عەزیز گەردی، ئەو مرۆڤە نەمرەی، کە نەیهێشت گەردی لێ بنیشێت

Sunday, 12/06/2022, 22:46

5169 بینراوە


وەسێتنامە 

سڵاوتان لێ بێت...!
 هیوادارم کاتێک ئەم وەسێتنامەیەم بڵاودەبێتەوە وەک ئەو هەموو کتێب و بەرهەمە وێژەیانەم لەدوای من کەسانی تر بێنە پێشەوە و کتێبخانە هەژارەکەی گەلەکەم هەست بەنەبوونی من نەکات، چونکە من بەدرێژایی ژیانم هەوڵم داوە خشت لەسەر خشت کتێبخانەی داماوی گەلەکەم هەڵچنم، تا ئەو جێگەیەی لەتوانامدا بووە درێخیم نەکردوە و کارم کردوە، چاوەڕوانی هیچ پاداشێک نەبووم لەکەسێکەوە، بە بەردەوامی ژیانم لەم نیشتمانەدا بەرز و نزمی زۆرهاتۆتە سەر ڕێگام، هەر من نا زۆری خەڵک وابوون .
بۆیە کاتێک ویستم وەسێتنامەکەم بنوسم نەم دەزانی چۆن و چی بنوسم !؟ بەڵام لەخەمی ئەوەدابووم کە ئەم ژیانەم جێهێشت کەسانێک کە ئیستا لە دوای من دێن و داوا لە دەسەڵاتداران دەکەن، کە ماڵەکەم بکرێتە مۆزەخانە، یان کێلی گۆڕەکەم بەردی مەڕمەڕ و نووسینی نەخشێنراو بێت، تژی بێت لەقسەی باق و بریق، یان هۆڵ و پەیکەر و شەقام بەناومەوە بکرێت، ئەوا من دڵنیاتان دەکەمەوە، کە ئەوانە لەخۆیانەوە ئەو داوایانە دەکەن، چونکە من پێویستم بەوە نییە دوای جێهێشتنی ئەم ژیانە بێن و لە بری من خۆیان بکەنە نمایندەی حەزە بچوکەکانیان و لە دەسەڵات بپاڕێنەوە.من لەژیانی کارکردنمدا چاوەڕوانی هیچ شتێک نەبووم، ئێستاش کە بە لاشە جێتان دەهێڵم چاوەڕوانی هیچ لەکەس ناکەم.ئەو بەرپرسانەی هاتن بۆلام بۆ نەخۆشخانە و وێنەی منیان لەسەر چەرپای چاوەڕوانی جێهێشتنی ژیاندا گرت و بڵاویان کردوە، ئەوە دڵنیابن ئازاریان دام، نەک دڵخۆشیان کردم.
 کێ هەیە یەک تۆز کەرامەتی هەبێت، سواڵی بەزەیی هاتنەوە بکات؟
 من لەژیانمدا حەزم بە دەسەڵاتداران نەکردووە، چ جای ئەوەی کە جانتایی ژیانم پێچابۆوە و خەرێکی کۆچکردن و جێهێشتنی ئەو جەهەندەمە بووم کە دەسەڵاتداران دروستیان کردبوو .
--------------------------------------
--------------------------------------
 من بۆخۆم وەک نووسەری ئەم بابەتە لەسەر سەدان بەرگی کتێبدا ناوی "عەزیز گەردی"م بینیوە بەڵام هەرگیز گوێم لەدەنگی نەببوو، لەم ڕۆژانەدا هاوڕێم" شوان حەسەن" دەنگی ئەو جوامێرەی بۆ ناردم تەنها شەش دەقیقە باسی نالی و مەسعود محەمەد دەکات، ووتم خودایە ئەو پیاوە چەنێک بەئاگا بووە؟ ئەو دەیەوێت بمان گەڕێنێتەوە بۆ کتێبێکی مەسعودمحەمەد "دەستەو دامانی نالی" خۆشبەختانە من ئەوکتێبەم هەیەو خوێندومەتەوە دەشزانم کە مرۆڤێک لە عەزیز گەردی بێدەنگ ترچۆن جێی هێشتین؟ گەردی بۆمان باس دەکات کەچۆن ٧ساڵ لەکونجی ماڵەوە مەسعود محەمەد نایەتە دەرەوەو دەخوێنێتەوە و غەرقی کتێب دەبێت .
 لەکتێبخانە خنجیلانەکەم ڕوانی و لەبەرهەمەکانی ئەو مرۆڤە جوامێرە گەڕام زیاتر لە ٢٥ بەرهەمی ئەو پیاوە بێدەنگەم لایەو هەستم کرد دەتوانم جارێکی تر بەناو بەرهەمەکانیا گەشت بکەم و بزانم چ هزرێکی قوڵ لە پلانی وەرگێڕانی ئەو شاکارانەدایە؟ ئەمڕۆ بڕیارم دا ڕۆمانی "ئەوپیاوەی بەتەنها سەفەری کرد"ی کۆستانتین ڤیرجیل گیۆرگۆ بخوێنمەوە کە گەردی لەفەرەنسیەوە بۆی وەرگێڕاوین .دەمەوێ بزانم داخۆ لەناو کارەکتەری ئەم ڕۆمانەدا گەردی لەکوێدا خۆی حەشارداوە؟
 کاتێک لە کەناڵە زۆڵەکان و دەزگا سیخوڕێکان چونە ماڵەکەی و لەپڕێکدا دۆشەکەڵەیەکیان پیشانداین کە گەردی لەشە شەکەتەکەی لەسەر دەحەسانەوە چاوەکانم پڕبوون لەئاو بەدەست خۆم نەبوو شەرمم لەم ژیانەکرد .
 ئاخر کەناڵە زۆڵەکان هەرلەسەر شەقامەکان شکۆی خەڵک ناشکێنن، بەڵکو دەیانەوێت هەموو بەهرەمەندێک تێک بشکێنن، زۆری ئەوانە بەدوای پەڕەیەک دیکۆمێنتێکدا دەگەڕان کە پاش گەردی بەجێمابێت و ئاماژەبێت بۆ ئەوەی تاوانباری کەن، پاشان لەسەر داشقەیەک لاشەیەکی ساردەبوو ڕادەکێشن لە خەستەخانەیەکی هەتیوی شاری هەولێردا، بەبێ هیچ ئەتەکێتێک، هەرئەوەنا لە مزگەوتێکدا لەناو دارەمەیتێکی ژەنگاویدا بەتانیەکی چڵکنیان داوە بەسەر گەردیدا تا بڵێن تۆ هیچ نیت ئەوەتانێ سەرئەنجام مردن هات و تۆشی پێچایەوە، گەر بەگوێی دەسەڵاتت بکردایە ئێستا تابوتێکمان لە گرانترین داری گوێز بۆ دادەتاشی و لەجوانترین گرد و باخ و باخاتدا ئەسپەردەمان دەکردی، نەک ئاوا بێناز بوخەینە ناو دارەمەیتێکەوەو بەپشتی پیکابێک بتبەین بۆ گۆڕستان، پاشان بەحەفارەیەک گڵە داخ بۆکەی هەولێری داگیرکراو دەکەن بەسەریا و دەسەڵات دەڵێت :
 بڕۆ ئاوای ئامون چیت تۆشمان لەکۆڵ بۆوە !
ئێوە سەیرکەن کەسێک ئەم هەموو کارەی کردبێت، وازی لە خۆشێکانی ژیان هێنابێت بەڕەبەنی ژیانی بەسەر بردبێت و هەمیشە لە میحرابی کتێبدا بێت و شەوڕۆژی خستبێتەسەریەک بۆ ئەوەی بەرهەمی ڕەنجەکەی گەلەکەی سەربخات، ئەوەیە جوامێری مرۆڤی نەمر.
 ئاخر گەردی لەخۆیەوە نەچوو دانتی بەو جوانیە وەربگێڕێت کە زیاتر لە ٧٠٠ ساڵپێش ئێستا دانتی باسی دۆزەخ و بەرزەک و بەهەشتمان بۆدەکات .
ئەو بە نەمری لەناو ئیتاڵێکان و جیهاندا ماوەتەوە ئەی گەردێکەی ئێمە چۆن نامێنێتەوە لەناوماندا؟ 
ئەوەی بەلای منەوە جێگەی سەرنجە، گەردی تەنها چەند وێنەیەکی هەیە، لە ناو وێنەکاندا بێمنەتی و بڕوابوونێکی زۆر دەخوێنیتەوە، ئەو لە تارماییەک دەچێت هەم سامی هەیە، هەم خۆشەویستی .ئاخر ٣١ساڵە دەسەڵات نەیتوانی یەک ووشەی لێ ببیستێت، چونکە ئەو ڕاستگۆبوو، نەترس بوو خۆنەویست بوو، ئەو بەکارەکانی بەدەسەڵاتدارانی دەوت ئێوەش ملدەشکێنن، بەڵام من لەو بەردە دەچم زریان دەم باو دەم هێنێت بەڵام دواجار ناتوانێ لەناوم بەرێت.زۆرکەس لە تۆڕەکۆمەڵایەتێکاندا وەک مۆدیلێک وێنەی یان هەواڵی مەرگی عەزیز گەردی لای خۆی داناوە،
 بەڵام من دەپرسم چەنێک لەوانە تاکە بەرهەمێکی ئەویان خوێندۆتەوە...!؟ 
لەسەردەمی گەردی دا کۆمەڵگا لە لێکترازان و عەزیز گەردیش لە نەهامەتیدا گوزەری دەکرد بە ئێستاشەوە، نەخەڵکی نەدەسەڵاتداران چاوێکیان بۆ بینین و دڵێکیان بۆ هەستکردن نییە، دەزانن بۆچی؟
گەردی زۆر بەئاگایانە لەڕێگەی کارەکانیەوە بەهایەکی نوێ وئایندەیەکی نوێ بۆخوڵقاندووین و پێی وتین وەرن بەسە ئیتر لە ڕابردودا ژیان مەکەن، ئیتر بەڕابردوەوە پەیوەست مەبن .مەبەستی گەردی ئەوەبوو کە دروست لێکنەدرێتەوە، چونکە دەیزانی خەڵکی بەهای خۆی هەیە و ئەوبەهایانەش لە ڕابردوویەکی قەتیسماوە هاتوە کە ئەنفال سەرچاوەکەیەتی .
 بەپێی خوێندنەوەی من هەوڵی گەردی بۆ ئەوەبوو کە بتوانێت کەشێک دروست بکات لەوکەشەدا ئایندە ڕووبدات .بۆیە گەر دەتەوێت گەردی ئاسودە بکەیت دەست بکە بەخوێندنەوەی بەرهەمە زۆر و زەبەندەکانی کە زۆر شت لەوەوە فێردەبێت و فێرمان دەکات، کە مرۆڤ بۆ ئەوە دروست نەبووە بەشکستی ژیان بەڕێ بکات .
لەپێشەکی ڕۆمانی "ئەوپیاوەی بەتەنها سەفەری کرد" گەردی بەناوی گیۆرگۆوە دەڵێت: گیۆرگۆ بەدوای چارەیەکدا دەگەڕێ مرۆڤی پێ لەودۆخە دەربێنێ، کەمرۆڤ بۆی داخستتووە و ڕزگاری تەنها لەبەرگە گرتن و قوربانیدانتا دەبینێت .
دواجار کاتێک سەیری ئەو هەموو کارە مەزنە دەکەم لەم پیاوە جوامێرە شانازی بەکوردبوون و مرۆڤبونی خۆمەوە دەکەم .
ڕۆحت شاد پیاوە جوانەکە، کە دەڵێت : ئەگەر خوێنەرێک لەخوێندنەوەی کوردی ڕۆمانی "ئەوپیاوەی بەتەنها سەفەری کرد" بێزاربوو، نەیتوانی کتێبەکە تەواو بکات، ئەوە تاوانی نووسەرەکە نییە، بەڵکو تاوانی منی وەرگێڕە .
ئاخر ئەمە لوتکەی مرۆڤبوون نەبێت ئەی چییە!؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە