جەوانمێر مارابی

https://www.facebook.com/profile.php?id=100041381628594


شورای مدیریت گذار و کوردە ئێرانیەکان

Thursday, 16/06/2022, 23:16

3896 بینراوە


دوای ئەوە کە کوڕی حەمەرەزا شا، نەتەوەکانی ئێرانی بە هۆز و عەشیرە و ...ناوزەد کرد، "شورای مدیریت گذار" کە حزبەکەی کاک عەبدوڵا موهتەدی و حدک-یش تێدا ئەندامن، پشتیوانی خۆی بۆ کوڕی حەمەرەزا شا دەربڕیوە. حەسەن شەریعەتمەداری وتەبێژی ئەم شورایەش رایگەیاندوە کوردەکان کە ئەوپەڕەکەی بتوانن بڕنەو بەرهەم بهێنن، ناتوانن، چارەنووسی ئێرانی ٨٠ ملیۆنی دیاری بکەن!!! 
بەشداری ئەو کوردە ئێرانیانە لە کۆڕ و کۆمەڵ و هاوپەیمانی لەگەڵ پارت و لایەنە ئێرانیە ناوەندگەراکان، هیچ کات لە پێناو پاراستن و پێداگری لە سەر مافەکانی گەلی کورد نەبوە...
١- ئەو پارتانە لە کاتێکدا چونەتە ناو ئەم شورایە، کە لەوپەڕی لاوازی خۆیاندا بوونە. لە ناوخۆیاندا پارچە پارچە و لە ئاستی رای گشتی گەل لە رۆژهەڵاتی کوردستان، تەریک کەوتوو. بەشداری ئەمانە لەم شورا، بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو بێ هیوایەیە کە لە ناو گەلدا هەستیان پێ کردوە، بۆیە ویستویانە لەم رێگەیەوە، بڵێن ئێمە هێشتا هەین و بەهێزین. هاوکات ویستویانە بە لایەنە جیابوەوەکانیش بڵێن ئێمە خاوەن وەها پێگەیەکین. ئەوەی لەم ناوەدا کراوەتە قوربانی، مافەکانی گەلی کوردە کە سەودایان پێوە کردوە. چونکە کاتێک تۆ بە لاوازی دەچیتە هاوپەیمانییەک یان دەچیتە سەر مێزی دان و ستان، ئەگەر پێگە جەماوەرییەکەت بەهێز نەبێت و پشت ئەستور نەبیت بە هێز گەل، لایەنی بەرامبەر مەرجەکانی خۆی بەسەر تۆدا دەسەپێنێت. ئەمانە رێک لە وەها دۆخێکدا چونەتە ناو ئەو شورا. ئەندامانی دیکە ئەو شوراش زۆر باش زانیویانە کە گرانی ئەمانە چەندە.
٢- پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە مانەوە لە دەسەڵات و بەرژەوەندی تاکەکەسی، دەورێکی زۆری هەیە لەم خۆ هەرزانفرۆش کردنەدا. بۆ نمونە، کاک عەبدوڵا موهتەدی سەردەمێک زانیویە بەرگری سەرسەختانە لە پرولتاریا دەتوانێ لە بۆرسدا بیهێڵێتەوە، دەبێتە کۆمۆنیستی دوو ئاتەشە و دەڵێ هەرکەس باسی ناسیونالیزم و پرسی نەتەوەیی بکات، خەیانەتی کردوە، سەردەمانێک شەڕ لەگەڵ دێمۆکرات دەکات و باسی قەتڵی عامی دێمۆکرات دەکات و .... ئێستاش بەقەولی خۆی لە کوردایەتیدا دەبێ بەسەدان کەس لە دوای ئەوەوە لە ریزدا بوەستین. لە هیچ قۆناخێکیشدا بڕوای بە هیچ کام لە دروشمەکانی نەبوە. ئەو تەنیا بڕوای بە یەک شت هەیە و ئەویش، پاراستنی دەسەڵاتەکەی خۆیەتی. لەو پێناوەشدا حازرە لەگەڵ شەیتان پێک بێت.
٣- ناوەزەد کردنی ناوەندی هاوکاری ئەو چوار لایەنە (لە راستیدا دوو لایەنە) بە ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستانی ئێران، بۆ رازی کردنی ناوەندگەرا ئێرانیەکانە. ئەمە جگە لەوەی کە خۆشیان پیان وایە لە داهاتوودا، لەم رێگەیەوە دەسەڵاتەکەیان مسۆگەر دەبێت!!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە