گاڵتەجاڕیەکانی ئەقڵیەتی بارزانی

Sunday, 19/06/2022, 11:01

5024 بینراوە


بارزانی دەڵێت: لە ناو بارزانیەکان ئەوەی جامانەی سور لەسەرنەکات، تەسلیم بووە.

لە کوێوە دەستپێبکەم ! ئەم پیاوە زۆر وێرانە، هەموو جار بەلێدوانەکانی دەیسەلمێنێت کە تا دەمرێت لە مێنتەلێتی خێڵ تێپەڕ ناکات.
مارتن ڤان برونەسن دەڵێت: دونیای خێڵ بچوکە، خێڵ لەهەناو خۆی دەڕوانێت.بەڕاستی مێژووی کورد ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت، سەرۆک خێڵەکانی کورد، هەرگیز هۆشیاری خێڵەکیان تێنەپەڕاندووە، ئەمەش هۆکاری بەردەوامی سیاسەتی نزمە. لەڕاستیدا مەسعود تەسلیمی ئەقڵی مێزەر بووە، لەوێشەوە تەسلیمی داگیرکەران.
ئەوە هۆشیاری خێڵەکیانەیە کەوا دەکات بنەماڵەی بارزانی هەرگیز هۆشیاری سیاسیان نەگاتە ئاستی هۆشیاری نەتەوەیی و سیاسی، چونکە وەک ئەرنست ڕینان دەڵێت: نەتەوە لەسەربنەمای لەبیرچونەوە  دروست دەبێت، واتا لەبیرچونەوەی ئینتیمای خێڵەکیانە. بەڵام مەسعود هەمیشە جەخت دەکاتەوە، کە ئەو پیاوی یەکەمی خێڵەکەیەتی، ئیرەیی سیاسی نییە، بەو واتایەی ئەوەی بۆ ئەو گرنگە، گەورەیی و مەزنایەتییە لەئاستی خێڵ و حیزب و ناوچە، نەک مەزنایەتی نەتەوەیی. هەربۆیە ئەم پیاوە هەرگیز ناتوانیت خۆی بەروارد بکات بە سەرکردەی گەلان.
ئەو دێت لەهۆشیاری خێڵەکیەکەیەوە دەڕوانێتە دونیا و خۆی و بەراورد بەسەرکردە خێڵەکی و حیزبیەکانی تر دەکات، ئەو ئامادەیە بچێتە باوەشی داگیرکەران لەپێناو ئەوەی لەناوخۆدا لەڕیزی سەرەوە بێت.
دنیابینی مەسعود هەر هێندەی مێزەرێکی سورفراوانە. ئەم پیاوە بەدرێژایی مێژووی لەبەردەم سەرکردەی داگیرکەران خۆی بچوک و زەلیل بووە و لەناوخۆشدا فیزە خێڵەکیانەکەی ئابڕو بەرانەیە. سەیرە لە سەدەی بیست و یەک مەسعود شەرم ناکات ئەم قسە بازاڕیانە دەکات. جا سەرکردەی حیزبێک ئەوە ئەقڵیەتی بێت قوڕبەسەر کادرەکانی.
شتێک هەیە دەبێت مەسعود بیزانێت، خێڵ هەرچەند ئازابێت، ناتوانێت شەڕبکات، شەڕی خێڵ شەڕی پاراستنی نەریتی خێڵە، نەک خاک و نیشتیمان. خێڵ نازانێت بۆچی شەڕدەکات، بەگوێرەی بەرژەوەندی و پێویستی خێڵ شەڕ دەکات، وەکی تر شەڕی خێڵ زیاتر دژ بەنەتەوە بوونە، چونکە هۆشیاری نەتەوەیی واتا کۆتایی خێڵ. ئەم ئەبوجەهلی کوردایەتییە، ڕەنجی هەموو ئەوانەش بە بادەدات کە هەوڵ دەدەن مرۆڤی کورد ئیرەیی سیاسی بگاتە ئاستێک، کە هاوشانی هۆشیاری تاکەکانی نەتەوەی داگیرکەرەکان بێت.
دەبێت مەسعود بزانێت شەڕە گەورەکە شەڕی خۆیەتی.
مەسعود بەردەوام تێکشکاوە لەوەی بەسەر خۆیدا زاڵبێت و هۆشیاری خێڵەکی تێپەڕێنێت وەک پیاو، نەک سیاسیەکی نەتەوەیی دەرکەوێت. بۆیە پەنا بۆ هەمو دیکتاتۆر و داگیرکەرێک دەبات، تا ئابڕوی نەچێت، بەگوێرەی مەنتیقە خێڵەکییەکە لێنەکەوێت، لەکاتێکدا لەڕوی سیاسیەوە ئابڕوی نەماوە، بگرە هەر نەیبووە.
گەورەترین ئازایەتی بۆ مەسعود ئەوەیە، کە لەو ئەقڵیەتە تێپەڕ بکات و تەسلیمی مێزەر نەبێت، بەڵام ناتوانێت. جا پیاوێک نەتوانێ ئەوە بکات، چۆن دەتوانێت شەڕی داگیرکەران بکات؟
مەسعود لەسەرکورد شەڕناکات، بەڵکو دەیەوێت کورد بخاتەوە ناو شەڕی جامانە سورەکەی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە