ئایا ڕاستە "مەسعوود محەمەد" کۆپی" دڵدار"ی شاعیرە..؟!

Thursday, 23/06/2022, 12:13

2481 بینراوە


پێش چەند رۆژێک لە شوێنی چاوم بەنووسینێک کەوت باس لەم چاوپێکەوتنەی رەوانشاد مامۆستا عەزیز گەردی دەکات و تێیدا ئاماژە بە دەربرین و سەرنجی ناوبراو دەکات لەسەر مامۆستا مەسعوود محەمەد...
هەر زوو ماخۆلانم تێکەوت چۆن ئەم چاوپێکەتنە دەنگییە! بەدەستی بھێنم، پەیوەندیم بە برای بەڕێز کاک (ئیسماعیل تەها)وە کرد، دەستبەجێ بۆی ناردم. - لێرەدا لە خوارەوە گوێ بیستی بن-
لەوەش زیاتر بەخۆمدا شکامەوە ، چۆن لێی بێ ئاگام، ئاخر ھەرچی لەسەر مەرگی گەردی نووسرا، خوێندمەوە... زۆرێک لێیان بۆ مەرامێکی سیاسی قسەیان بۆ ئەو کۆستە گەورەیە کرد، نەک وەک زیان و کەلێنێکی نەتەوەیی و لەدەستدانی کەڵە نووسەر و وەرگێڕێکی بێ ھاوتا... ھەر گەردیش قوربانی ئەم ئەقڵێت و دیاردە ناشیرینە نییە کە لە کوردستاندا پێڕەو دەکرێ و حیزب و دەسەڵات نەیەوێ گا دەکاتە کێچ و بوودەڵە و بزربووش فوو تێ دەکات بیکاتە پاڵەوان... دوێنێی مەسعوود محەمەد و کەریم زەند و جەمال نەبەز و ... ھتدمان باش لەبیر و بەرچاوە! سبەینێشمان لەبەردەمدایە!!!! بەھەرحاڵ لێرەدا وەک زانیم بەڕێزێک بەناوی ( جوتیار قارەمانی) ئەم چاوپێکەوتنەی ئەمجام داوە...
کوالیتێتی بەرھەمەکە خراپە! خشەخش و دەنکی موزیکی لەسەرە! ئایا چاوپێکەونتی تەواوەو مامۆستا گەردی ئاگادارە و خۆی بۆ ئامادە کردووە یاخود ھەروا لابەلا کراوە، ئەوە ڕوون نییە! دەنگەکە لەکاتێکدا دەبڕێ مامۆستا گەردی لەگەرمەی قسەکردنیدا لەسەر باسەکان!... سەرەتای گفتوگۆکە قسەکردنە لەسەر گەورەیی« نالی» و لێھاتوویی لە شیعر و زمان و سەلیقە و وێنەی شیعریدا...
مامۆستا گەردی دەپرسێ : تۆ کتێبەکانی مەسعوود محەمەدت لەسەر نالی خوێندۆتەوە؟ قارەمانی دەڵێ: ھەردووم خوێندۆتەوە.. ئەوجا گەردی باس لە شارەزایی و توانای مەسعوود محمد و دەڵێ: مەسعوود محەمەد لە نالی وردتر بووە لە زمان دا و چەند نموونەتەک دێنێتەوە..
لێرەدا قارەمانی پرسیارێکی سەیروسەمەرە لە گەردی دەکات:
+  مەسعوود و دڵداری شاعیر کێبەرکێیان لە نێواندا بووە؟.
+  تا دڵدار لە ژیاندا بووە مەسعوود ھیچی نەوتووە و نەنووسیووە؟ دوای مردنی دڵدار دەستی ون؟..
+ زۆری بیرەوەرییەکانی مەسعوود محەمەد ھی دڵدارن؟...
دەمودەست مامۆستا گەردی بە( وەڵلاھی قەت وا نییە) وەرامی دەداتەوە....
بەراستی ئەم بیروڕایە حەپەساندمی! تۆ بڵێی شتی وا ھەبێت..؟!.. شتێ لای مەسعوود محەمەدەوە کەوا بیروڕا و بەرھەمی دڵدارمان پێ بفرۆشێتەوە؟!... شتێ لەو خەیاڵ و بیرۆکە شەیتانیە بە مێشکی خوێنەری کورددا بگوزەرێ؟...
مەسعوود محەمەد.. دوور لە نووسینەکانی، کە دەیان کتێبی شاکاری بێ ھاوتان لە کتێبخانەی کوردیدا، لەسەر فکر و فەلسەفە و مێژوو و کۆمەڵایەتی و ئەدەب و زمان و سیاسەت و ھونەر و.. ھتد،کە ھەتا ھەتا جێی شانازی کوردن کە دەکرێ بڵێین و گریمانەی ئەوە بکەین ، ئەمانە نووسینی دڵدارن و مەسعوود محەمەد بەناوی خۆیەوە بڵاوی کردونەوە!!.. وەک ئەوەی لەگەڵ کتێب و نووسین و کتێبخانە و بەرھەمەکانی ( حەسەن قزڵجی) دا کراوە!!..
بەڵام مەسعوود محەمەد لە کۆیە و ھەولێر و کەرکوک و سلێمانی و بەغدا، لە دەرەوەی نووسین ، بە زیندوویی و بەرھەستی و بەرچاویی و کۆنکرێتی، نیو سەدە زیاتر لەنێو کۆڕی ئەدەب و سیاسەت و ناو جڤاکی کوردیدا دابووە، لە عێراق و جیھانی عەرەبی و ئێرانیش ناسراو بووە و دیبلۆمتکارانی ساڵانی ١٩٥٠-١٩٨٠ و دواتریش باش ناسیویانە و ئاگاداری بیروڕا و نووسینەکانین...لەسەر ئاستی باڵا و بەرزیش کوردی و بێگانە بیروڕاکانی ھەژماردی لەسەر کراوە و پرس و ڕای پێکراوە . ھاوشانی ئەم راستینە حاشاھەڵنەگرانە:
+ مەسعوود محمەد رۆڵەی بنەماڵەیەکی دیار و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی زانست و رۆشنبیریی.
+ خوێندنی یاسای ١٩٤٥ تەواو کردووە، ٧ ساڵی رەبەق لەخەڵوەتی خوێندنەوە و بیرکردنەوەدا نقوم بووە.
+ ھەر لەم ساڵانەوە تێکەڵ بەسیاسەتی کوردایەتی بووە و پلە و پایەی بەرزی پێ سپێردراوە و بۆتە نوێنەر لە بەغدا.
+ لە پەرلەمان یەکێ بووە لە وتاربێژ و چالاکوانە ھەرە دیارەکان و جێی سەرنجی دەوروبەری.
+ چەندین پۆستی جۆراوجۆر وەرگرتووە.. تێیدا سەرکەوتوو بووە..
+ لەسەرەتای ٦٠ ەکاندا لەسەر جوداوازی بیروباوەڕ واز لە پارتی دیموکراتی کوردستان ھێناوە و بە چەند وتارێکی فکریی و فەلسەفی و سۆسیۆلۆژیی ھێڵە گشتییەکانی بنەما بیریی نەتەوەیی کوردی داڕشتووە. 
+ لەدوای ١٩٧٠ ەوە دەست کردووە بەنووسین و بڵاوکردنەوەی بەرھەمەکانی..
 وتاری لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو کردۆتەوە.
+ بەشداری گفتوگۆ و چاوپێکەوتنی ھەمەجۆریی رۆژنامەوانی و تیڤی کردووە...
+  لە کۆڕی زانیاری کورد ئەرکی گەورەی لەسەر شان بووە و لەنێوان سەدان نووسەر و ئەدیبی کوردا بووە ناسیویانە و گوێیان لە بیروباوەڕەکانی گرتووە...
+ ئاڵوگۆڕی نامەی لەگەڵ کەسانێکی زۆردا ھەبووە...
+ سەدان شایەحاڵ ماون..
+ بیروڕای د. کەمال مەزھەر و ھەژار و ھێمن و خەتاب زێوەر ، عەزیز گەردی و ئەحمەدی قازی و فەرھاد شاکەلی و مامۆستا جەعفەر و سەدان و ھەزارانی تر لە ئەدیبان و نوسسەران لەسەر مەسعوود محەمەد تۆمار کراوە.. وە خەرمانێ نووسین و گفتوگۆ و چالاکی و بەرھەمی تری ھەمەجۆری بڵاوکراوە و نەکراوەی ھەیە...
باشە گەر بێت وامان دانا، نووسینەکانی لە دڵدار وەرگرتبێ و پێی فرۆشتبێتینەوە؟ ئەی بۆ قسەکدن و وتاردان و گفتوگۆ زیندووەکانی دەڵێن چی؟!... 

دڵدار لە ١٩٤٨ دا کۆچی دوایی کردووە. دوای ئەویش مەسعوود محەمەد وشک نەبۆوە و کۆتایی نەھات و تا پێش کۆچی دوایی ئەقڵی لەکاردا بوو؟!..
ئایا ئەمانە ھێندە بەڵگە نین بۆ ئەوە بیسەلمێنن، مەسعوود محەمەد کوڕی ئەقڵ و فەلسەفە و جیھانبینی و ڕۆشنبیریی خۆیەتی... 
گەر بھاتایە دڵدار تا ئێستاش بەرحەیات بوایە، مەسعوود ھەڵکشاوتر دەبوو، چونکە لە بەھرەی ئەویش وەک ھاوشاریی و ھاوڕێ و ھاوپیشە، سوودمەند دەبوو...
مەسعوود محەمەد لای مەلای گەورەی باوکی فرچکی بە کوردایەتییەوە گرتووە، نەک لە دڵدارەوە فێربووبێت؟!..دڵدار دوای ڕێکخراوی دارکەر و حیزبی ھیوا ، کە نەتەوەیی بوون بووە چەپ..
بەکورتی ھۆنینەوەی ئەو چیرۆکەی مەسعوود کۆپی دڵدارە، خزمەت بە ھیچ ئامانجێک و بە ھیچ شتێکی کوردیی ناکات و شتی دروستکراویش تەمەنی کورتە و شکستخواردووە !.. 
ھیچ ئەقڵ و لۆژیکێک نییە بیسەلمێنێ! یەک تاقە ئارگومێنت نییە، ئەو پشت ڕاست بکاتەوە، کە مەسعوود محەمەد قوتابی دڵدار و میراتەکەی بۆخۆی بردبێ..
ئەم کارە گەر بنەمای ھەبێت و ڕاست بێت، ئەوە ئاشکراکردنی دەبێتە خزمەتێکی گەورە، ھەر نەبێت بۆ کۆتایی ھێنان بەم نمایشت و شانۆگەرییە نەزۆکانەی دادەتاشرێن. دەنا وەکو تر بە ھەوڵێکی ناکامی نارۆشنبیریی و ناژیرانە دادەنرێت. 
گومانێک ھەیە ئەم کارە ھەر بۆ لێدانی ناو و ناوبانگ و گەورەیی و سەربڕینی مەسعوود محەمەد و کوشتن و کەمکردنەوەی بێت.. لێ نازانن (حاجی و نالی و کەیفی جوانڕۆیی و رەمزی نافع) و دەیانی تر مەسعوود محەمەد دەستیان بە ھزر و قەڵەمە بە پێزەکەوەی گرتووە و دەپارێن...
من تێناگەم ئەم مەرامە خزمەت بەچی دەکات؟!.. دژایەتی مەسعوود تاکەی و بۆ ؟ ئەم دارە بەردارەی کورد تا کەی بەر لەقە و پەڵی بەردی زل دەکەوێ؟.. ئەم ڕک و قینە و خۆخۆرییە لەپای چی؟... کەی لەنێو کایەی ڕۆشنبیریی کوردیدا کۆتایی بەم جۆرە کارە ناشیرینانە دێت؟...
با دۆست و نەیاران باش بزانن: مەسعوود محەمەد ئەقڵێکی گەورەی ڕسکاوی واقعی کوردەواریی و خاوەن تێڕامانێکی فراوان بوو ، ئەقڵێکی بیرکەرەوە و بەدیقەت و چالاک و شارەزا بوو، ئەقڵێکی قووڵ و ورد، بە پەرۆشەوە لەواقعی کورد دەڕوانی و لەسەرخۆ تەماشای جیھانی دەکرد و ورد و بە ئەسپایی ھەنگاوی دەنا، ئەقڵێک بوو ئاگای لە مێژوو بوو و بایەخی بۆ کۆمەڵایەتی ھەبووە و خۆشەویستی بێ سنووری بۆ مرۆڤ ھەبووە... (کوردایەتی)ش کڵاوڕۆژنەی جیھانبیی بووە.ئەقڵێک بوو لە پانتای جیھاندا بۆ کورد دەژیا و بیریی دەکردەوە و تێدەکۆشا، ئەقڵێک بوو لەڕێی ھێنانەدی بەختەوەرییدا بۆ کورد ، ھەموو ئاواتی مرۆڤایەتیشی لەخۆیدا ھەڵگرتبوو.. 
ئەگەر دەربڕینی ئازاد لێم گەڕێ، دەڵێم ( پەیامبەری مرۆڤایەتی) ، چونکە ھێندە بەھا و پیرۆزیی و رێز و شکۆی مرۆڤ لە بیرکردنەوەی مەسعوود محەمەد دا ئامادەگی ھەیە و کاری بۆکردووە. پێم وایە ئەم دیاردەیە لای کەم بیریار و فەیلەسووفی تر بەو شێوەیە ڕەنگ دەداتەوە..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە