دارا سلێمان

https://www.facebook.com/daray.sleman.7


بیردۆزەکانی پیلانگێڕی لە نێوان ڕاستی و بانگەشەی هەڵبەستراو

Thursday, 06.09.2022, 23:18

3466 بینراوە


هۆکارەکانی باوەڕهێنان بەو بیردۆزانە لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە

 پڕۆفيسۆری دەروونناسی كريستۆفەر فرێنچ (Christopher French) : هەرچەندە دەشێ بیروبۆچوونی ئەوانەی بڕوایان بە بیردۆزی پیلانگێڕی هەیە هەندێ جار پشت بە شیکار و بەڵگەی ڕاستەقینە ببەستن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش زۆربەی هەرە زۆریان هەڵبەستراون و دوورن لەڕاستییەوە.
بیردۆزی پیلانگێڕی (نظرية المؤامرة - (Conspiracy Theory، بڕوا نەهێنان و بێمتمانەییە بە ڕاڤە فەرمییەکان و داخوازییەکە بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری تەواو و دوایەکی ڕووداوێک، یان زنجیرەیەک لە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی و بابەتە زانستییەکان. گەلەک جار داڕشتن و بەڕێوەبردنی پیلانەکان دەدرێنە پاڵ گروپێکی نائاسایی خاوەن دەسەڵات و ڕێکخراوەی تووند و تۆکمەی پشت پەردە. ئەو ئەژدیهایە نهێنییەی دەستی بەسەر تێکڕای جیهاندا گرتووە، لە بڕیاری سەرۆک و حوکمەتەکان، لە بەرپاکردنی جەنگەکان و هێرش و لەشکرکێشییەکان، لە دروستکردنی توندڕەوەکان، لە دارایی و بانکە مەزنەکانی جیهان، نرخی دراو و پێداویستی و خورادەمەنییەکان، گشت هۆ و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و نووسەر و زاناکانیش ئەنجامدەر و سەربازی گوێڕایەڵن بۆ ئەژدیهایەکە.
دەرەنجامی چەندان تۆژینەوەی زانستی پێمان ڕادەگەیەنن، بیردۆزی پیلانگێڕی لە کاتی قەیرانەکاندا پتر سەرهەڵ دەدات و پەرە دەسێنێت، ئەو دەمانەی بڕواهێنان و متمانەداریی بەحوکمەتەکان و کەسانی دیکە بەرەو کزی دەچێت. بۆیە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە هەموو لایەکی جیهان، بانگەشەی بوونی پیلانگێڕی بەتوندی تەشەنەی کرد، زۆرێک پێیان وایە لەلایەن چینییەکانەوە لە تاقیگەکان دروست کراوە، هەندێکیش وای بۆ دەچن ملیاردێری ناسراو (بیڵ گێیتس)ی پڕۆگرامساز و دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، دەستی هەبێ لە پەیدابوونی ئەو ڤایرۆسە، جگە لەمە چەندان بیردۆزی پیلانگێڕی جۆراوجۆر هەن سەبارەت بە کۆڕۆنا، کۆمەڵێک بڕوایان پێی هەیە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی ڕاستەقینە و یەکلاییکەرەوە.
کۆمەڵگەی ئێمە هەمیشە بازاڕێکی چاکە بۆ مامەڵەکردن و بڵاوبوونەوەی بیردۆزەکانی پیلانگێڕی، وای لێهاتووە بۆ ڕاڤەی گشت بابەتێک چی گەورە و چی بچووک پەنای بۆ ببردرێت، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دواکەوتن و دوورکەوتنەوە لە شیکارە لۆژیکی و زانستییەکان.
بیرۆکەی پیلانگێڕی مێژووێکی گەلەک کۆنی هەیە و لە گشت سات و سەردەمێکدا، هیچ کۆمەڵگەیەک نەبووە ژمارەیەک بیردۆزی پیلانگێڕی تێدا نەبیندرێت. ئەو دەستە شاراوانەی یاری بە مێشکی مرۆڤەکان دەکەن بۆ ڕاڤەکردنی ڕووداوە نامۆ و نادیارەکان، هەر لە سووتاندنی ڕۆما بەدەستی نیرۆن، کوژرانی جۆن کەنەدی، هێرشی یازدەی سێپتێمبەر، هەوڵی جووەکان و زایۆنیزمی جیهانی بۆ لەناوبردنی ئیسلام، بیردۆزی پەرەسەندن و پیلانی زاناکانی جیهان، چوونە سەر مانگ و زەوی تەخت، تا دەگاتە چیرۆکە سەیروسەمەرەکانی بوونەوەرانی ئاسمانی. بڕواهێنان بەو بیردۆزانە هەموو چین و توێژەکان دەگرێتەوە، واتە نەک تەنیا لای کەسانی سادە و ساویلکە، بگرە جێی سەرنج و بایەخە بۆ نووسەر و مامۆستای زانکۆ و سیاسەتکاران و چەندان کەسایەتی ناوداری کۆمەڵگەکان.
مامۆستای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی میامی جۆزیف ئوسینسکی (JOSEPH E. USCINSKI) دەبێژێت: "بیردۆزە پیلانگێڕییەکان هی دۆڕاوەکانن". ئوسینسکی لە ساڵی 2014 بەشداری کردووە لە کتێبی (بیردۆزە پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا)، دووپاتی ئەوە دەکاتەوە مەبەستی لە دۆڕاوەکان بێڕێزیکردن نییە، گوتەکەی ئەو کەسانە دەگرێتەوە لە هەڵبژاردنەکان شکستیان هێناوە، یان پارە و پلە و پایەیان لەدەست داوە، بۆ ئەمەش دەگەڕێن بەدوای بیانووەک بۆ دۆڕانەکانیان.
لە کۆمەڵگەکانی ئێمە و هاوشێوەکانی، بەتایبەتیش لەناو موسڵماناندا بۆچوونێکی باو هەیە، وڵاتانی خۆرئاوا (بەیەکەوە و بەبێ جیاوازی) هەمیشە لە پیلانگێڕانن دژی ئیسلام، هەر ئەوانن ناهێڵن موسڵمانان بەرەوپێشەوە بچن. گوایە ئەوەشیان لەبەرئەوەیە کە دەزانن ئیسلام تاکە ئاینی ڕاستەقینەی خوایە، جیهان لە ترسی ڕابوون و هەڵسانەوەیان شەو و ڕۆژ دژایەتیان دەکات. بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر بەم شێوەیە بیر دەکاتەوە و پێی وایە هۆکاری تێکڕای گرفت و کێشەکان خۆرئاوایە، دەڵێن هەموو هەوڵیان بۆ دوورخستنەوەمانە لە ئاین و داخستنی مزگەوت و پەرستگەکانمان. ئەم جۆرە گوتانە لەلایەنی دەروونییەوە هی ئەوانەن کە مافخوراو و فەرامۆش کراون لەلایەن دەسەڵاتداران، هاوکات چارەسەرێکی ئەفسووناوی و خێرایە لە سەردەمی شکست و دۆڕانەکانی مێژووی لەبیرنەکراویان.
دەسەڵاتداری دڕندە و ڕژێمە دیکتاتۆرییەکانی وەک، ستالین، هیتلەر، سەدام، قەزافی و ئەوانەی دیکە، هەمیشە لایەنگر و چەسپێنەری بیرۆکەی بوونی پیلانگێڕەکان بوون، بۆ ئەوەی بتوانن گەلان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و بێدەنگیان بکەن لە چەوساندنەوە و زوڵم و نەبوونی دادپەروەری. لەبەرئەوەشە دەبینین بیردۆزی پیلانگێری باشترین هۆکارە بۆ جێگیرکردنی تەختی ئەوانە و لابردن و نەهێشتنی بەرهەڵستکاران، بە بیانووی ئەوەی دژکارانی ڕژێـمەکانیان پێوەندییان هەیە لەگەڵ داگیرکەران و کار بۆ دوژمنان دەکەن.
هەرچەندە ئەو چەمکە بە بیردۆزی پیلانگێڕی ناسراوە، بەڵام هەرگیز ناچێتە چوارچێوەی بیردۆز، لەبەرئەوەی خاوەنی هیچ جۆرە ڕێسایەکی لۆژیکی نییە بۆ سەلماندنی ئەو گریمانانەی دەیان خاتە بەردەست، بۆیە باشترە ناوی بیرۆکەی پیلانگێڕی پێ بدرێت، چونکە ئەگەر بەڵگەی ڕاست و یەکلاییکەرەوەی هەبێ، پێویستی نەدەکرد پێی بگوترێت بیردۆزی پیلانگێڕی.
بیردۆزە پیلانگێڕییەکان هاوشێوەی بیردۆزە زانستییەکان بەرئەزموون نین، تا بتوانین بەهەڵەیان بخەینەوە، لەبەرئەوەی بەتەواوی دەوەستنە سەر گومان لە دەسەڵاتداران و هەموو ئەوانەی دی. کەواتە پێوەر چییە و پەنا ببەینە بەر چی لایەنێک بۆ بڕیاردان؟ ئەگەر بەڵگەیەک بکەوێتە دەست و بگونجێت لەگەڵ بۆچوونی بیردۆزەکە، لایەنگرانی دەڵێن: ئەوە ئاساییە پێتانمان ڕاگەیاند شتەکان چۆنن. کاتێکیش بەڵگەیەکی پێچەوانەی ئەوان دەدۆزرێتەوە ئەوا دەبێژن، شتێکی چاوەڕوانکراوە، چونکە پیلانگێڕان کەسانی زیرەک و وریان لە ساختەکاری شاردنەوەی ڕاستییەکان.
ڕاپرسییەکان پێمان ڕادەگەینن، هەر یەکێک لە ئێمە بەلایەنی کەمەوە بڕوای بە یەک، یان چەند دانەیەک لە بیردۆزەکانی پیلانگێڕی هەیە، هۆکارەکەشی بەسادەیی ئەوەیە ژمارەیەکی یەکجار زۆر بیردۆز هەن، ئەو دەمەی سەرنج دەدەینە گشتیان ئەوا بێگومان یەکێکیان دەدۆزینەوە جێی بڕوامان بێت. لە دەرەنجامی تۆژینەوەیەکی زانکۆی کامبرج ساڵی 2015دا بەدەر دەکەوێت، نیوەی بەریتانیاییەکان یەک لەو پێنج بیردۆزانەی لە ڕاپرسییەکدا هاتوون بەڕاست داناوە، سەبارەت بە بابەتی بیردۆزەکان لە نێوان گروپێکی نهێنی کە دەستی بەسەر ڕووداوەکانی جیهاندا گرتووە، ئەوەی دیکە ئەوانەن بڕوایان بە بوونی بوونەوەرە ئاسمانییەکان هەیە.

 تۆژینەوە زانستییەکان بۆ دەستنیشان کردنی بنچینەی بیردۆزەکان

جیهانی ئەمڕۆمان بڕێکی یەکجار زۆر گومان و نەبوونی دڵنیایی تێدا هەیە، مرۆڤیش بە سروشتی خۆی ڕکی لە بابەتی گوماناوییە، بۆ زاڵبوون بەسەر ئەمە مرۆڤ هەوڵ دەدات بگاتە تێگەیشتنێکی کۆمەڵگەیی و هاوبەش، لێرەدا بیردۆزەکانی پیلانگێڕی باشترین چارەسەرن بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی نەزانین و تێنەگەیشتن لە ڕووداوەکان. ژینگە و پەروەردە کاریگەرییان هەیە لەسەر تاکەکان، هاوکات بیروباوەڕی ئاینی شوێنەوارێکی قووڵ بەجێ دەهێڵێت لە دەروونی کەسەکاندا بۆ بڕواهێنان، یاخۆ بەلاوەنانی بیردۆزەکان. بە نموونە، زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی بیردۆزی پەرەسەندن و گۆیی زەوی بە پیلان دادەنێن، پشت دەبەستن بە تێڕوانینە ئاینییەکانیان، نەک لۆژیک و بەڵگە.
دەروونناسان دەڵێن هۆکاری بەڕاستدانانی بیردۆزە پیلانگێڕییەکان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەسەکان خۆویستن و هەست دەکەن هۆشمەندن و ئاگاداری زۆر بابەتی شاراوەن. ئەو بیردۆزانە گەلەک جار بەندن بە نەخۆشی دەروونی پارانۆیا (Paranoia)، ئەوەش توانایەکە لەلای مرۆڤ و ئاژەڵەکان بۆ بینین و هەستکردن بە مەترسییەکان، گرینگی هەیە بۆ پێشبینیکردن و خوێندەنەوەی ویستی نهێنی ئەوانەی بەرانبەر. کاتێکیش ئەو توانایە تووشی پشێوییەک دەبێ، ئەوا کەسەکە هەست بە مەترسی دەکات لە گشت شتەکانی دەوروبەریدا، لەبەرئەوەشە دەشێ لایەنگری کردنی بوونی پیلانەکان دەرەنجامی تێکچوونی بەشێکی ناوەکی و دەروونی مرۆڤ بێت.
پسپۆڕی دەروونناسی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی ئەمستردام جان-ڤیڵم فان پڕۆوین (Jan-Willem van Prooijen)، پێی وایە تۆژینەوە لەم بابەتە لە چەند ساڵێکی کەمی ئەم دواییانە دەستی پێکردووە. ئەم دەروونناسە دەڵێت، مرۆڤ بەردەوام دەپرسێ و بەدوای وەڵامی خێرا دەگەڕێت، گوێ بە هەڵەبوون و ڕاستی نادات. مێشکی مرۆڤ هەمیشە ئارەزووی بڕواهێنان بە بیردۆزە پیلانگێڕییە ناوازە و سەرنجڕاکێشەکان دەکات، بۆ ئەوەی بتوانێت زانیاری بەدەست بهێنێت بۆ پێشبینیکردنی دەرنجامەکان. بەڵام هەندێ جار مرۆڤەکە هەوڵ دەدات بابەتێک تا ئاستێکی زۆر ئاسان و سادە بکاتەوە کە دەبێتە هۆی تێگەیشتنێکی هەڵە و نالۆژیکی، ئەوەی لە دەروونناسیدا پێی دەگوترێت لایەنگیریی زانستەکی (Cognitive bias)‏. ئەمەش دیسانەوە دەبێتە چەند لکێک وەک، لایەنگیریی خۆیەکی، یان دووپات کردنەوەکی (Confirmation bias)، واتە بوونی ئامادەیی بۆ بەڕاست دانانی ئەو ڕاڤە و بەڵگانەی کەسەکە لە پێشینەوە باوەڕی پێیان هەیە، یاخۆ لەگەڵ بیروباوەڕەکەی دەگونجێت و بەلاوەنانی هەر بەڵگەیەک کە دژی بۆچوونەکانیەتی. هەروەها لایەنگیریی هاوڕێژەیی(Proportional Bias) ، ئەوانەی پێیان وایە ڕووداوە گەورەکان هەمیشە هۆکاری گەورەیان لە دواوەدا هەیە. بە نموونە، کوژرانی جۆن کەنەدی هێندە گەورەیە و بێگومان بە پیلانێکی دەرەکی و ناوەکی ئەنجام دراوە، نابێ کاری تاکەکەسی بێت، نەک وەک ئەوەی بکوژ لی هارفی ئۆزوڵد (Lee Harvey Oswald) دانی پێدا ناوە.
هاوکات لایەنگرانی بیردۆزەکان پەنا دەبەنەبەر فێڵێکی دەروونی بۆ دانەپاڵ و بینینی ڕەفتار و بیرکرنەوەی خۆیان لە کەسانی دیکەدا (Projection)، بەوەی خۆی بڕوای بە کەس نییە و گومانی لە مەبەستیان هەیە، وا تێدەگات ئەوانیش هەمان ڕەفتار بەرانبەری دەگرنەبەر.
فان پڕۆوین ئاماژە بەوەش دەکات کە دڵەڕاوکێ و نائارامی، مرۆڤ بۆ ئەوە دەبات هەست بە بوونی گروپێکی شەڕانگێز و بێبەزەیی بکات، بۆ ئەنجامدانی کردارگەلەکی چەپەڵ و خراپ. لەپاڵ ئەمانە لە هەموو دیاردەیەکدا بابەتی ئەندێشەی هەستکردن بە پێوەندییەکان بوونی هەیە، بەوەی بەردەوام وای دەبینن بنەمای هۆکار و دەرنجام لە گشت ڕووداوەکاندا هەن، گەرچی پێکبەندی لە نێوانیاندا نەبێ و ڕێکەوتیش بێت، بۆیە دەگوترێ، چۆن دەبێ مایکل جاکسۆن بەبێ نەخشە و پیلانگێری لەو تەمەنەدا کورتەدا بمرێت؟
ئەوەی بڕوای بە هەندێ بیردۆز هەبێ زۆر بەئاسانی ئامادەیە بۆ دانپێدانان بە گەلەکی دی جۆراوجۆر. ئەگەر بیردۆزی کوشتنی بن لادن بە چەند ساڵێک پێش بڵاوکردنەوەی کوژرانەکەی لەلایەن حوکمەتی ئەمریکاوە بەڕاست بزانیت، پێت ئاساییە بڕوا بەوەش بکەیت کە نەکوژراوە و ئێستە لە کۆشکی سپی ژیان دەباتەسەر، بەهەمان شێوە خەلیفەی داعش خەڵکی عیراق نییە و ناوی (جەیمس ڕالی)یە و کرێگرتەی ئەمریکایە.
بە پشت بەستن بە تۆژینەوەکانی دوو مامۆستای زانکۆی شیکاگۆی زانستی سیاسی ئێریک ئۆلیڤەر (Thomas Wood) و تۆماس وود (Eric Oliver and)، نیوەی دانیشووانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕوایان بە لایەنی کەمەوە بە یەکێک لە بیردۆزەکانی پیلانگێڕی هەیە. بەگوێرەی ڕاپرسییەکی ساڵی 2013، لە 61%ی ئەمریکاییەکان دەرنجامی لێکۆڵینەوە فەرمییەکانی کوژرانی کەنەدی بەڕاست دانانێن، ئەوەی جێی سەرنجە پاش سەلماندن بە کۆمەڵێک پشکنین و ڕاپۆرتی جیاجیا، کەچی ئێستەش ئەو ڕێژەیە لە 50% دانەبەزیووە. لە ڕاپرسییەکی دی ساڵی 2014دا بەدەر دەکەوێت19% ی ئەمریکاییەکان پێیان وایە، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان خۆیان پلانی هێرشەکەی 11ی سێپتێمبەریان داڕشت، بە بۆچوونی24% یان سەرۆک ئۆباما لە ئەمریکا لەدایک نەبووە، 25%یان دەبێژن خاوەن بانکەکان لە ووڵ ستریت (Wall Street)، هۆکاری ڕاستەقینەی قەیرانی ئابووری جیهانی بوون لە ساڵی 2008. ئەمانەش نەک تەنیا لای کەسانی ئاسایی، بگرە ترامپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، چەندان جار دانی ناوە بە بوونی هەندێ لەو بیردۆزە پیلانگێڕییانە، وەک ئەوەی دەربارەی ئۆبامە، هەروەها لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن وای بۆ دەچوو، باوکی یەکێک لە سیناتۆرەکان دەستی هەبووبێ لە کوشتنی کەنەدی، گۆڕانی کەشوهەوا و بەندبوونی گەرمیشی بە پیلانی چینییەکان دادەنا. لە ڕاستیدا نە سەرۆک ترامپ و نە هیچ کەسێک لەم نموونانەی ناومان بردن، بەڵگەی تەواوی نەخستووەتە بەردەست بۆ بیردۆزەکانی.
ئەوەی پێویستی بە ئاماژە پێکردنە و دەبێ هەموومان بیزانین، دەشێ هەندێ جار پیلانگێڕییەکان ببنە ڕاستی، هاوشێوەی شاردنەوەی ئابرووچوونەکەی وتەرگێیت (Watergate scandal)، یاخۆ لە کاتی سەرۆکایەتی ڕیگان، چەک فرۆشرایە ئێران بەشێوەیەکی نایاسایی، بەمەبەستی یارمەتیدانی دارایی یاخیبووانی کۆنتڕا لە نیکاراگوا و چەند بابەتێکی دیکەی لەم جۆرە پیلانانە.

  مەترسییەکانی باوەڕهێنان بە بیردۆزە پیلانگێڕییەکان 

تۆژینەوە و دوا ڕاپرسییەکان پێمان دەڵێن، لەبەر بوونی جیهانە فرەوانەکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ژمارەی دروستکەران و بڕواهێنان بە پیلانگێڕیی گەلەک بەخێرایی پتر دەبێ، بەهۆی ئاسانبوونی پێوەندیکردن بە کەسانی خاوەن بیرۆکەی پیلانگێڕی و گۆڕینەوەی زانیاری بۆچوون و بیروڕاکانیان. بێگومان ئەمەش زەنگی مەترسییەکی گەورەیە بۆ کاریگەری ئەو بیردۆزانە لەسەر نەوەکانمان، بەشێوەیەک ببێتە ڕێگر بۆ نموونە، لە خۆپارێزی و کوتان دژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و متمانە نەبوون بە پزیشکان و کاری پسپۆڕان. هاوشێوەی ئەوەی سەردەمانێک خەڵکانێکی زۆری ئەمریکا و ئەوروپا نەیان دەوێرا منداڵەکانیان بکوتن، کاتێک یەک لە پزیشکە بەناوبانگەکان، هۆکاری تووشبوونی منداڵانی بە چەند نەخۆشیەکی دەمارەکی و دەروونی بە پێکوتەکان بەستەوە، ئەمەش بووە هۆی ڕێگری دایک و باوکان لە کوتانی منداڵەکانیان، دواجار وای کرد، ژمارەیەکی زۆر لە تووشبوون بە نەخۆشی سورێژە و پتربوونی ڕێژەی مردن تۆمار بکرێت.
لە کۆمەڵگەی ئێمە و هاوشێوەکانیدا، دانپیانەنان بە شکست و کێشەکانی ناوخۆ وەک بنچینەیەک بۆ هۆکاری دواکەوتن، بەرەو بڕواهێنانمان بە بیردۆزەکانی پیلانگێڕی دەبات. بەڵام لەمێژە گوتراوە کە داگیرکاری دەرەکی هەرگیز ئەنجام نادرێت، ئەگەر لە ناوەخۆدا دووچاری هەڵوەشانەوە و داڕمان نەبین. 
پیلانگێڕان هیچیان بەربەست نین لەبەردەم پێشکەوتن، بەڵکو لەبەر نەبوونی بناغەیەکی پتەوی زانستی و ڕۆشنبیریی و هۆشیاری کۆمەڵایەتییە کە زۆربەی گەلانی ناوچەکەمانی گرتۆتەوە، بەمەش نەتوانین هیچ هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بنێین. نەزانین و تێنەگەیشتن لە ڕووداوە مێژووییەکان، دەبنە هۆی ئەوەی کەسەکان بەئاسانی ببنە نێچیری بیردۆزە پیلانگێڕییەکان، ئەوانە خاوەندارییەتی کەسایەتی خۆیان لەدەست دەدەن، دەرەنجام کۆمەڵگەش دووچاری شکستی بەردەوام دەبێ. 
کێشە و گرفتی هەرە مەزن ڕێزنەگرتنی کاری زاناکان و گومانکردنە لە سوود و بایەخی زانست و تەکنەلۆژیا. بڕوانەهێنان بە گۆیی زەوی و چوونی مرۆڤ بۆ سەر مانگ و چەندان بابەتی دی زانستی، پتر کۆمەڵگەکەمان دوور دەخاتەوە لە زانست، ئەمەش ڕاستەخۆ دەروازەی بڵاوبوونەوەی گەندەزانست و شتگەلی خوڕافات و پڕوپووچەکان واڵا دەکات.
لەلایەکی دیکەوە شارەزایان و پسپۆڕانی کۆمەڵناسیش پێیان وایە، بیردۆزەکانی پیلانگێڕی زیانیان هەیە و دەبنە بەربەست لەڕێی چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسیەت، نەمانی بڕوا و متمانە لە کۆمەڵگەکاندا بەرەو ئەوەمان دەبات، هەمووان بەدگومان بین لە یەکدی وبەرانبەرەکەمان بە دوژمن دابنێن. بۆیە دەبیژین خودی بیردۆزی پیلانگێڕی گشت کاتێک گەورەترین پیلانە بۆ وێرانکردنی گەل و نەتەوەکان.

چەند نموونەیەکی ناسراوی بیردۆزەکانی پیلانگێڕی

ئاشکرایە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە بیردۆزی پیلانگێڕی لە جیهاندا بوونی هەیە، بەڵام لێرەدا هەوڵ دەدەین لەڕێی خشتەیەکەوە بەکورتی چەند دانەیەکی بەناوبانگ و ناسراو بخەینە بەردەست.
هەرچەندە زۆربەی ئەو بیردۆزانە ناتواندرێن بە بەکارهێنانی تۆژینەوە مێژوویی و زانستییەکان بسەلمێندرێن، بەڵام نابێ تێکەڵ بکرێن لەگەڵ ئەو پشکنینانەی ئەنجام دەدرێن بۆ دەسنیشان کردنی پلانە ڕاستەقینەکان. بۆیە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە لە بنچینەوە گشت بیردۆزە پیلانگێڕییەکان هەڵە و هەڵبەستراو نین و ڕاستبوونیان دەوەستێتە سەر بەڵگەی یەکلاییکەرەوە.

مردن و کوشتنی ناوداران

مردن و کوشتنی کەسایەتییە ناودارەکان هەمیشە جێی سەرنجی دانەرانی بیردۆزەکانی پیلانگێڕین، بە نموونەی ئەبرەهام لنکۆڵن، مارتن لۆتەر کینگ، دیانای خانمەمیر، مایکل جاکسۆن، مارلین مۆنڕۆ، مۆزارت، پاپا جۆن پۆل، ئۆلۆف پاڵمێ. گوایە مردنی ئەڵڤیس پریسلی درۆ بووە، هیتلەریش پاش جەنگی دووەمی جیهانی ڕزگار کرا و نێردرایە ئەمریکا، یان بەستەلەکی باشوور، تا ڕادەی ناو مانگیش. بیردۆزی شاردنەوەی هیتلەر بەمەبەست و چەواشەکردن لەلایەن یەکێتی سۆڤیەت بە سەرۆکایەتی ستالین بڵاوکرایەوە. بیردۆزێکی دیکە لە ساڵی 2017 سەری هەڵدا دەربارەی سەرۆکی نێجیریا موحەمەد بوخاری، دەڵێن پاش مردنی کەسێکی فێڵبازی وڵاتی سودان کە شێوەی لەو دەکرد لە شوێنیان داناوە. 
لەم چەرخەدا گەلەک بیردۆز هاتنە دروستکردن، پاش کوژرانی سەرۆکی ئەمریکا جۆن کەنەدی (1963)، تا ئەمڕۆکە نێزیکەی 1000 کتێب چاپ کراوە سەبارەت بەو کوشتنە، بەلایەنی کەمەوە %90ی ئاماژە بە بوونی پیلانێک دەدەن، ئەم کوشتنە یەکێکە لە مەزنترین و ناسراوترین ڕووداو بۆ بابەتی بیردۆزی پیلانگێڕی. کەسایەتی و ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە گروپ و ڕێکخراوەکان تاوانبار کران بە کوشتنی کەنەدی لەوانە، جێگری سەرۆک، دەزگەی هەوڵگری ناوەندی ئەمریکایی و سۆڤیەتییەکان، مافیا، فیدل کاسترۆ و چەندانی دیکە.
لە کۆنیشدا گەلەک بیردۆزی پیلانگێڕی سەریان هەڵداوە، پاش کوشتنی کەسانی بەناوبانگ و ناودار. وەک بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێک بیردۆز، دوای مردنی ئیمپراتۆری مەزنی ڕۆمانی نیرۆن، ئەوی بە هۆی خۆکوژییەوە کۆتایی بە ژیانی هێنا (ساڵی 68ی زاینی). چەندانێک لەو بیردۆزانە پێیان وا بوو نیرۆن بەساختە مردنی خۆی ڕاگەیاندووە، خۆی شاردۆتەوە و بەدزییەوە خەریکی پیلانێکە بۆ هاتنەوە و گێڕانەوەی دەسەڵاتەکانی. زۆر لە کریستییانەکانی ئەو سەردەمە، بڕوایان بە بیردۆزی پیلانگێڕی هەبوو، لەترسی هاتنەوەی نیرۆن، لەبەرئەوەی لەسەر دەستی نیرۆن دووچاری ئازار و کارەساتێکی گەورە ببوون.

ماسۆنییەت و زایۆنیزمی جیهانی

پرۆتۆکۆلەکانی فەرمانڕەوا زایۆنیزمەکان بەڵگەنامەیەکە پێک دێت لە 24 پرۆتۆکۆل بۆ پلانێکی نهێنی، لەلایەن جووەکانە دانراوە بۆ هێرشکردن و دەست بەسەرداگرتنی جیهان، پاشان دەرکەوت لە کتێبێکەوە وەرگیراوە و بابەتێکی ساختە و هەڵبەستراوە.
ماسۆنییەتیش ڕێکخراوەیەکی جیهانییە و ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی خاوەن هەمان بۆچوونی تێدا بەشدارن دەربارەی ڕەوشت، میتافیزیک، ڕاڤەی گەردوون، ژیان و باوەڕداری بەبوونی خوا. ئەمانە بەنهێنییەکی تەواو کارەکانیان ئەنجام دەدەن، بۆیە بوونەتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی چەندان بیردۆز سەبارەت بە مەبەست و ئامانجی ڕاستەقینەیان. لایەنگرانی بیردۆزی پیلانگێڕی دەڵێن، ئەم ڕێکخراوەیە دەیەوێت هەموو جیهان بخاتە ژێر دەستی خۆی، بۆ بەعەلمانی کردنێکی مەبەستدار و نەهێشتنی بیروباوەڕی ئاینی کۆمەڵگەکان. زۆرێک لە شڕۆڤەکارانی خۆرهەڵاتی ناوەراست ئەمانە دەدەنە پاڵ ڕێکخراوە زایۆنیزمییەکان، لەبەر بوونی گەلەک خاڵی هاوبەش لە بیروڕاکانیان. هەندێک نوقومبوونی تایتانیک و تاوانەکانی بکوژی ناسراو بە (جاکی خوێنڕێژ) دەخەنە ئەستۆیان، وەک بەشێکیش لە پیلانی دژایەتی سامییەکان دەیان ناسێنن.

  ڕژێمی نوێی جیهانی

بە سەرپەرستی دانەری کۆمپانیای ڕۆشەنبیرانی باڤاریایی، لەگەڵ کۆمەڵێک بەرپرسە مەزن و گرینگەکان، دامەزراوەی ڕاگەیاندن و کۆمپانیا پیشەسازییەکان خەریکی زاڵبوونن بەسەر جیهان. گوایە ئەمانە هەڵگیرسێنەرانی گشت جەنگە گەورەکانی دوو سەدی ڕابردوون، گلاون بە یاریکردن بە ئابووری وڵاتان و چەندان کاری دی بەد و ناڕەوا. 
کۆمەڵێک لە لایەنگرانی بیردۆزەکان وای بۆ دەچن، فڕۆکەخانەی دێنڤەری نێودەوڵەتی (Denver International Airport)، لەسەر شارێکی ژێرزەمین بنیات نراوە، ئەو شارە نهێنی و شاراوەیە شوێنی ڕێکخستنێکی دەسەڵاتێکە بۆ بەڕێوەبردنی جیهان، هۆکارەکەشی لەبەر ڕووبەرە یەکجار گەورەکە و دورییەکەیەتی لە ناوەڕاستی شاری دێنڤەر.

ڕووداوی فڕۆکەکان

بەدەگمەن گەشتی ئاسمانی و ڕووداوێکی فڕۆکەکان بەبێ بیردۆزی پیلانگێڕی تێدەپەڕێت. هەر کاتێک فڕۆکەیەک دەکەوێتە خوارەوە چی گەشتیاری و سەربازی، یان لایەنی دیکە بێت، ڕاستەخۆ کۆمەڵێک بیردۆز سەرهەڵ دەدەن.
کاتێک فڕۆکەی مالیزیایی ساڵی 2014 لە گەشتێکیدا (MH370) ون دەبێت، ژمارەیەک لە بیردۆز دێنە گۆڕی. یەکێکیان ئاماژە دەدات بەوەی، ئەم فڕۆکەیە شاردرایەوە و پاشان لە هەمان ساڵدا بەگەشتێکی دیکە (MH17) خرایە ڕوو، تا بە مەبەستێکی سیاسی لەسەر ئۆکراینا بخرێتە خوارەوە. دەگوترێ کە گەشتی (MH17)، بەشێک بووە لە پیلانی شاردنەوەی ڕاستییەتی ڤایرۆسی ئایدز (حەفت پسپۆڕی نەخۆشییەکان لەناو فڕۆکەکەدا بوون)، ئەو دەمە بەرپرسیاریەتی ونبوونەکە درایە پاڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی ئیسرائیل.
لەتەک ئەو بابەتانە چەند بیردۆزێکی دی هەن دەربارەی فڕۆکەکان وەک، هیلیکۆپتەری ڕەش کە لە شەستەکاندا پڕوپاگەندەی بۆ دەکرا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەوەی لەم نێزیکانە هێزیکی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بە فڕۆکەی هێلیکۆپتەری ڕەش دێن، بۆ ئەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بخرێتە بەر دەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
کیمتریل (chemtrail): بەگوێرەی سیاسەتی نهێنی هەندێ لە وڵاتان، فڕۆکە جەنگییەکانی لە بەرزاییەکی زۆرەوە دەفڕن، چەندان ماددەی کیمیایی ژاراوی لە گەڕێنەرەکەیان دێتە دەرەوە. بەڵام دەرەنجامی تۆژینەوەی پسپۆڕانی کیمیایی بەرگەهەوا، هیچ بەڵگەیەکیان نەدۆزییەوە بۆ پشتەوانی لەو جۆرە بیردۆزانە.

پیلانی سەرۆکەکان

باراک ئۆباما: چەندان بیردۆز هەیە لەسەر سەرۆک ئۆباما، گوایە بەنهێنی موسڵمانە و لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدایک نەبووە، جگە لە بووکەڵەیەکیش بە دەست فرە دەوڵەمەندەکان هیچی دی نییە (ئەم بۆچوونە لە ساڵی 2009 کرایە فلم).
کلینتۆن: لە نۆهەتەکانەوە کەسانێک هەن دەڵیێن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بیل کلینتۆن و هاوسەرەکەی هیلاری کلینتۆن، گەلەک کاری ناڕەوایان بە ئەنجام گەیاندووە و پتر لە پەنجا لە هاوەڵەکانیان بە کوشت داوە. 
هەر لە بابەتی ئەو سەرۆکانە ئاماژە دەدەین بە بیردۆزی پیلانگێڕی، بۆ فڕوفێڵ و دزینی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان، ئەم تاوانبارکردنە لە زۆربەی هەڵبژارنەکانی جیهاندا بەرچاو دەکەون. بە نموونە ترامپ بانگەشەی دەکرد لە کاتی دۆڕاندنەکەی ساڵێ 2020دا بەرانبەر بە بایدن.

11ی سێپتێمبەری 2001

لەوەتەی هێرشی تیرۆریستەکانی 11ی سێپتێمبەری دژی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕووی داوە، ژمارەیەکی زۆر لە بیردۆزی پیلانگێڕی سەریان هەڵداوە، بەوەی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بەچاکی ئاگاداری هەموو وردەکارییەکانی ئەو هێرشە بوون و خۆیان لێی بێدەنگ کرد، تا ڕادەی ئەوەی هەندێک دەبێژن، ئەمریکا خۆی بە یارمەتی جووەکان ئەنجامی داوە، بۆ ئەوەی ببێتە بیانوو بۆ داگیرکردنی وڵاتانی ئیسلامی. بەلگەشیان ئەوەیە کرێکار و خاوەن ئیشە جووەکان لەو ڕۆژەدا پشوویان وەرگرت و کەسیان نەکوژران، چونکە پێشتر پێیان گوترا بوو، لەڕاستیدا ئەم تاوانبارکردنانە هیچ بنەمایەکیان نییە و گشتیان دوورن لەڕاستییەوە.

  کەسە فرە دەوڵەمەندەکان 

بیل گێیتس: لەگەڵ ئەوەی بیڵ گێیتس یەکێکە لە پێشەوا هەرەمەزنەکان و خێرخوازە ناسراوەکانی جیهان، چەندان ملیار دۆلای بەخشیووەتەوە بواری جیاجیای ژیان و یارمەتیدانی پشکنین و تۆژینەوە پزیشکییەکان و ڕێکخراوە زانستییەکان، لەڕێی کوتانەکان بۆ ڕزگارکردنی هەزاران مرۆڤ لە مردن، کەچی بەداخەوە لەمێژە بووەتە کەسی یەکەم بۆ داهێنەران و دروستکەرانی بیردۆزی پیلانگێڕی. بەبێ هیچ بەڵگەیەک بە کەسێکی دڕندە و فێڵباز و ئەنجامدەری گەلەک لە تاوانی گەورە دادەنرێت وەک، دروستکەری ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی مرۆڤ و قڕکردنیان، سیخوڕیکردن و بەدەستهێنانی زانیاری لەڕێی پێکوتەکان و چاندنی تەنکەی ئەلیکترۆنی لە لەشی مرۆڤەکان. گوایە خۆی و ژنەکەی لە ئەفریکاش، کۆمەڵێک پێکوتەیەکیان لەسەر مناڵە هەژارەکان تاقیکردۆتەوە و دەرنجام ژمارەیەکیان مردوون.
یەکێک لە هۆکارەکانی گومانکردنەکان ئەوە بوو، بیڵ گێیتس لە ساڵی 2015 لە لێدوانێکیدا گوتی، ئەو شتەی لە چەند ساڵێکی داهاتوودا دەبێتە هۆی کوشتنی ملیۆنان کەس، لەوانەیە لەڕێی ڤایرۆسێکەوە بێت نەک جەنگێک. ئەو دەمە کەس هێندە گرینگی بەو گوتەیە نەدا، بەڵام ئەگەر ئێستە سەیری ڤیدیۆی تۆمارکراوی ئەو لێدوانە بکەی، دەبینیت بە دەیان ملیۆن کەس سەیریان کردووە و ڕۆژ بە ڕۆژیش ژمارەیان پتر دەبێت.
بەرانبەر بەمانە بیڵ گێیتس لە چەندان چاوپێکەوتندا ئەوە دووپات دەکاتەوە دەڵێت، ڕێکخراوەکانمان تەنیا پارە دەبەخشن و مەبەستمان چاکەکارییە، ئەوانەشی ئێمە دەناسن، چاک دەزانین چیمان کردووە و چەندە یارمەتی خەڵکانمان داوە و منداڵانمان لە نەخۆشییە ترسناکەکان پاراستووە. دەشڵی زۆرم پێ سەیرە ئەو پڕوپاگەندانە دژم دەکرێت، لەڕاستیدا گشتیان جێی سەرسڕمان و هەندێ جار هی پێکەنینن.
دامەزراوە تەندروستییە جیهانییەکان بەتووندی دژی ئەو بانگەشە و بیردۆزانەن و دەبێژن: "لە کاتێکدا جیهان دووچاری قەیرانێکی مەزنی لەشساغی و ئابووری بووەتەوە، کەچی بەداخەوە هەندێک کەس زانیاری چەواشەکارانە بڵاو دەکەنەوە، لەبری ئەوەی بەهەمووان ڕووبەڕووی ئەو نەخۆشییە کوشندەیە ببینەوە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی تێکڕای مرۆڤایەتی."
جۆرج سۆرۆس: ملیاردێری ئەمریکی بە نەژاد هەنگاریایی جۆرج سۆرۆس، هاوشێوەی بیل گیتس لە مێژە بووەتە جێی سەرنجی داهێنەرانی بیردۆزی پیلانگێڕی. سۆرۆس بەردەوام سەرمایەکەی بەکار دەهێنیت بۆ بابەت و پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فێرکردن و زانستی، بۆ ئەوەش تا ساڵی 2016 نێزیکەی 11 ملیار دۆلاری خەرج کردووە. لەگەڵ گشت ئەو کارە خێرخوازییەی، تاوانبار دەکرێت بە یاریکردن بە ئابووری و سامانی وڵاتان، هەروەها بە پشتەوانی کردنی ڕێکخراوە و کەسانی توندڕە و خراپەکار. گەلەک لایەن پڕوپاگەندەی نابەجێ بڵاو دەکەنەوە لە دژی سۆرۆس، لەمەشدا بەناوبانگترینیان سەرۆکی پێشوو دۆناڵد تڕامپە.

بیردۆزەکانی تورکیا

تورکیا زۆر خولیای هەڵبەستنی بیردۆزی پیلانگێڕییە، بەتایبەتیش لە سەردەمی ئەردۆگان، هەر ئەردۆگانە زاراوەی مێشکی باڵا (üst akıl)، یاخۆ مێشکی بەڕێوەبەری داهێناوە. ئەوەی ئاماژەیەکە بۆ ئەو لایەنەی بەردەوام لە پیلانگێڕییە دژی تورکیا، بەیارمەتی سەرۆک و ناحەزان لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مەبەستیشیان لاوازکردن، تا ڕادەی هەڵوەشاندنەوەی تورکیان. تورکیا جگە لە چەندان وڵات، گروپ و ڕێکخراوەکانیش تاوانبار دەکات وەک، پەکەکە و داعش و لایەنگرانی بانگخواز فەتحوڵا گولەن. 
گەیشتە ئاستێک تورکیا هۆکاری ڕوودانی بوومەلەرزەکانیش دەخاتە ئەستۆی پیلانگێڕەکان، بۆ هەرەسهێنانی ئابووری تورکیا. لە هەمووی سەیر و سەمەرەتر، کاتێک پانتۆڵی جینزی دڕاو و کون کون بڵاو بۆوە لەناو گەنجەکان، هەندێک لە دەسەڵاتداران دەیان گوت، شێوە و جۆری دڕانەکان واتای تایبەتییان هەیە، بۆ پێوەندی کردن لەنێوان بەکرێگیراوانی ناوەوە و دوژمنانی دەرەوە.

دژەسامییەکان

هەر لە سەدەی ناوەڕاستەوە، چەمکی دژەسامی بەستراوەتەوە بە بیردۆزی پیلانگێڕی، لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست ژمارەیەکی زۆر پێیان وابوو جووەکان بیرە ئاوییەکانییان ژاراوی کردووە، تاوانبارن بە کوشتنی عیسا، هەروەها چەندان بەڵگەی ساختەیان خستە بەردەست، گوایە جووەکان بەرپرسن لە بڵاوبوونەوەی کۆمەنیستی. ئەم بیردۆزە دژەسامییانە لەلایەن هیتلەرەوە بەتەواوی پەرەی پێدرا و بە کردارەکی بووە پاساوێک بۆ کۆمەڵکوژی جووەکان. ئەم پیلانگێڕییانە ئەمڕۆکە لە بانکەکان، هۆلیۆدی فلمسازی، دەزگەکانی ڕاگەیاندن و حوکمەتی ئیسرائیل ڕەنگی داوەتەوە، هەمووی دەدرێتە پاڵ جووەکانی جیهان.
هاوکات نکولیکردن لە هۆلۆکۆست دیسانەوە بە بیردۆزی پیلانگێڕی دادەنرێت بۆ دژەسامییەت، بەوەی هۆلۆکۆست فڕوفێڵێک بوو بۆ قازانج و بەرژەوەندی جووەکان و بووە بیانوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل. چەند ناودارێک هەن لە جیهداندا نکولی لە هۆلۆکۆست دەکەن، وەک سەرۆکی پێشووی ئێران مەحمود ئەحمەدی نەژاد. ئەوەی پێویستی بە ئاماژە کردنە لەتەک ئەم دژەسامییەتە، دژەئەرمەن و دژەبەهائییەکان و زۆری دژەنەتەوەی دیکە هەن.

دژەکاتۆلیکەکان

لەسەرەتای چاکسازی پڕۆتستانتی سەدەی شازدەیەم، گەلەک بیردۆزی پیلانگێڕی جۆراوجۆر سەریان هەڵدا دژ بە کریستیانە کاتۆلیکەکان، ژمارەیەک لە کەسانی بەناوبانگ بانگەشەیان ئەوەیان دەکرد کاتۆلیکەکان هەرەشەن بۆ سەر بەریتانیا. کۆمەڵێک لە نووسەرەکان زانیاری ئەوەیان بڵاو دەکردەوە، گوایە پاپا مەسیحی دەجالە، کاتۆلیکەکان گشت بەڵگەکانی بەهەڵەخستنەوەی کلێسا دەشارنەوە و ناهێڵن کەس ڕەخنەیان لێ بگرێت، دەشڵێن کاتۆلیکەکان چەندان تاوانی زۆر گەورەیان ئەنجام داوە، نەخشە دادەنێن بۆ کارەساتی مەزنی دی.
لە ساڵی 1852 کاربەدەستێکی بەرز و ناسراوی سکۆتلەندایی کتێبێک بڵاو دەکاتەوە تێیدا دەڵێت، کلێسای کاتۆلیکی درێژە پێدەری ئاینی بتپەرستی کۆنی سەردەمی بابلییەکانە، دەرەنجامی پیلانێکی چەند هەزار ساڵییە لەلایەن نەمرودی شای تەوراتی و شاژنی ئاشوری. هەروەها دەبێژێت، هەموو ئەو بۆنە ئاینییانەی هەن لە جەژن و ئاهەنگێڕانەکانی کریستییانەکان، هەمان بتپەرستی کۆنن. 
لە چوارچێوەی ئەم بابەتەدا، لە ساڵی 1978دا پاش یەک مانگ لە هەڵبژاردنی بۆ پلەی پاپایەتی، پاپا یۆحەنا پۆڵسی یەکەم کۆچی دوایی دەکات. مردنەکەی لە کاتێکی ئاوا و سەختی کێشەکانی خۆ ئامادەکردن بۆ ناشتنی، بوونە جێی چەندان بیردۆزی پیلانگێڕی. هاوشێوەی ئەمە لە 2013دا ڕووی دەدات کە پاپا دەست لەکارکێشانەوەی خۆی ڕادەگەینێت لەبەر هەندێ هۆکاری تایبەتی، ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە ئیتالییەکان ژمارەیەک پڕوپاگەندەیان بڵاوکردەوە لەوانە، دەست لەکارکێشانەوەکە بەهۆی تێوەگلانی تۆڕێکی کاتۆلیکی بووە لە هاوڕەگەزبازان لەژێر زەویدا.
بابەتی کۆتایی و نەمانی جیهان و هاتنی مەسیحی دەجال، بەتایبەتیش لەلای کرستیانەکان بووەتە هۆکاری دروستکردنی گەلەک بیردۆزی پیلانگێڕی، ئەو سەرۆکە دڕندەیەی ئیمپراتۆریەتێکی داپڵۆسێنەر دادەمزرێنێت. ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی مێژوو بە دەجالی دژەعیسا دەست نیشان کراون وەک، ئیمپراتۆری ڕۆمانی فریدریکی دووەم، ئیمپراتۆری ڕوسی پەترۆسی گەورە، سەلاحەدینی ئەیوبی، پاپا جۆنی بیستودوو، ناپلیۆن پۆناپارت، مۆسۆلینی، هیتلەر، ئۆباما.
هاوکات هەندێ بیردۆز ئاماژە دەدەن بەوەی، بەشێکی زۆر لە ئینجیل هەڵەیە، یان بەمەبەستەوە لابراون. چەند بیردۆزێک بانگەشە دەکەن، عیسا و مەریەمی مەگدەلینە یەکتریان خۆش ویستووە و هاوسەرگیریان پێک هێناوە، پاش مردنی عیسا، منداڵ و نەوەکانیشیان بەنهێنی لە شوێنی نادیار ژیاون. بایەخدان بەو چیرۆکە هەڵبەستراوە، دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی هێمای داڤینشی (2003) پتر تەشەنەی کرد.

لەناوبردنی ئیسلام

دژایەتیکردن و هەوڵی لەناوبردنی ئیسلام و موسڵمانان، یەکێکە لە ناسراوترین بابەت بۆ لایەنگرانی بیردۆزی پیلانگێڕی، لەڕاستیدا زۆربەی موسڵمانان پێیان وایە، ئایندارانی ناموسڵمان و وڵاتانی جیهان بە یارمەتی بێباوەڕان و دژکارانی ئیسلام لە ناوەوە، بەردەوامن لە پیلانگێڕی بۆ نەهێشتنی ئیسلام. ناوهێنانی پیلانگێڕەکان ئەو دەمە دێتە پێش ئەگەر بابەتێکی کۆمەڵایەتی کێشە دروست بکات، یان کۆمەڵگە دووچاری قەیرانێکی سیاسی و ئابووری ببێت، گەلەک جاریش شەڕی خاچپەرستان دەکرێنە خاڵێ دەستپێکردن. سەرهەڵدانی تیرۆریستانی داعش، هەمیشە دروستبوونیان دەدرێتە پاڵ دەسەڵاتدارانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەزگە هەواڵگرییەکەی، بەهەمان شێوە بۆ گشت گروپە توندڕەو و تیرۆریستییەکانی دیکە.

ڕەگەزپەرستی

لەمێژە کۆمەڵێک بیردۆز هەن دەربارەی ڕەگەزپەرستی و دژایەتی ڕەش پێستەکان، وەک ئەوەی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هەیە، بەرانبەر بە وانەی بە ڕەچەڵەک ئەفریکایین، لە هەموو سەردەمێکدا هەر شتێک ڕووبەڕووی ڕەش پێستەکان ببێت، بە پیلانگێڕی دادەنرێت.
هاوکات گەلەک بیردۆز بڵاو دەکرێنەوە لەسەر هەوڵی کۆمەڵکوژی سپی پێستەکان وەک، پتربوونی ژمارەی پەنابەران، کەمبوونەوەی ڕێژەی منداڵبوون و لەبارچوون لەو وڵاتانەی سپی پێستەکان زۆرترن، بەشێوەی پیلان لێی دەڕواندرێت بۆ کردنی سپی پێستەکان بە کەمینە و لەناوبردنیان. بۆ نموونە، بەگوێرەی ڕاپرسییەک لە ساڵی 2017 لە فەڕەنسا، %48ی بەشداربووان پێیان وایە سیاسەتکاران و دەزگەکانی ڕاگەیاند، کار دەکەن بۆ گۆڕینی سپی پێستەکان بە پەنابەران.

  پزیشکی و دروستکردنی نەخۆشی و پەتایەکان

ڤایرۆسەکان: زاناکان چەند بەڵگەیەکیان کەوتۆتە دەست، لەسەر گواستنەوەی ڤایرۆسی ئایدز لە مەیموونەکانەوە بۆ مرۆڤ لە ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوو. کەچی ئاشکرا بووە هەواڵگری سەردەمی سۆڤیەت (KGB)، بە مەبەستەوە بیرۆکەی ئەوەی بڵاو کردووەتەوە کە دەزگەی هەواڵگری ئەمریکایی دروستکەری ئەو ڤایرۆسەیە. بەهەمان شێوە بۆ ڤایرۆسی ئیبۆلا، ژمارەیەک لە کەسانی بەناوبانگ لایەنگری ئەو بیردۆزانەن وەک، ئەکتەر ستیڤن سیگال، سەرۆکی ئەفریکای باشووری پێشوو تابۆ مبێکی. 
بۆ ڤایرۆسی (سارس)یش لە مانگی یەکی 2020، ڕۆژنامەی بی بی سی وتارێکی بڵاو کردەوە، گوایە ڤایرۆسەکە بەشێک بووە لە چەکی بایۆلۆژی وڵاتی چین و ئامۆژگەی (وهان) بۆ تۆژینەوە زانستییەکانی بواری ڤایرۆسەکان.
کۆرۆنا، یاخۆ COVID-19)) هەر لەسەرەتاوە گەلەک بیردۆزی پیلانگێڕی بۆ دروست کرا، زۆرێک لە لایەنگرانی ئەو بیردۆزانە بانگەشەی ئەوە دەکەن، ڤایرۆسەکە لە تاقیگە بەبەرهەم هاتووە، دزراوە لە ئەزموونگەی تۆژینەوەکان، چەکێکی چینی یان ئەمریکاییە، پیلانێکی جووەکانی جیهانە بۆ ناچارکردنی گەلانی جیهان بۆ کوتانێکی گشتگیر، بەشێکە لە پیلانی دژ بە ئیسلام، یاخۆ نەخشەدانانێکە بۆ کەمکردنەوەی دانیشتوانی جیهان لەلایەن دەوڵەمەندان و ملیاردێرەکانی هاوشێوەی بیل گێیتس.
فلۆراندن: سەرەتا دەیان گوت، پیلانێکی کۆمەنیستەکانە بۆ پیسکردنی لەشی ئەمریکاییەکان. تێکردنی ماددەی فلۆر بۆ ئاوی خواردنەوە، سوودی هەیە بۆ ڕێگرتن لە کلۆربوونی ددان. هەرچەندە زۆربەی ڕێکخراوەکانی تەندروستی ددان لایەنگری ئەو کردارەن، کەچی خاوەنی بیردۆزەکانی پیلانگێڕی دژی دەوەستن، بە بیانووی ئەوەی هەوڵێک بووە بۆ ڕزگاربوون لە پاشماوەی پیشەسازییە زیانبەخشەکان، یاخۆ بۆ شاردنەوەی شکستی یارمەتی و چاودێریکردنی ددانی هەژارەکان.
پێکوتە: دەگوترێ کۆمەڵەک لە بەرهەمهێنەرانی دەرمانەکان، هەڵساون بە داپۆشین و بەنهێنی هێشتنەوەی بوونی پێوەندی نێوان پێکوتە و نەخۆشی دەمارەکییە ترسناکەکان. ئەم بیردۆزە پاش بڵاوکردنەوەی پەڕاوی تۆژینەوەیەکی ساختەی پزیشکێکی ناسراو لە ساڵی 1998 تەشەنەی کرد. ئەم بیردۆزەی هەڵمەتی ڕێگرتن لە کوتان، ژمارەیەک لە کەسانی بەناوبانگی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، لەم دواییانەشدا سەرۆک ترامپ، بەمەش بەداخەوە ڕێژەی نەخۆشییەکان و مردن پتر بوون لە وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
بەر لە چەند ساڵێک لە پاکستان و نێیجیریا ئەم بیردۆزە بووە جێی بایەخ و بەشێوەی پیلانێک دژ بە ئیسلام نیشان درا، تا گەیشتە ئەو ڕادەیەی هێرشی بکوژان و تەقینەوەکانی لەو دوو وڵاتەدا ڕویان داوە، بە هەڵمەتی کوتان ببەسترێنەوە. 

کەشوهەوا و دیاردە سروشتییەکان

بەندبوونی گەرمی ماوەیەکە بووەتە بابەتی سەردەم، ئەم کێشە مەزن و ڕاستەقینەیە لەلای هەندێکەوە بە پیلانگێڕان دەژمێردرێت، ئەوانە وای بۆ دەچن شتێکی هەڵبەستراو بێت و هۆکاری ئایدیۆلۆژی و ئابووری لەپشتدا هەبێت. گەلەک لە کەسانی ناسراو و لایەنگری بیردۆزەکەن وەک، سەرۆکی پێشوو ترامپ، سیناتۆری ئەمریکایی جەیمس ئینهۆف، کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەوانە بەناوبانگەکان.
هەندێ بیردۆزیش هەن دەربارەی دەست بەسەرداگرتنی حوکمەتەکان و بەرنامەی بواری تەکنەلۆژیای ئەمریکایی (HAARP)، لە کەشوهەوا و دیاردە سروشتییەکان و ئەنجامدانی چەندان کارەساتی لە شێوەی، تسونامییەکان، زریانی کاترینای 2005، زەمینلەرزەی هایتی 2010 و هی دیکە.

چوونە سەر مانگ و بۆشایی ئاسمان

بەرنامەکانی زانستی بۆ بۆشایی ئاسمان، بایەخێکی زۆری هەیە لای دانەرانی بیردۆزی پیلانگێڕی، هیچ بابەتێک نییە هێندەی گەشتە ئاسمانییەکان و نیشتنەوەی مرۆڤ لەسەر مانگ بیردۆزی بۆ هەڵبەسترابێ. ئەوانە وای بۆدەچن ناسا هەرگیز نەچووەتە سەر مانگ، گشت وێنە و فلمەکان دەستکرد و ساختەن و پڕن لە کەموکوڕی، هەر هەمووی لە ستۆدیۆکانی سەر زەوی ئامادەکراون، لەمەشدا هەندێکیان ئاماژە دەدەن بە دەرهێنەری سینەمایی بەناوبانگ ستانلی کوبریک.
جگە لەمە بانگەشەی ئەوە بڵاو بووەوە، ئاژانسی ناسا بوونی هەسارەیەکی زلی لە کۆمەڵە خۆرەکەمان شاردووەتەوە بەناوی نیبیرو (Nibiru)، یاخۆ X، ئەوەی گوایە زۆر نێزیک دەبێتەوە لێمان، ئەگەر خۆی بکێشێت بە زەوی ئەوا بەتەواوی وێرانی دەکات. چەندان کاتی دیارکراویان پێشبینی کرد بۆ بەرکەوتنی بە زەوی وەک، 2003 و 2012 و 2017.

زەوی تەخت

هەرچەندە گۆیەتی و قەبارەی زەوی و دووری مانگ و خۆڕ و قەبارەشیان پێش زایین زانراون و پێوانەکراون، بەڵام لە مێژوودا زۆرێک زەوییان بە تەخت ناساندووە. بیردۆزی زەوی تەخت دیسانەوە لە سەدەی نۆزدەیەم لە ئینگلتەرا سەری هەڵدا، لەم دواییانەشدا زیاتر باوەڕداری بۆ پەیدا بوو، ئەو دەمەی پسپۆڕی بەرنامەڕێژی مارک سارگێنت لەڕێی ڤیدیۆکانیەوە بانگەشەی بۆ کرد. لەمەشدا ناسا تاوانبار دەکرێت بە پیلانگێڕی و فڕوفێڵکردن و شاردنەوەی تەختی زەوی. لایەنگران کۆمەڵێک دیاردە و شتی نازانستی و ساختە دەکەنە بەڵگە بۆ بۆچوونە پڕوپووچەکانیان. دەڵێن زەوی لە قەراغەکانیەوە بە چیای سەهۆڵین دەور دراوە، هەموو ئامێرەکانی GPS بەو جۆرە دروست دەکرێن، تا وا لە فڕۆکەوانەکان بکەن هەڵبخەڵەتێن و وا بزانن بەدەوری جیهان دەسوڕێنەوە.

بوونەوەرە ئاسمانییەکان

بوونی بوونەوەرانی دەرەوەی زەوی و پێوەندی کردنیان بە مرۆڤەوە، لەمێژە بووەتە جێی بایەخی داهێنەرانی بیردۆزە پیلانگێڕییەکان، زۆرێک وای بۆ دەچن کە لەمێژە ئەمریکا و هەندێ لە وڵاتە زلهێزەکان کار لەگەڵ بوونەوەرانی گەردوون دەکەن. بە نموونە، دەسەڵاتدارانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چالاکی و ڕووداوی ڕۆزویڵ (UFO Roswell) لە خەڵکی دەشارنەوە، ئەوەی گوایە کەوتنەخوارەوەی کەشتییەکی ئاسمانی بوونەوەرانی دەرەوەی زەوی بووە لە ناوچەی 51. دەبێژن، ئەمریکا گروپێکی دروست کردووە بەناوی (پیاوە ڕەشپۆشەکان)، بۆ کپکردنی لەناوبردنی ئەوانەی ئاگایان لەو بابەتە بووە.
بیردۆزەکانی پیلانگێڕی زۆربەی بیرۆکەکانیان دەربارەی بابەتی بوونەوەرانی دەرەوەی زەوی، لە کتێبی ئاسمانگەڕی کۆن زەکەریا سیتچین (Zecharia Sitchin)، وەرگرتووە. ئەوەی دەڵێت، ئەنۆناکییەکانی ئەفسانەی سۆمەرییەکان لەڕاستیدا ڕەگەزێک بوونە لە بوونەوەری ئاسمانی کە سەردانی زەوییان کردووە پێش پێنجسەد هەزار ساڵ، بۆ بەدەستهێنانی زێری زەوی. سیتچین لە کتێبەکەیدا باسی ڕەچەڵەکی مرۆڤ لە دەرەوەی زەوی دەکات، هەر لەژێر کاریگەری نووسینەکانی ئەم ئاسمانگەڕە، چەندان کەسایەتی دیکە دەربارەی ئەنانۆکییەکان بەسەرهات دەگێڕنەوە کە کۆمەڵە خشۆکێکی سەیر و ناوازە بوونە، خوێنیان دەخواردەوە و شێوەی خۆیان دەگۆڕی. دانەری بیردۆزی پیلانگێری بەریتانیایی ناودار داڤید ئایک (David Icke)، وای بۆ دەچێت چەند کەسایەتییەکی بەناوبانگ وەک ئەو بوونەوەرانەن، یاخۆ نەوەی ئەوانن لەمانە، (بوش)ی باوک و کوڕ لە سەرۆکەکانی ئەمریکا، مارگرێت تاتشەری سەرۆکوەزیرانی پێشووتر و بنەماڵەی شاژنی بەریتانیا، کەسانی دی ناسراو و خاوەن دەسەڵات لە جیهاندا. 

وەرزشەکان

لە ژمارەیەکی یەکجار زۆری وەرزشەکاندا بیردۆزی پیلانگێڕی بوونی هەیە، لایەنگرانی بیردۆزەکان پێیان وایە دەرەنجامی گەلەک یاری و پێشبڕکێ هەر لە سەرەتاوە زانراون، کەسانی دەوڵەمەندی خاوەن تیم و یانەکان، دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان لەڕێی بەرتیلدان بە دادوەران و ڕاهێنەران و یاریزانان، یاری بە ئەنجامەکان بکەن. دەگمەنە کاربەدەستێک، یاخۆ سەرۆکی یەکێتییەکی وەرزشی چەندان تاوان و ئەنجامدانی فڕوفێڵی نەدرابێتە پاڵ. هەرچەندە لێرەشدا پێویستە بیڵێینەوە، دەشێ هەندێ جار شتانێک لەم جۆرە ڕوو بدەن، وەک ئەوەی لە سەرانی پێشووی یەکێتی نێودەوڵەتی تۆپی پێدا (FIFA)، ئاشکرا بوو.
نموونەیەکی ناسراو لەو بیردۆزانە ئەمەیە، لە ڕۆژی یاری کۆتایی تۆپی پێی جامی جیهانی 1998دا، هێرشبەری بەڕازیلیایی ڕۆناڵدۆ کوتوپڕ نەخۆش دەکەوێت، پێش نێزیکەی یەک کاژێر بەر لە دەست پێکردنی یارییەکە، ڕۆناڵدۆ ناوی لابردرا لە ڕیزی یاریکەران. کەچی پێش کەمێک لە یارییەکە لەلایەن ڕاهێنەری بەڕازیل هێنرایە ناو یاریگە و ڕۆناڵدۆ بەشداری یارییەکەی کرد، هەرچەندە فەڕەنسا لە یارییەکەدا براوە بوو. ڕاهێنەری بەڕازیل چەند جارێک دووپاتی کردەوە کە بڕیاری بەشدارکردنەکەی ڕۆناڵدۆ لەوەوە بووە، بەڵام دیسانەوە کۆمەڵێک بابەت وروژێندرا، بەوەی کە کۆمپانیای فرەگەورەی جلوبەرگی وەرزشی بەناوبانگ (Nike)، هۆکاری یاریکردنەکەی ڕۆناڵدۆ بووە و گوێیان نەداوە بە ئامۆژگاری پزیشکان و ناچاریان کردووە یاری بکات.
.............................

سەرچاوەکان؛