851 ڕەوانەی دەکەن بۆ ئەنجومەنی نەتەوەیی لە فرانکفۆرت و بۆ ماوەی  8 ساڵ بەوپەڕیی دڵسۆزی و بوێرییەوە لەبواری دیبلۆماسیدا نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی پرووسیا و پاشاکەی دەکات. هەموو ململانێ و شەڕە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ نەمسای ڕکەبەر و مێمڵدا بوو.نەمسا ئەندامێکی گەورە و خاوەنی دەسەڵات و بڕیاری فیدڕاڵی ئەڵمان و پەرلەمان بوو.
 نەمسا دەیویست وەک باڵادەست لەم دەستگایەدا بڕیار بدات و پرووسیا بکاتە پاشکۆی خۆی. بەتایبەت لە مەسەلەی ئابووری و یەکێتی گومرگ و یاسای چاپەمەنی و زۆر شتی تریش دا.بۆ نموونەی نەمسا دەیویست ئەو ڕێکخراوی گومرگەی ئەڵمان دروستی کردووە، بەبێ ئەوان،ئەوانن داوای دروستکردنی یەکێتی گومرگیان پێکەوە. بسمارک لە ناخی چاوچنۆکی و فڕوفێڵەکانی نەمسا باش دەگەیشت،بۆیە ئاستەنگی بۆیان دروست دەکرد. ئەوەبوو ساڵی 1853 گرێبەستیان بۆ ماوەی 12ساڵ لەگەڵدا کردن و نەیانهێشت نەمسا بێتە ئەندام و ئەم دەزگایەش بۆ خۆی قۆرخ بکات. شەڕی نێوان ئەم دوو بەرە بەهێزە، شەڕێکی قورس و گرانی دیبلۆماسی و پڕ لە تاکتیک و فڕوفێڵ بوو، بەڵام بسمارک شکستی پێ دەهێنان. 
هەروەها کە شەڕی کریم/ قریم1853-1856 هەڵگیرسا لە نێوان رووسیا و دەوڵەتی عوسمانیدا، وەک یەکەم شەڕ لە دوای کۆنگرەی ڤییەناوە، ئینگلیز و فەرەنسا چوونە پاڵپشتی تورک، بۆ ڕیگری لە باڵادەستی رووس، نەمساش دەیویست هەمان شت بکات، بسمارک/ پرووسیا بێلایەنی هەڵبژارد. کاتێ لێی دەپرسن:" تۆ بۆ کێی، هێزە ڕۆژئاواییەکان ، یان بۆ رووسیا؟ لەوەڵامدا دەڵێ: من بۆ پرووسیام ". ئەمەش هەڵوێستی نەمسای لەچاو زلهێزەکانی ئەو ڕۆژگارەدا لاواز نیشان دەدا. دواتر ساڵی 1854هاوپەیمانێتییەک لە نێوان پرووسیا و نەمسادا دەبەسترێ بە ناوی هاوپەیمانێتی بەرگری و خۆپارێزی. پرووسیا تەماشای ئەم ڕێکەوتنەی  وەک ئامڕازێک بۆ بەهێزکردنی بێلایەنی خۆی دەکرد و نەمسا، بەنێتی بەکارهێنانی تێی دەڕوانی. نەمسا دواتر لەگەڵ هەردوو زلهێزی فەڕەنسی و ئینگلیزیشدا بێ ئاگاداری پرووسیا هاوپەیمانێتی بەست. بسمارک زۆر بەم هەوڵانەی نەمسا نیگەران دەبوو.
ئەم هەوڵە دیبلۆماسییانەی بسمارک لاپەڕەیەکی گەشی ژیانی رۆژانی خەباتی دیبلۆماسی فرانکفۆرت پێک دێنن. لە ڕاستیدا بسمارک لە ناخدا دژە نەمسا نەبوو، بەس کاتێ ململانێی دەسەڵات لە شوێنێکدا سیمای شەڕێکی بێ تەقوتۆقی وەردەگرێت، ئیدی ناچاریت ئامڕازی دیبلۆماسی بخەیتەگەڕ. بسمارک لەم دەرفەت و  ڕێگایەوە وەک دیبلۆماتێکی ساوا دەبێتە، خاوەنی ئەزموون و تاقیکردنەوەیەکی دەوڵەمەند. بسمارک دڵسۆزانە بۆ پاشا و پرووسیا، دوور لەماڵ و منداڵی کاری دەکرد و  لە ساڵێکدا 16  جار زیاتر و هەر جارەی  بە 25 کاتژمێر هاتووچۆی دەکرد لە نێوان فرانکفۆرت و بەرلین دا. ساڵی 1857-58 Friedrich Wilhelm IV تێدا نەخۆش دەکەوێ و دەمرێ. دوای ئەو ڤیلهێلمی برای دێتەسەر دەسەڵات. ئەمیش کابینەیەکی نوێ دێنێتە پێشەوە و وەزیری دەرەوە A.Schleinstz زۆر خۆشەویستی بسمارک نابێ،هەر زوو دەنگۆی ئەوە بڵاو دەبێتەوە کە بسمارک لە فرانکفۆرت لادەبرێت. ئەوە بوو ساڵی1859 دەنێردرێت بۆ St.Petersburg پایتەختی ڕووسیای تزاری.  نەمسا پێشوەخت زانیاری هەبووە بەم گۆڕینەی  بسمارک و پێدەچێ دەستی خۆیشی تێدا بوو بێت، چونکە زۆری پێ خۆش بوو، ڕکەبەرێکی گەورەی وەک بسمارک کە ساڵانێکە پرۆژەکانیان پەک دەخات، لەبەرچاویان ون بێت. بسمارک بەمە نیگەران بوو، لەبەرخاتری پاشا لە زستانێکی سەخت و توشدا دەگاتە شوێنی ناوبراو. لێرە یەکسەر نەخۆش دەکەوێ. پاشان ڕادەبێت بەڕاپەڕاندنی کارەکانی  لەگەڵ قەیسەری تزار و وەزیری دەرەوە. دوای ماوەیەک دێتەوە بەدوای ماڵ و منداڵ دا بیان بات بۆ ڕووسیا، کاتێ دەیەوێ بگەڕێتەوە، پێی دەڵێن: جارێ پەلە مەکە. دەنگۆیەک بڵاو دەبێتەوە دەڵێن بسمارک دەبێتە ڕاوێژکاری / کانتسلەری پرووسیا. زۆرێکیش لە بەرپرسە گەورەکان ئەم پێشنیازە بۆ پاشا دەکەن، کەچی پاشا مل نادات و بسمارک بەناچاری و بە نەخۆشی دوای نزیکەی ساڵێ دەگەڕێتەوە پێتەرسبورگ. لەوێ لەگەڵ خێزانەکەی سەرقاڵی کاروبار و خزمەتی ئەو ئەڵمانانە دەکەن کە لە رووسیا دەژیان. لە ناوەندی دیبلۆماسیشدا دەبێتە دەموچاوێکی دیار. 
پاش ماوەیەک بۆ پشووی هاوین دێتەوە بەرلین. ساڵی 1861 پاشای پرووسیا بەبۆنەی مردنی براکەیەوە دەبینێ. بانگ دەکرێتەوە. بارودۆخی ئەو ڕۆژگارەی پاشانشینی پرووسیا بەهۆی دەستوور و هەرای نێو هێزەکانەوە شپرزە بوو. بسمارک دەبێتە هۆکاری چارەسەری کێشەکان. دیسان چاوی هیوا دەچێتەوە سەر بسمارک ببێتە ڕاوێژکار، بەڵام ئەمجارەش پاشا ڕەزامەندی دەرنابڕێت. ـ لەڕاستی ژنی پاشا ڕقی لە بسمارک بوو، ببووە ئاستەنگ و پاشاش لە قسەی دەرنەدەچوو. ساڵی 1862 لە رووسیا بانگی دەکەنەوە بێ ئەوەی هیچی پێ بڵێن و ماوەیەکی باش بسمارک بەبێ ناونیشان ڕادەگرن. ئیدی ئەمیش توڕە دەبێت، دەڵێ: یان کارێکم بدەنێ یا دەچمەوە ماڵەوە دادەنیشم. دوای 3 کاتژمێر بڕیاری  ڕەوانەکردنی بۆ پاریس دەدەن. بەس لە کاتی بەڕێکردنیدا، پاشا پێی دەڵێ: باروبنەی تەواو لە پاریس مەخە، واتە منداڵەکانت مەبە و کەمێک چاوەڕێ بە. بسمارک دەستبەجێ  بەرەو پاریس دەکەوێتە ڕێ. لەوێ کۆمەڵێ گەشت دەکات و دەچێ بۆ لەندەن بۆ بینینی پێشانگایەکی جیهانی. تا لە مانگی سێپتەمبەری هەمان ساڵدا،واتە پش چەند مانگێ تەلەگرامێکی پێ دەگات،بەزووترین کات بێتەوە بۆ لای پاشا.
پاش ماوەیەک لە ناوەوە پاشا Wilhelm کێشەیەکی دەستووری گرانی لەگەڵ پەرلەمانەکەیدا ھەبوو. بەڕادەیەک پاشا گەیشتە ئەوەی واز لە تەختەکەی بھێنێ. داوای لە کوڕە شازادەکەی تورینگەن/Thüringen ی کردبێتە بەرلین و بێتە جێگرەوەی. ئەویش دێ و دوای دوو ڕۆژ گفتۆ رەتی دەکاتەوە تاجەکە وەرگرێ، بەرلین بەجێ دێڵێ. لەم کاتەدا بسمارک دەگاتە جێ. جا مێژوونووسان و چاودێران دەڵێن: گەر بهاتایە، شازادە  بوایەتە پاشانشینی پرووسیا،ڕەنگە مێژووی ئەڵمانیا بەشێوەیەکی دیکە بچەرخایە!. گەوهەری کێشەکەی پاشا لەگەڵ پەرلەماندا ئەوەبوو،  پاشا بە باشی دەزانی لە ڕووی سەربازییەوە خۆیان چەکدار بکەن و دەستی کراوە بێت لە خەرجکردنی پارەی باج دا. پەرلەمان بەمە ڕازی نەبوو.