مەسعوود محەمەد.. دوور لە نووسینەکانی، کە دەیان کتێبی شاکاری بێ ھاوتان لە کتێبخانەی کوردیدا، لەسەر فکر و فەلسەفە و مێژوو و کۆمەڵایەتی و ئەدەب و زمان و سیاسەت و ھونەر و.. ھتد،کە ھەتا ھەتا جێی شانازی کوردن کە دەکرێ بڵێین و گریمانەی ئەوە بکەین ، ئەمانە نووسینی دڵدارن و مەسعوود محەمەد بەناوی خۆیەوە بڵاوی کردونەوە!!.. وەک ئەوەی لەگەڵ کتێب و نووسین و کتێبخانە و بەرھەمەکانی ( حەسەن قزڵجی) دا کراوە!!..
بەڵام مەسعوود محەمەد لە کۆیە و ھەولێر و کەرکوک و سلێمانی و بەغدا، لە دەرەوەی نووسین ، بە زیندوویی و بەرھەستی و بەرچاویی و کۆنکرێتی، نیو سەدە زیاتر لەنێو کۆڕی ئەدەب و سیاسەت و ناو جڤاکی کوردیدا دابووە، لە عێراق و جیھانی عەرەبی و ئێرانیش ناسراو بووە و دیبلۆمتکارانی ساڵانی ١٩٥٠-١٩٨٠ و دواتریش باش ناسیویانە و ئاگاداری بیروڕا و نووسینەکانین...لەسەر ئاستی باڵا و بەرزیش کوردی و بێگانە بیروڕاکانی ھەژماردی لەسەر کراوە و پرس و ڕای پێکراوە . ھاوشانی ئەم راستینە حاشاھەڵنەگرانە:
+ مەسعوود محمەد رۆڵەی بنەماڵەیەکی دیار و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی زانست و رۆشنبیریی.
+ لەسەرەتای ٦٠ ەکاندا لەسەر جوداوازی بیروباوەڕ واز لە پارتی دیموکراتی کوردستان ھێناوە و بە چەند وتارێکی فکریی و فەلسەفی و سۆسیۆلۆژیی ھێڵە گشتییەکانی بنەما بیریی نەتەوەیی کوردی داڕشتووە.
+ لەدوای ١٩٧٠ ەوە دەست کردووە بەنووسین و بڵاوکردنەوەی بەرھەمەکانی..
وتاری لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو کردۆتەوە.
+ بەشداری گفتوگۆ و چاوپێکەوتنی ھەمەجۆریی رۆژنامەوانی و تیڤی کردووە...
+ لە کۆڕی زانیاری کورد ئەرکی گەورەی لەسەر شان بووە و لەنێوان سەدان نووسەر و ئەدیبی کوردا بووە ناسیویانە و گوێیان لە بیروباوەڕەکانی گرتووە...
+ ئاڵوگۆڕی نامەی لەگەڵ کەسانێکی زۆردا ھەبووە...
+ سەدان شایەحاڵ ماون..
+ بیروڕای د. کەمال مەزھەر و ھەژار و ھێمن و خەتاب زێوەر ، عەزیز گەردی و ئەحمەدی قازی و فەرھاد شاکەلی و مامۆستا جەعفەر و سەدان و ھەزارانی تر لە ئەدیبان و نوسسەران لەسەر مەسعوود محەمەد تۆمار کراوە.. وە خەرمانێ نووسین و گفتوگۆ و چالاکی و بەرھەمی تری ھەمەجۆری بڵاوکراوە و نەکراوەی ھەیە...
باشە گەر بێت وامان دانا، نووسینەکانی لە دڵدار وەرگرتبێ و پێی فرۆشتبێتینەوە؟ ئەی بۆ قسەکدن و وتاردان و گفتوگۆ زیندووەکانی دەڵێن چی؟!...
دڵدار لە ١٩٤٨ دا کۆچی دوایی کردووە. دوای ئەویش مەسعوود محەمەد وشک نەبۆوە و کۆتایی نەھات و تا پێش کۆچی دوایی ئەقڵی لەکاردا بوو؟!..
ئایا ئەمانە ھێندە بەڵگە نین بۆ ئەوە بیسەلمێنن، مەسعوود محەمەد کوڕی ئەقڵ و فەلسەفە و جیھانبینی و ڕۆشنبیریی خۆیەتی...
گەر بھاتایە دڵدار تا ئێستاش بەرحەیات بوایە، مەسعوود ھەڵکشاوتر دەبوو، چونکە لە بەھرەی ئەویش وەک ھاوشاریی و ھاوڕێ و ھاوپیشە، سوودمەند دەبوو...
ئەم کارە گەر بنەمای ھەبێت و ڕاست بێت، ئەوە ئاشکراکردنی دەبێتە خزمەتێکی گەورە، ھەر نەبێت بۆ کۆتایی ھێنان بەم نمایشت و شانۆگەرییە نەزۆکانەی دادەتاشرێن. دەنا وەکو تر بە ھەوڵێکی ناکامی نارۆشنبیریی و ناژیرانە دادەنرێت.
گومانێک ھەیە ئەم کارە ھەر بۆ لێدانی ناو و ناوبانگ و گەورەیی و سەربڕینی مەسعوود محەمەد و کوشتن و کەمکردنەوەی بێت.. لێ نازانن (حاجی و نالی و کەیفی جوانڕۆیی و رەمزی نافع) و دەیانی تر مەسعوود محەمەد دەستیان بە ھزر و قەڵەمە بە پێزەکەوەی گرتووە و دەپارێن...
من تێناگەم ئەم مەرامە خزمەت بەچی دەکات؟!.. دژایەتی مەسعوود تاکەی و بۆ ؟ ئەم دارە بەردارەی کورد تا کەی بەر لەقە و پەڵی بەردی زل دەکەوێ؟.. ئەم ڕک و قینە و خۆخۆرییە لەپای چی؟... کەی لەنێو کایەی ڕۆشنبیریی کوردیدا کۆتایی بەم جۆرە کارە ناشیرینانە دێت؟...
با دۆست و نەیاران باش بزانن: مەسعوود محەمەد ئەقڵێکی گەورەی ڕسکاوی واقعی کوردەواریی و خاوەن تێڕامانێکی فراوان بوو ، ئەقڵێکی بیرکەرەوە و بەدیقەت و چالاک و شارەزا بوو، ئەقڵێکی قووڵ و ورد، بە پەرۆشەوە لەواقعی کورد دەڕوانی و لەسەرخۆ تەماشای جیھانی دەکرد و ورد و بە ئەسپایی ھەنگاوی دەنا، ئەقڵێک بوو ئاگای لە مێژوو بوو و بایەخی بۆ کۆمەڵایەتی ھەبووە و خۆشەویستی بێ سنووری بۆ مرۆڤ ھەبووە... (کوردایەتی)ش کڵاوڕۆژنەی جیھانبیی بووە.ئەقڵێک بوو لە پانتای جیھاندا بۆ کورد دەژیا و بیریی دەکردەوە و تێدەکۆشا، ئەقڵێک بوو لەڕێی ھێنانەدی بەختەوەرییدا بۆ کورد ، ھەموو ئاواتی مرۆڤایەتیشی لەخۆیدا ھەڵگرتبوو..
ئەگەر دەربڕینی ئازاد لێم گەڕێ، دەڵێم ( پەیامبەری مرۆڤایەتی) ، چونکە ھێندە بەھا و پیرۆزیی و رێز و شکۆی مرۆڤ لە بیرکردنەوەی مەسعوود محەمەد دا ئامادەگی ھەیە و کاری بۆکردووە. پێم وایە ئەم دیاردەیە لای کەم بیریار و فەیلەسووفی تر بەو شێوەیە ڕەنگ دەداتەوە..