شاسوار ئەڵتەرناتیڤەکەیە

Tuesday, 14/06/2022, 20:27

2904 بینراوە


پارتی و یەکێتی ئەوە دەزانن کە دەسەڵاتخانەکەیان بەرەڵا خانەیە، بۆیە بۆیان دەلوێ  شاسواری ساختەچی  بخەنە بازاڕەوە تا ئەم یاریە بێئەخلاقانەیە بکات . 
شاسوار باشترین و سوکترین و ئاسانترین کاڵایە، دەسەڵات بتوانێت باڵانسی دەسەڵاتەکەیانی پێ ڕاگرن. چونکە هەموو ئەو مواسەفاتانەی تێدایە کە دەسەڵات دەیویست لە کاراکتەری ئۆپۆزسیۆنێکی تازەدا بێت . وەک ( پیاوی پارە، ساختەچی، پۆپۆلیست، هەلپەرست، دزو گەندەڵ، قەرزداری هەردوو بنەماڵە، پاشانیش میدیایەکی حازر و جەڵەبێ قەڵەم و جۆرناڵیستی سوکیش دەوریان داوە.)

بۆچی دەبوو شاسوارێک هەڵتۆقێنن؟

هۆکاری سەرەکی شکستی ئەمریکا لە ئەفغانستان، لەدەستدانی متمانە بە سیستمە گەندەڵەکە و ڕسوابوونی دیموکراسیە فەیکەکەیان بوو لەناو خەڵکی سادە و کۆڵان و بازاڕەکان. ئەمریکا نەیدەویست شکستەکەی ببێتە دوان و هەرێمیش بەدەردی ئەفغانستان بچێت. چونکە مەترسیەکان گەورەبوون و ئیسلامیەکان بە سەلەفی و سۆفی حەرەکە و  ئیسلامی سیاسییشەوە مشتیان لە ڕووداوێکی وەها خۆش کردبوو. هەموو وەک ڕەجەب دەمیان داچەقاندبوو تا ئەمریکای کافر دەسەڵاتی دوو بنەماڵەکەیان بۆ بڕووخێنێت و ئەمانیش ئەفغانستانی تاڵیبان بە فۆڕمێکی کوردەواریی دووبارە بکەنەوە.
ئەم ترسەی ئەمریکا لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە(شکستی گۆڕان ئۆپۆزیسیۆنی ڕیسواکرد.)  لەوە دەترسان ئەو سیناریۆیە ببێتە دیفاکتۆ و دیموکراسی و پەرلەمان و ئازادییەکەی ئەمانیش هەرەس بهێنێت! بۆیە فشاریان خستە سەر ماڵی بەرزانی و تاڵەبانی تا کاراکتەرێکی ناشرین و پیس قوت بکەنەوە. دواجار لە شاسوار شایستەتریان بۆ ئەم کارە نەدۆزیەوە. 
ئەمریکا هەرگیز نەیویستووە هیچ وڵاتێکی رۆژهەڵات چاک بکات و دیموکراسیەکی تەندرووست و سەرکەوتووی تێدا بچەسپێت. لەبری ئەوە هەمیشە هەوڵی داوە دیموکراسیەکی فەیک و سیستمێکی  داڕزاو جێکەوتە بکات هەتا سەقامگیریی و ئاسایش، هۆشیاری کۆمەڵایەتیی  بەدوای خۆیدا نەهێنێت. چونکە مانەوەی ئەمریکا و درێژەدان بە مۆنۆپۆلکردنی وڵاتان لە ڕووی جیۆپۆلەتیک و ئابووری و پەروەردەوە بەندە بە ناهۆشیاریی گەلانی ئەو ناوچانەی داگیریان دەکات. 
ئەوانەی ناتوانن شاسوار وەک خۆی ببینن، دەبێت گومان لە ئاستی هۆشیاریی خۆیان درووست بکەن. چونکە هاوکێشەکە زۆر ڕوونە. لە بچوکترین نمونەدا ( حاڵی حازر شۆفێری تاکسی هەیە لە زینداندایە، تەنها لەبەر ئەوەی ناڕەزایی دەردەبڕێت لە گرانبوونی بەنزین. بەڵام شاسوار دەتوانێت بە تانکەرە بەنزینی نیوە قیمەتەوە تەحەدای دوو بنەماڵەی پیاوکوژ و ژنکوژ بکات و لە زاخۆ تا کفری سواڵکەری سوک لەخۆی کۆ بکاتەوە. لەسەر تیڤی یش زۆر بێباکانە ڕسوایان بکات و پەلاماریان بدات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە