ساوەرخۆر (4)

Friday, 17/06/2022, 0:13

4282 بینراوە


 فەرەجی فانی لە دەوروبەری ساڵی ١٩٢٠ بۆ ١٩٢٦ لە گوندی دارە ڕەشە لەداێک بوە، ئەم لەهەڕەتی لاوێتی بەشداری کۆماری مهابادی کردوە.. کاتێ پێشەوا کۆماری مهاباد ڕائەگەیەنێ گەلێ کەس وەك نوێنەری خۆی ئەنێرێتە لای هۆز و تیرەکانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەمەبەستی پشتگیری و بەشداریکرن لەو پرۆژە مەزنەی ئەوکاتدا.. زۆربەی زۆری هۆز و تیرەکان لە سەرەتادا دڵسۆزی و خەمخۆریان بۆی دەربڕی و وەك هەندێك کەس ووتوویانە ژن و ماڵ و مناڵمان ئەکەین بە قوربانی ئەو کۆمارە. لەسەرەتادا خەڵکانێکی زۆر بەشداری ئاهەنگ و خۆشیەکان کرد بۆ ئەو خودموختاریە..لێ لەبەرئەوەی تەمەنی ئەو کۆمارە کەمتری خایاند لە ساڵێك، هەر بۆیە زۆرێك لەو هۆز و تیرانە پێچەوانەی خواست و دیدی پێشەوا وەستان و دەستیان گرت بە کڵاوەکانیان تا با نەیبات. بەداخەوە بێ پیلانی و ناهۆشیاری و باری ناهەمواری ئابووری خەڵکی ئەو کات و نەبوونی دەزگای ڕاگەیاندنی پتەو و تۆکمە نەیتوانی پێش بەو دۆژمنکاریانەی دەوڵەت بگرێ کە لە پشتیەوە دەوڵەتە زلهێزەکان ئەیان جووڵاندن.
وەك ئاشکرایە زۆرێك لە کوردانی باشووریش بەشداری ئەو کۆمارەیان کرد و ئامادەیی خۆیان بە گیان و گیانفیدایی دووپات کردبۆوە لەبەرئەوەی هیچ کات کورد باوەڕی بەو سنوورە دەستکردە نەبوەو نیە کە داگیرکەران دروستیان کردوە. هات و چۆی نێوان ئەم بەشانە بەهەر هۆیەك بوبێ هەبوەو هیچ کات جیاوازی لەنێوانیاندا نەکراوە.بنەماڵەی بارزانی کەئەو کات لە ترسی دەوڵەتی عێراق ڕوویان کردە ڕۆژهەڵات بەڕاستی بەمەبەستی پشتگیرکردنی ئەو کۆمارە نەبوە ، بەڵکە لە ترسی خۆیان بۆ دەوڵەت و نەگرتنیان هەڵهاتن و دواتریش هەمان هەڵهاتنیان پێڕەو کرد و پشتی پێشەوایان نەگرت و ئەو هەموو ڕێز و خۆشەویستیەی ئەوانیان بەهەند وەرنەگرت و وەك ڕێوی گەڕ کەوتنە فیتنە هەڵبەستن و بڵاوکردنەوەی ترس و بێهیوایی لەنێوان کوردی ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی گوندانی سادەو ساکار کە گوایە ئەم کۆمارە تەنها خزمەت بە بنەماڵەکەی پێشەوا ئەکا و هیچ خێر و بێری نابێ بۆ خەڵکی ڕەشۆکی و گوندانی بەستەزمان، ئەم ژەهرەی بنەماڵەی بارزانی هاڕەی بە خواست و هێزی بەرگری زۆر کەس کرد و تەواو لاوازی کرد، ئەمان بنەماڵەیەکی ترسنۆك و چاو برسی و ڕۆمەت شۆڕ بوون. بۆ ئەمان سەکەوتنی کۆمارەکە هیچ کەڵکیان پێ ناگەیەنێ و ڕەنگە ئەوەندەی تر نابووت تر بن. بۆیە دوژمنایەتیان کرد و هێزی بەرگریان تیایدا کوشت.
دوای کۆتایی هێنان بەم کۆمارە ساوایە هەندێ لەو خەڵکانەی بەشداری بەرچاو و کارایان هەبوو دەوڵەوت ساواك بەدویاندا ئەگەڕان و لە زیندانەکانی ئەرتەش زیندانیان ئەکردن و ئەشکەنجەیان ئەدان، بۆیە گەلێ لەوانە چاو بزر بوون و وەیان خۆیان لە دەوڵەوت یاساغ کرد. فەرەجی فانی خۆی و ماڵ و مناڵی هاتن بەم دیودا و لە گوندی بیران لە نێو خزم و کەس و کاریدا نیشتەجێ بوون و بەتەواوی ماڵئاویان لە ڕۆژهەڵات کرد و بۆ دواجار جارێکی تر نەگەڕانەوە. ئێدی لەو ساتەوە فەرەجی فانی ناوەکەی گۆڕدرا بۆ فەرەجە فەنی. ئەمە لە ناوچەی سلێمانی باوە لەبەرئەوەی گەر ناوێك هەر چۆنێك بێ ئەمان دەستکاری ئەکەن و هەندێ جار بۆ خۆشەویستی و هەندێ جار بۆ کاری تر چەکوش کاری تیا ئەکەن. کاتێ فەرەجە فەنی گوندی دارە ڕەشە جێدێڵێ لە دەروبەری ساڵی ١٩٤٩ کە ئەوکات تەنها کچێکی هەبوە ئەویش لەکاتی پەڕینەوەیان و هاتنیان بۆ باشوری کوردستان مردوە، پاشان لەساڵی ١٩٥٣ قادر و ١٩٥٥ ئەکرەم لە دایك ئەبن.بەداخەوە فەرەجە فەنی خۆی لە تەمەنێکی کورتدا ماڵئاوایی لە ئامینەی ژنی و دوو کوڕەکەی ئەکا لەساڵی ١٩٦٩ هەر لە گوندی بیران ئەنێژرێ.
ماوەی زیاتر لە مانگێك زۆرێك لەو چەکدارانەی بنەماڵەی بارزانی لە گوندی دارە ڕەشە خزمەت ئەکرێن و گەلێ ڕێزیان لێ ئەگیرێ، میوان دۆستی کورد و بەتایبەتی گوندان بۆ غەوارە و لانەوازان و ئاوارەی ئەم لا و ئەولا بێ مەرجە و هەریەکەو بە پێی توانای خۆی کەمترخەمی ناکا.. ئەمە سیفەتی کوردە و گەلێ میوان دۆست ودەست ودەم فراوانن لەئاست خەڵکانیك پێویستیان بە یارمەتی و هاریکاری ببێ.بۆیە ماڵی فەرەجی فانی و ماڵی باوك و مامی نایان هێشتبوو بەهیچ جۆرێ میوانەکانیان بی نان و ئاو بن، ئەوان لەدەمی خۆیانیان و مناڵەکانیان گرتبۆوە بۆ ئەوەی هێزەکەی بارزانیەکان هەست بە برسێتی و ئاوارەیی نەکەن و زیاتر هێز بدەنە کۆمارەکە.،بەلام بەداخەوە ئەوەی ڕوویدا تەواو پێچەوانەکەی بوو، کاتێ ئەم هێزە نەك هەر بەرگری ناکەن ، بەڵکە تێ ئەتەقێنن بەرەو ڕوسیاو لە ئاوو و شاخی ئاراس هەڵدێن و پشت ئەکەنە کۆمارەکە و پێشەوا بە تەنها ، جێدێڵن.
فەرەجە فەنی لەگەڵ ئەوەی بە گەنجی هەرەسی هێنا و نەیتوانی درێژە بە خەباتی خۆی بدا و بەهۆیەوە تووشی ماڵوێرانی و ماڵ جێهێشتن بۆوە، پێش ئەوەی ماڵئاوایی لە ژن و کورەکانی بکا هەندێ ئامۆژگاری و نهێنی خۆی بۆ ئەوان جێدێڵی، ئەو کاتەی نەخۆشی سیل بەتەواوی لاواز و شەکەتی کرد و ئەیزانی ناتوانێ جارێکی تر بەسەریدا زاڵببێ، ژن و کورەکانی لە دەوری دائەنیشن و نزا و پاڕانەوەیان کرد بۆ ئەوەی یەزدان تەمەنی بداتەوە و بەو تەمەنە زووە ، جێیان نەهێڵێ. فەرەجە فەنی هەر بە نرکە نرك و هەناسە بڕکێیوە تەنها فریای ئەوە کەوت کە پێیان بڵێ؛دوای بنەماڵەی بارزانی نەکەون و خۆیان نەکەنە سووتەمەنی ئەو هاشوو هوشەی ئەمان ناویان ناوە ، کوردایەتی،، بەتایبەتی کاتێ بینی کەوا چۆن مەلایی و جەلالی لەساڵی ١٩٦٥ وە شەڕی یەکتر ئەکەن و کوڕی هەژار و نەگبەتیش تاکە قوربانیەتی...

ماویەتی


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە