دەسەڵاتێکی شەقوەشێن

Friday, 17/06/2022, 0:31

4472 بینراوە


لە سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتدا دامودەزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەت لەزۆرترین حاڵەتدا نوێنەرایەتی جۆری ئەو  دەسەڵاتە دەکەن کە وڵات بەڕێوەدەبات،دەتوانین بڵێین ئاوێنەی  جۆری ئەقڵیەت و بیرکردنەوەو ڕەفتاری حیزبە حکومڕانەکانن.
گەر دەسەڵاتێک خاوەن بەرنامە و پلان و خەمخۆری خەڵک بێت و ئەولەویەتی کارەکانی خۆشگوزەرانی و پاراستنی کەرامەتی هاوڵاتیان بێت،کەواتە  گەرەکە و سرووشتیە کە سەرجەم پێکهاتەکان ،ئەوانەی نوێنەرایەتی دەوڵەت دەکەن لەسەر هەمان ڕیتم بڕۆن و بەهەمان نەفەس کاربکەن.
لەدەمی دەسەڵاتی نازیەکاندا لە ئەڵمانیا سوپا،پۆلیس، ئاسایش{گستاپۆ} ، مەلیشیای حیزبی،ڕێکخراوەکانی لاوانی نازی و سەرجەم هێزەچەکدارەکانی وڵات ،تەنانەت فەرمانگە میریەکانیش،ڕەفتاروکرداریان ڕەنگدانەوەی سیاسەتی باوی نازیەکان بوو.ئەندامانی ئەو هێزانە بەدڕندەیی و سادیەت ناسرابوون ،کووشتنی مرۆڤ لە کنیان لە کووشتنی چۆلەکە ئاسانتر بوو،ئیهانە و ئەشکەنجەدان و شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەکان لەلایان کارێکی ڕۆتین بوو، بەجۆرێک لەگەڵ ئەو جۆرەکارە نامرۆڤانە ڕاهاتبوون، لەزەتیان لێ دەبینی و خەنی دەبوون پێی. ئەم جۆرە پەروەردەیە بەبەرنامە کرابوو ،ویست و ئارەزووی سەرانی نازی بوو. 
لەماوەی دەسەڵاتی جووت حیزبدا  لەلایەن پیاوانی ئەو دەزگایانەوە بەردەوام سوکایەتی، تێهەڵدان، ئازاردان ،گرتن و زۆر کاری نابەجێ و نایاسایی بەرامبەر بە هاوڵاتیان کراوەو دەکرێت ،دەمێکیش لەسەر ئەم تێهەڵدان و کەرامەت شکاندنانە دەبێتە هەرا ،بەرپرسێکی ئەو دەزگایە یا کەسێکی سەرووتر زۆر بێباکانە دەڵێت ،ئەو کارە فەردی بووەو ئێمە ڕێز لەیاسادەگرین و بکەران سزادەدەین،وەک ئەوەی یەکەمجاربێت کاری واڕوویدابێت. هەر زۆری پێناچێت هەمان شت لە شوێنێکی دیکەو بەرامبەر بە کۆمەڵە کەسانێکی دیکە دووبارە دەبێتەوە .کێشەکە لەوەدا ئەم ئەفسەرو پۆلیسانە بەو ئەرکە هەڵناسن کە دەبێ پێی هەڵسن ،بەڵکو ئەوان پاراستنی حیزب و دەسەڵات بەئەرکی سەرەکی خۆیان دەزانن ،بەوەی دووشەق زیاتر بوەشێنن ئافەرینێک و پلەبەرزکردنەوەیەک وەردەگرن.
ئاخر گەر کارمەندانی دەزگایەکی گرنگی وەک  پۆلیس کە بەرکەوتنی ڕۆژانەیان لەگەڵ هاوڵاتیاندا هەیە ،گەر ئەمانە لە ژیانی کارکردنیاندا خولێکیان بۆ نەکرابێتەوە، ئامۆژگاری و ڕێنمایی نەکرابن دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەی جوان و مەدەنیانە لەگەڵ هاوڵاتیاندا،یاخود باسی ئەزموونی مامەڵەی شارستانیانەی پۆلیسی وڵاتە پێشکەوتووەکانیان بۆ نەکرابێت ،کەواتە هەر چاوەڕێی شەقوەشاندن و شکاندنی کەرامەتی خەڵکیان لێدەکرێت. ڕاستیەکیش هەیە کە دەبێ بیزانین ،ئەویش ئەوەیە کە  جووت حیزب پێویستیان بەم جۆرە بەڵتەجی و شەق وەشێنانە هەیە ،هەر ئەمانەن بە شەق و بۆکس و تووندووتیژی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتیان ڕاگرتوە. ئەمانە بەوەفاترین خزمەتکاری دەسەڵاتن ، ئاوێنەی سرووشتی دەسەڵاتن،دەسەڵات خۆی مرۆڤ کوژە ،نادادپەروەرە ،نادیموکراتە،گەندەڵە سەرکووتکەرە،ئێ خۆ ناکرێت ڕێبازی دەسەڵاتێک بەوجۆرەبێت و چەکدارەکانی بەجۆرێکی تربێت .
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ئەوانە لە دوای وەشاندنی هەر شەقێکدا مووچەو پلەیان بەرزدەکرێتەوە،جا گەر هەندێک لە بەرپرسە پەیوەندیدارەکان  باسی ڕاگرتن یا لەکاردەرکردن یا دادگایی و زیندانی کردنی ئەوکەسانەیان کرد ، هەرگیز بڕوایان  پێ  مەکەن ،ئەوە تەنها بۆ گێلکردنی خەڵکە و هیچی تر. قوباد تالەبانی چەند لە بەڵێنەکەی بردەسەر بە سزادان و زیندانی کردنی ڕائید دلێری {نەخوێنەوار }،ئەو ڕائیدەی لە سلیمانی شەقی لەدەمی خوێندکارێک دا ،یاخود شەقوەشێنەکەی هەولێر و بکوژانی خۆپیشاندانەکان چەندوچۆن سزادران ،هەر هێندەش بەڵێنی سزادانی ئەو شەقوەشێنانەی دادگای سلیمانیش جێبەجێ دەکرێت.
نە بڕوا بە بەڵێنەکانی پەرپرسانی ئیداری بکەن ، نە بەسەردانی بەرپرسانی  حیزبی بۆلای شەقتێهەڵدراوان.دڵنیابن ئەوان شەقوەشێنێکی بەڵتەجی کە پەروەردەی خۆیانە و تاسەر ئێسقان دڵسۆزو گوێڕایەڵیانە ،هەرگیز سزانادەن لەبەرخاتری هاوڵاتیەک.
نیوەی تەمەنم لە ئەوروپا بەسەربردوە زۆر جار لە نزیکەوە ئاگاداری مامەڵەی پۆلیسم لەگەڵ خەڵکدا، هێندە بەئەدەب و شارستانیەوە ڕەفتاردەکەن مرۆڤ شەرمەزاردەکەن.تەنها لە حاڵەتی {داکۆکی لەخود}دا بۆیان هەیە هێز بەکار بهێنن دەنا بە پێچەوانەوە گەر سەلمێندرا پۆلیسێک بێ هۆ زەبری بەکار هێناوە ئەوە سزادەدرێت و ڕاگەیاندنەکانیش دەیکەنە هەرا.
بەڕای من تا ئەم دوو حیزبە بەمجۆرەی ئێستا بەردەوامبن ،بەوەی تەنها لە خەمی خۆیاندابن و هاوڵاتیش لەکنیان بێ بەهاو  کۆیلەبێت ،ئیدی بەهیچ جۆرێک چاوەڕێی ڕەفتاری جوان و شارستانی لە کەسانی سەربە دامەزراوە میریەکانیش مەکەن، دڵنیابن ئەوانە  هەر وەک خۆیان دەمێننەوە و بەردەوام دەست و شەقیان کراوەدەبێت.
دڵنیام لە نێو ئەو دامەزراوانەدا کەسانی پاک و دڵسۆزهەن کە دەسەڵات نەیتوانیوە مەعدەنیان بگۆڕێت،بەڵام بەداخەوە  کەمینەن و ڕۆڵیێکی ئەوتۆیان نیە و ڕێگەشیان پێ نادرێت ڕۆڵیان هەبێت،دەلیلیشم ئەوەیە ئایا لە نێو ئەو پۆلیسانەی نێو بینای دادگادا بەویژدانێکیان تێدا نەبوو ڕێگری لەو شەقوەشێنە بکات؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە