(عەلی توڵابی)، سەفیرە نوێیەکەی ھونەری کوردی بناسن

Tuesday, 14/06/2022, 22:10

5781 بینراوە


دوای ئەوەی یەک دوو ڤیدیۆی ئەم دەنگە ڕەسەنەی کورد و لوڕستانم بینی و بیست، ئەم بەیانییە١-٢ کاتژمێرم بە گوێگرتن بەدیار تەواوی بەرھەمەکانییەوە بەسەر برد... بێ دەسەڵات و بێ ئاگا لەخۆم چاوەکانم جۆگەلەی فرمێسکیان بەست ( فرمێسک و گریانی خۆشی)... ئای لەو خەڵات و پاداشتە ڕۆحییە بەنرخ و بەرزە!.. 
ئەم ھەڵکەوتووە، (عەلی توڵابی) لە ئیستاوە لێی دیارە سەفیریی گۆڕانی کوردی داھاتوومان دەبێت...
دەنگێکی ئاوریشمی و دڵفڕین و کاریگەر، جوڵە و ڕەفتاری تژی لەکەسایەتی و پێشکەشکردن.. شارەزا و باڵادەست لە ھونەرەکەیدا و رۆح شیرین و خۆشەویست لە رووخساردا...
«» بنۆڕن.. لۆڕستان چۆناوچۆنی پێشوازی لە رۆڵەکەی دەکات!... 
«» بنۆڕن.. ئەو خەڵکە چەند تینوویی ژیان و ھونەرە!
«» بنۆڕن.. دەبێت ئاوا کەسایەتی کوردی دروست بکرێ...
بەڵێ فەرشی سوور بۆ کاکە عەلی توڵابی داخەن و گوڵی گوڵزارەکان بچنن و بچنە پێشوازی ئەم ڕۆڵە ھەڵکەوتووەی کورد و ھەموو دڵخۆش بن بە بوونی ئەم دەنگە ڕەسەن و ھونەرمەندە بەتوانایە و بیکەنە قارەمانی ھونەریی کوردیی... 
ئەم دەنگە ئەفسووناوییە، ئەم جریکە زێڕینە ڕەسەنە،لەرەی ژێ و قوڕگە پڕ لرفە و شەپۆلەی دەنگ و ئاواز، نوێنەری ھونەر و کەلتوورێکی باڵای دەوڵەمەندی کوردییە..
توڵابی ھونەری نەتەوەی کورد پێشکەش دەکات و خزمەتی دەکات ، دەبا ئێمە شیعر و گۆرانی بڵێین، بۆ ئەم نەمانە تازە پێگەیشتووەی خۆمان! تا دەبێتە پیرە دارگوێز و ڕەگ لە دڵی نیشتماندا دادەکوتێ، ڕەگوڕیشەیەک ، بە زوڵم و زۆرداری ھەزاران داگیرکەر و دوژمن ھەڵنەکەندرێ و نەبڕێتەوە... 
دەبا جۆشوخرۆشی زیاتری بە پشتیوانی و خۆشەویستی و ڕێزلێنان بخەینە خزمەتەوە.. ئەو ئایندەیەکی گەشی دەبێت، گەر دەست و ھێز و نەخشەیەکی دڵسۆزانە و کارامە و ھۆشیار و خەمخۆر پاڵپشتی بێت.
دە با بنۆڕینە نەتەوە زیندووەکانی ئەم جیھانە پانوبەرین و پێشکەوتووە و لێیانەوە فێربین ، ئەوان چییان کردووە و چ دەکەن؟؟!! بۆ ھەڵکەوتوو و بەھرەمەندەکانیان...
+سڵاو لەو دایک و باوکەی ئەم ھونەرمەندەیان ھێناوەتە ژیانەوە و رێگەیان داوە ئەم ڕێچکەیە بگرێتە بەر...
+ سڵاو لە مامۆستا و ھاوکارانی...
** خۆشەویستان بچنە سەر یوتوب لەوێ دەتوانن زۆربەی گۆڕانییەکان گوێ لێ بگرن... من لینکی چەند نموونەکم لەخوارەوە بۆ راگوێزاون. 
ئەو فرمێسکەکانەی ھەڵیدەڕێژم ھی خۆشین و وشک نابنەوە و تا ئێستا ھەڵدەوەرن...ئاخر کوردستان لانکی ھەزاران بەھرەمەندی ترە، ڕێیان لێ گیراوە ، چونکە نیشتمانیان داگیر و پارچەپارچەکراوە. کورد خاوەنی دەیان و سەدان وزە و پۆتەنسیالی زۆری ترە، لێ کۆت و بەند کراون، دەنا حەز و خۆشەویستی بۆ ژیان و ھونەر زۆر بەھێزە و لە چڵەپۆپەدایە.....
بەھیوای (کوردستانێکی ئازادی و سەربەخۆ) و ژیانێکی پڕ لە شادی و مرۆڤدۆستی...


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە